هەڵەبجە لەئاڕاستەی بەپارێزگابوونی بەچی گەیشتووە؟

6 ساڵ لەمەوپێش



  یاسین نادر ڕەحمان

تائەم ساتەی کەمن ئەم وتارە دەنووسم، نازانم ناوی ئەم شارە پارێزگا لێبنێم یان هەر بەناوەکەی جارانی قەزاو شار بەگووندو شاروچکەو ناحیەکانی لەسەرنجدانی نووسینەکەمدا ئاماژەی پێبکەم، گەر لەوڵاتان سیستمی ویلایەت و Provincefبۆ ئەم جیاکاریەی شوێنێک لەشوێنەکانی تر کرابێت  ئەوا هەندێک پێوەرو بنەماش لەکوردستاندا بۆ ئەم جۆرە جیاکاریەی ناوچەیەک لەناوچەکانی تر کراوەو بەپێی دۆخە ئابوریی و سیاسی و ئیقلیمی و ڕەمزبوونی ئەو ناوچە لەناوچەکانی تر جیاکراوەتەوە، گەرچی هەر یەک لەم ناوچانە لەسیستەمی ئیداریی وڵاتان و هەرێمەکان ڕەنگە لەقۆناغگەلێک لەمێژووی ئەو هەرێمەو وڵاتە لەپێوەری بچووکتری وەک شارو شاروچکەو شارەدێدا ڕەنگە بووبن، بەڵام مێژووی شارستانیەت و پێشکەوتنی هەر ناوچەیەک و دۆخی خوازراوی ناوچەکەو ڕادەی پێویستی و پارسەنگی و هۆکارگەلی تر وایلێدەکات هەمدیس ئەو ناوچە لەناوچەکانی تر جیاببێتەوە، ئیتر لەسەرنجدانی ویلایەت و پێوەری بچووکتری ئەو شارو قەزایە دەربچین کەجیاواز لەهەلومەرجی پارێزگا دەبینین، لەمێژووی هەر وڵاتێکی دنیادا بەتایبەت عێراقی فیدراڵدا، پارێزگا ڕۆڵێکی تایبەت و دابەشبوونێکی سیاسیانەی تایبەت بەخۆی هەیەو هەیبووە، بەکورتی لەڕووی دەسەڵاتی سیاسیەوە پارێزگا، پارێزگارێکی هەڵبژێردراوی بۆ دادەنرێت کەبەرپرسی بەجێهێنانی یاساکانی لە سنووری پارێزگاکەی هەیەو بۆ ناوچە بچووکەکانی ژێردەستی خۆی بە هۆی بوونی قایمقام و بەڕێوەبەرایەتی بچووکترو پەیوەست بەقایمقامیەتەوە چاودێری بەسەر کاروبارە ئیداری و سیاسی و ئابووریەکان و....ناوچەکە دەکات، هەرچەندە خوودی پارێزگاش پەیوەست بەوەزارەتەکانەو دەسەڵاتە وەرگیراوەکان لەوانەوە بۆ سنووری پارێزگاکەی خۆی بەپێی سروشتی ناوچەکان و شارۆچکەو شارەدێکان  شۆڕ دەکاتەوە و هەوڵ لەجێبەجێکردنیاندا دەدات، گەرئەمانەش پێناسەیەکی بچووک و گشتی لەئەدای ناوچەیی سنووری و سیاسیی پارێزگایەک بێت، ئەوا وڵاتی عێراقیش لەئێستادا بەهەڵەبجەشەوە خاوەن 18 پارێزگایە، کەپێنج لەو پارێزگایانەی عێراق  پارێزگا کوردیەکانن و سەر بەحکومەتی هەرێمی کوردستانن، ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاکانی هەرێم جگە لەپارێزگای هەڵەبجە لەهەندێکیان سەروو یەک ملێون نەفەر تیایدا دەژین وەکو (کەرکوک و دهۆک) و هەندێکی تر لەوانیش تانزیکەی چوار ملیۆن کەس دەبنەوە وەک (هەولێر و سلێمانی) هەرچی هەڵەبجە و سنوورەکەشیەتی ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی 123 هەزار کەس دەبێت و ناوەندی پارێزگاکەش 14هەزار خێزان تیایدا نیشتەجێیە کە 70هەزار کەس پێکدێنن و خاوەن تایبەتمەندی تایبەت بەخۆیەتی و هەر تایبەتمەندبوونەش لەودا وایکردووە لەپاش بوونی بەپارێزگا لێکدانەوەی جیاواز هەڵبگرێت، گەر وردتر لەم پارێزگایە بڕوانین دەبینین ئەم پارێزگایە لە 13/3/2014 بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بەسەرۆکایەتی نیچیرڤان بارزانی لەبەر تایبەتمەندی تایبەتی ئەم شارە وەک شاری شەهیدان، بڕیاری بەپارێزگابوونەکەی بەهۆی شارێکی ڕەمزی و نمونەیی و زۆرترین زیانلێکەوتەیی سیاسی لەسەردەمی بەعس و پاش بەعس بۆ دەرکراو لە 16/3/2014ی هەمان ساڵیش مەرسومی سەرۆکایەتی بۆ بوونی بەپارێزگایەکی یاسایی و قانوونی بۆ دەرچوو، پاش هەموو ئەمانەش لە 1/6/2015 فەرمانی دەستبەکاربوونی پارێزگارو دوو جێگرەکەی بۆ دەرچوو لە 11/6/ 2015 دەستبەکاربوون، هەرچەندە جێی وەبیرهێنانەوەیە کەپەرلەمانی کوردستان لە 5/2/ 2015 بڕیاری دەرکردنی یاسای ئیداریی پارێزگای هەڵەبجەی دەرکردو دواتر پاش تاوتوێکردنی لە 16/3/ 2015دا لەهەڵەبجە ئەم یاسایەی بۆ بەرژەوەندی کاروبارە یاسایی و ئیداریەکانی هەڵەبجە بەواژۆی سەرۆکی پەرلەمان و تاووتوێکردنی پەرلەمانتارەکان پەسەندکرد، کە ئەم یاسایە لە 12مادەی سەرەکی پێکهاتبوو، زۆر هەلومەرجی شیاوی ئیداری و بودجەیی و بواری پەرەپێدان و گەشەپێدانی بۆ هەڵەبجەو هەڵەبجەییەکان بەدیهێناو هاوڵاتیان و سەرجەم چین و توێژەکانی لەمبارەیەوە خۆشحاڵکرد.
ئەمانە بەرکوڵێکی یاسایی و ئیداریی لەبارەی پارێزگای بەڕەمزکراوی هەڵەبجە بوو، بەڵام ئایا تاچەندە ئەم مەرسوم و یاساو بەڕەمزکردنی ئەم شارە، هەڵەبجەی تایبەتتر لەشارەکان و پارێزگاکانی تری ناوچەکە کرد، دۆخی ئێستاکەی ئەم شارە لەم ڕووە ئاماژەپێکراوانە قسەگەلێکی تری بۆ وتن لەمبارەیەوە دەکات، چوونکە پاش کۆتا هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەهۆی دواکەوتنی هەندێک کاروباری ئیداری و حکومی نەتوانرا لەوکاتەدا وەک پارێزگایەک نوێنەری تایبەت بەخۆی هەبێت بەڵکو لەچوارچێوەی قەزاییدا مامەڵەی لەگەڵدا کرا و چەند نوێنەرێکی لەئەنجومەنی سەر بەپارێزگای سلێمانی توانیان مافی ئەندامێتی ئەنجومەن لەچوارچێوەی پارێزگای سلێمانیدا بەدەستبهێنن. 
لەئێستاشدا با بەڕاشکاوانە بڵێم، ئەگەرەکانی ئەوەش زۆرە لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی کوردستاندا وەک زۆر کاروباری تری ئیداری و سیاسیی ناوچەکە، ڕەنگە هەڵەبجە وەک پارێزگایەکی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵدا نەکرێت و هەروەکو ئەوەی کەبینیمان لەهەڵبژاردنەکانیی ئەمدواییەی عێراقدا روویدا، هەڵەبجە هەروەکو شارێکی ئاسایی جاران مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
ئەوەی جێی تێبینیشە ئەم شارە پاش هەڵبژاردنی خولی پێشووی هەڵبژاردنەکانی کوردستان بڕیاری ئەنجومەنی کاتیی بۆدرا، چونکە پاش پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان بڕیارەکە هەروەک گوتم جێبەجێکراو تائێستاکەشی بەدواوە بێت پارێزگایەکی بەوەکالەت بەهۆی ناکۆکیی سیاسیەوە بەهۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان دەبینین.
هەروەک وتم ئەگەر ئەمانەی سەرەوە بەرکوڵێکی ئیداریانەو سیاسیانە بێت و ئێستاکەو لەماوەی  ئەم سێ چوار ساڵەدا حکومەتی هەرێم گەر دەیەوێت لەچوارچێوەی پارێزگایەکدا خزمەتی ئەم شارە بکات، بۆ هێشتاکە ئاسەواری ئەم ئاڵوگۆڕیانە نابینین، خەڵکی ئەم پارێزگایە هەلهەلەی خۆشی و شادییان بۆ بوونی شارەکەیان بەپارێزگا، بۆ ئەوە لێدا چیتر پارێزگابوون ببێتە هۆیەک بۆ خزمەتی زیاتری خەڵکی دەڤەرەکە نەک شتی ترو ئەم دۆخە بێ خزمەتیەو ناسەقامەی ئێستای ئەم شارە.
حزبەکان بەهەمویانەوە گەر دەیانەوێت بەپەیامێکی ڕێکخراوانە ئەم شارە پێشبخەن بۆ واز لەتەماح و تمۆحکاری لەبەرژەوەندیەکانی تایبەت بەخۆیان لەمەڕ دەسەڵاتدارێتی شارەکە ناهێنن و هیچ نەبێت ئاشتەوایی حزبی و دەسەڵاتدارێتی با لەم شارەدا گەر کرا لەهەڵبژاردنەکانی داهاتودا بەرقەرار بێت و خەڵک بزانێت لەپێناو ئەوان و لەبەر بەرژەوەندی ئەوان کاردەکەن. 
هەموو تۆڕو ڕێکخراوەکان کەخۆیان بەناوی (لێدەرو نالێدەر و هەڵوێست و بێهەڵوێست و شەقام و غەیرە شەقام و ڕازی و ناڕازی و خزمەتگوزارو ناخزمەتگوزارو بەکورتی حزبی و ناحزبیەکان) دەناسێنن و ئەم هەموو چالاکیانەیان گەر لەخزمەتکردنی شاردا هەستدەکەن بێئەنجامە!! بۆچی دەنگیان کپ ناکەن، ئەم شارە ڕەنگە خەڵک ئاوات بەنەبوونی حزب و هەندێک ڕێکخراوی چیتر بخوازێت، چونکە دواجار دەبینین وا شار 250 پڕۆژەی خزمەتگوزاری وەستاوەو بە هەزاران گەنجی دەرچووی بەبێ دامەزراندن و بەتاڵ ماوەتەوەو سنوورە ئابووری هێنەرەکانی ڕۆژێک بەبڕیاری بەغدا بەبیانوی یەکپارچەیی  پاش ڕیفراندۆم و ڕۆژێک بەبڕیاری حکومی و ڕۆژێک بە بڕیاری حزبی و شتانی تر داخراون و کێڵگە نەوتییە دۆزراوەکانی بێ بەرهەم و بێکارو بێخاوەن لەکارکەوتوون و بەجۆرێک لەکارخراون و دانیشتوانی گوندەکان دۆخی ژیان سەختی و خراپیان ئەوانی دیسانەوە پەلکێشی شار کردوەتەوەو بەرهەمی جوتیارانی بێ پارەو بەدەستهات بەسەر دەستی جوتیارانیدا ماوەتەوەو ڕۆژبەڕۆژیش بەڵێنی حزبی و نائیداریانەی بەرپرسان لەسەردانیکردنی شارەکەش، ئەوە دەردەخەن هەڵەبجە پارێزگایەکی جیاوازەو  بێ خزمەتی و ناڕوونی لەئیدارەدانی سیاسی و خزمەتنەکردنی ئەم جیاوازیەی پیشانی هەموو کەسێک داوەو ڕەنگە لە داهاتووشدا ئاواتی ئەوە لای هەموو تاک و هاوڵاتییەک بخوازرێت، ئەم پارێزگایە لەدەستپێکی بونیادیدا گەر دەزانرا ئاقاری بە ئاوا ئاکامێک دەگات و بەربەستی ئیداری و سیاسیی و ئابوریی تەنگی پێهەڵدەچنێت، خۆزگە ناوی گەورە نەکرایەو هەروەک جارانی بمایاتەوەوە، خەڵک نە چاوی لەحزب و کۆبونەوە حزبیەکان و ڕێکخراوە ناڕێکخراوەکانی نەبوایا کەهەر ڕۆژە پەیامێکی ناشەریفانەو کەموکورتانە لەدەردو مەینەتیەکان بەخەڵکی شارەکە بدەن.
ئەوەی جێی سەرنجیشە سەردانکردنی ئەم چەندڕۆژەی وەفدێکی هەڵەبجە لەئاستێکی باڵا بۆ خزمەتگوازریەکانی ئەم شارە کە لەژێر سێبەری هەژمونی دەوڵەتی فیدڕاڵدا هەڵەبجە خەمەکانی بڕەوێنرێتەوەو خزمەتگوزاری پێشکەش بکرێت، ئەوە پیشاندەدات کەچیدی هەڵەبجە بەهەموو پێوەرێک لەخزمەتگوازریەکانی بەپارێزگابونی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە وەختە بێبەش و ئیهمال بەیەکجاری دەکرێت و ئەگەرەکان بۆ ئەوە دەچن گەر لەدەسەڵاتدارێتی هەرێمدا ئەم شارە وەک پارێزگا مامەڵەی لەگەڵدا لەزۆر سێکتەری خزمەتگوزاری و خوشگوزەرانیدا بۆ نەکەن، ئەوە دەسەڵاتدارانی بەغدا بەبێ گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم، ئەمشارە وەک پارێزگایەکی جیاوازو ستەملێکراو خزمەت بکەن و ڕووی ناشەریفانە خزمەتکردنەکان کە بەپێی پێویست لەئاستی خەڵک و ڕۆڵەو شەهیدانی شارەکەدا نەبوون، ئەوان بەڕێگای تر بەپڕۆژەی چاکترو کردنەوەی دەزگاو دائیراتە فیدڕاڵیەکانیان بۆ خەڵکی ئەم شارە قەرەبوو بکەنەوە.  
لەڕابردووشدا لەنووسینەکانمدا ئەوەم وتوە، نە بەسەردانکردنی بەرپرسانی حکومەتی هەرێم و هەندێک لەوەزیرەکانی، کێشەکانی ئەم پارێزگایە بەرەو چارەسەربوون دەڕوات، نە ئەوە کەحزبەکان و دەسەڵاتدارەکان و خەمخۆرانی ئەم شارە بەهۆی دەستتێوەردانە سیاسیە جۆراوجۆرەکان پاش هەڵبژاردنی مانگی 9ی 2018ی ئەمجارەش هەڵەبجە ئاوا بڕوات دەکەنەوە بەپارێزگایەکی نمونەیی هاوشێوەی 17 پارێزگاکەی تری عێراق. 

تێبینی: ئامارەکان لەسایت و کەناڵەکانی راگەیاندنەوە وەرگیراوە....

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار