رژێمی ئێران و دۆخی روو لەتەقینەوەی کۆمەڵگەی ئێران!
چاوخشانێک بەسەر ناڕەزایەتیی سەرتاسەری مامۆستایان لەئێران!
عبدولرەحمان گەوركی
3 ساڵ لەمەوپێش
عبدولرەحمان گەوركی
هێشتا بەهۆی راپەڕینی جوتیاران و خەڵکی شاری ئیسفەهان و پارێزگاکانی دراوسێیەوە رژێمی دەسەڵاتداری ئێران پشتی راست نەکردبۆوە کەمامۆستایان دژ بەڕژێمی دەسەڵاتدار هاتنە دەست و راپەڕین.
ئەوەی ئێستا لەئێران روودەدات رەنگدانەوەی واقیع و «هەلومەرجی شۆڕشگێڕانە»ی کۆمەڵگەی ئێرانە کەسەرباری کردەی دڕندانەی رژێمی ئێران بەردەوامەو هەموو رۆژێک ماوەکانی کەمتر دەبێتەوەو لەهەموو شارو شەقامەکاندا دژ بەلایەنی دەسەڵاتدار دەزرەنگێتەوە.
لەکۆتایی ساڵی 2021 مامۆستایانی سەراسەری ئێران بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە(گوزەرانی نالەبارو کەمی مووچە) هاتوونەتە سەر شەقام و داوای ئازادکردنی مامۆستایانی زیندانیکراو دەکەن و پێداگری داواکارییەکانیانن.
لەگردبوونەوەی سەرتاسەری مامۆستایان، یەکێک لەتایبەتمەندییەکانی «هەلومەرجی روو لەتەقینەوەی کۆمەڵگەی ئێرانی» دەرکەوت. بەشێک لەخەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران، بەبەربڵاوی و لەزیاتر لە 200 شاری ئێران دەنگی ناڕەزایەتییان بەرز کردەوەو درووشمی (دەنگی خۆتان هەڵبڕن، مافەکانتان وەرگرن) و (مامۆستایانی زیندانیکراو دەبێ ئازاد بکرێن) و دووپات دەکردەوە.
کۆبوونەوەو خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی ئەمجارەی مامۆستایان، چ لەڕووی چەندێتی بەشداربووانەوەو چ لەڕووی دروشمەوە جیاوازو سەرکەوتووتر بوو لەخولەکانی پێشووتری. بەتایبەت کە دوای راپەڕینە مەزنەکەی خەڵکی ئیسفەهان روویدا. واتە کاتێک هێزە سەرکوتکەرەکانی رژێم لەحاڵەتی ئامادەباشیدا بوون. عەلی خامنەیی باش دەزانێت کەهەر گردبوونەوەیەکی تەنانەت بچووکیش، دەتوانێت وەک (چەخماخەیەک) کاربکات لە(ئەنبارێکی باروت)دا.
کۆبوونەوەی سەرتاسەریی مامۆستایان، هاوبەندی و رێکخراوەیی بوون و جوڵەی هەمان رێژەی 96 لەسەدی زۆرینەی خەڵکی ئیرانی دەرخست کەپێشتر پاسدار (محەمەد باقر قالیباف)، سەرۆکی ئێستای مەجلیسی رژێم دانی پێدانابوو. ئەو گوتبووی لەئێرانی ئێستادا تەنیا لەسەدا چواری ئاپۆرەی 85 ملیۆنی ئێران لایەنگری رژێمن!
هەلومەرجی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵگە، راستییەکی سەرسەخت و رەقە بەرانبەر بەدەسەڵات کەئێستا خۆی لەهاودەنگی بەشە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە دژ بەڕژێمی دەسەڵاتدار دەردەخات وەک «دوژمنێکی هاوبەشی». پزیشکان و مامۆستایان و جوتیاران و کرێکاران و ... هتد لەژێر هەژاری و بەهۆی دەسەڵاتی رژێمی ئێراندا گەیشتوونەتە خاڵێکی تەقێنەرو بەخۆپیشاندان و راپەڕینە بەردەوامەکانیان، پێکەوە دژ بەدیکتاتۆری ریزیان بەستووە.
لەبەر رۆشنایی ئەو هاودەنگی و یەکڕیزییەدایە کەڕژێمی دیکتاتۆریی دەسەڵاتدار ناتوانێت، نە بەبەڵێن و وادەی بەتاڵ و نە بەسەرکوت و زیندانیکردن و کوشتن، بەر بەجوڵەی مەزنی کۆمەڵگەی خرۆشاوی ئێرانی بگرێت. هەر خۆپیشاندانێکیش بێدەنگ بکات، دەبێتە تۆوی خۆپیشاندانێکی ترو لەشوێنێکی ترەوە سەرهەڵدەداتەوەو مەودای خۆپیشاندان و راپەڕینەکان بەخێرایی لێک نزیکتر دەبنەوە، تا دەگاتە راپەڕینێکی سەرتاسەری و شۆڕش!
دیمەنێکی سەرنجڕاکێشی گردبوونەوەی مامۆستایان ئەوەبوو کە بەشێوەیەکی رەمزی، چاویان لەچەند شارێک داپۆشیبوو. ئەوەیش وەک پشتگیریکردنێک لەخۆپیشاندەرانی جوتیاران و خەڵکی ئیسفەهان، کەچاویان بەتەقەی تفەنگی پاسداران بەر ساچمە کەوتبوو.
لایەنێکی تری راپەڕینی سەرتاسەریی مامۆستایان ئەوەبوو کە هاوکات لەگەل بەرزکردنەوەی درووشم و ماف و داواکارییەکانیان، دەستبەجێ دروشمەکانیان گۆڕی بۆ دروشمی سیاسی و دروشمی « پێویستە مامۆستای بەندکراو ئازاد بکرێت».
هەرچەندە مامۆستایانی ئێرانی ئاپۆرەیەکی (1) ملیۆنی پێکدەهێنن لەئێراندا، بەڵام ترسێکی گەورەیان لای کاربەدەستانی رژێمی ئێران دروستکردووە. چونکە مامۆستایان پەیوەندییان هەیە بەئاپۆرەیەکی (15) ملیۆن خوێندکارییەوەو ئەو خوێندکارانەیش بەشێوەیەکی سەرەکی گەنجانی راپەڕینکارن و ئێستا کاربەدستانی رژێم بەچاوی خۆیان دەبینن کە هەر قوتابخانەیەک دەبێتە سەنگەرێک بۆ ئازادی و ئازادیخوازی.
شیاوی باسە لەخولی پێشووی خۆپیشاندانەکانی مامۆستایاندا، رژێمی ئێران بەڵێنی دابوو کەمەسەلەی پلەبەندی و داخوازی مامۆستایان بخاتە بەرنامەی کاری مەجلیسەوە. بەڵام ماوەی زیاتر لە (20) ساڵە ئەم پلانە لەم مەجلیس بۆ ئەم مەجلیس دەگوازرێتەوەو هیچی بۆ ماموستایان لێنەکەوتۆتەوە.
هۆکارەکەی لەوە بەدەر نیە کەڕژێمی دیکتاتۆریی ئێران دارایی و سەرمایەکانی خەڵکی ئێران، تەنیا بۆ دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی خۆی و پرۆژەی ئەتۆمی و مووشەکی و دەرون (پەهباد) و هێزە تیرۆریستییە بەکرێگیراوەکانی لە وڵاتانی ناوچەکە تەرخان دەکات. بۆیە رژێم نە دەیەوێت و نە دەتوانێت وەڵامی داخوازییە جەماوەرییەکان بداتەوە و کێشەی (لانیکەمی) مووچەی مامۆستایان و کرێکاران و پەرستاران و بەشەکانی تری خەڵک چارەسەر بکات.
کەوایە ئەوەی لەئێران و لەماوەی چەند ساڵی رابردوو لەئارادایە، بەرەنگاربوونەوەیەکی سەرتاسەریی خەڵکە دژ بەدەسەڵاتی دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهی. رژێمێک کە بەسەرکوتکردن و کوشتاری دڕندانە هەوڵی بێدەنگکردنی راپەڕین و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان دەدات. بەڵام دۆخی روو لەتەقینەوەی کۆمەڵگەی ئێران وەک (ئاگری ژێر خۆڵەمێش)، بەشێوازی جیاجیا خۆی دەردەخاتەوەو رێگای گەڕانەوە بۆ رابردووی بەسەر ئەم رژێمەدا داخستووە.
موقاوەمەتی ئێران لەزاری مەریەم رەجەوی، سەرۆکی هەڵبژاردە خۆیەوە، روو لەمامۆستایانی ئازادیخوازو تێکۆشەرو راپەڕیو رایگەیاندووە کە «خامنەیی و رەئیسی بەکابینەی پاسدارو تیرۆریست و ئەشکەنجەدەرانەوە، داراییەکانی خەڵکی ئێرانیان تەرخان کردووە بۆ بەرهەمهێنانی بۆمباو مووشەک و پەهباد (دەروون) و سەرمایەکانی خەڵک بەفیڕۆ دەدەن و مامۆستایانیان خستۆتە ژێر هێڵی هەژاری و نەدارییەوە.
تاکەڕێگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم زوڵم و ستەمە، سەرهەڵدان و راپەڕینەو هەژاری و گەندەڵی و گرانی و جیاوازیدانان و نادادپەروەری، تەنیا بە رووخاندنی تەواوەتی دیکتاتۆرییەتی مەزهەبی و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی دیموکرات و جەماوەریی کۆتایی دێت.
، نووسەرو لێکۆڵەری سیاسی