(چاو له‌جیاتی چاو)

چیرۆکی تراژیدیی ئامینه‌ به‌هرامی

3 ساڵ لەمەوپێش



هیوا ناسیح

ئه‌‌م کتێبه چیرۆکی راستینهو تراژیدیی ئامینه بههرامی بهناوی; چاو لهبری چاو، کوڕێکی شهیدا ئهسید دهڕژێت بهدهموچاومدا. ئێستا چارهنووسی ئهو له دهستی مندایه‌Auge um Auge: Ein Verehrer schüttete mir Säure ins Gesicht. Jetzt liegt sein Schicksal in meiner Hand). ساڵی ٢٠١٠ به هاوکاری میخایل گوێسهلێ (michael gösele) که رۆژنامهنوس و نووسهره و یوتا هیمیلڕایخ (Jutta Himmelreich) که مامۆستای زانکۆو وهرگێڕێکی ناسراوهو فارسی زۆر بهباشی دهزانێت، به زمانی ئهڵمانی و لهئه‌‌ڵمانیا بڵاودهکرێتهوه، که زیاتر له ٢٥٠ لاپهڕهیه. هاوکات چیرۆکهکهی بهچهند زمانێکی تریش بڵاودهکرێتهوه.

ئهم یادهوهرییه یان چیرۆکه به زمانێکی ئهدهبی زۆر جوان نووسراوه، ههندێک جار خهیاڵ و بویهر (واقع) تێکهڵاو دهکات، ئهمهش جوانتری کردووه. جگه لهگێڕانهوهی خودی چیرۆکهکه، بیری پێشکهوتوخوازی، دیدی رهخنهگرانه بۆ باری سیاسی و کۆمه‌‌ڵایهتی و یاسایی ئێران، نابهرامبهری ژنان و پیاوان له رۆژههڵات بهگشتی و ئێران بهتایبهتی دهخاتهڕوو، ئهمانه تێکهڵ بهڕا و دنیابینی خۆی کردووه، پاشان وانهی ئیرادهی بههێزو کۆڵنهدان و لێبوردهیی دهداته مرۆڤ، ئهمهش به لێخۆشبوونی ناوبراو لەتاوانکارهکه، خۆی گهیانده ترۆپکی مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستی، که چاوهڕواننهکراو بوو. دیاره لهکوردستان بهگشتی و باشور بهتایبهتی ئهم جۆره چیرۆکانه کهم و زۆر ههن، بۆ نموونه کاتێک گهنجانی توندڕۆی ئیسلامی تێزابیان به باسک و قاچی ژنانی سفوردا ده‌‌کرد، یان کوشتن و سزادانی ئهو کچانهی به ههر هۆیهکهوه بێت شویان به کهسانێک نهکردووه، که بهدڵیان نهبووه. لهبهر گرنگی ئهم بابهته دوای خوێندنهوهی، حهزمکرد خوێندهوهیه‌‌کی بۆ بکهم، هیوادارم چیرۆکی ئامینه کۆتایی بهم تاوانه قێزهونانه هێنابێت.

ئامینه بههرامی، کچێکی گهنج و زۆر دڵگیرو جوان ، ساڵی ١٩٧٨ له تاران لهدایکبووه، مناڵی و ههرزهکاریی لهوێ بهسهربردووه. سهرهتای کتێبهکه باسی یادهوهریی مناڵی خۆی دهکات، بهڵام چیرۆکی تاڵی ئهم لهوهوه دهستپێدهکات، کاتێک ساڵی ٢٠٠٤ کاتێک تهمهنی ٢٤ ساڵه، له کارگهیهکدا کاری دهکردو خوێندکاری زانکۆش بوو لهبهشی ئهندازیاریی ئهلهکترۆنیک لهتاران، کوڕێک بهناوی (مهجید مۆوهحیدی) که خوێندکاربوو لهگهڵیان، تهمهنیشی چوارساڵ له ئهم کهمتربووه‌‌  سهرسام و شهیدای دهبێت و ئهمیش دڵی پێنادا، زۆری بۆ دههێنێت شوی پێبکات، دایکی ناوبراویش به تهلهفون ههوڵدهدات ئامینه رازی بکات، بهڵام ئهم رازی نابێت، چونکه پهلهی شوی نییهو دهیهوێت جارێ خوێندنهکهی تهواو بکات و ههندێک باربووی خێزانه‌‌کهیان بکات، بهڵام مهجید خۆی و دایکیهوه  ئهم ههراسان ده‌‌کهن و بهمهش واز ناهێنێت، کاتێک ئامینه بۆ وازهێنانی ئهم و لهناچاریدا دهڵێت، شومکردوه، دوای چهند رۆژێک مهجید لهنێو شهقامێکی تاراندا تێزاب (ئهسید)ێکی زۆر دهڕژێ به دهموچاو و سهرو دهستیدا. ناوبراویش دهسگیر دهکرێت.

پاش گهیاندنی به نهخۆشخانه دهردهکهوێت چاوی چهپی بهتهواوی لهدهستداوه، چاوی راستیشی خهریکه لهدهستدهدات و دهمودان و رووخسار و سهروپرچ و مل و دهستێکیشی ئهسیدهکه تهواو دایخوراندوه و بگره زیان به سییهکان و گورچیلهکانیشی گهیشتوه! تهنانهت وهک خۆی دهڵێت: چونکه دکتۆره پیاوهکان نهیاندهتوانی لهچکه‌‌کهی لابدهن، برینهکانی سهری وهک خۆی مانهوهو تێزابهکه زیاتر کاریگهری داناو رۆچوو به پێستیدا. خۆی و دکتۆرهکانیشی تهواو نائومێد دهبن، محهمهدی برای چاوێکی خۆی پێشکهشی دهکات، به‌‌ڵام دکتۆرهکان، دهڵێن ناتوانین نهشتهرگهرییهکه ئهنجام بدهین، چاوی بۆ بگوازینهوه. سهرهڕای ئێشی جهستهیی و دهرونی رووداوهکه ئهوهی زۆر ئازاری دهدات، قسه و قسهڵۆکی ئهوانهی دهوروبهرین، که بۆ نمونه دهڵێن: نهدهبوو ئهوهنده خۆت جوان کردبا، نهدهبوو قژت دهرخستبا، نهدهبوو مکیاجت کردبا یان دهبوو شوت پێکردبا و ...هتد. لهیهکهم دانیشتنی دادگادا مهجید ئهم دهبینێت، که چی بهلاقرتێ و پێکهنینهوه پێی دهڵێت: تاوانی خۆت بوو، دهبوو شوت پێ کردبام! که ئهم قسانه بۆ ئامینه وهک زلهیهک وابوو، دهڵێت، ئاخر خهڵکینه من چۆن شوم بهم دڕندهیه بکردایه!!

دوای ئهمسهروسهرێکی زۆرو نهخۆشخانه و دکتۆری جۆراوجۆرو چهند نهشتهرگهرییهک، به هیوای ئهوهی چاوی راستی رزگاربکهن و بۆ ئهوهی ههو نهکات دایدهپۆشن و بڕیار دهدهن بۆ چارهسهر بینێرن بۆ ئیسپانیا شاری بهرشهلۆنه. ئهم بهم رهوشه خهمگینی و بهدبهختییه لهگهڵ خوشكێکیدا دهچنه ئهوێ، ههرچهنده دکتۆرهکان زۆر لهگهڵی میهرهبان دهبن و هاوکاریی دهکهن، وهک خۆی دهڵێت من جارێکی تر له دایکبوومهوه، ئهگهر پشتگوێخستن و ئهملاولا پێکردنی دکتۆرهکانی تاران نهبووایه، ههردوو چاوم لهدهست نهدهدا. رۆژانه دهبێت دهیان حهب بخوات بۆ چارهسه‌‌رو کهمکردنهوهی شوێنهواریی تاوانهکه. لهبهر کاریگهریی چارهسهرهکانی وهریدهگرێت کێشی زۆر زیاد دهکات. لهوێ ههندێک ئاسودهیه بهڵام کێشهی دارایی لێی سهرههڵدهدات، ههروهها خوشکهکهشی وهک پێویست و بهدڵسۆزی هاریکاریی ناکات. ئهم کچێکی تا بڵێی ژیرو وشیارو به ئیرادهو رۆشنبیره. له رێگهی ههندێک کهسی خێرخوازو رێکخراو و کهسایهتییهوه هاوکاری دهکرێت، بهڵام تێچوونی نهشتهرگهرییه زۆرهکانی بۆ کهمکردنهوهی زیانی ئهسیدهکه، رزگارکردنی چاوی راستی، که تۆزێک رووناکی تێدا ماوهو گێڕانهوهی دهموچاوی لهشێواوی زۆر زۆره، بۆیه تووشی چهرمهسهرو تاڵی و سوێری زۆر دهبێت، بهڵام کۆڵ نادات. لهوێ نزیکهی بیست نهشتهرگهریی بۆ دهکرێت. ماوهیهک بهکوێری بهتهنها لهوێ دهژی و رۆژێکیان شوقهکهی دهسوتێت!

دهیگێڕێتهوه که ئێواره‌‌یهکیان لەبهرشهلۆنه له شوقهکهی خۆی دانیشتبوو، لهناکاو شتێکی لینج و شل بهچاوی راستیدا شۆڕدهبێتهوه، که دهستی لێدهدات و دهست له چاڵایی چاوی دهدات بهتاڵه، ئیتر تێدهگات ئهمه ههڵوژهی چاوێتی هاتۆته دهرهوه!! ئیتر ئهوهندهی تر نائومێد و رهشبین دهبێت، بهڵام ههر کۆڵنادات. دکتۆرهکان بڕیار دهدهن چاوێکی دروستکراو لهجێی چاوی راستی دابنێن. زۆر خهفهت دایدهگرێت، خهون بهوهوه دهبینێت، ههردوو چاوی مهجید کوێر بکهن و ئهمیش بهدیاری دوو چاوی دهستکردی وه‌‌ک ئه‌‌مهی خۆی بۆ بنێرێت!

تاوانبارهکه دوای دوو ساڵ یهکهمجار به ١٢ ساڵ حوکمی زیندانی دهدرێت، ههروهها به پێدانی بڕه پارهیه‌‌ک که دهیکرده ١٣٠ ههزار ئۆیرۆ، چونکه ئامینه مێینهیه، ئهگینا پیاوبووایه دهیکرده ٢٦٠ ههزار ئۆیرۆ! سهیر ئهوهیه له دانیشتنهکانی دادگا و لێدوانهکانیدا بۆ راگهیاندن مهجیدی تاوانکار ههرگیز پهشیمانی له کارهکهی نیشان نادات. کهسوکاری مهجیدیش لهبری کوڕهکهیان، دێن ئهم تاوانبار ده‌‌کهن و هیچ هاوسۆزی و هاوکارییهک پیشان نادهن بۆی. ئامینه داوای کردهوهی هاوچهشن دهکات، واته بهههمان شێوه چاوی تاوانکار کوێر بکهنهوه، ئهوهی له شهریعهتی ئیسلامدا پێی دهڵێن (قیساس) و به بنهمای (چاو لهبری چاو) ناسراوه، له بنچینهشدا ئهم یاسایه دهگهڕێتهوه بۆ ئهو دهستوره لهسهر میله بهناوبانگه نووسراوه‌‌ی نهبوخزنهسر له ناوچهی عێراقی کۆن، که دهڵێت (چاو لهبری چاو، دان لهبری دان) نزیکهی سێ ههزار ساڵێک لهمهوبهر له بابل نووسراوه و دانراوه، ههندێک له زانایان به یهکهم دهستوری نووسراوی دادهنێن له جیهاندا.

دوای سوربوونی لهسهر ئهم سزایه، که بهپێی وتهی خۆی، مهبهستی تۆڵهکردنهوه نییه، بهڵکو ئامانج لێی ئهوهیه‌‌، که ببێته نموونهیهک و پهندێک و ئیتر هیچ پیاوێک نهتوانێت تاوانی وا ئهنجام بدات، چونکه پێشتریش ئهم جۆره تاوانه ئهنجام دراوه بهرامبهر ژنانی تر. ئهو دهڵێت من دژی زیندانیکردنیم، چونکه دوو ساڵه تێیدایه و تهنها ده ساڵی دهمێنێتهوه، پاشان ههر جار ناجارێ حکومهت و سهرۆکی وڵات لێبوردنی گشتیان بۆ دهردهکات و دڵنیام چهند ساڵێکی پێناچێت، له زیندان ئازاد دهبێت.، دوور نییه دووبارهی بکاتهوه. له کاتێکدا مه‌‌جید دهخوازێت سزای مهرگی بهسهردا بدهن، که ئاسانهو رزگاری دهبێت. بهڵام ئامینه دژی سزای مهرگه و دهڵێت: به مهرگ ئهو ئیتر هیچ ئازار ناکێشێت. دواتر گهر ئهو له سێداره بدرێت، واته من دهبمه هۆی کوشتنی و من دهبمه بکوژ، ههرگیز ئهوهم ناوێت. له دادگاش دهڵێت: مهجید بیرته دهتگوت، شوم پێنهکهیت دهتسووتێنم، دواتر بڕیاری مهرگم بهسهردا دهدرێ و تهواو! بۆیه گهر بۆ من نهبیت، نابێت بۆ هیچ کهسی دی بی! ئێستا دهپاڕێیته‌‌وه بۆ سزای مهرگ!

سه‌‌یر ئهوهیه دوای چهند جار گهڕانهوه بۆ دانیشتنهکانی دادگا له ئیسپانیاوه بۆ تاران، وه دوای دوا دانیشتن، کاتێک ئامینه وتهیهکی زۆر کاریگهر له دادگادا پێشکه‌‌ش دهکات، نیقاب (ڕووبهند)هکهی لادهدات و دهڵێت خۆتان سهیر بکهن و خۆتان لهجێگهی من یان کچ و ژنهکانتان لهجێگهی من دابنێن، تا زیاتر له تاوانهکه و ئازارهکانی من بگهن. بیر له خوشک و کچهکانتان بکهنهوه، تا کهس ژیانیان لێ تاڵ نهکات، گهر نهیانویست شو به کهسێک بکهن که به دڵیان نهبێت. زۆربهی دانیشتوان و بگره ههندێک له دادوهرهکانیش فرمێسک به چاوانیدا دێنه خوارێ، کهچی دادوهران دوای پشووی راوێژکاریی بڕیاری کۆتایی بهوه دهدهن، که تهنها چاوێکی مهجید کوێر بکرێت، چونکه یاسای چاو لهبری چاو بۆ مرۆڤێکی تهواوه و ئهم به پێی شهریعهتی ئیسلام نیوه مرۆڤه و یهک چاوی بهردهکهوێت! خۆ گهر ئامینه بیهوێت ههردوو چاوی مهجید کوێر بکرێت، ئهوا دهبێت بیست میلیۆن تمهن بدات، واته ههقی کوێرکردنی چاوی دووهمی به پاره وهک پێشهکی سزاکه به مهجید بدات! ئامینه دڵی پڕ دهبێت و دهڵێت، ئه‌‌و نهک چاوهکانم، بگره تهواوی تهندروستی و رۆح و داهاتووی له ناوبردم. پاشان یانی من حسابی نیوهی ئه‌‌و بهشهره‌‌م بۆ دهکرێت؟!

 مهجید له دیمهنێکی کۆمیدی ئاساداو له دادگا و پێش ئامادهبووان دهڵێت، جهنابی حاکم ئهو داوای منی کرد، که بیهێنم، من نهمهێنا، کێشهکه لهمهوه دروست بوو، من وام کرد تا ئهو وازم لێ بهێنێت! دادوهر دهڵێ: ئهوه کهی قسهیه، بۆ ئێمه له ئێرانین یان له هیندستان، تا کچ کوڕ بهێنێت!

دوای بێنهو بەرده و سهرئێشهیهکی زۆر و تهنانهت چاوپێکهوتن به وهزیری دادو داواکاریی گشتی، ئینجا دادگای پێداچوونهوهی تاوانهکانی تاران بڕیاری ئهوه دهدات، که لهبهرئهوهی ئامینه نهک ههر چاوهکانی کوێر بووه، به‌‌ڵکو بهشێکی زۆری دهموچاو و دهست و سهریشی شێواوه و سوتاوه، بۆیه بۆ قهرهبووکردنهوهی ئهم زیانانه، ده‌‌توانن بهیاسا چاوی دووهمی مهجید به دڵۆپهی تێزاب کوێر بکهن، واتا ئێستا دهتوانرێت ههردوو چاوی ناوبراو کوێر بکرێت. دوای حهوت ساڵ له رووداوهکه، رێکهوتی ١٤ی مایسی ٢٠١١ دیاری دهکرێت بۆ جێبهجێکردنی سزاکه بهسهر مهجیددا. له‌‌و کاتهدا دهبێت تاوانکار بێهۆش بکرێت و ئامینه یان یهکێک له خێزانهکهی تێزاب بدڵۆپێنێته ناو چاوه‌‌کانی ناوبراوهوه. ههموو ئامادهکارییهک دهکرێت، باسهکه له میدیادا گهرمه، رێکخراوهکانی بواری مافهکانی مرۆڤ وهک لێبوردنی نێودهوڵهتی (ئهمنستی) داوا دهکهن سزاکه جێبهجێ نهکرێت، چونکه دڕندانه و بێبهزهییانهیه. ههندێک کهسوکاری نزیکی ئامینهش وهک باپیر و پوری داوا له ئامینه دهکهن له مهجید خۆش بێت. پێشتریش دایک و باوکی مهجید خۆشی داوای لێدهکهن لێی خۆش بێت و شوی پێ بکات، ئامینه رازی نابێت، قهرهبووکردنهوهی پارهشی ناوێت. دهڵێت با من دواههمین کهس بم که ئهم تاوانهی بهرامبهر بکرێت و کهسی تر نهیچێژێت. وتهبێژێکی شیرین عهبادی تهلهفونی بۆ دهکات (نازانم بۆچی خۆی پهیوهندی پێوه ناکات، زۆر جێگهی رهخنهیه‌‌‌‌‌‌‌ - هیوا)، داوای لێ دهکات که داوای سزای چاو له بری چاو نهکات، چونکه بۆ ناوبانگی ئێران و خهڵکهکهی خراپه!.

سهیر ئهوهیه مهجیدی تاوانکار له دادگاو ههر کاتێک ئهم دهبینێت، تهنانهت دواجاریش پێش جێبهجێکردنی سزاکه، سوکایهتی پێدهکات و چوێنی پێ دهدات و ئامینه بههۆکاری کێشهکه دهزانێت! دوا کاتی جێبهجێکردنی سزاکه لهمانگی حهوتی ٢٠١١دا تۆزێک پێش جێبهجێکردنهکهی ئامینه لهتاوانکارهکه خۆش دهبێت! لێرهدا گهورهیی و مرۆڤدۆستی ئهم ژنه دهردهکهوێت. کاتێک مهجید ئهمه دهبینێت دێت بهرهو ئامینه و دهست و پێیهکانی ماچ دهکات و داوای لێدهکات شوی پێبکات، تاکو تا لهژیاندایه خزمهتی بکات، بهڵام ئهم گاڵتهی بهم پێشنیازه دێت. ئامینه لهلێدوانیدا بۆ میدیاکان دهڵێت: من خهباتی خۆم کرد، تا دواقۆناغ، بۆ ئهوهی پیاوان بزانن گهر تاوانی وا بکهن بێ سزاو لێپێچینهوه نابن، بۆ ئهوهی من دوا قوربانی بم، گرنگ ئهوه بوو من پهیامهکهم گهیاند، دواتر دهبوو لێخۆش بم، تا بیسهلمێنم، که من دژی ئازاردانی خهڵکم، دهمهوێت ههموو کهس بهئاشتی و سهلامهتی بژی، نامهوێت کهس بههۆی کهسیی منهوه ئازار بکێشێت. ئهو بڕیاره ئازاردهره، بهڵام دهبوو بیدهم. گرنگ ئهوه بوو من وهک ژنێکی رۆژههڵاتی و ئێرانی خهباتی خۆم کرد، تا ئهوهی مافی ئهوهم بهدهستهێنا، بتوانم چارهنوسی ئهوهم بهدهست بێت، ئایا چاوی کوێر بکهنهوه یان لێی ببورم. ئهوه ئامانجێکی من بوو، که ئێمهی ژنان وهک پیاوان مافمان ههیهو دهتوانین به دهستی بهێنین، جا لێی خۆش بم یان نا.

ئامینه‌‌ دواجار وهک قهرهبوو داوای بژاردنی ماددی دهکات، چونکه پارهیهکی زۆری پێویسته بۆ ئهو هه‌‌موو نهشتهرگهرییانهی هێشتا دهبێت ئهنجامی بدات بۆ چاککردنهوهی دهموچاوی، چونکه ماڵهوهشیان توانای دارایی وایان نییه تا هاوکاریی بکهن. لێرهدا دادگا تهنها ١٣٠ ههزار ئۆیرۆی پێ رەوا دهبینێت، چونکه گوایا ئهو ژنهو نیوهی قهرهبووی پیاوێک وهردهگرێتهوه، بهپێی یاسای ئهو وڵاته، که گوایا لهسهر شهریعهتی ئیسلام داڕێژراوه!

تاکاتی نووسینی کتێبهکه ئامینه له ئیسپانیا دهژی و نهشتهرگهریی تر بۆ رووخساری دهکهن، هاوکات خۆشی وهک چالاوانێکی بواری مافهکانی ژنان و کچان خهبات دهکات.

 

سهرچاوه:

‌Auge um Auge: Ein Verehrer schüttete mir Säure ins Gesicht. Jetzt liegt sein Schicksal in meiner Hand, Ameneh Bahrami, Knur Taschenbuch, Germany, 2012, ISBN 978-3-426-78489-1

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار