موقتەدا سەدر: ئەگەر کاندیدى پارتی مەرجەکانی تێدا نهبێت دهنگى پێنادهین

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
موقتەدا سەدر رایگەیاند: "ئەگەر کاندیدى پارتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، تەنانەت هەموو کاندیدران بۆ ئەو پۆستە مەرجەکانیان تێدا نییە، داوا لە پەرلەمانتارانی چاکساز دەکەم دەنگی پێ نەدەن، چونکە ئێمە لە خەمی چاکسازییداین و خوازیاری دەسەڵات و دەسەڵاتداری نین".
موقتەدا سەدر، ئەمڕۆ هەینی 4.2.2022 لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر رایگەیاند: "ئەگەرکاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، تەنانەت هەموو کاندیدران بۆ ئەو پۆستە مەرجەکانیان تێدا نییە، داوا لە پەرلەمانتارانی چاکساز دەکەم دەنگی پێ نەدەن، چونکە ئێمە لە خەمی چاکسازییداین و خوازیاری دەسەڵات و دەسەڵاتداری نین".
هۆشیار زێباری کاندیدى پارتییە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار و ئەو حزبەش چاوی لەوەیە لێکتێگەیشتنەکە ببێتە هۆکاری سەرکەوتنیکاندیدەکەیان لە کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممە 7-2-2022ی پەرلەمانی عێراقدا کە تایبەتە بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار.
پەرلەمانی عێراق خاوەنی 329 کورسییە؛ بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە دەبێت بەلایەنی کەمەوە دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان واتە 220 پەرلەمانتار ئامادە بن.
لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا دەبێت کاندید دوو لەسەر سێی دەنگی پەرلەمانتارە ئامادەبووەکان بەدەستبهێنێت، بەڵام ئەگەر هیچ کامیان ئەو دەنگەیان نەهێنا، ئەو کاتە لە گەڕی دووەمدا رکابەرایەتییەکە لەنێوان دوو کاندیددا دەبێت کە لە گەڕی یەکەم زۆرترین دەنگیان هێناوە. لە گەڕی دووەمدا هەر کاندیدێک زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا، دەبێتە سەرۆک کۆمار.
