گەڕان بەدوای نەمریی.. لەئەفسانەی (میرمح)ی ئێزیدییەکاندا

د.مەولود ئیبراهیم حەسەن

3 ساڵ لەمەوپێش



پێشەکی

فۆلکڵۆری ئێزیدییەکان بەشێکی گرنگی فۆلکڵۆری کوردیمانە، ئەو فۆلکلۆرە چۆن زۆر کۆنەو رەهەندێکی  ئایینی هەیەو بە پیرۆزی سەیردەکرێن، خۆش ئەوەیە ئێزیدییەکان زمانی ئایینەکەیان کوردییە، ئەمە وای کردووە کە دەقە فۆلکڵۆریەکانیان بە کۆنترین و رەسەنترین و پیرۆزترین فۆلکڵۆری کوردی دەژمێردرێن .

لەنێو ئەو فۆلکڵۆرە کۆنەی ئێزیدییەکان بیرۆکەی ( گەڕان بەدوای نەمریی)دا  شوێنێکی تایبەتی هەیە، من تائێستا زیاتر لەچوار دەقی جیاو وەک یەک گەڕان بەدوای نەمریم لە فۆلکڵۆرو دەقە ئایینیەکانی ئێزیدییەکان دەسکەوتووە، جگە لەچەندین دەقی تر لە نێو ئەفسانەکانی کوردیدا.

پێناسەی ئەفسانە: تائێستا سەدان پێناسە بۆ ئەفسانە کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا پێناسەی تر هەڵدەگرێ، ئەویش بەهۆی دەوڵەمەندیی ناوەرۆکی ئەفسانەوەیە. بەڵام، باشترین پێناسە بۆ ئەم ئەفسانەیە ئەوەیە :(ئەفسانە گرنگترین و بەرزترین و کۆنترین ئاستی بیرکردنەوەی مرۆڤە).

رەگەزەکانی ئەفسانە : ئەوەی کە ئەفسانە لەحەکایەتەکانی تر جیادەکاتەوە ئەو رەگەزانەن:

١-پاڵەوانی ئەفسانەیی: میرمح کە هەزاران ساڵ تێدەپەڕی هەر گەنجەو پیرنابێ.

٢-کەرەستەی ئەفسانەیی: داری خەتەر کە لەخۆوە بەرز دەبێتەوەو نزم دەبیتەوە.

٣-شوێنی ئەفسانەیی: بەهەشتی پەریان کە لەم شوێنە دا کەس نامرێ .

٤-کاتی ئەفسانەیی : هەزاران ساڵ تێدەپەڕی میرمح هەر گەنجەو هەستی پێناکات.

٥-ڕووداوی ئەفسائە فسانەیی:پیربوون و مردنی میرمح پاش نەمانی سێوەکان .

٦-بیرۆکەی ئەفسانەیی: گەڕان بەدوای نەمرییدا.

گەڕان بەدوای نەمریی و هەمیشە گەنجی و پیرنەبوون و نەخۆش نەکوتن و تەمەندرێژیی، خواستێکی کۆنی مرۆڤەو مرۆڤ بەزۆر شیوە هەوڵی داوە ئەمانە بەدەست بێنێ،  هەر بەهۆی ئەم هەوڵانەشە کە (ئێکسیری نەمریی و ئاوی نەمریی و نانی نەمریی و سێوی نەمریی و گیایی نەمریی و شوێنی نەمریی...هتد ) وەک هۆیەک بۆ نەمریی زۆر باس دەکرێن، کۆنترین دەقی نووسراوو بەردەستیش داستانی (گەڕانی گلگامشە بەدوای نەمریی دا) لەئەفسانەی سۆمەرییەکان.  کە ئێستا ناوبانگێکی جیهانی هەیە. هەر ئەو دەقە کۆنە بووە بە نموونەی دەقەکانی نەمریی و دەقەکانی ترو بە دەقی گلگامش هەڵدەسەنگێندرێن . لەدەقی( میر مح) یش هەموو مەرج و قۆناغەکانی دەقی گەڕانی دروستی تێدایە.

جۆرەکانی نەمریی: ئایینەکان هەر لەکۆنەوە بیرۆکەی نەمرییان لەخۆیان هه ڵگرتووەو هەر یەکەو بەشێوەیەک، کە زۆرتریننیان (نەمریی روح و نەفس)  دەگرێتەوە ، بەڵام ئەوەی لەئەفسانەکاندا هاتووە ، بەدوای نەمریی جەستەیی دا دەگەڕێن، هەر بۆیە تائێستا سێ جۆر نەمریی دەسنیشان کراوە .

١-نەمریی جەستەیی ،٢-نەمریی گیانی – روحی، ٣-نەمری بەناو.

ئەفسانەی میر مح : ئەفسانەیەکی یەکجار کۆنەو هێمای چەندین ئایینی کۆن و رابردووی لەخۆدا هەڵگرتووە ، ئێمە لێرە ناچینە ناو ئەو گەنگەشە نەبڕاوەییەی فەیلەسوفەکان و پیاونی ئایینەکان، چ ئەو فەیلەسوفانەی بیرۆکەی نەمریی رەتدەکەنەوە وەک ئەوەی دیڤید هیوم دەڵێ: ( ئەگەر مردن نەبوایە مرۆڤایەتی نەدەما!) و چ ئەو پیاوە ئایینیانەی بەجۆرێک لە جۆرەکان بڕوایان بەجۆرێک لەنەمریی هەیە، ئێمە لێرە تەنیا قسە لەنەمریی نێو ئەفسانەی میر مح دەکەین.

هێما ئایینیەکان لەنێو دەقی میر مح دا:

یەکەم : باوکی میر مح ، میر مح دەخاتە نێو کۆشکیکی تاریک بۆ ئەوەی هیچ لەبارەی خراپەو مردن نەزانێ، ئەمە بەلای ئێمەوە هێمای سەردەمی تاریکی وهیچ نەزانین و بێئاگایی وبیرنەکردنەوەی مرۆڤە لەمردن و نەمریی.

دووەم: میرمح کە تیشکی خۆر دەبینێ دەیهەوێ بیگرێ و لەئەنجام دا دێتە دەرەوە لەکۆشکی تاریک و رۆژو رووناکایی دەبینێ و چاوی دەکرێتەوە، ئەمەش هێمایە بۆ سەردەمی ئایینی (خۆرپەرستی – میهرپەرستی) کە ئایینێکی کۆنەو سەردەمێکی زۆر زۆربەی رۆژهەڵات و جیهانی گرتبووەوە. هەر ناوێ میرمحیش بەڕای ئێمە لەبنەڕەتدا (میرمیهر) ە.

سێیەم: سێ سێو کە پەریەکان دەیدەن بە میر مح وەختێ دەیەوێ بگەڕێتەوە ماڵی باوکی و دەڵێن ئەو سێوانە مەچووێنە، چۆن هەتا ئەو سێ سێوانەت لابێ نەدەمری و نە نەخۆش دەکەوێ و نە پیردەبی و هەمیشە بەگەنجی دەمێنیتەوە، بەڕای ئێمە ئەم سێ سێوە هێمای سێینەی زەردەشتیانە کە دەڵی: ( بیری چاک، گوفتاری چاک ، کرداری چاک) دیسان دەکرێ هێمای سێیینەی مەسیحیەت و هەتا رادەیەکیش یەهودییەت  بێت (باوک و کوڕو گیانی قدوس)

چوارەم: کە باوکی میر مح ، میرمح دەخاتە نێو کۆشکە تاریکەکە،( سەیداو ئاخوندی ) بۆ دێنێ بۆ ئەوەی فێری دەستوری ئایین و ژیانی بکەن، سەیداو ئاخوند زۆرتر هێمای پیاوی ئایینی موسلمانەتین، دیسان کە میر مح لەئەنجامی گەڕان بەدوای جێگایەک کە مردنی تێدا نەبێت دەگاتە ( بەهەشتی پەریان) بەهەشتی پەریانیش زۆرتر ڕەهەندێکی ئیسلامی هەیە.

پێنجەم: بیرۆکەی گەڕان بەدوای نەمریی ، نەمریی بە جەستەو لەسەر دنیا، بیرۆکەی ئایینە کۆنەکانە ئەوانەی بڕوایان بە نەمریی خوداوەندەکان هەبوو، ئەو خوداوەندانەی وەک پاشا دەژیان ، کە میر محیش باوکی پاشا و خۆشی کوڕە پاشابوو، ئەمەش هێمایە بۆ دەسەڵاتداری و پاشایەتی و خوداوەندیە، لە کاتێکدا کە ئەفسانەکەش بۆ خۆی رەهەندێکی یەکجار کۆنی هەیە .

گەڕانی میر مح بەدوای شوێنێک کەمردنی تێدا نەبێت

- میر مح کە لەکۆشکە تاریکەکە دێتە دەرەوە جەنازەی مردووێک دەبینێ کە دەیبەن دەیشارنەوە، دەپرسێ ئەمە چیە ؟ دەڵێن ئەمە مرۆڤەو مردووە. دەپرسێ مردن چیە؟ دەڵێن: مردن ئەوەیە هەموو کەس دەبێ بمرێ! دەڵی منیش دەمرم؟ دەلێن بەڵێ ، میرمح دەڵی: من دەچمە جێگایەک مردنی لێ نەبێت! پێی دەڵێن: هیچ جێگایەک نیە کە مردنی لێ نەبێ . میر مح گوێ بەم قسەیە ناداو سەرههڵدەگرێ و دەڕوا.

- لە یەکەم قۆناغ میر مح تووشی جوتیارێک هات کە جووتی دەکرد ، گوتی ها میرمح دەچیتە کوێ؟ گوتی دەچمە جێیەکی کە مردنی لێ نەبێت! گوتی میر مح هیچ جێگایەک نیە مردنی لێ نەبێت، وەرە مەڕۆ ئەو دەشتە بەرینە دەبینی کە من جووتی تێدا دەکەم، هەتا جووتەکە تەواو نەبیت من نامرم ، ئەوا خەتی ئەخیریم ماوە، پاش ئەو خەتە جووتە من دەمرم تۆش من بخە قەبرەوەوبا رووم لەڕۆژێ بێت وئەوسا بڕۆ. جوتیار دوا خەتی جووتی کردو گیانی سپارد. میرمح جوتیارەکەی خستە گۆڕو رۆیشت.

- لەقۆناغی دووەم تووشی سیمرخ هات ، سیمرخ گوتی: میر مح دەچیتە کوێ ؟ گوتی دەچمە جێگایەکی مردنی لێ نەبێت! سیمرخ گوتی ئەو جێگایە  نیە وەرە تۆ ئەم دۆڵە دەبینی پڕ بوو لە (گاڕس- زوڕات-دەرە) هەر رۆژی دەنکێکم دەخواردو بەمە تەمەنی خۆم درێژکرد، ئێستاش یەک دەنکم ماوەو دەمرم، تۆش من بشارەوەو بڕۆ..، میرمح سیمرخیشی لەگۆڕناو ڕۆیشت .

- میرمح رۆیشت و تووشی (بەهەشتی پەریان) هات، پەری ئەویان بردە بەهەشتی و میرمح ئەمەی بەدڵ بوو، یەكی لە پەریەکان بە میر محی گوت : تەنیا سەر ئەو دارە مەکەوە خەتەرە .                           -میر مح هەزاران ساڵ لەو بەهەشتە هەر بەگەنجی مایەوە، نەپیردەبوو نە نەخۆش دەکەوت و نە دەمرد، نەک هەر بۆ خۆی هەتا ئەسپ و تاژیەکەشی چۆن بوون هەروا مابوونەوە.

- میر مح رۆژێک سەر ئەو دارەکەوت کە لێی قەدەغە کرابوو، دار بەرزبووەوە بەرز بووە و هەتا میر مح وڵات و شاری خۆی لێ دەرکەوت ، کەوتە بیری دایک و باوک و کەسوکارو وڵاتی ، دار نزم بووەو میر مح هاتە خوارەوەو دەستی بەگریان کرد. پەری هاتن گوتیان بۆ دەگرێی ، دیارە سەر ئەو دارە کەوتوووی ؟ گوتی دەچم سەرێک لە دایک و باوکم دەدەم. گوتیان هەزاران ساڵ بەسەر باوک و دایکتدا رابردووەو ئێستا کەسیان نەماوە . میرمح پێداگری کردو گوتی هەر دەچمەوە. پەریەکان سێ سێویان دایێ و گوتیان ئەو سێوانە نەدۆڕێنی، هەتا ئەو سێوانەت لابێ نامری.

- میرمح سواری ئەسپ بوو رۆیشت تا گەیشتەوە شاری خۆی ، چوو لە بەردەرگای ماڵی پاشا راوەستاو بانگی خولامانی کرد ، کەس بە دەنگیەوە نەهات! پرسی ئەوە دایک و باوکم لەکوێن بۆ نایەنە پێشوازیم؟ کەس ئەوی نەناسیەوە، پاشا سەرسام بوو هیچ تێنەگەیشت و بەدوای پیرێکی دنیادیدەی نارد ، پیرە هات و بەسەرهاتی میر محی پرسی ، گوتی : لە حەقایەتان دەگێڕنەوە کە کاتی خۆی کوڕە پاشایەک لەمردن هەڵاتوەو بەدوای جێگایەک داگەڕا کە مردنی تێدا نەبێت، دیارە ئەمە ئەو لاوەیە. میر مح کەکەس نەیناسیەوە بەناچاری گەڕاو بۆ بە هەشتی پەریان .

- لەڕێگا پیرێک هاتە پێش میر مح و گوتی: لاوۆ بۆنی سێو دێت من کچەکەم زۆر نەخۆشە، کەوتمە بەختی تۆ سێوێکم بدەرێ، بەڵکو کچەکەم چاک بێتەوە، میرمح سێوێکی دایێ، یەکسەر پیری لێ بەدەرکەوت کەمێکی تر رۆیشت پیرە خۆی گۆڕی و گوتی :لاوچاک منداڵەکەم نەخۆشە داوای سێو دەکات، بۆنی سێوت لا دێت، سێوێکم بدەرێ با منداڵەکەم نەمری، میر مح سکی پێی سووتاو سێوێکی دایە ئەویش، ئەم جارە میر مح یەکجار پیرتر بوو، جارێکی تر پیرە خۆی گۆڕی کردو دیسان گوتی: کوڕەکەم نەخۆشەو داوای سێو دەکات، چاکەیەکم لەگەڵ بکەو سێوێکم بدەرێ، ئەوکاتە میر مح نزیکی بەهەشتی پەریان بوو، پەری هاواریان کرد میر مح نەیدەیتێ ..میرمح گوێی هیچی نەدەبیست، سێوی سێیەمیشی دایە پیرە، هەر ئەوەندە بێ سێو مایەوە، یەکسەر مرد. ئەو مردو ئەسپ و تاژیەکەشی گیانیان لەدستدا. پەری هاتن میر محیان خستە گۆڕ.

هێماکانی نەمریی:

یەکەم : جوتیار گوتی هەتا کێڵانی ئەو زەویە مابێت من نامرم، لەگەڵ دوا خەتە جووت جوتیار گیانی سپارد. کارکردن هۆیەکە بۆ تەمەندرێژی.

دووەم : سیمرخ گوتی ئەم دۆڵە پڕە لە گاڕس – دەرەیە، من هەر رۆژ دەنکێکی دەخۆم و تەمەنی خۆم بەم گاڕسە درێژکردووە، ئێستا دوا دەنکم لەدەم دایە، بیخۆم دەمرم. خواردن هۆیەکە بۆ تەمەندرێژی.

سێیەم : میر مح هەتا سێوەکانی پێ بوو نەدەمرد، لەگەڵ نەمانی هەر سێوێک میرمح پیرو پیرتر دەبوو، تا لەگەڵ نەمانی دوا سێو ئەویش گیانی سپارد.

ئەم ئەفسانەیە چیمان پێ دەڵێ؟

یەکەم: بیرۆکەی ترسان لەمردن و گەڕان بەدوای نەمریی دا زۆر کۆنە.

دووەم: چەند هۆیەک هەن تەمەندرێژ دەکەن  ا- کارکردن و زەوی کێڵان ب- خواردنی گاڕس – دەرە .

سێیەم : شوێنێک هەیە بەناوی بەهەشتی پەریان کەمردنی لێ نیە!

چوارەم: سێو هەیە کە هەتا ئەو سێوانەت لابێت نامرێ .

پێنجەم : بەزەیی مرۆڤ خاڵی لاوازییەتی، کە بووە هۆی لە دەستدانی سێوەکان بۆ میر مح.

شەشەم : مردن بەشی مرۆڤەو هەرچی بکات دواجار دەبێ بمرێ.

حەوتەم: بەهەشتی پەریان هێمایە بۆ بەهەشتی ئایینەکانی زەردەشتی و یەهودیەت و مەسیحیەت و ئایینی ئسلام ، کە لەو دنیا ژیان تییدا هەمیشەییە.

هەشتەم: لە ئەفسانەی میرمح وەک گلگامش دەرکەوت مرۆڤ بەجەستە ناتوانێ نەمربێ.

بازنەی سەرەتاو ئەنجام : ١- ترسی باوک بۆ مردنی کوڕەکەی خستنیە نێو کۆشکێکی تاریک ٢- بینینی تیشکی خۆرو خۆری ئاسمان ٣- بینینی جەنازەو ترسان لەمردن ٤- گەڕان بەدوای شوێنێک مردنی لێ نەبێت ٥- رۆیشتن ٦- ئامۆژگاری جوتیارو سیمرخ ٧- گەیشتن بە بەهەشتی پەریان کە مردنی لێ نیە ٨- ئامۆژگاری لەچوونە سەر داری خەتەر ٩- تێپەڕینی هەزاران ساڵ  ١٠- چوونە سەر داری قەدەغەو بینینی شارو ماڵی خۆی ١١- بڕیاری گەڕانەوە ١٢- وەرگرتنی سێوو ئامۆژگاری ١٣- گەیشتنە شارو کەس نایناسێتەوە ١٤- پەشیمان بوونەوەو بڕیای گەڕانەوە ١٥- دۆڕاندنی سێوەکان بەهۆی سۆزی مرۆڤبوون ١٦- مردن .

دوا وشە : وەک لەسەرەتا گوتمان بەهۆی کۆنی فۆلکڵۆرو کلتورو ئایینی ئێزیدییەکان و کوردی بوونی زمانی ئایینەکەیان، ئەفسانەیەکی زۆرو گرنگیان هەیە، ئەو ئەفسانەو فۆلکڵۆرە شایانی کۆکردنەوەو لێکۆڵینەوەی وردو زانستییە، ئەگەر ئەمە بکرێ دەستمان بەزۆر بیرۆکەی فەڵسەفی و ئایینی یەکجار کۆنی کورد رادەگات و دەبێتە هۆی دەوڵەمەندی زیاتری کلتورەکەمان، چۆن ئەفسانەی ئێمە هیچی لەئەفسانە ناسراوەکانی جیهان کەمتر نیە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار