مۆدێرنەو کەپیتاڵیزم‌و ئێمە؟

سەردار عزیز

2 هەفتە لەمەوپێش



سەردار عزیز

لە سەرەتای نەوەدەکان بەچەمکی مۆدێرنە ئاشنا بووم. ئەو رۆژانە لەسلێمانی دەمخوێند، لە بەختیار عەلی-یەوە گوێبیستی ئەم چەمکە بووم. ئەو زیاتر باسی نوێبونەوەی دەکرد. بەکاڵییش، لە بیرم دێت زۆر باسی بۆدلێری دەکرد. مۆدێرنە وشەیەک نیە بەدوای ماناکەیدا بگەڕێیت، بەڵکو پرۆسەیەکی وەرچەرخانە، ماناکەی لە سیستەم و واقیعیدا دەبینرێت نەک لە ڕەهەندی زمانەوانییەوە. باری بۆزان و لاوسن پرۆسەی مۆدێرن بونی دونیا دەکەن بە دوو بەشەوە. قۆناغی یەکەمی لەسەدەی نۆزدەدا بوو. ئەم قۆناغە لەشەڕی جیهانی یەکەمدا کۆتایی دێت. قۆناغی دووەمی پاش ئەوە دێت. دەتوانین بڵێین هەموو گۆی زەوی لەسەردەمی مۆدێرنەدا دەژی بەئاستی جیاواز.

دەکرێت دونیای ئێمە، کە لەپەراوێزی پەراوێزدایە، (وڵاتانی ناوچەکە لە پەراوێزدان، کوردستانیش لە پەراوێزی ئەو وڵاتانەدایە)، سەرەتای ئاشنابونی بە مۆدێرنە وەک ناو و چەمک بۆ چەند دەیەی رابوردوو بگەڕێنینەوە، بەڵام مۆدێرن بون وەک پرۆسەیەکی هێشتا بە تەواوی دەستی پێنەکردوە. شیعر و ئەدەبی کورد ئوێنەیەکی باشی ئەو دۆخە دەرنیە سەختەن کە مرۆڤی ناوچەکە تیایدا دەژین، بەرامبەر بە مۆدێرنە. ئەم پرسە گرنگە چونکە ئێمە ئەگەر بمانەوێت لەدونیادا ئامادەبین، ناچارین مۆدێرن بین. وەک لەخواست و داواکاری خەڵکیدا دەبینی خەڵک دەیانەوێت مۆدێرنە بونی هەبێت، ئەمە لە مەسرەفگەرایی و خۆشگوزەرانی و نمایشی کاڵاو ئامێرەکان و سامان و سەرمایەدا دەیبینین. مرۆڤی ئەمڕۆ کاتێکی زۆری لەنمایشی شمەک و کەلوپەلەکانیدا بەسەردەبات. ئەم دۆخە باڵایەی نمایشگەرایی بۆ خۆی جێگای تێڕامانە، چونکە پاڵنەری هەرە سەرەکی بەکاربردنە، کۆنسەمپشن .

لەسەرەتادا دەبێت چەند بوارێک روونبکەمەوە یەکەم، ئێمە لە دەرەوەی مۆدێرنە نین. دەربڕینێک هەیە، کە زیاتر مارکسیانەیە دەڵێت ئێمە لەدەرەوەی مێژووین. ئەمە راست نیە. ئێمە لەهەناو مێژووداین بەڵام بەشێوازی جیاواز. ئێمە خاوەن ئاراستەی مێژووی خۆمان نین، دیارە زۆرینەی دونیا خاوەن کۆنترۆڵی مێژووی خۆیان نین، بەتایبەتی ئەگەر مێژوو لەدیدە مارکسییەکەوە ببینین. دیارە گرنگی چەمکی مێژوو، دیسانەوە دیدێکی مارکسیانەیە، زۆرجاریش دیدێکی تێکەڵە لە میتافیزیک و میکانیک.

دووەم، ئێمە بە ناچاری مۆدێرن دەبین. قەیرانی سەرەکی ئەم ناچارییە ئەوەیە کە بە ئاگاییەوە مۆدێرن نابین، بەڵکو بە پچڕ چڕو لە پرۆسەی ناچاری و لاساییدا بەڕێوە دەچێت. ئەم دۆخە لە بری ئازادبوون و سەروەربوون، زیاتر گرێی کەمبوون و دژایەتی و پەرستن بەرهەم دەهێنێت. لەمیانەی مۆدێرن بوون و نەبوونی توانای تێگەیشتن و بەرهەمهێنانی جۆری مۆدێرنەی خود، ئەوا پەرچەکردار دروست دەبێت، وەک لەڕەوتە ئاینییەکاندا دەیبینی. ئیسلامی سیاسی هیچ نیە جگە لەپەرچەکردارێک بۆ مۆدێرنە. ئەمەش وەها دەکات کە مێژوی ئیسلامی سیاسی زۆر نوێیە، بەگشتی دەگەڕێتەوە بۆ هاتنی ناپلیون بۆ میسرو تەنزیماتی عوسمانی.

ئاگام لەئەوەیە کە ئەم پاشخانە خێرایە بۆ خوێنەری کورد ئاسان نیە، بەڵام لەم بوارە تەسکەدا هەر ئەوەندەمان پێدەکرێت. ئەوەی لێرەدا دەمەوێت کەمێک زیاتر تیشکی بخەمەسەر پەیوەندی مۆدێرنەو سەرمایەدارییە. ئەو کۆمەڵگایانەی توانیویانە لەهەوڵیان بۆ مۆدێرن بوون، ببن بە سەرمایەداریی، ئەوا مۆدێرنەیان سەرکەوتووبوە، ئەوانیتر کە نەیانتوانیوە سیستەمی ئابوری و کۆمەڵایەتییان بگۆڕن بۆ سەرمایەداری نەیانتوانیوە ببن بە مۆدێرن. لێرەدا نموونەیەک زۆر زەقە.  لە تەمەنی لاوێتیدا دینگ شیاوپینگ لەمۆسکۆ خوێندکاربوو. ئەو رۆژگارە رۆژگاری سیستەمی ئابوری نوێ بوو، کە نیکۆلیا بوخارین سەرپەرشتی دەکرد. نیکۆلیا لە لایەن لینینەوە رێگەی پێدرابوو، سیستەمە نوێیە ئابورییەکەشی کرانەوە بوو بەڕووی سەرمایەداریدا. دیارە پاشان ستالین لەسێدارەی دەدات. لەو سەردەمەدا دینگ شیاوپینگ لەمۆسکۆ بوو، گوێبیستی وتارەکەی بوخارین بوو، هەروەها گۆڕانکارییەکانیشی دەبینی. ئەم کرانەوەیە ئەو باوەڕەی لای دینگ چەسپاند کە ئابوری سەرمایەداری باشترە لەئابوری سۆشیالیزم. یان بۆ مەبەستەکەی ئێمە، گەرەنتی سەرکەوتنی مۆدێرنە لەبونی سیستەمی کەپیتالیزمدایە. ئەم وانەیە دەبێتە بنەمای ئەوەی کە چینی پاش ماو، بەخێرا ببێتە سیستەمێکی سەرمایەداری لەواقیعدا و سۆشیالیزمی لەخیتابدا. (هۆکاری بوونی سۆشیالیزم لە ئەمڕۆی چیندا جیوپۆلەتیکییە. لەنێوان رۆژهەڵاتی چین کە ناوچەیەکی کەناراویی و دەوڵەمەندە، لەگەڵ رۆژئاوای کە ناوچەیەکی وشکانی بیابان و هەژارە، جیاوازییەکی زۆری داهات هەیە، هەبونی ئایدۆلۆژیای مارکسیزم رەوایی دەدات بە دابەشکردنی سامان لەنێوان ئەم دوو ناوچەیەدا. بەبێ ئەم دابەشکردنە، چین ناتوانێت بەئاسانی وەک وڵاتێکی یەک پارچە بمێنێتەوە. دیارە هەردوو بەشەکە بەهۆکاری جیاواز ناڕازین، خەڵکی کەناراوەکان بەهۆی دەوڵەمەندییانەوە، خەڵکی رۆژئاوا بە هۆی هەژارییانەوە) گرنگی ئەم خاڵە بۆ ئێمە ئەوەیە کە گەرەنتی سەرکەوتنی مۆدێرنە سیستەمی ئابورییە، کە کاریگەری راستەوخۆی لە سەر سیستەمی کۆمەڵایەتی و حوکمداریش هەیە، نەک سیستەمەکانی تر. کەواتە مۆدێرنەی رۆژئاوایی بەبێ سەرمایەداری سەرکەوتوو نابێت. لێرەدا دەبێت کەمێک بە ئاگاییەوە بیربکەینەوە. ئایا کۆمەڵگای ئێمە دەتوانێت ببێت بە سەرمایەداری؟ دیارە بەئاسانی نەخێر. بەگشتی سێ بەربەستی گەورە لەبەردەم سیستەمی سەرمایەداریدا هەیە، یەکەم، کەلتوری کوردی و ناوچەکە، دووەم، ئاینی ئیسلام، سێیەم، زاڵی بیری چەپ. پێش ئەوەی زیاتر باس لە رێگرییەکان بکەین هەستدەکەم پێویستە چەمکی سەرمایە پێناسە بکەین. سەرمایەو سەرمایەداری چەمکێکی قێزەوەنە لەدونیای ئێمەدا، دیارە وەک دوفاقییەک. بەڵام سەرباری ئەوە ئاگایی قوڵ نیە دەربارەی ئەم چەمکە. سەرمایە یان کەپیتال بریتی نیە لەخاوەندارێتی یان خاوەندارێتی تایبەت. لەدیدی مارکسەوە، سەرمایەداری پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتییە، کە سێ بنەمای هەیە: یەکەم، جیاکردنەوەی کرێکار لەئامرازو شێوازی بەرهەمهێنان. دووەم، جیاکردنەوەی کرێکار لەبەرهەمی بەرهەمهێنراو. سێیەم، جوداکردنەوەی قازانجکردن لەخاوەندارێتی. شمەکەکان یان شتەکان خۆیان سەرمایەنین بەڵکو لەمیانەی پەیوەندی کۆمەڵایەتیدا دەبن بەسەرمایە. دیارە ئەم پێناسەیە نێگەتیفە و زیاتر دەربڕی دونیا دیکنزیەکی کۆمەڵگای ئینگلیزی ڤیکتۆرییە. بەڵام بۆ تێگەیشتن لەچیەتی پرسەکە بەسودە.  لەهەمانکاتدا لە ڕووی ئابوری و حوکمداری و پەیوەندی کۆمەڵایەتی و بەرهەمهێنانی زانست و داهێنان زۆر بواری ترەوە کۆمەڵێک خەسڵەت هەیە، کەگرنگن لێرەدا. بەم پێیە وەرچەرخانەکە فرە ئاست و ئێجگار ئاڵۆزە. لەخوارەوە لەچەند خاڵێکدا بەسادەیی کورتی دەکەینەوە.

 یەکەم خەسڵەتی مۆدێرنە و سەرمایداری شلیی و نەبوونی ڕێگرییە. لەمارکسەوە بۆ باومان ئەمە بەزەقی باسکراوە. دونیا ئێمە پڕیەتی لەڕێگرو ڕەقیی. بنەماڵەیی، سیستەمە کەلەپوری و کۆمەڵایەتی و ئاینییەکان. هەموو پێکهاتەی رەقن کە سیستەمی مۆدێرنەی هاوردەو سەرمایەداری ناتوانێت رایانماڵێت. بۆیە بەنەبوونی ئەم شلییە ناتوانرێت باس لە مۆدێرن بوونی کۆمەڵگای ئێمە بکرێت. ئەمە بەتایبەتی لە دۆخێکدا کە ئەم بەها کەلەپورییانە لەدۆخی بەرگریدان و دەتوانن ختۆکەی خەیاڵی زۆرینە بدەن.

دووەم، ئابوری کرێخۆری کە جۆرێکە لەئابوری سۆشیالیزمی. کرێخۆری لەزۆر رووەوە سۆشیالیزمییە چونکە حکومەت خاوەنی هەموو داهاتەکانە، زۆرینەی خەڵک بۆ حکومەت کار دەکەن، هەروەها ئامانجی سەرەکی ئابوری لای خەڵکی ئەوەیە کە حکومەت هەموو پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکات. سیستەمی کرێخۆری بیرۆکراتیەتێکی سەقەت بەرهەم دەهێنێت.

سێیەم، هەستکردن بە نادادپەروەریی. بێگومان سەرمایەداری دادپەروەر نیە، جۆری سەرمایەداری ئێمە زۆر زیاتر نادادپەروەرە. هەبونی یادەوەری بیری چەپ و بڵاوی وشەکانی وەها دەکات کە مامەڵە لەگەڵ ئەم بوارەدا ئەستەم بێت، بەتایبەتی لەسەردەمی پۆپیولیزمدا ئاسانە باس لەنادادپەروەیی بکەیت. هیچ سیستەمێک بە دادپەروەر لەدایک نابێت، بەڵکو دەبێت دادپەروەر بکرێت. لەم نووسینەدا مەبەستم داکۆکی لە سیستەمی سەرمایەداری نیە، کەهەموان لەلایەنە باش و خراپەکانی ئاگادارن. بەڵام ئەوە راستییەکی مێژووییە کە ئەو مۆدێلە لە مۆدێرنەیەی کەهەیە بەبێ سەرمایداری نابێت. کاتێک بەهۆکاری ئاینی و کەلەپوری و ئایدۆلۆژی سەرمایەداری رەت دەکەیتەوە ئەوا ناتوانیت مۆدێرن بیت. کاتێک کە دەبیتە سەرمایداری بەبێ مۆدێرنە ئەوا کۆمەڵگایەکی زۆر نابەرابەری تر دروست دەکەیت لەکۆمەڵگای سەرمایەداری مۆدێرن

بێگومان سەرمایەداری دادپەروەر نیە، جۆری سەرمایەداری ئێمە زۆر زیاتر نادادپەروەرە. هەبونی یادەوەری بیری چەپ و بڵاوی وشەکانی وەها دەکات کە مامەڵە لەگەڵ ئەم بوارەدا ئەستەم بێت، بەتایبەتی لەسەردەمی پۆپیولیزمدا ئاسانە باس لەنادادپەروەیی بکەیت. هیچ سیستەمێک بە دادپەروەر لەدایک نابێت، بەڵکو دەبێت دادپەروەر بکرێت

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار