مەسرور بارزانی: هەرچەندە روداوەکە سروشتییە بەڵام لیژنەیەکمان راسپاردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە لایەنی کەمتەرخەم

"مرۆڤ جگە لەوەی سوپاسگوزاریی خودا بکات، هیچی دیکەی پێناکرێت"

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتی

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی لافاوەکەی هەولێر و هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووان ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە رووداوەکە سرووشتییە، بەڵام لیژنەیەکیان راسپاردووە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە بکەن لەوەی لایەنی کەمتەرخەم هەبووبێت، دەشڵێت، "ئەوەی پێویست بووبێت، دەیکەین."

بەرەبەیانی رۆژی هەینی، 17-12-2021 لافاو بەشێک لە گەڕەکەکانی هەولێر و شارۆچکەکانی سەر بە پارێزگاکەی گرتەوە کە بەهۆیەوە 11 کەس گیانیان لەدەستداوە.

مەسرور بارزانی باسی لەوە کرد، پلانی کورتخایەن و درێژخایەنیان دەبێت، بۆ ئەوەی بزاندرێت چی روویداوە و چۆن هاوکاریی زیانلێکەوتووان بکەن، پلانی درێژخایەنیشیان دەبێت

هێزەکانی پۆلیس، زێرەڤانی و پێشمەرگە لەگەڵ تیمە خزمەتگوزارییەکانی دیکە خراونەتە ئامادەییەوە تاوەکو هاوکاریی خەڵک بکەن.

وتاری مەسرور بارزانی دوای کۆبوونەوەی بوو لەگەڵ پارێزگار و بەرپرسانی شاری هەولێر لە بینای پارێزگای هەولێر. لەبارەی زیانەکانی لافاو گوتی، "سەرەخۆشی لە هەموو کەسوکاری قوربانیان دەکەم و هیوادارم خوا سەبووریی بنەماڵەکانیان بدات."

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بەداخەوە ئەمە کارەساتێکی سرووشتییە و بەهۆی بارینی بارانێکی زۆرەوە روویداوە، بۆ ئەمەش مرۆڤ جگە لەوەی سوپاسگوزاریی خودا بکات، هیچی دیکەی پێناکرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا، پێویستی بە بەدواداچوون هەیە بۆ ئەوەی بزانین لە هەر شوێنێک ئەگەر کەمتەرخەمیی هەبووبێت، دەستنیشان بکرێت."

مەسرور بارزانی باسی فراوانبوونی شاری هەولێری کرد، وتی، "گەورەبوونی شاری هەولێر لە ساڵانی رابردوو دوای ئەوەی کە کۆبوونەوەمان لەگەڵ بەرپرسان هەبوو لە باڵەخانەی پارێزگای هەولێر، بۆیان باسکردم کە یەکێک لە هۆکارەکان، گرتنی رێڕەوی ئاوەکە بووە کە بەداخەوە لەو ساڵانەی رابردوو لەوانەیە وەکو پێویست بە شێوەیەکی ئەندازیاری رەچاوی ئەوە نەکرابێت کە رێڕەوی ئاوەکە نەگیرێت، ئەمەش وایکردووە کە رێڕەوی ئاوەکە دەگیرێت و ئەوەش لەوانەیە ببێتە هۆکار کە ئەم جۆرە کارەساتەی لێبکەوێتەوە."

لەبارەی چارەسەری ئەو کێشەیەش وتی، لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ ئەوەی کێشەکان دەستنیشان بکەن "بۆ ئەوەی چارەیان بکەن، لە هەمانکاتدا هەندێک کەنداو هەبووە کە لەوانەیە پاشماوەی تێکرابێت، یان رێگەکەی گیرابێت".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار