تێگەیشتن لەسیڤەر

3 ساڵ لەمەوپێش



سەردار عزیز

مێژوو، مێژووگەرێتی و فیکر سیڤەر سەد ساڵ لەمەوپێش روویدا. بۆ کورد لەکاتی گەرمای مانگی ئابدا، کە یادی رۆژی تەواوبوونی ئەم کۆنگرەیەیە، هەندێک لێرەو لەوێ یادیان دەکەوێتەوە. پەیوەندی کورد لەگەڵ رابوردودا، پەیوەندییەکی پڕ لەکێشەیە. رابوردوو وەک کێڵگەیەک نابینرێت هەتا لێکۆڵینەوەو پشکنین و تێگەیشتنی جیاوازو هەروەها ئایندەناسی تیادا ئەنجام بدرێت.  مێژوونووسانی ئێمە زۆر کەم لەدونیای مێژوونووسین و میتۆدە نوێکانی ئاگادارن. بە گشتی مێژووی کورد بەدوو جۆر نووسراوە، یان ئەوەی کورد بەتەواوی دەکاتە قوربانی یان تاوانبار. دیارە هیچ کامیان بەتەواوی راست نیە. پەیماننامەی سیڤەر، یەکێکە لەو رووداوە سیاسییانەی کە پشکی شێری بەرکەوتوە لە سەقەتگەرایی مێژوونووسینی کوردی. سیڤەر تەنها تایبەت نیە بەکوردەوە، ئەمە راستییەکە گرنگە بوترێت. رەنگە یەکەم رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی بێت کە ئاماژە بەکوردی و نیشتمانی کوردەکان بکات بەشێوەیەکی پەرت، بەڵام لەهەمانکاتدا بەشێکە لە پرۆسەیەکی گەورەو دوورو درێژ لەپەیوەندی ئەوروپا، هەروەها ئەمریکا بەئاستێکی کەمتر، بە خۆیان و دونیای دەرەوەیان. لە هەمانکاتدا گرنگە بزانرێت کە سیڤەر لەچ سەردەمێکدا بووە، ئەم سەردەمە مێژوونووسان بە سەردەمی کۆنفرانسەکان ناوی دەبەن. سەردەمێک کە هەوڵ دەدرا لەڕێگای کۆنفرانسی دوورو درێژەوە سازش لەنێوان هێزە ئەوروپاییەکان بێتە دی، هەر لەڤییەناوە هەتا ڤێرسای. لەهەمانکاتدا لەڕۆژگارێکدا سازکراوە کەڕۆژگاری کۆتایی سەردەمی ئیمپریالیزمی ئەوروپی بووە بەسەر دونیادا. هەرئەمەشە مێژوونووسی ئینگلیزی ئەی ئی مۆنتممری سیڤەر بە لەبارچوو ناوی دەبات. نەک تەنها لەبەر هەڵکشانی هێزەکانی کەمال، ئەتاتورک، بەڵکو زیاتر لەبەر ململانێی نێوان هێزە کۆلۆنیالییەکان خۆیان. لەم روانگەیەوە د.بورهان یاسین، لێکۆڵەرو مێژوونووسی کورد کتێبێکی دەربارەی سیڤەر نووسیوە. بە جیاواز لەکارەکانی رابوردوو دەربارەی سیڤەر د.بورهان هەوڵدەدات روانگەیەکی فراوانتری هەبێت بۆ سیڤەر. ئەو باس لەو ئەو ژینگەیە دەکات کە سیڤەری تیادا هاتە ئاراوە. هەروەها هەوڵدەدات کە پاشخانی کۆنفرانسەکە بخوێنێتەوە و لە گەڵ ئەو رێککەوتنەکانی تری ئەو سەردەمەدا، بەتایبەتی پاش جەنگی جیهانی یەکەم بەراوردی بکات. لەئاستی گریمانەدا بورهان یاسین باس لە ئەگەری جێبەجێکردنی دەکات. ئەم بوارە بەبواری what if ناسراوە بوارێکی گرنگی مێژووە، کە ئێمە هێندە پێی رانەهاتووین.  بورهان یاسیندەرئەنجامێکی هەتا ئاستێک دڵتەنگانەی هەیە، بەڵام واقیعی کاتێک باس لەدوانەیی سیڤەر دەکات لەپەیوەست بەکوردەوە. لەکاتێکدا سیڤەر کورد دەناسێنێت و دەیکاتە بابەت و هەتا ئاستێک ئەکتەری نێو پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان بەڵام لەهەمانکاتدا ساتەوەختی شکستیشە. ئەم پێکەوەبوونەی شکست و سەرکەوتن لە یەک دیاردەی سیاسیدا، دەرخەری دۆخی ئالۆزی پرسی کوردە لەناوچەکە و رۆڵی کاریگەری زلهێزەکان و کۆمەڵگای نەودەوڵەتی لە پەیوەست بەو پرسە.  لێرەدا حەز دەکەم بەکورتی باس لە سێ رەهەندی ئەم پرسە بکەم: سیڤەر وەک مێژوو، مێژووگەرێتی سیڤەر هەروەها سیڤەر وەک رووداوێکی فیکریی.  وەک مێژوو، سیڤەر ڕووداوێکە ڕویداوە. ساتەوەختی ئەم رووداوە ئێجگار ئاڵۆزە. ساتەوەختێکە دونیا تیایدا لەنێوان دوو جەنگدایە. سەرەتای سەردەمی کۆلۆنیالیزمی راستەوخۆ بەرەو کۆتایی دەچێت. کەواتە سیڤەر دەتوانرێت مێژوویەکی کۆلۆنیالی هەبێت. لە هەمانکاتدا ئیمپراتۆریەتەکان سەردەمیان بەرەو کۆتایی دەچێت و دەوڵەت نەتەوە سەرهەڵئەدات. سیڤەر رووداوێکی گرنگی هەناو پرۆسەی دەوڵەتسازی تورکییە و راستەوخۆ پەیوەندی بە کوردو ئەرمەنەوە هەیە. بۆیە هەتا ئەمڕۆش سیڤەر وەک دێوەزمەیەک لەسیاسەتی رۆژانەی تورکیادا دەبینرێت. د.بورهان باس لە کۆدەرد، یان سیندرەمی سیڤەر دەکات لە کتێبەکەیدا. لەهەمانکاتدا سیڤەر، بەشێکە لە پرۆسەیەکی درێژ کە فردریک شومان دەڵێت وەک هەموو رێکەوتنە ئاشتیەکانی تر وەها دارێژراوە بۆ ئەوەی سەرکەوتن بچەسپێنێت، بەردەوامی بە دەستکەوتەکانی بدات، هەتا ئامانج و خواستەکانی لایەنی سەرکەتوو فەراهەم بکات بەسەر لایەنی دۆڕاودا، بە ئاستێک لایەنی دۆڕاو بگەیەنێتە ئاستی بێتوانایی و چۆکی پێدادات. هەروەها بۆ ئەوەی گەرەنتی باڵادەستی براوە بکات لەسیاسەتی نێودەوڵەتیدا لە داهاتوودا.  بەئاگابوون لەم خەسڵەتە بنەڕەتیانەی رێکەوتنەکانی ئەو سەردەمە رووناکییەکی زۆر دەخاتە سەر سروشتی پەیماننامەکە. بە تایبەتی کاتێک لەسیڤەر دەڕوانین بە گشتی رێککەوتنی ئەوروپییەکانە لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لە گەڵ تورکەکاندا، ئەمەش دیرۆکێکی کۆنە، کە لەئەدەبیاتی ئەوروپادا بەپرسی رۆژهەڵات ناسراوە. ئەم پرسە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە چۆن ئەوروپاییەکان بەدەست ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەوە ناڵاندویانەو ئەو خەونە لەلایان دروستبووە کە چۆن ئەو مەترسییە بۆ یەکجاری ریشەکێش بکەن، دانی پارچە خاکێک بەکورد، بەمەرجی ئەوەی بتوانن خۆیان بەڕێوەبەرن، لەم روانگەیەوەیە.  سیڤەر ساتەوەختێکی ڕاستیی ڕەوشتی هێزە نێودەوڵەتییەکانە. دۆخی نێودەوڵەتی کە لەڕوانگەی هەندێک قوتابخانەی فیکرییەوە بەپشێوی دەناسرێت لەسیڤەردا جوان رەنگ دەداتەوە. د.بورهان بە باشی هۆکارەکانی شکستی سیڤەر باس دەکات، لە سەروی هەموویەوە هەڵکشانی ئەتاتورک و شۆڕشی ئۆکتۆبەر و بوونی بەرژەوەندی جیاوازی هێزە هاوپەیمانەکان و هەروەها لاوازی نوخبەی کوردی و ئەرمەنی. هەرچەندە ئەرەمەنەکان بەبەراورد بە کوردەکان زۆر بەهێزتربوون. سیڤەر لێرەدا ئەو ساتەوەختە تراژیدیەیە کە ئەوانیتر لەمیانەی بەکاربردنی خواستی گەلانی بچووکدا، تەنها بەرژەوەندی و رێگری لە مەترسی و هاوسەنگی هێز بەلایانەوە گرنگە.  مەبەستم لە مێژووگەرێتی سیڤەر ئەوەیە کە چۆن لە مێژوودا باس لەم رووداوە کراوە. ئێمە دەزانین، تەنها یەک مێژووو بوونی نیە و بەردەوام ماناو تێگەیشتنمان بۆ رابوردوو دەگۆڕێت. لە کاتێکدا ئەوانەی کە لەساتی روودانی رووادوەکەوە نزیکن رەنگە باشترین شایەدحاڵ بن، بەڵام لەلایەکی ترەوە لە گەڵ تێپەڕینی کاتدا بەڵگەنامە و دۆکیومێنت و ئەرشیفەکان بەردەست دەبن و تێگەیشتنمان بۆ دیاردەکان دەگۆڕێت .  لەڕووی ئەکادیمییەوە لێکۆڵینەوەو میتۆد و تووێژینەوەکان دیدمان دەربارەی رووداوەکان دەگۆڕن. لە هەمانکاتدا ئێستا کاریگەری هەیە لەسەر ئەوەی کە چۆن لەساتەوەختە تایبەتەکانی رابوردوو دەڕوانیت. کورد هەتا ئەمڕۆ هیوایەکی زۆری بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەیە، هەتا بێت ئەم پێکەوەبەستنەی نەوان کوردو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی فرە ئاست و ئاڵۆزتر دەبێت، لەکاتێکدا دەبینین کە هێزە نێودەوڵەتییەکان لە ساتەوەختی گۆڕانی سرشتی مامەڵەیانن لەگەڵ یەکترو دونیادا، ئەمەش راستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر ئێمە. لەڕووی فیکرییەوە سیڤەر ساتەوەختی دوفاقیی و ناسەقامگیری و پشێوی و بەرژەوەندییەکانە. ئەو ساتەوەختەیە کە هاوکاریمان دەکات چۆن لە دونیا بنواڕین. دەکرێت لەڕوانگەی فەلسەفەییەوە وەک رووداوێکی سیاسی تەماشای بکەین. رووداوی سیاسی ئەو ساتەوەختەیە کەڕاستی دۆخێک بە هۆی رووداوێکەوە دەردەکەوێت.  سیڤەر لەئێستادا ئەوەمان پێدەڵێت کە مێژوی کورد لەسەد ساڵی رابوردودا لەسەر شانۆی جیهان، مێژوویەکی هەژارو پەراوێزو تراژیدیییە. بەشی زۆری ئەمە بۆ نەبوونی بنکەکانی نوێنەرایەتی دەگەڕێتەوە، بەڵام لەهەمانکاتیشدا بۆ لاوازی نوخبەی کوردی و خۆخۆریی و نەبوونی توانای سودبینین لەمەعریفە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دونیادا. رەنگە ژیاننامەی شەریف پاشا گەر بەووردی و زانستیانە بنووسرێتەوە هاوکاری باشمان بێت لەم بوارەدا. کتێبەکەی د.بورهان هەوڵێکە شایستەی دەستخۆشی و خوێندنەوەیە بۆ رووناکی خستنە سەر رەهەندە جیاوازەکانی ئەم رووادوە سیاسییە گرنگە لەمێژووی کوردا. لەهەمانکاتدا لە تراژیدیای جۆری پەیوەندییەکان لەدونیادا. کورد پرسێکی هەیە، بۆ ئەوەی ئەم پرسە لەئاستی دونیادا ئامادەیی هەبێت پێویستی بەهێزە. هێزەکانیش تەنها لە کاتی قەیراندا ئامادەن پشتیوانی بکەن. قەیران و هێز هەردوو ناسەقامگیرن.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار