تەندروستی سلێمانی؛ لەسەدا ٤٤٪ی گیانلەدەستدان بە روداوەكانی هاتوچۆیە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی رایگهیاند:" هۆکارى گیانلەدەستدانى هاوڵاتیان بەهۆى ڕوداوەکانى هاتوچۆوە لە مانگى ڕابردوودا بەراورد بە مانگى ١٠ ى ئەمساڵ زیادیکردووە، بە جۆرێک لە مانگى ١٠ دا ٢٥ گیانیان لەدەستداوە".
بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، لە پەڕەى تایبەتى خۆیان لە فەیسبووک، ئامارێکی بڵاوکردەوە، کە بەپێی ئامارەکە، لەماوەی مانگی ڕابردوودا ٦٨ تەرم براوەتە پەیمانگای پزیشكی دادی سلێمانی و پشكنینیان بۆ كراوە بە مەبەستی دەستنیشانكردنی هۆكاری گیان لەدەستدانیان.
لە بەشێکى دیکەى ڕاگەیەنداوەکەدا باس لەوەکراوە، لە کۆى ئەو ٦٨ تەرمەى مانگی ڕابردوو لە پەیمانگای پزیشكی دادیی سلێمانی پشکنیان بۆ کراوە، ٣٠ حاڵەتی گیانلەدەستدانیان بەهۆی ڕوداوی هاتوچۆوە بووە.
هەر بەپێی ئامارە، ١٦ لەو تەرمانەش بەهۆكاری جیاجیا و ١٢ حاڵەتیش بەهۆی تەقەكردن و تەقەمەنی، چوار حاڵەت بەهۆى سووتاندن، چوار حاڵەتیش بەهۆى كەوتنەخوارەوە و یەك حاڵەتیش بەهۆی كارەباوە بوە و یەك حاڵەتی خۆخنكاندنیش تۆمارکراوە.
بەپێى ئامارەکەى بەڕێوەبەرایەتى تەندروستیى سلێمانى هۆکارى گیانلەدەستدانى هاوڵاتیان بەهۆى ڕوداوەکانى هاتوچۆوە لە مانگى ڕابردوودا بەراورد بە مانگى ١٠ ى ئەمساڵ زیادیکردووە، بە جۆرێک لە مانگى ١٠ دا ٢٥ گیانیان لەدەستداوە.
قوربانیەکانى ڕوداوەکانى هاتوچۆ لە هەرێمى کوردستان لە هەڵکشاندایە و لایەنى هاتوچۆش هۆکارەکە دەگێرێتەوە بۆ پابەندنەبونى شۆفێران بە ڕێنماییەکان و شۆفێرانیش هۆکارەکان دەگێڕنەوە بۆ خراپى ڕێگا و بانەکان.

