ئەمریکا: لەسەر رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران دەگەینە رێککەوتن

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
بەرپرسێکی ئەمریکی رایگهیاند:" ئەگەر هەیە لەگەڵ ئێران بگەینە رێککەوتنێک".
ئەو بەرپرسە بە مەرجی پاراستنی ناوەکەی قسەی بۆ رۆژنامەوانان کردووە، دەڵێت، وڵاتانی G7 لە لیڤەرپوول کۆبوونەوەیەکی "چڕوپڕیان" دەربارەی ئێران ئەنجامداوە و سەرجەمیان هاوهەڵوێستن لەسەر رێککەوتنی ئەتۆمی.
بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پشتڕاستیان کردووەتەوە، ئانتۆنی بلینکن لە میانی گفتوگۆکانی لە لیڤەرپوول کۆبوونەوەی "بەرهەمداری" بۆ بەرەوپێشبردنی گفتوگۆ ئەتۆمییەکان ئەنجامداوە کە پێکدێن لە بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا.
بەرپرسانی ئەمریکی پشتڕاستیدەکەنەوە کە رۆبەرت مایڵی، نێردەی ئەمریکا بۆ ئێران جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە ڤیەننا بۆ بەردەوامیدان بە گفتوگۆ ئەتۆمییەکان کە ئێستا لە گەڕی حەوتەمدا چەقیان بەستووە و وڵاتانی رۆژئاوا دەڵێن هۆکارەکەی ئەوەیە کە ئێران جیددی نییە.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هەر لە کۆبوونەوەی G7 هۆشداریدا لەوەی کاتی دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی خەریکە بەسەردەچێت.
لەلایەکی دیکەوە ئانالینا باربۆک، وەزیری نوێی دەرەوەی ئەڵمانیا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، لەماوەی رابردوو ئێران پێشانیداوە هیچ پێشکەوتنمان لە رێککەوتنەکان بەدی نەکردووە. ئەوەشی گوت کە ئێران بەهۆی سووربوونی لەسەر هەڵوێستەکەی شەش مانگە کۆبوونەوەکان دەهێنێت و دەبات.

