یەکەمین دانیشتنی دادگا لەبارەی کوشتنی خێزانە کوردەکەی تورکیا دەستپێدەکات

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
لە چوارەمین دادگای سزاقورسەکانی کۆنیا یەکەمین دانیشتنی دادگا لە دۆسیەی کوشتنی حەوت ئەندامی خێزانە کوردەکەی پارێزگای کۆنیای تورکیا دەستپێدەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە 14ی کانوونی یەکەمی 2021 لە چوارەمین دادگای سزا قورسەکانی کۆنیا یەکەمین دانیشتنی دادگا لە دۆسیەی کوشتنی حەوت ئەندامی خێزانە کوردەکەی پارێزگای کۆنیای تورکیا دەستپێدەکات.
بەهۆی ئەو رووداوەوە بە بکوژەکەوە 13 کەس دەستگیرکران، دوای چەند هەفتەیەک دایک و باوک و هاوژینی بکوژەکە و دواتریش سەرجەم گومانلێکراوەکانی دیکە ئازاد کران.
ئێوارەی رۆژی 30ی تەممووزی 2021، ئەو حەوت ئەندامەی خێزانی دەدەئۆغوڵڵاری لە شارۆچکەی مەرامی کۆنیا بە دەستڕێژی گولـلە کوژران. ژن و منداڵ لەنێو کوژراوەکاندا هەن. بکوژانی ئەم خێزانە کوردە، بۆ شاردنەوەی تاوانەکانیان، ئاگریان لەماڵی خێزانە کوردەکە بەردا، بەڵام بەئاگادارکردنەوەی دراوسێیەکان، ئاگرەکە لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە دامڕکێندرا.
دوای رووداوەکە، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی تووندی رووداوەکەیان کرد و داوای سزادانی بکوژانیان کرد. لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیاش کاردانەوەی تووندیان هەبوو، ئاکپارتییان بە دروستکردنی پشێوی و سیاسەتی رق و کینە و دژایەتیکردنی کورد، تۆمەتبارکرد. دەسەڵاتیش دەڵێت، ئەم تاوانە هیچ پەیوەندییەکی بە کورد و تورکەوە نییە.
لە کۆنیا ژمارەیەکی زۆر کورد هەن. بەتایبەتی لە باکووری کۆنیادا چەند شارۆچکەیەک هەن کە هی کوردانن. هەروەها لە ناوەندی کۆنیاش کوردی زۆر هەن کە نزیکەی 600 هەزار کەس دەبن. سێیەکی دانیشتووانی کۆنیا کوردن.

