مەسرور بارزانی 29 قوتابخانەی لە هەولێر کردەوە

3 كاتژمێر لەمەوپێش



مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکدا قوتابخانەیەکی لە شاری هەولێر کردەوە. ئەم قوتابخانەیە یەکێک بوو لە 29 باڵەخانەی نوێی پەروەردەیی حکوومی کە لە 4 باخچەی منداڵان و 45 قوتابخانە پێکهاتبوون.

لەوتارێکدا مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە هەندێک قوتابخانەی نوێ دروست بکرێن و هەندێک قوتابخانەی دیکەش پێویستییان بە نۆژەنکردنەوە هەیە. 

هەروەها دووپاتی کردەوە، لە ماوەی کابینەی نۆیەم، ئاستی خوێندن لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە و جەختی کردەوە "بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی وەزارەت لە پێشخستنی کەرتی خوێندن و پەروەردە." 

تایبەتمەندییەکانی قوتابخانە نوێیەکەی سەرۆک وەزیران کردییەوە:

خوێندن لەم ناوەندە پەروەردە نوێیە بە سیستەمی ئینگلیزییە و لە پۆلی یەکی بنەڕەتی تاوەکو پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی دەبێت. قوتابخانەکە جێگەی 533 قوتابی دەبێتەوە و بەشێوەیەک دیزاین کراوە کە ژینگەیەکی لەبار و هاندەر بۆ فێربوون و داهێنانی قوتابیان بڕەخسێنێت.

پێکهاتە و بەشەکانی قوتابخانەکە:

- 17 هۆڵی خوێندن: هۆڵەکان بەشێوەیەکی فراوان و مۆدێرن دروستکراون و بە تەواوی پێداویستییەکانی خوێندنی سەردەم ئامادەکراون.

- تاقیگە زانستی و کۆمپیوتەرییەکان: قوتابخانەکە چوار تاقیگەی پێشکەوتووی تێدایە، کە دووانیان تاقیگەی زانستین، یەکێکیان تاقیگەی کۆمپیوتەرە و بە نوێترین ئامێری تەکنەلۆژییەوە پۆشراوە.

- تاقیگەی داهێنان: بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، "تاقیگەی داهێنان" لەم قوتابخانەیەدا کراوەتەوە. ئامانج لەم تاقیگەیە دۆزینەوە و پەرەپێدانی بەهرە و تواناکانی قوتابیانە لە بوارە جیاجیاکانی زانست و تەکنەلۆژیادا و چاوەڕوان دەکرێت سوودێکی زۆری بۆ قوتابیان هەبێت.

- چالاکییە وەرزشی و هونەرییەکان: بۆ گرنگیدان بە لایەنی جەستەیی و دەروونی قوتابیان، قوتابخانەکە گۆڕەپانێکی تۆپی پێ، مەلەوانگەیەکی داخراو، ژووری تایبەت بە یاری شەترەنج، هەروەها بەشی میوزیک و شێوەکاری لەخۆدەگرێت.

- ژینگەیەکی فەراهەم بۆ خوێندنەوە: کتێبخانەیەکی دەوڵەمەند بە سەرچاوەی زانستی و ئەدەبی جۆراوجۆر یەکێکی ترە لە بەشە گرنگەکانی ئەم قوتابخانەیە.

- شوێنی حەوانەوە و کات بەسەربردن: قوتابخانەکە کافتریایەکی مۆدێرن و باخچە و ڕووبەرێکی بەرفراوانی سەوزایی لەخۆدەگرێت کە ژینگەیەکی ئارام و تەندروست بۆ قوتابیان دابین دەکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار