کورد لەنێوان سەدڕ و ئەوانی دیکە

ئاسۆ حاجی

3 ساڵ لەمەوپێش



ئاسۆ حاجی

ئەوەی لە ناو پەڕلەمانی عێڕاق روویدا خاڵی وەچەرخانە لە مێژووی عێڕاق لە دووای روخانی رژێمی سەدام حسێن، دەکرێ ئەوە لە دوو خاڵ کورت بکەیەنەوە:

یەکەم، هێزێکی نوێی شیعی لە دەرەوەی هێزە تەقلیدیەکانی شیعە کە بەر لە ساڵی ٢٠٠٣ هەبوون و خەباتی سیاسی و چەکداریان لە دژی رژێمی سەدام دەکرد، هەروەها ئەو هێزە بە باگراوندێکی قەومی عەرەبی زیاتر لە مەزهەبی شیعی زۆرینەی پەڕلەمان بباتەوە.

دووەم، سەردەمی رۆمانسیەتی سیاسی هێزە سیاسیە کوردستانیەکان و هێزە سیاسیە شیعەکان کۆتاییهات، بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان براوەی یەکەمە و زۆرترین کورسی هەیە، پارتی وەک هێزێکی بە سەنگ و خاوەن مەرکەزیەتێکی توند لە بڕیاردان، باوەڕی وابوو کە دەبێ هەر لەگەڵ ئەو هێزە شیعیانەی کە مێژووی خەبات و تێکۆشان لە دژی دیکتاتۆریەتی سەدام بە یەکیان دەبەستێتەوە دەبێ هاوکار و هەماهەنگ بن لە بەڕێوەبەدنی عێڕاق، بەڵام رووداوەکانی ٢٠١٤ بە بڕینی بودجە و موچەی خەڵکی کوردستان، پاشان رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ لە هێرشکەرن و داگیرکردنەوەی کەرکوک، دواتریش لە هێرشی موشەکی و دڕۆن بۆ سەر شاری هەولێر، هۆکار بوون کە پارتی بڕیار بدا کە بچێتە هاوپەیمانەتیەک لەگەڵ رەوتی سەدر و سوونەکان.

بۆ سەدڕ؟ کورد لە دوای روخانی سەدام حسێن تا دواین کابینەی حکومەتی عێڕاق کە ئێستاش لە سەر کارە، بە دەیان رێکەوتنی سیاسی لەگەڵ لایەنەکانی شیعەی پێکهێنەری کابینەکانی حکومەتەکانی عێڕاق کردووە، بەڵام یەک لەو رێکەوتنانەش وەک خۆی لەلایەن هێزەشیعیەکانەوە جێنەجێ نەکراوە، ئەوەش زیاتر لە هۆکارێکی لە پشتەوەیە کە دەکرێ لەو دوو خاڵە ئاماژەیان پێبدەین:

١- ئەو هێزە شیعیانەی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانیان بە دەستەوە بووە، خاوەنی ئیرادەی سەربەخۆیی بڕیاردان نەبووینە، بەڵکو ئیرادەیان بە هێزی دەرەکیەوە گرێدراوە و هەموو بڕیار و کردارەکانیان لە چوارچێوەی بەرژەوەندی وڵاتێکی ئیقلیمی بووە، ئەوان بەو کارەیان گوایە خزمەت بە بیروباوەڕە مەزهەبیەکەی خۆیان دەکەن.

٢- هەر لە دوای روخانی سەدام ماڵی شیعە بەسەر چەند ناوەندێکی بڕیار دابەش ببوون، لە سەرتادا لە نێوان حیزبی دەعوە و ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عێڕاق دا، دواتر مەرجەعیەی نەجەفیش بووە ناوەندێکی کاریگەر لە سەر بڕیاری سیاسی شیعە، ئێستاش ئەو هێزانە زیاتر پەرت و بڵاون و خاڵی کۆکەرەوە و هاوبەشیان وڵاتی ئێرانە کە هەموویان لە چوارچێوەی هەماهەنگی کۆکردۆتەوە. دوو خاڵی دیکەی گرنگ هەیە کە پەیوەندیان بە رەوتی سەدڕ و کەسایەتی موقتەدا سەدڕەوە هەیە، کە هۆکاری سەرەکەی راکێشانی پارتی دیموکراتی کوردستان و لایەنە سوونیەکانە بۆ لای خۆیان:

یەکەم، رەوتی سەدر وەک لە مێژووی چەند ساڵەی دیارە، رەوتێکی یەکگرتووی خاوەند ناوەندێکی بڕیاردانی بەهێزە، موقتەدا سەدڕ خاوەنی بڕیاری یەکلاکەرەوەیە و هیچ سەرکردە و کەسێک لە چوارچێوەی ئەو رەوتە ناتوانن بڕیارەکانی جێبەجێ نەکەن، کورد و سوونە لەو قۆناغەدا پێویستیان بە لایەنێکی شیعە هەیە کە حکومەت پێکبهێنێ خاوەن بڕیار بێ و جێبەجێی بکات.

- کورد بۆ جێنەجێکردنی رێکەوتنەکانیان لەگەڵ حکومەتی عێڕاقی دەربارەی شایستە داراییەکان( بودجە و موچە) هەروەها بۆ چارەسەرکردنی گرفتی ناوچە کێشە لەسەرەکان پێویستیان بەلایەنێکی لەو شێوەیەیە. - سوونە بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکانیان کە لەسەر دەستی داعش و حەشدی شەعبی وێران کران، هەروەها گەڕانەوەی خەڵکی ئاوارەبوویان بۆ سەر زێدی خۆیان، لەوانەش گرنگتر بۆ سوونە ئازادکردنەوەی ناوچەکانیان لە داگیرکاری میلیشیاکانی حەشدی شەعبی. دووەم، رەوتی سەدڕ خاوەنی ٧٣ کورسی پەڕلەمانیە و وەک خۆیان دەڵێن دەتوانن ئەو ژمارەیە بۆ ٩٠ کورسی بەرز بکەنەوە، واتا رێکەوتن لەگەڵ یەک حیزب و یەک کەس باشترە لەوەی ناچار ببی لەگەڵ شەش حەفت لایەن رێکەوتن بکەی و هیچ گرێنتیەکیش نەبێت لەوەی ئەو لایەنانە رێکەوتنەکە جێبەجێ دەکەن، لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا زۆرینەی حیزب و هێزە سیاسیەکان لەلایەن کەسانی توندڕەو سەرۆکایەتی دەکرێن کە بەردەوام هەڕەشە لە هەرێمی کوردستان دەکەن نەک دەستی ئاشتبوونەوەی بۆ درێژ بکەن، ئەوەیان بۆ سوونەش راستە، کە رۆژانە لەلایەن میلیشیا شیعیەکانەوە رووبەڕووی دەرکردن و زولم دەبنەوە.

ناو ماڵی کوردستانی بەرەو کوێ؟ یەکەمین دانیشتنی خولی نوێی پەڕلەمانی عێڕاق ئەو راستیەی دووبارە کردەوە کە هێزە کوردیەکان بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ناتوانن بە یەکگرتووی و یەکدەنگی بمێنەوە، چوونکە دوو ئاراستەی سیاسی جیاوازیان هەیە، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەوە نیشاندایەوە کە بەشێکە لە ئەجێندای ئێرانی و ناتوانێ لەو بەرەیە بێتە دەروە، هۆکاری هەرە سەرەکی کێشە ناوخۆیەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانن، ئێران لە دوای نەخۆشکەوتنی جەلال تالەبانی بە شێوەیەک وەبەرهێنانی لەسەر ئەو کێشانە کردووە کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە ئاسانی ناتوانێ لە ژێر هەیمەنەی ئێران دەربچێ، لە دواین سەردانی شاندی ئێران لە هەفتەی رابردوو بۆ سلێمانی لە دوای دیداریان لەگەڵ بافێل تالەبانی یەکسەر سەردانی لاهور جەنگیان کردووە، ئێران هەمیشە وابووە و ئیدارەی ململانێ و رەوتە دژ بەیەکەکانی داوە لە کوردستان، هەروەها ئەو داهاتەی کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە دەروازە سنووریەکان بە دەستی دەکەوێ و زیاتر لە ٨٠٪؜ ی بۆخۆی دەگێڕێتەوە و تەنها لە نێوان ١٠٪ بۆ ١٥٪ دەگەڕێنێتەوە خەزێنەی حکومەت ئەوە بە هاوکاری ئێرانە، زۆر بابەت و خاڵی دیکە هەیە کە ئاماژەیان بۆ بکرێت بەڵام دەکرێ هەمووی لەو دێڕە کورت بکەیەنەوە ‘ ئەگەر ئێران نەبوایە ئێستا هێزێکی سیاسی کاریگەر بەناوی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان نەدەما’.

ئایا سەرۆک کۆمار کێشەیە؟ لە رووکەشدا وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری وەک کێشەی سەرەکی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دادەندرێت، بەڵام لە ناوەڕۆکدا کێشەکە لە ناوزەدکردنی کەسێک نیە بۆ ئەق پۆستە بە قەدەر ئەوەی کێشە لە سەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەو پۆستەیە، پارتی دیموکراتی کوردستان نە ساڵی ٢٠١٨ و نە ئێستاش کێشەی لەگەڵ کەس نەبووە، بەڵکو کێشە لە میکانیزیمی دانانی کەسەکە بووە، پارتی پێی وابووە و پێی وایە دەبێ ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆک کۆماری عێڕاق نوێنەری راستەقینەی خەڵکی کوردستان بێت و بەرگریکار و پارێزەری دەستوور بێت، نەک پارێزەری لایەنێکی سیاسی یان ئەجێندایەکی سیاسی دیاری کراو بێت. بۆ ئەو خولەی پەڕلەمان و سەرۆکایەتی کۆمار و کابینەی نوێ، پارتی دیموکراتی کوردستان وای دەبینێ کە پێویستە پارتی و یەکێتی و لایەنە سیاسیەکانی دیکەی کوردستان میکانیزمێک بدۆزنەوە بۆ ئەوەی بتوانن لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کەسانە بکەن کە لە بەغدا بە نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان پۆست وەردەگرن، لە هەر پلە پۆستێک بن، هەروەها دەیەوێ بەر لە کاندید کردن و دانای هەر کەسێک لە پۆستی سەرۆک کۆماری ئەو کەسە پێگیر بکرێ بە کارنامەیەکی رێکەوتن لە سەر کراو کە لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بێت لە چوارچێوەی دەستووری عێڕاقدا. یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەو بڕوایەی وەک جاری پێشوو دەتوانێ بە پاڵپشتی شیعە سەرۆک کۆمار بۆ خۆی یەکلایی بکاتەوە بەبێ رێکەوتن لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، تا ئێستا مکوڕە لەسەر ئەوەی تەنها بەرهەم سالح کاندید دەکەنەوە بۆ سەرۆکایەتی کۆمار، کە ئەو عینادی و بێمنەتیەی یەکێتی لای پارتی جێگای قبوڵکردن نیە نەک بەرهەم سالح، وێڕای هەبوونی سەرنج و تێبینی زۆر لەلایەن پارتیەوە لە سەر ئەدای بەرهەم سالح لە ساڵانی رابردوویدا، بەڵام هەرگیز ناوی کەسیان رەت نەکردۆتەوە و هێلی سووریان لەسەر کەس نەبووە، تەنها ئەوەیە وەک بەرکەوتەی هەڵبژاردن و وەک گەورەترین هێز دەبێ هاوبەش بێ لە بڕیاری بەربژێرکردنی هەر کەسێک بۆ ئەو پۆستە. یەکێتی و پارتی دەتوانن چی بکەن؟ پارتی کە زۆرینەی کورسیەکانی هەرێمی کوردستانی بردۆتەوە وهاوپەیمانی لەگەڵ رەوتی سەدڕ و دوو گەورەترین هێزی سوونەکان کردووە، وەک لە دەنگدان بە سەرۆکی پەڕلەمان و جێگرەکانی دەرکەوت، دەتوانێ بە ئاسانی پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار لە بەرژەوەندی خۆی یەکلایی بکاتەوە، بەڵام ئەوە کارە ناکات ئەگەر یەکێتی ناچاری نەکات، چونکە دەزانێ ئەو کارە رەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر پێکەوە کارکردنی هەردوولا دەبێت لە کوردستاندا.

یەکێتی ئەوە دەزانێ بۆیە کارتی ئاڵۆزکردنی زیاتری دۆخی کوردستان بە رووی پارتی بەرزکردۆتەوە، لە درێژەدان بە نەگەڕاندنەوەی داهاتی گشتی بۆ خەزێنەی حکومەت و زیاتر کارکردن بۆ پتەوکردنی حکومەتی حیزب لە ناوچەکانی سلێمانیدا، هەروەها هاندانی هێزە ئیقلیمیەکان بۆ زیاتر فشار کردن لە سەر پارتی بۆ ئەوەی بە داخوازیەکانی رازی بێت، لە بەرامبەردا یەکێتی بەشێکی کاریگەری پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان دەبێت، یەکێتی لەوەش زیاتر دەڕوا و ئێستا ماوە ماوە ئەو قسەیە بە گوێی پارتی دادەدەن کە ئەگەر ئەوەمان بۆ نەچیتە سەرێ ئەوە شەڕی ناوخۆ هەڵدەگیرسێ، وەک ئەوەی قوباد تالەبانی گوتبووی ئەگەر لێژنەی تایبەت بە پێداچوونەوە بە کارەکانی دەروازە سنووریەکان لە دێگەڵە بپەڕێتەوە ئەوە شەڕی ناوخۆ هەڵدەگیرسێ.

دەرئەنجام چۆن دەبێت؟ یەکێتی رێگایەکی دیکەی نیە جگە لە دانیشتن لەگەڵ پارتی و رێکەوتن لەسەر کارنامەیەک و کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار، ئەگەر ئەوە روونەدا پارتی دیموکراتی کوردستان بەربژێری خۆی دەبێت و بەو رێکەوتنەی هەیەتی دەتوانێ پۆستەکە وەرگرێ و رەنگە لەوەش زیاتر بڕوا و لە پشکی کورد لە وەزارەت و پۆستە گرنگەکان زۆرینەی لای خۆی بێت و بەشێکیش بداتە ئەو هێزە کوردستانیانەی خوازیارن لەگەڵی بچنە بەرەیەک، لەلایەکی دیکەشەوە پارتی دەتوانێ لە رێگای حکومەتی نوێ کە دەبێتە حکومەتێکی زۆرینەی نیشتیمانی پرسی داهاتی دەروازە و داهاتەکانی ناوخۆ چارەسەر بکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار