حوکمی عێراق
سەردار عزیز
3 ساڵ لەمەوپێش
سەردار عزیز
ئەم ڕۆژانە هێزە عێراقیەکان سەرقاڵن بەپرۆسەی پێکهێنانی حکومەت. ئەم حکومەتە بەرئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختە. لەم نوسینەدا دەمەوێت کەمێک لەسەر هەردوو چەمکی پێشوەخت و حکومەت بوەستم. هەڵبژاردنی پێشوەخت یانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن پێش ماوەی خۆی. لەدیموکراسیدا سنوردارێتی ماوەی حوکمڕانی یەکێکە لەبنەماکانی شەرعیەت. شەرعیەتی هەموو حکومەتێک بۆ مایەوەکی سنوردارە و پاش ئەو ماوەیە دەبێت ئەو شەرعیەتە نوێ بکرێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە، هەڵبژاردنی پێشوەخت مانای ئەوەیە کە پێش ئەوەی حکومەت بگاتە ماوەی دیاریکراوی خۆی بۆ نوێکردنەوەی شەرعیەت، شەرعیەتی لەدەستداوە. ئەمەش دەرئەنجامی خۆپێشاندانەکانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق بوون، کە بەشۆڕشی تشرین ناسراوە. شۆڕشی تشرین یان شۆڕشی ئۆکتۆبەر، ڕەهەندێکی مێژوویی تایبەتی هەیە، بەڵام لەم ناوچەیە، شۆڕش ماناو خەسڵەتی جیاوازی هەیە.
خۆپێشاندەرانی تشرین کە زۆرینەیان لاوان بوون، خواستی ئەوەیان هەبوو کە لەڕێگای هەندێک میکانیزمەوە، حکومەتی عێراقی و چینی حوکمدار بگۆڕن، بۆ فەراهەمکردنی ئەم خەونەش هەوڵیاندا پرۆسەیەک دابڕێژن کە تیایدا سەرۆکی حکومەت بگۆڕدرێت، حکومەتێکی کاتی دروستبکرێت، یاسا و سیستەمی هەڵبژاردن بگۆڕدرێت و لەماوەی ساڵێکدا هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت.
نوخبەی سیاسی دەسەڵاتدار بەئاسانی بەم خواستانە رازی نەبوون، بەڵام هەوڵیاندا خۆیان لە گەڵیدا بگونجێننن. پاش ئەنجامدانی هەڵبژاردن هەندێک هێز لاوازبون، هەندێک سفربون، هەندێک بەهێزبوون. بەڵام ئایا ئەم گۆڕانکارییانە لە سەنگ و توانای هێزەکان تەرجەمە دەبێت بۆ گۆڕینی حوکمداری کە خواستی زۆرینەی خەڵکی عێراقە؟ لێرەوە دێینە سەر پرسی حوکمداری.
شێوازی حوکمداری لەعێراقدا، هەروەها مەعریفە و تێگەیشتن لەحوکمداری لە سادەترین ئاستیدایە. بە گشتی هێشتا خەڵک بڕوایان وەهایه کە حوکمداری باش و حوکمداری خراپ هەیە. ئەگەر کەسێکی باش ببێتە حوکمداری وڵاتەکەیان ئەوا دەکرێت دادپەروەریی و سەقامگیری بەرقەراربێت. هەر لەسەر ئەم بنەما ساویلکەیە، خەڵکی بڕوایان وەهایە دەبێت سەرکردەیەکی بەهێز بوونی هەبێت، هەتا بەبێ هیچ ڕێگرییەک کارەکانی بکات. تشرینییەکان لەم ڕوانگەیەوە دەخوازن کە عێراق سیستەمەکەی بکات بە سەرۆکایەتی یان هەندێکیان وەک ئیمتیداد داوای نیمچە سەرۆکایەتی دەکات، هەتا کەسی سەرۆک بەبێ هیچ ڕێگرییەک کارەکانی بەڕێوە ببات. ئەم دیدە دەرئەنجامی دوو هۆکارە، یەکەم، نەوەیەک هەیە پاش سەدام کە بەدوای ژیاندا دەگەڕێت، سەدامی لەیاد نەماوەو هەست بەئازاری ئەوانە ناکەت کە لەو سەردەمەدا ژیاون. لە پەرچەکرداری ئێستادا ڕابوردوو جوان دەکات. جۆرێکە لەساویلکەیی مەعریفی لەباڵاترین ئاستیدا. دووەم پەرچەکردار لەبەرامبەر ئەو سیستەمەی کە ئێستا هەیە.
سەرکردە لە دیدی عێراقییەکانەوە کەسێکی تایبەتە. زۆرێک لەخەڵک بڕوایان وەهایە ئەگەر هاتوو کەسێک هەندێک ڕەفتارو ئەتواری نواند، یان بەجۆرێک لەجۆرەکان خۆی نمایشکرد، ئەوا شایستەی دەسەڵاتدارییە. کرۆکی ئەم دونیابینیانە لەهێزەوە سەرچاوە دەگرێت، هەبوونی شێوازەکانی هێز، وەک هێزی زەبر، هێزی دینی، هێزی پارە، لەپاش هاتنی مۆدێرنە هێزی تەکنەلۆجی وەها لەکەسەکە دەکات کە شایستەی بوونە حوکمداربێت.
مەبەست لەم نموونانە ئەوەیە کە تێگەیشتن بۆ دەسەڵات و دەسەڵاتداری هێشتا لە ئاستی شەخس و باوەڕو هەڵسوکەت و نمایش و کاریزمایدایە. هێشتا دەسەڵاتداری وەک سیستەم بوونی نیە. سیستەم بەمانای ئەوەی کە ڕۆڵی کەس و خواستەکانی سنورداربکرێت. کەسی دەسەڵاتدار وەها خۆی نەبینێت کە پارێزبەندی هەمیشەیی هەیە و دەتوانێت هەر شتێک بکات، کەس ناتوانێت لەگوڵ کاڵتری پێ بڵێت.
کاتێک هەڵبژاردن ئەنجامدرا، ئەو هێزانە کە دەبوو پێشەنگی گۆڕانکاری بن، نە ڕێکخراوبون و نە خاوەن توانای تێگەیشتن بوون لەسیستەمەکە هەتا بتوانن لێی سودمەندبن. بۆیە سەرباری گۆرانکارییەکی سنوردار، هێزە تەقلیدییەکان گەڕانەوە. ئێستا کە دەبینین حکومەت دادەمەزرێت هەمان هێزە تەقلیدییەکان، بەهەمان میتۆدی جاران خەریکی پێکهێنانی حکومەتن. دەتوانین بڵێین کە ئەو گۆرانکارییە سنوردارەی کە ڕوویدا، هێندە بێکاریگەرە، کە وەک ئەوە وەهایە کە گۆڕانکاری ڕووینەدابێت. لێکۆڵەری لاوی عێراقی مارسین الشمری بڕوای وەهایە زۆربەی سەربەخۆکان سەر بە یەکێک لە لایەنە تەقلیدییەکانن. کەسی سەربەخۆ دەگمەنە.
لێرەدا دەکرێت قسە لەسەر ئەکتەرەکان و ئامانجەکانیان بکەین لەهەناو سیستەمی حوکمڕانی نوێدا. سەرەتا خەسڵەتەکانی سیستەمەکە دیاری بکەین. زۆرینەی خەڵک بەشدارنەبون لەپێکهێنانی ئەم هێزانە. کەواتە خەڵک پێش دەستپێکردنی حکومەت بەحوکمداری ناڕازییە. لە هەناو سیستەمی سیاسی عێراقیدا هەموو هێزێک ئامانجی سەرەکی مانەوە و بەهێزبونی خۆیەتی. ئەم دوو بنەمایە پێمان دەڵێت کە سیستەمی حوکمڕانی نیشتمانی یان نەتەوەیی یان گشتی بونی نیە. لەعێراقدا کۆمەڵێک هێز بوونیان هەیە بەدەر لەخەڵکی لەکێبڕکدان بۆ بەدەستهێنانی سامان. هێزەکان ڕەنگە زمان و خیتاب و مێژوو خەسڵەتیان جیاوازبێت بەڵام هەموو لەئەوەدا هاوبەشن کە پەیوەندییەکی سنورداریان بە خەڵکەوە هەیەو ئامانجیان بە دەستهێنانی داهاتە بۆ مانەوە.
لەبەر بنەمای ئەم خەسڵەتانە، دەگەین بەم خاڵانەی خوارەوە:
یەکەم، حوکمداری عێراقی بوونی نیە. لەداهاتویەکی نزیکیشدا بوونی نابێت. ئەوەی هەیە گروپی جیاواز ئامانجیان مسۆگەرکردن و کەڵەکەکردنی داهاتە بۆ درێژەپێدان بۆ مانەوەیان و ڕازیکردنی جەماوەرە سنوردارەکەیان.
دووەم، هیچ هێزێک یان کەسایەتییەک لە توانایدانیە پرسی حوکمداری لەعێراقدا چارەسەر بکات. چونکە تەنها چارەسەرێک بۆ ئەم دۆخە لەناوبردنی هێزەکانی ترە، یان ناچارکردنیانە بە گۆڕینی ڕەفتاریان. هەموو هێزکان ئەم ڕاستییە دەزانن بۆیە لە نێوانیاندا رێککەوتنێکی کۆمەڵایەتی نافەرمی بوونی هەیە کە حکومەتی بەهێز لەوڵاتدا دروست نەبێت.
سێیەم، لەعێراقدا پێویستە دەوڵەت و حکومەت هەبن، بەڵام بەتاڵکرابنەوە لەدەوڵەت و حکومداریی، وەک قاوەی بێکافایین.
ئەم دۆخە لە بەردەم دوو ئەگەردایە:
ئەگەری یەکەم، دروستبوونی کەسێکی بەهێز و بەدەسهێنانی پشتیوانی زۆرینە و گۆڕینی سیستەمی حوکمی وڵات بۆ حوکمی تاکەکەسی. بەجۆرێک لە جۆرەکان نموونەی ئەمەمان لە تونس بەدیکرد. پێشتر گەلی ئەڵمانیا لە ئەنجامی قەیرانی دیموکراسی بروسی، لە هیتلەردا تاقییانکردەوە. هەروەها ئێرانییەکان لە کەسی خومەینیدا تاقییانکردەوە. زۆربەی ئەم سیستەمانە وەک مێژوو پێمان دەڵێت، جگە لە نەهامەتی و شکست هیچی تر ناهێنن.
دیارە ئەم مۆدێلانە مەرج نیە وەک خۆی دووبارە ببنەوە. کەسی وەک موقتەدا سەدر، ئەو خەسڵەتانەی تیادایە کە ببێت بە کەسێک کەهەموو دەسەڵاتەکان، بە دەسەڵاتی حکومەت و ئاینی و جەماوەری بۆ خۆی قورغ بکات و ببێت بە کەسێکی وەها کە هیچ شتێک لەوڵاتدا بەبێ ئەو بەڕێوە نەچێت، بە تایبەتی پاش مردنی سیستانی و لاوازبوونی زیاتری ئێران.
ئەگەری دووەم، پشێوییە. یان مانەوەی دۆخەکە بەمجۆرە.
ئێمە لە ساتەوەختێکی پڕ لەدوفاقی ئالۆزدا دەژین. لەکاتێکدا بێ ئاوی و هەژاری و شەڕ زیاتر و زیاتر خەڵ لەشارەکاندا کۆدەکاتەوە. کۆبوونەوە لەشارەکاندا کەسەکان وەها لێدەکات کە زیاتر پشت بە حکومەت ببەستن، دیدە کۆنەکەی مارکستان لەیادە دەربارەی گوندی هیندی. بەڵام نوخبەی سیاسی وەها دەبینێت چاککردنی سیستەمەکە لە زیانیەتی.
دروستبوونی کەسێکی بەهێز و بەدەسهێنانی پشتیوانی زۆرینە و گۆڕینی سیستەمی حوکمی وڵات بۆ حوکمی تاکەکەسی. بەجۆرێک لە جۆرەکان نموونەی ئەمەمان لە تونس بەدیکرد. پێشتر گەلی ئەڵمانیا لە ئەنجامی قەیرانی دیموکراسی بروسی، لە هیتلەردا تاقییانکردەوە. هەروەها ئێرانییەکان لە کەسی خومەینیدا تاقییانکردەوە. زۆربەی ئەم سیستەمانە وەک مێژوو پێمان دەڵێت، جگە لە نەهامەتی و شکست هیچی تر ناهێنن