بۆچی دانوستاندنو رێککەوتنەکان شکست دەهێنن؟
دلشاد تاڵەبانی
3 ساڵ لەمەوپێش
دلشاد تاڵەبانی
دانوستاندن بۆ رێککەوتنە لە نێوان دوو لایەن یان زیاتردا بۆ گەیشتن بەئامانجی دیاریکراو، دانانی بەرنامەی هاوبەش ، دابەشکردنی سودو دەرئەنجامەکان یان چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و پێکهاتن لەسەر چەند مەبەستی دەستنیشانکراوی کاتی یان هەمیشەیی کە لایەنەکان هەموو پێ رازی بن و بڕوایان پێ هەبێت و کاری لەسەربکەن، پایەبەند بن پێوەی، ئەگینا هەر لەسەرەتاوە بێ ناوەرۆک و پوچەڵ دەمێنێتەوە و تێکدەچێت.
هەموو دانوستاندنێکیش سەوداکاریە، کەواتە مامەڵەی تێدا دەکرێت، هەم وەردەگیرێت و هەم دەبێت لەبەرامبەردا چەند مەبەست ببەخشرێت و بدرێت و چاوپۆشی لەچەند خاڵ بکرێت، بەواتەیەکی تر دەبێت لایەنەکان تەنازول بکەن بۆ لایەنی بەرامبەرو واز لە هێندێک داوا بهێنن و هێندێک داوای لایەنی بەرامبەر قەبوڵ بکەن تا بگەن بە رێککەوتن، ئەگینا هەر لایەنەی سور بێت لەسەر داواکانی، گەیشتن بە رێککەوتن مەحاڵە. هەموو لایەکیش پێشتر لایەنی باڵاو لایەنی نزمی هەیە کە لەوە زیاتر تەنازول ناکات ( بۆ ئەوەی بتوانن لە ناوو چوارچێوەی ئەوەدا مناوەرەو سەوداکاری بکەن). بۆیە دانانی بەرنامەی تۆکمە بۆ ئەو مەبەستە پێش دانوستاندن زۆر گرنگە. لەوەش گرنگترکەسایەتی، بیرفراوانی، شیوازی دەربڕین، شارەزایی و تواناو دیبلۆماسیەتی ئەو نوینەرانەن کە بۆ دانوستاندن دەنێردرێن، دەبێت دەسەڵاتی تەواویشیان پێ ببەخشرێت، هێندێک مەبەستی زۆر ستراتیجی نەبێت، کە پێویست بکات بۆ گەڕانەوە بۆ لایەنەکەیان . نوێنەرەکانیش دەبێت لەناو خۆیاندا تەبابن و یەک قسەو هەڵوێستیان هەبێت، بۆ سەرکەوتنی گفتوگۆکانیان لەگەڵ لایەنی بەرامبەر. کە رێککەوتنیش کرا، دەبێت لایەنەکان بڕوایان پێ هەبێت و بەتەواوەتی پایەبەند بن پێوەی، نەوەک فرت و فێڵ و دۆزینەوەی بیانوو و پاساوو خۆلێدزینەوە کە دەرئەنجامی زۆر خرابی لێدەکەوێتەوەو رەنگە رێککەوتن هەڵوەشێنێتەوەو مەبەستی خراپتریش بەدوای خویدا بهێنێت.
زۆری سەرنەکەوتنی دانوستاندن یان رێککەتنەکانی کورد لەگەڵ ناوەندی دەسەڵات ( جگە لەوانەی کە رژێمەکان لەئەسڵا بڕوایان بە دانوستان نەبووە و ەک تەکتیکێک و بۆ کات بەسەربردن بە مەرامی تایبەتی بەکاریانهێناوە) دەگەڕیتەوە بۆ چەندین هۆ : دانەڕشتن و فۆرمولەنەکردنی بەرنامەیەکی ئاستی باڵا و کەم بۆ داواکان و پۆلێنکردنی داواکان بەپێی گرنگی و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نەتەوایەتی گەلی کوردستان و رێکنەکەوتنی لایەنە کوردیەکان لەسەر بەرنامەکە، بەڵکو داوای کەسایەتی و پێداگرتن لەسەر چەند پۆست و مەرکەزی رەمزی بەگرنگتر دەزانن ( گەر نیوەی حکومەتیش کورد بن ، بەرنامەکە جێگیر نەبێت، ناتوانن هیج بۆ کورد بکەن وەک بینیمان). ئەوانەی دەنێردرێن نە شارەزایی تەواویان هەیە لەکاری دیبلۆماسی ، هونەری دانوستاندن، زانیاری لەسەر رابردوو و مێژوو، بواری سیاسی و بارودۆخەکە و هەموو فاکتەرە کاریگەرە ناوخۆو دەرەکیەکانیش، نەزانیاری تەواویان پێدراوە تا بە راشکاوی داکۆکی لەسەر داواکان بکەن ومەبەستە نەشیاوەکان بە بەڵگە رەت بکەنەوە، نە دەسەڵاتی بڕیاردان و جێبەجێکردنیان هەیە . بۆیە لایەنەکان هەوڵدەدەن فرت و فێڵ بکەن، کە سەرناگرێت. گرنگترین خاڵ لەکاتێک دەڕۆن کە گەلی کوردیان رازی نەکردووە و خەڵک لەوان زۆر ناڕازیەو مەرکەزیش ئەوەو زۆر خاڵی لاوازی تری لایەنەکان (تێوەگلان لەگەندەڵی و زۆر مەبستی تر)دەزانێت و بەکاری دەهینێت.
دانوستاندنێک سەرکەوتوو دەبێت زۆرینەی میللەت پشتگیری بکات و لەگەڵ لایەنەکانی دانوستاندن بێت لە هەموو داواکان.
بۆیە یان ناگەنە ئەنجام یاخود هەموو رێککەوتنێک فشۆل و بێ ناوەرۆک دەبێت و هەردەم قابیلی تێکچوون ولێپاشگەزبوونەوەیە. دەبێت هەموو خاڵەکان دەستنیشانکراو روون بن و لایەنەکان ئیلتزمی تەواوی پێوە بکەن. چەند مەبەست بنەڕەتین: دەبوو کورد هەر لەسەرەتاوە داوای هەڵۆەشاندنەوەی هەموو بریارەکانی ( مجلس قیادة الثورة)ی بکردبایە نەوەک بڕیاری ١٤٠ی لاستیکی. لەئەسڵا نەدەبوو داستکاری نەوتی کوردستان بکرێت، عێراق وەک پێشتر ناچار دەبوو بودجە بەتەواوی بنێرێت، نەوەتەکەش دەمایەوە. کە ئێستاش رێککەوتن دەکرێت، دەبێت پایەبوندبوون هەبێت. نوینەرانی کورد لەپەرلەمانی و حکومەتی عیراق نەوەک یەکدەنگ نین و کار بۆ بەرژەوندی گەل ناکەن، بەڵکو ناتەبا، دژی یەک هەڵوێستیان کردووە وتەنها بۆ ئیمتیازی تایبەتی یەکن. گەرئەوە هەروا بمێنێت، بارەکە خراپتریش دەبێت. ئەمجارە دەیگۆڕن؟ گومانی زۆرم هەیە، هیوادارم هەڵەبم.