بریاردەری لیژنەی یاسایی پەرلەمان: بە ئەلیكترۆنیكردنی یاساكان رێكارێكی ئیدارییە

4 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەرنامەی بنکەی یاسادانانی ھەرێمی کوردستان راگەیاند پەرلەمانتارێك دەڵێت:" بە ئەلیكترۆنیكردنی یاساكان رێكارێكی ئیدارییە و بكرێت باشترە".
ئەمڕۆ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەمەراسیمێكدا كردنەوەی بنكەی یاسادانانی ھەرێمی کوردستانی راگەیاند و وتی:" "بنکەکە داتابەیسێکی پێشکەوتوی ئەلیکترۆنییە بە ئامانجی کۆکردنەوە و ھەڵگرتن و خستنەڕوی سەرجەم یاساکانی پەرلەمانی کوردستان دانراوە، تیایدا سەرجەم یاساکانی کوردستان لە ساڵی 1992ەوە تا ئێستا بەردەستە بۆ پەرلەمانتاران، یاساناسان ، رۆژنامەنوسان و تەواوی ھاوڵاتیان".
لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتیشی:" ئەم بنکەیە دەبێت بە سیمایەکی شارستانی بۆ هەرێمی کوردستان لەدەرەوە و رۆشنبیرییەکی یاساییش لەکۆمەڵگەدا بڵاودەکاتەوە، بۆ ئەنجام گەیشتنی ئەو پڕۆژەیەش سوپاسی سەرجەم راوێژکار و کارمەندانی دیوانی پەرلەمان دەکەن".
جەلال محەمەد، بڕیاردەری لیژنەی كاروباری یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان، لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:"لەهەموو سەردەم و كاتێكدا بە ئەلیكترۆنیكردنی داتا و زانیاریەكان بۆ كۆكردنەوە و زوو دەستخستنی یاساكان گرنگە".
زیاتر رونیكردەوە و وتی:" لە پێشتردا كاتێك كەسێك دەگەرا بەدوای یاساكاندا دەستكەوتنی گران بوو، بەڵام بە كردنەوەی ئەم بنكەیەكە هەموو كەسە یاساییەكان و ئەوانەی دەیانەوێت دەستیان بە یاساكان بگاـ ئاسانترە".

