شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د: ھەولێریان كرده‌ ئیجەو سلێمانیش كرایە ته‌كساس

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

به‌رپرسێكى باڵاى یه‌كێتى رایگەیاند:" وتیان ھەولێر دەکەنە دوبەی، بەس داخەکەم کردیانە دەریای ئیجە و وتمان سلێمانی ئەکەینە پایتەختی ڕۆشنبیریی، لەسایەی سەری کوڕی مەسئول‌ و ئەو ھەموو ھێزو میشیا ڕەنگاوڕەنگەوە کردومانەتە تەکساس".

​ئەمڕۆ شەممە 18ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە نوسینێكدا بەبۆنەی ڕۆژی ئاڵای كوردستان‌ و ساڵیادی نەخۆشكەوتنی جەلال تاڵەبانی نوسیویه‌تى:" 17ی دیسەمبەر ئەو ڕۆژەی کە تارماییەکی ڕەش باڵی بەسەر کوردستان‌ و  عێراقدا کێشاو سەمامی ئەمانەکەی لەدەستداو چیتر خۆشبەختی بەخۆوە نەبینییەوە".

ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ده‌شڵێت:" ئەو ڕۆژەی مام چیتر بەرگەی ماندوێتی‌ و سەختیەکانی خەباتی سیاسی‌ و کێشمە کێشەکانی نەگرت‌ و لێدانی دڵە گەورەکەی ئەو پێشمەرگە و کورد پەروەرو شۆڕشگێڕو ڕابەرو سیاسەتمەدارە ژیرو بلیمەتەی گەلەکەمان کەوتە دەست قەدەر".

شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له‌به‌شێكى ترى وتاره‌كه‌یدا ئه‌وه‌شى وتوه‌: " مامە گیان لەماوەی ئەو نۆ ساڵەدا نەک ھەر بەرەو پێش نەڕۆیشتوین، بەڵکو پاشکەکشێشمان کردووە و تەنانەت بەو ھەموو موزایەدەو دروشمە بریقەدارو تەپڵ لێدان‌و ھاتوھاوارەشەوە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیش دابین نەکراون".

باسى له‌وه‌شكردوه‌: " مامە، لەسایەی سەری کۆمەڵێک بازرگان‌و بەرژەوەندیخوازەوە نە بستێک زەوی ماوە، نە گۆیژە، گۆیژەیەو نە کەسیش ئەتوانێت پۆزێک لەجادەی پۆزەکە لێبدات..!! سەرچنار بوەتە مێژوو، عه‌ینکاوە بوه‌تە سەرگزشت، قەڵادزە ساڵی جارێک یادی ئەکەینەوە، ئەنفال‌و ھەڵەبجە ھەر بونەتە مەراسیمێکی یەک چرکە وەستان بۆ گیانیانی پاکیان، کۆیە ناوی نەماوە، گەرمیان مەگەر بەگۆرانی ناوی بێتە ناو ناوان".

له‌باره‌ى هه‌ولێره‌وه‌ ده‌ڵێت:" مامە گیان، وتیان ھەولێر دەکەنە دوبەی بەس داخەکەم کردیانە دەریای ئیجە، وا ھەموان سەرقاڵی دۆزینەوەی لاشەی (دانەر)ی تەمەن 10مانگانن کە لافاوەکەی ھەولێری بەدوبەی کراومان لەگەڵ خۆی بردی، نازانم ئێستا لافاوەکە گەیاندویەتیە پەنا کام تاشە بەردو لەکام دۆڵ‌و شیوو کەناری کام گوندو بناری کام کێوو چیا نیشتۆتەوە".

باسى له‌سلێمانیش كردوه‌و جه‌ختیكردۆته‌وه‌: " وتمان سلێمانی ئەکەینە پایتەختی ڕۆشنبیریی، لەسایەی سەری کوڕی مەسئول‌و ئەو ھەموو ھێزو میشیا ڕەنگاوڕەنگەوە کردومانەتە تەکساس، وتمان کەرکوک ئەکه‌ینە شاری پێکەوەژیان، کردومانەتە شاری ڕق‌و کینەو سەد بەرەکی، وتمان سەری بادینان بەرزئەکەینەوە بەس ھەموو ئەو بادینانەی کە داوای مافی ڕەوای خۆیان‌و خەڵکیان کرد بەشەش ساڵ‌و 10 ساڵ سزادران‌و خرانە کونجی زیندانەوە، وتمان بەغدا ئەکه‌ینەوە بە(باغی داد)و بوه‌تە مەیدانی زۆرانبازیی‌و فڕکان فڕکانی وڵاتانی بێگانە و کوتلەو حزب‌ و لایەنە سیاسیەکان".

له‌كۆتاییشدا ئه‌وه‌ى نوسیوه‌: " مامە گیان، سەردەم گۆڕاوە، کەس بەکەسەو نە ھەرێم ھەرێمەو نە عێراقیش عێراق.. گەورەم لەگەڵ ھەر ھەموو ئەوانەشدا پێویستە ڕاستیەکیت پێبڵێم کە ھێشتا تروسکاییەک ھەر ماوە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار