200 ملیار دینارەکە گەیشتە هەرێمی کوردستان
فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەغدا بۆ هاوڵاتى:
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەغدا رایگهیاند:" 200 ملیار دینارەکە خرایە هەژماری بانکیی لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق".
ئهمڕۆ دووشهممه 20ی كانوونی یهكهمی 2021، فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەغدا بە هاوڵاتی وت:" 200 ملیار دینارەکە خرایە هەژماری بانکیی لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق".
رۆژی شەممە، وەزارەتی دارایی هەرێم روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگهیاند، تا ئێستا بەغدا 200 ملیارەکەی نەناردووە بۆیە بڕیاریاندا لە داهاتی مانگی 12، مووچهی مانگی 11 خەرج بکرێت.
لە ماوەی رابردوودا، حکومەتی ھەرێم رایگەیاند، کە ھەموو 25ی مانگێک دەست دەکەن بە دابەشکردنی مووچە و لە ماوەی کەمتر لە ھەفتەیەکدا دابەشکردنەکە کۆتایی پێدێت، بەڵام لە ئێستادا دابەشکردنی مووچە زیاتر لە 20 رۆژە بەردەوامە و هێشتا كۆتایی نههاتووه.
لە کۆتایی مانگی سێی 2021دا پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵیی عێراق پەسەندکرا، بەپێی یاساکە حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق رێککەوتن لەبارەی ئەوەی هەرێمی کوردستان رۆژانە داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی دەروازە سنوورییەکان رادەستی بەغدا بکات، عێراقیش لە بەرامبەردا مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام دواتر حکومەتی عێراق بڕیاریدا مانگانە تەنیا 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.

