پارسەنگیری یان سەرۆک

سامانی وەستا بەكر

3 ساڵ لەمەوپێش



سامانی وەستا بەكر

گرنگی سەرۆک کۆمار

ئەگەر پۆستی سەرۆک کۆمار گرنگی نیە ئەی لەپای چی شەڕی لەسەر ئەکەن؟

خۆ ئەگەر گرنگیشە شایانی تێکدانی یەکڕیزی نێوماڵی کوردە کەواتە بۆچی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعود بارزانی خودی خۆی، خۆی کاندید ناکات بۆ ئەو پۆستە، یان کەسی یەکەمی ئێستای یەکێتی؟

پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کوردە نەک بۆ حزب بەڵام کورد بچوک کراوەتەوە بۆ تەنها دوو حزب.

هەتا پۆستی سەرۆک کۆمار لای کوردبێت تەنها وەک پۆستێکی باڵای بێکاریگەر ئەمێنێتەوە، هۆکاری ئەمەش خودی کورد خۆیەتی، لەلایەک حەز و خۆشەویستی کورد بۆ پۆست و پایە لە خزمەتکردن بە کێسی نەتەوە گرنگترە، لەلایەکی تریشەوە کۆی سەرۆک کۆمارە کوردەکان هیچ کاتێک بوێری ئەوەیان نیە کە کارێک بکەن لە بەرژەوەندی کورد چونکوم دڵنیان لەوەی حزبەکان هاوڕێی نیوەڕێن.

کاتێک کە کۆچکردوو جەلال تاڵەبانیش سەرۆک کۆمار بوو مادەی ١٤٠ جێبەجێ نەکرا کە باشتیرینی کارە هەڵە زۆرو زەوەندەکانی حزبە کوردییەکانە، بگرە ئەو کاتەش پرسی پێشمەرگەو بودجەی هەرێم و رێژەی بەشداری کورد لەسوپای عێراق و چەندین پرسی تری گرنگ بەهەڵواسراوی مانەوە، تا ئێستا هیچ سەرۆک کۆمارێکی کورد کارە گرنگەکەی بەئەنجام نەگەیاندووە کە جێبەجێکردنی دەستورە وەک خۆی و تەنها جێبەجێکردنی دەستوریش مافی گەلی کورد ئەپارێزێ و ئەبەخشێ.

پ.د.ک و سەرۆک کۆمار

پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ پارتی هیچ گرنگیەکی نیە بگرە پێشی باش نیە ئەو پۆستە لای ئەوان بێت، شەڕی پارتی بۆ ئەو پۆستە تەنها بۆ ئەوەیە کە کارێک بکەن ی.ن.ک رژد و پابەندو گیرۆدەی زیاتری ئەو پۆستەبێت، ئەگەرنا پارتی خودی سەرۆکی پارتی بۆ ئەو پۆستە کاندید ئەکرد کە زۆر بەئاسانی ئەتوانێ بەدەستی بهێنێ، چونکوم پێش هەموو لایەک ی.ن.ک ئەبنە پاڵپشتی وەک رێزێک بۆ هاوخەباتی سکرتێری کۆچکردووی ئەو حزبە و کاریزمای مەسعود بارزانی بەسەر کۆی لایەنە سیاسییە عێراقیەکانەوە.

پارتی باش ئەزانێ کاندید کردنی هۆشیار زێباری تاودانی ئەسپێکی دۆراو فڕێدانی کارتێکی بەکارهاتوو سووتاوە، چونکوم تەنانەت لەکاتی هەڵبژادن و بردنەوەی هۆشیاری زێباری، ئەکرێ هەر لایەن و کەسایەتییەک تانە لەسەر ئەو هەڵبژاردنە لەدادگای فیدراڵی تۆماربکات و لە پۆستەکە دووربخرێتەوە بەهۆکاری لێسەندنەوەی متمانە لە پۆستی وەزیری دارایی بەهۆی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی وڵات بۆ بەرژەەندی حزبەکەی و خودی وەزیر.

شینی پ.د.ک بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک و کۆی پۆستە گرنگەکانی تری کابینەی نوێی حکومەتی عێراقە، ئەوەی پارتی ئەیکات لاوازکردن و سەرقاڵکردنی یەکێتیە و بەس، خۆ ئەگەر مەبەستی پارتی پۆستی سەرۆک کۆماربێت و بیەوێ لەژێردەستی یەکێتی دەربهێنێ، ئەوا ئەتوانێ لایەنی کەم پشگیری یەکێک لە کاندیدە سەربەخۆکان بکات کە لایەنی کەم کەسێکی تری تیایە لای لایەنە عێراقیەکان ناسراوەو پەسەندە.

سەپاندنی مەرجی کاندید گۆڕین

کاتێک باس لەکاری پێکەوەیی و هەماهەنگی و یەکڕیزی دەکرێت گرنگە کە بەشێوەیەکی فراوان و لەکۆی جومگەکاندا جێبەجێبکرێ، نەک تەنها لەچەند ویستگەیەکدا بۆ بەرژەوەندی لایەنێک.

ناکرێ بەرژەوەندی تاکە لایەنێک بە بەرژەوەندی گشتییەوە ببەسترێتەوانێ. تا ئێستاش هیچ کەسێک وەڵامی ئەوەی وەرنەگرتۆتەوە ئایا خراپی مانەوەی سەرۆک کۆماری ئێستا چیە بۆ کورد؟ ئەی باشی هەر کاندیدێکی تر بێجگە لەسەرۆک کۆماری ئێستا چیە؟

ناکرێ سەرکەوتنی سەرۆک کۆمارلەخولی پێشووا بەسەر کاندیدی دڵخوازی بارزانیدا یان کەمکردنی دوو کورسی رقی لەدڵیا دروست کردبێ، چونکە ئەم پرسانە حزبین و بەشداری کورد لەحکومەتی عێراقدا پرسێکی نەتەوەیی چارەنووسسازە.

شکاندنی پارسەنگیری

تێکدانی پارسەنگیری «التوافق» و پشتگیری کردنی گرووپێکی شیعەکان بەرامبەر لایەنێکی تری شیعی درەنگ بێ یان زوو سیناریۆیەکی چاوەڕوانکراوەو بەرامبەر کوردیش دووبارە دەکرێتەوە.

کوردێکی کەمینە لەوڵاتێکی زۆرینە عەرەبدا لەڕێی دەستورو رێکەوتنی سیاسییەوە تا ئێستا چەسپێنراوە کە پێکهێنانی حکومەتی عێراق بە بەشداری هەموو لایەنەکان و کۆکردنەوەیان لەناو یەک حکومەتدا بەپلەی یەک لەبەرژەوەندی کوردی کەمینەیە چونکوم زۆرینەی وڵات عەرەبن و دەکرێ لە ئێستایا بێ یان لە داهاتوو شیعەو سوننە یان شیعەو شیعە پێکەوە حکومەت پێکبهێنن و کورد بکرێتە دەرەوەی بازنەکە.

لەڕاستیدا لە زۆربەی وڵاتانی دیموکراسییدا هەمیشە براوەی هەڵبژاردن حکومەت پێکدەهێنێ، یان بەهاوپەیمانی لەگەڵ لایەنێک یان زیاتر حکومەتی زۆرینە پێکدەهێنن و چەندین ئەزموونی سەرکەتووش لەبەردەستدایە تا سوودی لێوەرگیرێ، بەڵام بۆ ئێستای عێراق حکومەتی زۆرینە دەکرێ یەکەم هەنگاوی گەڕانەوەی عێراقبێ بەرەو دیکتاتۆری.

موقتەدا سەدر کەسایەتیەکی راڕاو ناجێگیری هەیە، ئەگەرچی تا ئێستا لەزۆربەی هەنگاوەکانیا سەرکەوتوو بووە، بەڵام ناکرێ کورد هەموو هێلکەکانی بخاتە سەبەتەی ئەوەوە، ئەو کەسێکی مەزاجیە دەکرێ بۆ چوار ساڵی داهاتوو ٣٦٠ پلە بەپێچەوانەی ئێستاوە بیربکاتەوە، ئەمە وێڕای ئەگەری دۆڕاندنی موقتەدا لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، چونکوم عێراقیەکان زیرەک و زرنگن لەکاتی دەنگداندا بەراورد بەکوردستان کە دوای ئەو هەموو رەخنەو گازندەیەی کە هەیانە بەڵام لەکاتی هەلبژاردندا گۆڕانکاری ناکەن!

ئەگەرچی حکومەتی زۆرینە لەبەرژەوەندی وڵاتی عێراقی عەرەبیە، بەڵام بۆ داهاتووی عێراقی فرە نەتەوە دژو ترسناکە. دەبێ کورد بەتایبەتی پ.د.ک باش لەوە تێبگات کە بەشداری کردن لەشکاندنی پارسەنگیری سیاسی تەنها چوار ساڵی تری پێویستە تا کورد باجی ئەو هەڵە ستراتیژیە بداتەوە، کورد شانسی ئەوەی نیە کە بتوانێ دەسەڵات لە عێراقدا بگرێتە دەست چونکە رێژەی ژمارەی دانیشتوانی کورد لەباشترین حاڵەتدا ١٧٪ تێناپەڕێنێ، نابێ ئەوە لەبیربکرێ عەرەب زیاتر٧٥٪ی دانێشتوانی عێراق پێکدەهێنن، هەرکاتێک سوننەو شیعە بیانەوێ رێکبکەون یان تەنانەت ئەگەر لایەنە شیعەکان لەناو خۆشیاندا رێکبکەون ئەوا ئەتوانن حکومەت بەبێ کورد پێکبهێنن و ئەوەش گەڕانەوەی عێراقە بۆ سەردەمی تاریکی.

سەرۆکەکان و پۆستە باڵاکان

نەریتێکی زۆر ناشرین لەوڵاتی عێراق بەگشتی و بەتایبەتی لەکوردستان جێبەجێ دەکرێ کە وێنەی بەئاسانی لەوڵاتانی تردا نادۆزرێتەوە، نەک سەرۆک حزبەکان بگرە کەسە باڵادەستەکانیشیان ئامادەنین تەنانەت پۆستە باڵاکانیش وەرگرن، خۆ ئەگەر خۆیان پۆستێکی باڵایان وەرگرت و دواتر بەجێیانهێشت ئیتر ئەو پۆستە بێ ئەرزش و کاریگەری دەکەن، نموونەی پۆستی سەرۆکی هەرێم لەڕابردووا.

لەعێراقدا سەرۆکی لیستی براوەی هەڵبژاردن گەنجێکی عەمامە بەسەر بەعابایەک و جووتێ نەعلەوە لەهەوڵی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکی حکومەتیدا، ئەویش نەک بۆ خودی خۆی بەڵکو بۆ هەر کەسێک کە لەژێر فەرمان و قەڵەمڕەوی ئەودا ئەو پۆستە بگرێتەدەست. سەرۆکی حزبی براوەی یەکەمی لاینە کوردییەکانیش لەهەوڵی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆماردایە بۆ کەسێک کە گوێرایەڵ و ژێردەستەی خۆی بێت.

لەدوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراقەوە لایەنە سوننەکان نەیانتوانیوە لەدەوری کەسێک کۆببنەوە یان کاریزمایەکیان تیاهەڵکەوێ، ئەوەی هەیانە سەرۆکی لیستە کە دەکرێ بۆ جاری داهاتوو کەسێکی تربێ هەر لەبەرئەوەشە کە سەرۆکی لیستی براوەی سوننەکان خودی خۆی دەبێ بەسەرۆک پەرلەمان.

تەنها کەسێک یان سەرۆک حزبێکی گەورەو کاریگەر کە خودی خۆی ئامادەبێت پۆستی سەرۆکی حکومەت وەربگرێ نوری مالکییە، ئەویش بەئەزموون تاقی کراوەتەوە کە مەیلی بەلای تاکڕەوی دیکتاتۆریدا زیاترەو پۆستی سەرۆکی حکومەتیش باشترین پێگەیە تا ئەو حەزەی تیا جێبەجێبکات.

شینی پ.د.ک بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک و

کۆی پۆستە گرنگەکانی تری کابینەی نوێی حکومەتی عێراقە، ئەوەی پارتی ئەیکات لاوازکردن و سەرقاڵکردنی یەکێتیە و بەس

 

 

 

 

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار