فەرەنسا نیو ملیۆن دۆلار بۆ خەڵکی شنگال تەرخاندەکات

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
حکومەتی فەرەنسا بڕی 479 ملیۆن دۆلار بۆ ئەو خەڵکە تەرخاندەکات کە لەم ماوەیەدا گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان لە شنگال و بەعاج.
ئەمڕۆ دووشەممە 20ی كانوونی یهكهمی 2021، نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، حکومەتی فەرەنسا بڕی 479 ملیۆن دۆلار بۆ ئەو خەڵکە تەرخاندەکات کە لەم ماوەیەدا گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان لە شنگال و بەعاج "بۆئەوەی خانوو و ژیانیان بونیادبنێنەوە".
نەتەوە یەکگرتووکان دەڵێت:" یارمەتییەکەی فەرەنسا لە کاتی خۆیدایە و بەکاردەهێندرێت بۆ باشکردنی دۆخی ژیانی نزیکەی 27 هەزار کەس، ئەوەش لە رێگەی پێشکێشکردنی یارمەتیی یاسایی بۆ 200 خێزان و نۆژەنکردنەوەی دوو قوتابخانە".
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو هەنگاوەی فەرەنسا دەبێتە یارمەتیدەرێک بۆئەوەی ئاوارەی زیاتر لە کامپەکان و شارەکانی دیکەوە بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، بەتایبەتی کاتێک بۆیان رووندەبێتەوە کە دەرفەتی خوێندن بۆ منداڵەکانیان رەخساوەتەوە. لە هەمان کاتدا، خێزانەکان دەزانن کە پاڵپشتیی یاساییان دەکرێت بۆئەوەی داوای قەرەبوو بکەن لە بەرامبەر ئەو زیانەی پێیان گەیشتووە و ئەو ماڵ و موڵکەی لەدەستیانداوە.
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2016 وە دەستی بە هەنگاوەکانی تایبەت بە ئاوەدانکردنەوەی شنگال و لە ساڵی 2020ـەوە دەستی بە کارەکانی تایبەت بە ئاوەدانکردنەوەی بەعاج کردووە؛ ئەو لایەنانەی تاوەکو ئێستا یارمەتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیان داوە بۆ سەرکەوتنی لەو کارەدا بریتین لە یەکێتیی ئەوروپا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ژاپۆن.
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات کە بە سوودوەرگرتن لە پاڵپشتیی ئەو وڵات و رێکخراوانە، هەوڵدەدات یارمەتیدەری ئاوارەکان بێت بۆ دروستکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی خانووەکانیان و رەخساندنی دەرفەتی کار بۆ گەنجەکانیان.

