وەزارەتی دارایی: جی کڵاسەکە بۆتە مڵکی وەزارەت

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دوای ئەوەی ئەمڕۆ وێنەی ئۆتۆمبێلێکی (مارسیدس صاڵۆن جی كڵاس) لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە کە لۆگۆی وەزارەتى دارایى لەسەربوو، وەزارەتەکە لەروونکردنەوەیەکدا دەڵێت، "ئەم ئۆتۆمبێلە بەنایاسایی هێنراوەتە ناو هەرێم بۆیە دەستی بەسەردا گیراوە و ژمارەی میری بۆ تەرخانكراوە، بۆ ئەوەی فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی دارایی سودی لێ وەربگرن".
بەڕێوەبەرایەتی گومرگی باشماخ کەسەر بە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانە لەروونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، "لەهەندێک لە تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان وێنەی ئۆتۆمبێلی (ژمارە 906ی دارایی) بڵاوبۆتەوە، كە ئۆتۆمبێلی جۆری (مارسیدس صاڵۆن جی كڵاسە)و وا لەقەڵەم دراوە، كە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە كڕدراوە بۆ بەكارهێنان".
ئەوەش هاتووە، "ئەم ئۆتۆمبێلە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیمان دەستی بەسەردا گیراوە لەگەڵ (3) ئۆتۆمبێلی تر كە دەیانویست بەشێوازی نایاسایی هاوردەی هەرێمی كوردستانی بكەن و دواتر بە پێی (یاسایی گومرگی 23 ساڵی 1984) دەستى بەسەردا گیراوە و ژمارەی میری بۆ تەرخانكراوە، بۆ ئەوەی فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی دارایی سودی لێ وەربگرن."

