وەزیری پەروەردە: داوای لێبووردن لە هیچ حزبێکی سیاسیی ناکەم

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو دەستەواژەیەی لە کتێبی کوردیی پۆلی 10ـی ئامادەیی بووەتە جێگەی رەخنە دەڵێت، بەڵێ ئەوەی رەخنەی لێگیراوە لادەبرێت "بەڵام من ئەو هەڵەیەم نەکردووە و لەسەر ئەوە داوای لێبووردن لە حزبی سیاسیی ناکەم."
ئەمڕۆ دووشەممە 13ی كانوونی یهكهمی 2021، ئالان حەمەسەعەید وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا و لەبارەی چەند بابەتێکی پەیوەست بە خوێندن و دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن لە قوتابخانەکان روونکردنەوەی دا.
وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو دەستەواژەیەی کە بووەتە جێگەی رەخنە لە دەروێشی عەڤدی کە داستانێکی کوردییە و لە رێگەی گۆرانییەوە تاوەکو ئێستا پارێزراوە دەڵێت، "حاشا دکەم ل دینێ (موحەمەدی) ساف ئەز (ئێزدی) مە." وتی " هەڵەیەک وەک وەزیری پەروەردە من نەمکردووە، ئەگەر بابەتەکە ئاییندارییە و پەبەندبوونە بە دین من لە هەموو کەس زیاتر خۆم بە خزمەتکاری دین دەزانم."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا "من داوای لێبووردن لەکێ بکەم کە نە من وەک وەزیری پەروەردە بە سیفەتی وەزیر کردوومە نە وەک خۆیشم ئەم هەڵەیەم نەکردووە، بۆیە شتێک کراوە هەڵەبووە، گوناح بووە و خراپ بووە، من داوای لێبووردن لە کێ بکەم؟ بۆیە کارێک کە من بڕیارم لەسەر نەداوە بەڕاستی داوای لێبووردن لە حیزبی سیاسیی ناکەم."
پێشتر وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە راگەیێنراوێکدا رایگەیاند کە ئەو دەستەواژەیەی لە کتێبی کوردیی پۆلی 10ـی ئامادەیی بووەتە جێگەی رەخنە بۆ ئەمساڵی خوێندن لادەبرێت، هاوکات پێداچوونەوە بە کتێبەکەدا دەکەن و بۆ ساڵی نوێی خوێندن، کتێبێکی دیکە دەخوێندرێت.
رۆژی 11-12-2021 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پرۆگرامەکانی وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو بابەتە کۆنە و ماوەی 14 ساڵە لەو کتێبەدا هەیە. وەزارەتی پەروەردەش دەڵێت، ئەوان سەرقاڵی پێداچوونەوەن بە هەموو پرۆگرامەکانی خوێندن کە "بەشێوەیەکی زانستی و پلەبەندی دەکرێت، وەزارەتی زیاتر لە 1300 ناونیشانی کتێبی خوێندنی هەیە کە کاتی پێویستە بۆ پێداچوونەوە بە هەموو بابەتەکان."

