كێ دەبێتە سەرۆك كۆمار دواجار پافڵ تاڵەبانی یەكلایی دەكاتەوە
كێ دەبێتە سەرۆك كۆمار
ئەنوەر حسێن (بازگر)
3 ساڵ لەمەوپێش
ئەنوەر حسێن (بازگر)
پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كە هەر پشكی كورد بووە و (ی.ن.ك) ئەو پۆستە سیادییەی وەك پشكی كورد لەعێراق بەڕێوە بردووە، لەسەر پرسی سەرۆك كۆماری عێراق وتەبێژی (ی.ن.ك) و (پ.د.ك) دوو گوتاری دژ بەیەك لەمیدیاكان بڵاودەكەنەوە.
ئەم بابەتە یەكەم جار نییە كە دەكەوێتە نێوان مەعمەعەی هێزو لایەنە سیاسییەكان، یان دوو گوتاری جیاوازی نێوان (ی.ن.ك) و (پ.د.ك)، بەڵام دوو دەورەیە بەتایبەتی لەدوای كۆچی دوایی مام جەلال-ەوە و هەروەها بە تایبەتتر لەدوای دكتۆر فوئاد مەعسووم كە سەرۆك كۆمار بووە، (پ.د.ك) چاوی لەپۆستی سەرۆكایەتیی كۆمارە، پێی وایە بەهۆی بەدەستهێنانی زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانەوە، مافی پۆستی سەرۆكایەتیی هەیە، لە كاتێكدا (پ.د.ك) ئەوە دەزانێت كە زۆرینەی پۆستە سیادییەكان لەعێراقدا بەشی حزبی نین، بەشی ئیتنی، مەزهەبی و نەتەوەیین، بەپێی ئەكسەریەت و ئەقڵیەتی كورسییەكان ئەم پۆستانە دابەش ناكرێن، خۆ ئەگەر لەسەر ئەم بنەمایە بێت، ئەوا سەرۆك وەزیرانی عێراق هیچ حزب و هیچ كورسییەكی نییە، لە هەمان كاتدا سەرۆك وەزیرانی عێراقە، هەروەها ئەوە یەكلابووەتەوە كە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق هیی كوردەو لەناو كوردیشدا بۆ (ی.ن.ك)، وەك چۆن لەكاتی خۆیدا یەكسان بووە بەپۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان.
پێم وا نییە بۆ ئەم دەورەیە (پ.د.ك) داوای پۆستی سەرۆك كۆمار بكات، یەكەم داوای گۆڕینی سەرۆك كۆمار دەكات، چونكە (پ.د.ك) پێی وایە كە دكتۆر بەرهەم ساڵح لەگەڵ سیاسەتەكانی ناگونجێ، لەدەورەی پێشووتریشدا لەكاتی سەرۆكایەتیی (دكتۆر فوئاد مەعسووم)یشدا (پ.د.ك) بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە لەهەڵبژاردندا كێبڕكێیان كردو سەركەوتوو نەبوون لەو دانوستان و ململانێ سیاسییەی كە هەبوو لەنێوانیان (ی.ن.ك) و (پ.د.ك)دا.
هەروەها لە لایەكی ترەوە (پ.د.ك) بە حوكمی ئەوەی كە زۆرینەی كورسییەكانی لەهەرێمی كوردستان بەدەستهێناوە، پێی وایە دانانی پۆستی سەرۆك كۆمار بەڕاوێژ لەگەڵ كوتلە كوردستانییەكان بێت، بەبڕوای من ئەم بۆچوونەی (پ.د.ك) گونجاوە، بەڵام نەوەكو بەو شێوەیەی ئەم نا ئەو، رەنگە خاڵێكی تریشی ئەوە بێت كە (ی.ن.ك) جاری پێشوو و ئەم جارەیش كاندیدی جیاواز جیاوازی هەیە بۆ ئەو پۆستانە، كە بەبڕوای من هێشتا یەكلا نەبووەتەوە كە بەرهەم ساڵح بەسەرۆك كۆمار دەمێنێتەوە یان كاندیدە بەهێزەكەی بەرانبەری كە مەلا بەختیارە.
ئەوەی كە گرنگە ئەوەیە كە دەبێت (پ.د.ك) ئەوە بزانێت كە ئەم پۆستە هی (ی.ن.ك)ە، و (ی.ن.ك)یش لەپلەی یەكەمدا دەستنیشانی دەكات كێ سەرۆك كۆمارە، لەگەڵ ئەوەیشدا خودی (پافڵ تاڵەبانی) لەناو (ی.ن.ك)دا دیاری دەكات كە كێ كاندیدو سەرۆك كۆمارە، بەڵام هێشتا ئەم بڕیارەی نەداوە.
خاڵێكی تریش ئەوەیە كە بۆیە (پ.د.ك) ئەم بابەتە جاروبار دەورووژێنێت، دەیەوێت بڵێت؛ كە پۆستی سەرۆك كۆمار یەكسانە بەپۆستی پارێزگاری كەركوك، بەو مانایەی كە پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ (پ.د.ك) بێت، هەروەها لە حاڵەتێكیشدا ئەگەر (پ.د.ك) سازیش بكات لەسەر ئەو پۆستە، دەیەوێت بێلایەن بێت وەكو ئەوەی كە لەدەورەی پێشوو بە (عەبدولڕەحمان مستەفا) رازی بوو.
بەكورتییەكەی ئەوەیە كە پۆستی سەرۆك كۆمار هی (ی.ن.ك)ە، هەر ئەویش دیاری دەكات كێ دەبێت بەسەرۆك كۆمار، بەڵام وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئێران، توركیا، شیعەكان و سوننەكان، دەورونەخشی زۆریان هەیە لە یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار بەتایبەتی تر ئێران، هەرچەند لەدوای كوژرانی قاسم سولەیمانییەوە پاشەكشەی كردووە، بەڵام هێشتا هەر دەورونەخشی هەیە.
بەبڕوای من دەبێت كورد یەك گوتار بێت لەبەرانبەر ئەو كێشەو ئاریشەو قەیرانانەی كە روویان لە عێراق و ناوچەكە كردووە، بەتایبەتی ئەو پیلان و یەكگوتارییەی ئێران، توركیاو هەندێك جار كەعێراق بەشداریی تێدا دەكات لەبەرانبەر ئەزموونی هەرێمی كوردستان، بۆیە پێویستە كورد بەتایبەت (ی.ن.ك) و (پ.د.ك) هەموو ئەو مەترسییانە لە بەرچاو بگرن و یەكگوتار بن، لەسەر وەزارەتێك و پۆستێك ئەم كێشانە دروست نەكەن، كە بەداخەوە ئەو بانگەشەیەی كە دەكرێت بۆ یەكگوتاری گەلی كورد لەگەڵ ئەو مامەڵەو بەسۆسیال میدیایەی كە دەكرێت بۆ پۆستی سەرۆكایەتیی كۆمار یەكناگرێتەوە، هەربۆیە بەهۆی ئەو كێشانەوەیە كەوڵاتانی دەرەوە دەخالەت دەكەن و دێنە هەرێمی كوردستان، بۆ نموونە قائانی لەتارانەوە دێت، هەروەها ماكگۆرگ لەئەمریكاوە، بۆچی دەبێت كارێك بكرێت كەئەو وڵاتانە دەخالەتی جیدی بكەن و هەرێمی كوردستان و حزبە سیاسییەكان بەهەندێ شت ناچار بكەن.
هەروەها (پ.د.ك) جێگری سەرۆك پەرلەمانی بەدەستەوەیە و لەدەورەی پێشوودا كاتێك (پ.د.ك) داوای هەماهەنگیی دەكرد، هێزە كوردستانییەكان دەورونەخشیان هەبێت و دەنگ بدەن لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار، بەڵام جێگری سەرۆكی پەرلەمان دكتۆر (بەشیر) بەبێ هەماهەنگی و دەنگدان دانرابوو، بەداخەوە بۆ ئەم پۆستانە كێشە دروست دەبێت.
لەگەڵ ئەوەدام كە ئەو یەكگوتارییە تەنها قسە نەبێت لەمیدیاكاندا بكرێت، ئەو یەكگوتارییەی نێوان حزبە كوردییەكان پێویستی بەكردارو نیەت باشییە، بۆ نموونە ئەو رۆڵەی كە كاتی خۆی مام جەلال لەیەكگوتاری، سازش و كلتوری تولێرانس دەبینی ئێستا بەبڕوای من غائیبە، كە دەبوو خودی كاك مەسعود ئەم رۆڵە ببینێت، نەوەكوو (پ.د.ك) لەبەرئەوەی كە چەند كورسییەكی زیاترە لە هەرێمی كوردستان بیەوێت هەموو پۆستەكان بۆ خۆی بەرێت، ئەوە سەركەوتووی ناكات.
هەروەها (پ.د.ك) بۆ یەكڕیزی و یەكگوتاری لەهەرێمی كوردستان دەڵێت: با هەموو حزبە بچووكەكان كەمینەكان لەحكومەت و پەرلەماندا بەشداربن ئەمە دروستە، بەڵام كە دێتە سەر مەسەلەی بەغداد دەڵێت: نابێت و دەبێت بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن بێت، بەبڕوای من ئەم دوو فۆڕمە لەبەغداد و هەرێمی كوردستان پاردۆكس و نادادپەروەریی تێدایە.
بەڵام ئەگەر (پ.د.ك) كێشەی لەگەڵ خودی دكتۆر بەرهەمە نەوەك لەگەڵ پۆستەكەی ئەمە شتێكی ترە، كە بە بڕوای من ئەمەیانە.
- ئەوە لەبەردەم (ی.ن.ك)، خودی پافڵ تاڵەبانی كراوەیە كە لەنێوان كاندیدەكانی (ی.ن.ك)دا كێ بیخاتە پرۆسەی دەنگدانەوە یان یەكێكیان كاندید بكات بۆ ئەو پۆستە كە دواجار پافڵ تاڵەبانی بڕیاری لەسەردەدات، ئەوە شتێكی ئاسایی و روونە دیارە زیاد لە كاندیدێك و دوان و سیان هەیە، بەڵام لەسەر ئەوەی كە (پ.د.ك) كە دكتۆر بەرهەمی بەدڵ نییە، ئەمە زۆرتر میزاجییە، یان دەبێت هۆكار و فاكتەرەكانی دیاری بكرێت كە بۆچی دكتۆر بەرهەم ساڵحی بەدڵ نییە، بۆیە بەبڕوای من ئەگەر دكتۆر بەرهەمیش كاندید نەكرێتەوە (ی.ن.ك) كاندیدی بەهێز و شیاوی هەیە، بۆیە (پ.د.ك) ئەم ئەگەرەی پێ باشترە كە دكتۆر بەرهەم دووبارە كاندید نەكرێتەوە بۆ پۆستی سەرۆكایەتی.
دانانی بەرهەم ساڵح یان دانەناوەی لەلایەن پافڵ تاڵەبانییەوە هیچ پێوەندیی بەو حەزو خولیایەی (پ.د.ك) نابێت، ئەگەر دووبارە دكتۆر بەرهەم كاندید بكرێتەوە بەو مانایە نییە كە بۆ دژایەتیی (پ.د.ك) بێت، ئەگەریش كەسێكی تر كاندید بكرێت بەو مانایە نییە كە لەبەر خواست و دڵی (پ.د.ك) بێت، چونكە روونە كە (ی.ن.ك) ئەم پۆستە وەردەگرێت و كەسێكی تر كە ئەڵتەرناتیڤی دكتۆر بەرهەم بێت، لەهیچ حاڵەتێكدا ریسك نییە، بۆیە بافڵ تاڵەبانی لەهەر حاڵدا ئەم بڕیارە دەدات، هیچ شتێك نابێتە رێگر لەبەردەم بڕیارەكەی بافڵ تاڵەبانی.
ئەگەر قسە لەسەر ئەوە بێت كە كاك مەسعود، دكتۆر بەرهەمی بەدڵ نییە یان هەر كەسێكی بەدڵە، لەهەر حاڵدا كاتێكیش (پ.د.ك) كەسێك هەڵدەبژێرێت بۆ سەرۆك وەزیران یان سەرۆكی هەرێم دەبێت رای (ی.ن.ك)ی لەسەر بێت كە ئێمە ئەمەمان نەبینیوە، بۆیە بەبڕوای من قسەكردن لە سەر پۆستی سەرۆك كۆمار، بەپێی ئەزموونی پێشوو (پ.د.ك) كێشە دروست ناكات لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمارو بۆ (ی.ن.ك)یش، چونكە كێشەكە زیاتر شەخسییە، كە لەسیاسەتدا ئەمەیش روونادات، بەڵام ئەوەندەی كە من بزانم (ی.ن.ك) كە بۆ خۆی لەبەرنامەیدا زیاتر لەكاندیدێكی هەیە، دواجار ئەمەیش ساغ دەبێتەوە ئەگەر كاندیدی تر هەبێت دووبارە دكتۆر بەرهەم دەچێتە ناو ئەم كێبڕكێیەوە یان ناچێت.