یەكگرتوو: دڵسۆزانە و خەمخۆرانە ڕۆڵی کارا و کاریگەر لە هاوکێشە سیاسیەکانی کوردستان و عێراقدا دەبینین

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رایگه‌یاند:" داوا دەکەین دەسەڵات "بەشێوەیەکی جددی و کرداری خەمی چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکانی هاوڵاتیان بخوات و سیاسەتی بێمنەتی و فەرامۆشكردن وازلێبهێنێ و هەڵمەتێكی خێرا بگرێتەبەر بۆ چارەسەری ئەم قەیرانە كوشندانە".

ئەمڕۆ شەممە 5-2-2022، یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بە بۆنەی (28) هەمین ساڵڕۆژی راگەیاندنی حزبەکەیان پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە و پەیوەست بە دۆخی ناوخۆی یەکگرتوو ئاماژەی بەوەکردوە، "دڵسۆزانە و خەمخۆرانە ڕۆڵی کارا و کاریگەری لە هاوکێشە سیاسیەکانی کوردستان و عێراقدا دەبینن ، لە کایە کۆمەڵایەتیەکانیشدا هەنگاوی  بنیاتنەرانەی ناوە و ڕووبەڕووی دیاردە دزێوەکان بۆتەوە و بەکردار چاکسازی کۆمەڵگەیی ئەنجامداوە.. دەتوانین بڵێین یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە ماوەی ساڵی رابردوودا سەركەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە".

ئەوەش هاتووە، "دیمەنەکانی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری ئێستای هەرێمی كوردستان و عێراق، بەداخەوە جێگای ئومێد و دڵخۆشی نین، پەرتەوازەیی و دوو قسەیی و ماڵجیایی سیاسی قوڵتر بۆتەوە و خەڵکی کوردستان و عێراقیش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر هەستی پێدەکەن ،  لە جیاتی کارنامەیەکی نیشتمانی هاوبەش بەدوو کارنامەی جیاوازەوە لەگەڵ بەغدا مامەڵە دەکەن".

یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لەبارەی دۆخی هاوڵاتیانیش ئەوەی خستوەتەڕو، "دابینکردنی خزمەتگوزارییەكان لە جاران كەمتربوونەوە ، بەتایبەتی لە بوارەكانی ئاو و كارەبا و نەوت و غاز ، لەهەمانکاتدا باج و خەراج لەسەر هاوڵاتیان زیاد دەکەن ، دواكەوتنی موچەش وەك ساڵانی رابردوو هەر بەردەوامە ، لەکاتێکدا نرخی نەوت بە جۆرێک بەرزبۆتەوە کە بە ئاسانی دەتوانرێت موچەی تەواو لە کاتی خۆیدا و بەبێ دواکەوتن بدرێت".

باس لەوەشکراوە، داوا دەکات دەسەڵات "بەشێوەیەکی جددی و کرداری خەمی چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکانی هاوڵاتیان بخوات و سیاسەتی بێمنەتی و فەرامۆشكردن وازلێبهێنێ و هەڵمەتێكی خێرا بگرێتەبەر بۆ چارەسەری ئەم قەیرانە كوشندانە ، بە پێچەوانەوە بێهیوایی و بێمتمانەیی لە نێوان دەسەڵات و هاوڵاتیاندا زیاتر دەبێت و بێزاری و ناڕەزایی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەش پەرەدەسەنێت و چارەنووسێكی خراپ چاوەرێمان دەكات."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار