سەرۆک کۆماریی ئەوەندە دەهێنێ؟
ئارێز عەبدوڵلا
3 ساڵ لەمەوپێش
ئارێز عەبدوڵلا
ئەگەر تەنیا بیر لەو پۆستە گرنگەی دەوڵەتی عێراق بکرێتەوە نەنگییەکی گەورەیە کە، پەیوەندیەکانی هەردوو لایەنە سەرەکیەکەی کوردستانی لەسەر تێکبچن، چونکە تێکچوونی پەیوەندییەکان لە بەرژەوەندیی گشتی نییە و پێگەی کوردیش لە بەغدا زۆر بڵاو و لاواز دەکا.
پارتی پێ لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە دادەگرێ و ڕاستیشە ژمارەی کورسیەکانی لە هی یەکیتی زیاترن، بەڵام هەژموونی دەسەڵات و سیاسی یەکێتی نە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و نە لەسەر ئاستی عێراقیش گاڵتەی پێ ناکرێ، بۆیە پێویست بوو ئەو هەژموون و پێگەیە لەبەرچاو بگیرێ، نەک نادیدە! کاتێک، یەکێتی داوا دەکات پۆستی سەرۆک کۆماری پێبدرێتەوە لەبەر دوو هۆکارە: - ساڵانی ڕابردوو لە دەستی خۆیدا بووە. - بۆ ئەوەی چۆن هەردوو دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت لە دەست پارتین، ئەو پۆستەش لەدەست یەکێتی بێ تا هەردوو هێزەکە بەیەکەوە لە تڕۆپکی دەسەڵات دابن.
بەو شێوەیەش تا ڕاددەیەک هاوسەنگی دەمێنێتەوە و پێگەی هەرێمی کوردستانیش لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە باشتر دەردەکەوێ، بەڵام بۆ بردنەوەی ئەو پۆستە پارتی پشتی لە یەکێتی کرد و ڕوویکردە صەدر و حەلبوسی، کە بەو هەنگاوەش دەرگای چەندین ئەگەری نەخوازراو کەوتە سەر پشت. دیارە هەر لایەنە و ئازادە لەوەی چۆن بیر دەکاتەوە و چۆن بڕیار دەدا، بەڵام هەندێجار بەرژەوەندیی باڵا سنور بۆ هەندێ هەڵوێست و بڕیار دادەنێ.
چوونە ناو بەرەی پێکهێنانی کابینەی زۆرینە، بە هیچ شێوەیە لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان نییە، بە تایبەت لەگەڵ هەندێ لایەن کە دیدیان بۆ پڕۆسەی سیاسی، دەستور و پێشمەرگە نا ڕوون و هەڵوێستیان ڕا ڕایە و چاوەڕوانییەکی وایان لێناکرێ، لانی کەم بەڵێنی جێبەجێکردنی ماددەی (١٤٠) بدەن! ڕەنگە کابینەی زۆرینە پێکبێ، بەڵام لێکەوتەکانی ئەو کابینەیە لەسەر ئاییندەی عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستانیش بەتایبەتی زۆر خراپ دەبن. ئایا ئەو کات کێ ئۆباڵەکەی هەڵدەگرێ؟ تا ڕۆژی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دەرفەتی بیرکردنەوە و بڕیارێکی ڕاستتر ماوە و لەوێ بەدواوە کار لە کار دەترازێ و پەنجە گەزتنەوەش دادنادا.