مەزڵوم كۆبانێ‌ جارێكی دیكە ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی سوریا دەربڕی

"دۆخی ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەراورد بە هەندێك ناوچەی دیكە زۆر باشترە"

4 ساڵ لەمەوپێش



 هاوڵاتی

فەرماندەی گشتی هەسەدە جارێكی دیكە ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی سوریا دەربڕی، ڕاشیگەیاند:" دۆخی ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەراورد بە هەندێك ناوچەی دیكە زۆر باشترە".

​ئەمڕۆ یه‌كشەممە 19ی كانوونی یه‌كه‌می 2021 میدیاكانی رۆژئاوای كوردستان بڵاویانكردەوە، مەزڵوم كۆبانێ‌، فەرماندەیی گشتیی هیزەكانی سوریای دیموكراتی ( هەسەدە)، لەگەڵ ژمارەیەك فەرماندەی باڵای دیكە سەردانی ئەنجومەنی سەربازی دیرەزور و ئەنجومەنی مەدەنی ناوچەكەیان كرد.

لەمیانی ئەو سەردانەدا مەزڵوم كۆبانێ‌، ڕایگەیاند:" ڕێككەوتنی نێودەوڵەتی هەیە بۆ بەزاندنی سنوری سوریا و هەسەدە بەشێكە لە ڕێككەوتنەكە و پابەندە بە زامنكردنی سەقامگیری لە ناوچەكەدا. مەزڵوم عەبدی تیشكی خستە سەر گرنگیی بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنەكانی دژی داعش و شانەنوستووەكانی، كە لە پێشینەی ستراتیژیی نوێدا بۆ ساڵی 2022 دانراوە، داواشیكرد هەر كات پێویست بكات ئۆپەراسیۆنەكانی دژە قاچاغیكردن لە كەنارەكانی فورات و هەموو سنورەكان چڕبكرێتەوەو داواشی لەهێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ كرد بەشێوەیەكی كارا كاربكەن بۆ دەستەبەركردنی ئاسایش و ئارامی بۆ خەڵكی دیرەزور".

فەرماندەی هەسەدە وتیشی:" هێشتا چەندین تەحەدا هەیە، داعش و هەڕەشەكانی دەوڵەتی توركیا و جموجوڵەكانی ڕژێمی سوریا، كاردەكەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو ئەو تەحەدایانەی كە ساڵی داهاتوودا ڕوبەڕومان دەبێتەوە".

مەزڵوم كۆبانێ‌، ئەوەشی خستەڕوو:"لە كۆتایی ساڵی 2021دا هەڵمەتێكمان دەستپێكردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لەناو دەستەی كارگێڕی و سەرجەمی دامودەزگاكانی خۆبەڕێوەبەریی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ئەم هەڵمەتە لە ساڵی نوێدا بەردەوام دەبێت".

فەرماندەی هەسەدە باسی لەوەشكرد:" ئەوان گفتوگۆ لەسەر شارێك یان ناوچەیەك لەگەڵ حكومەتی سوریا ناكەن، بەڵكو هەر دانوستانیان لەسەر هەموو باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەبێت".

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار