كۆنسوڵی چوار وڵات داوا لە نێچیرڤان بارزانی دەكەن 830 ئەفسەر خانەنشین بكات

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

کۆنسوڵی گشتی ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و جێگری کۆنسوڵی گشتی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان، لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان،  داوا دەكەن 830 ئەفسەرری هێزەکانی پێشمەرگە خانەنشین بكات.

​ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی كانوونی یه‌كه‌می 2021،  کۆنسوڵی گشتی ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و جێگری کۆنسوڵی گشتی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان، لە نامەیەکدا کە ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان کردووە، پیرۆزبایی لە هەرێمی کوردستان دەکەن لەسەر جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی پێشمەرگە کە تائێستا 2000 پێشمەرگە بەپێی ئەو یاسایە خانەنشینکراون، هەر لەنامەکەدا هاوکات هانی خانەنشینکردنی 830 ئەفسەری پێشمەرگەش دەدەن. 

ئەو چوار وڵاتە، ئەو وڵاتانەن کە بەشێکن لە پرۆسەی چاسازیی نێو هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

 نامەکە کە واژۆی کۆنسوڵی هەرچوار وڵاتەکەی لەسەرە و وێنەیەکی ئاراستەی جێگرانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کراوە، پابەندبوونی ئەو وڵاتانە بۆ پشتگیریکردن لە پرۆسەی چاکسازیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دووپاتکراوەتەوە.

دەقی نامەکە:

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی

هەرێمی کوردستانی عێراق

جەنابی سەرۆک،

ئێمە کۆنسوڵی گشتیی ئەو وڵاتانەی لای خوارەوە واژۆمان کردووە، پیرۆزبایی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین لەسەر ئەو بەرەوپێشچوونەوەی فەراهەمی کردووە بۆ جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی پێشمەرگە، کە ئەمە هەنگاوێکی یەکجار گرنگە بۆ خوڵقاندنی هێزێکی شەڕکەری کاریگەرتر. لەم کاتەدا کە زیاتر لە 2000 پێشمەرگە خانەنشینکراون بەپێی یاسا نوێیەکە، ئێمە هانی جێبەجێکردنی خانەنشینکردنی ئەو 830 ئەفسەرەش دەدەین، بەو شێوەیەی ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیازی کردووە. بەدەرلەوە، لەو باوەڕەداین پێویستە هەنگاوی هاوشێوە بگیرێنەبەر لەسەر بڕگە هەڵپەسێردراوەکانی چاکسازی، کە وەزارەتی پێشمەرگە بەرزیکردوونەتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پەسندکردنیان، بۆ نموونە ستراتیژیی بەرگریی سەربازی و یەکەی ژمێریاریی یەکگرتوو.

لەکۆتاییدا چاوەڕوانی پەسەندکردنی داواکارییەکەی هێزەکانی حەفتاین بۆ یەکخستنی فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانیی دوو لەنێو وەزارەتی پێشمەرگە.

ئەمانە گرنگترین هەنگاوەکانی بەرنامەی چاکسازیی وەزارەت و حکومەتن، شانبەشانی یاسای چاکسازی کە کانوونی دووەمی 2020 لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەرچوێندرا.

ئێمە پابەندین بە پشتگیریکردنی وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەت بۆ ئەم چاکسازییە. هاوکات چاوەڕوانی هەنگاوەکانی داهاتووین بۆ بەدیهێنانی خۆشگوزەرانیی درێژمەودا و ئاسایشی بەردەوام لە هەرێمی کوردستانی عێراق.

سڤێن مۆسلەر، کۆنسوڵی گشتیی ئەڵمانیا

مایکا کایزەر، جێگری کۆنسوڵی گشتیی هۆڵەندا

دەیڤد هەنت، کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا

رۆبێرت پاڵاندینۆ، کۆنسوڵی گشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار