غازی کوردستانو تورکیا
سەردار عزیز
3 ساڵ لەمەوپێش
سەردار عزیز
لەگەڕانەوەی لەئۆکرانیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رستەیەکی ئاڵۆزی فڕێدا. رستەکەی لەکاتێکدا بوو کە چەند رۆژێکی کەمی پێشتر لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا کۆبوونەوەی هەبوو. ئەردۆغان بەڕۆژنامەنووسانی گوت گوایە سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێی وتووە: بۆ چارهسهركردنی گرفتی گازی سروشتی، لهگهڵ حكومهتی ناوهندو سهرجهم لایهنه پهیوهندیدارهكان گفتوگۆ دهكات. ئەم ڕستەیە لە چەند لایەکەوە شایانی لێکۆڵینەوەیە. یەکەم ئاست ئەوەیە کە ئێستا کە زستانێکی سەختە لەناوچەکە، ئێران وەک یەکێک لەوڵاتانی دابینکەری غازی سروشتی بۆ تورکیا بۆ ماوەی دە رۆژ غازی لەتورکیا بڕی.
ئەگەر هەرێم و تورکیا گرێبەست بکەن ئەوا نابێت لە بیست ساڵ کەمتر بێت. ئەم پەیوەندییە لەگەڵ وڵاتێکدا کە ناتوانێت ناوی کوردستان گۆ بکات بێ کێشە نیە. لەهەمانکاتدا ئایا ئەمە بەشێکە لەئەو گرێبەستەی کە لەساڵی ٢٠١٣ لەنێوان هەرێم و تورکیادا واژۆ کراوەو بەڕێککەوتنی پەنجا ساڵە دەناسرێت، کە هەتا ئێستا ناوەڕۆکەکەی بۆ زۆرینە بەنهێنی ماوەتەوە
بڕینی غازەکە خوێندنەوەی جیاوازی بۆ کرا، هەر لەسەرمای ئێران و زیادبوونی پێداویستی ناوخۆیی، هەتا بەکارهێنانی غاز وەک کارتی فشار لەلایەن ئێرانەوە لەسەر تورکیا، بەتایبەتی پاش نزیکبوونەوەی زیاتری تورکیا لەکەنداوو دەستوەردانی زیاتری لەسیاسەتی عێراق . دیارە بەکارهێنانی غاز وەک کارتی جیوپۆلەتیکی و سیاسی کارێکی نەکردەو نوێ نیە. روسیا کە دۆستێکی ئێرانە، بەردەوام ئەو کارە دەکات. لێرەدا ئێمە گومانمان هەیە لەوەی کەئێران ئامانجی ئەوە بووبێت کە فشار بخاتە سەر تورکیا، چونکە لەهاوسەنگی هاوکێشەکاندا ئێران زیاتر پێویستی بەفرۆشتنی غاز هەیە، لەبەر ئابلۆقە و پێداویستی بەدراوی سەخت و پەیوەندی دەرەکی، هەتا تورکیا. رەنگە بڕینی غاز کاریگەری کورتخایەنی هەبێت، بەڵام لەمامناوەندا بەزیانی ئێران دەشکێتەوە. گرێبەستی ئێران و تورکیا دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی نەوەدەکان بەتایبەتی سەردەمی هاتنی نەجمەدین ئەربەکان، کە بەلای ئێرانەوە وەک وەرچەرخانێکی پۆزەتیڤ لەسیاسەتی ئەو وڵاتەدا دەبینرا. تەمەنی کورتی سیاسی ئەربەکان هەر ئەوەندەی پێکرا کە رێککەوتنەکە واژۆ بکات. بەهاتنی ئاکەپە لەسەرەتای دوو هەزارەکانەوە زەمینەی ئەوە سازا کەڕێککەوتنەکە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
تورکیا وەک کۆمەڵگایەک هەتا بێت زیاترو زیاتر غازی شل بەکاردەبات، بەهۆکاری زۆربونی دانیشتوان و بە شاربوون و گەشەی ئابوری لەچەند دەیەی رابووردودا. رێککەوتنەکەی ئێران و تورکیا هەرگیز بێ کێشە نەبووە، هەر لەسەرەتاوە ئەمریکا پێی ناڕازی بوو، بەردەوام کێشەی بەردەوامیی هەبووە. رێککەوتنی ئێران و تورکیا لەچەند ساڵی رابووردودا بەرەو کۆتایی دەچێت. بەپێی زانیارییەکان ئەمریکاییەکان پێیان باشە کە غازی هەرێم بکەوێتە کێبڕکێوە لەکاتی تەواوبونی ئەو گرێبەستە. وەزارەتی وزەی ئەمریکی هەڵسەنگاندێکیان بۆ غازی هەرێم کردووە لەمبارەوە. مەبەستمان لە پێدانی ئەم پاشخانە ئەوەیە هەتا زەمینە بسازێنین بۆ تێگەیشتن لەلێدوانەکەی ئەردۆغان. ئایا ئەردۆغان لەبەر کام لەم هۆکارانەی خوارەوە ئەم لێدوانەی لەم کاتەدا دا:
یەکەم، وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی ئەو فشارەی کە لەناوخۆدا لەسەریەتی، چونکە لەئەنجامی بڕینی غازی ئێرانی نرخی غاز دوو قات بەرزبووەتەوە لە وڵاتداو تورکیاش لەساتێکدایە کە بەهۆی هەڵاوسانەوە، نرخی دراوەکەی هێندە دابەزیوە کە خەڵکێکی زۆر ناتوانن نانی وشکیان بەئاسانی دەستبکەوێت. سەرەگرتن بۆ نان یەکێکە لە دیاردە بڵاوەکانی ئەم سەردەمەی ئەو وڵاتە. ئەردۆغان ئاشنایە بەو جۆرە یاریە میدیاییە کە چۆن سەرنج لەسەر پرسە سەرکییەکان بگوێزێتەوە بۆ پرسی تر. ساڵانێکی زۆرە بە پرسی لاوەکی جەماوەرە باوەڕدارەکەی فریو دەدات.
دووەم، ئایا ئەردۆغان مەبەستی ئەوەیە کە پەیامێک بۆ ئێران بنێرێت کە، ئەگەر خۆشی پێویستی بەغازبێت، غازی تورکیا نەبڕێت، چونکە ئەلتەرناتیڤ هەیە، کە غازی کوردستانە.
سێیەم، ئایا ئەردۆغان بەڕاستی مەبەستی ئەوەیە کە غازی هەرێم و لە داهاتوودا عێراقیش، بکاتە سەرچاوەی وزەی خۆی. دیارە غازی هەرێم بەبڕێکی کەم دەتوانرێت لەماوەی کەمدا بگاتە سنوری تورکیا، بەڵام غازی عێراق، ئەگەر هەبێت پێویستی بەکات و سەرمایەی زۆرە.
چوارهەم، ڕەنگە ئەردۆغان مەبەستی هەموو ئەمانە بێت، لە هەمانکاتدا. پرسیارێکی تر لێرەدا خۆی قوت دەکاتەوە ئەوەیە کە ئایا غازی هەرێم دەتوانرێت بگەیەنرێتە تورکیا؟ لەڕۆژانی رابووردودا سایتی ناسراوی راپۆرتی نەوتی عێراقیIraq oil report ، راپۆرتێکیان بڵاوکردەوە کە بۆری غاز بەرەو سنوری تورکیا دەکێشرێت. ئامانجی یەکەمی ئەم بۆریە دابینکردنی غازە بۆ ویستگەی کارەبای دهۆک و پاشان گەیاندنی بە تورکیا. پرۆژەی غازی هەرێم بڕێکی زۆر لەکێشەی هەیە، لەوانە سەرمایە، پاککردنەوە و چۆنیەتی مامەڵەکردن لە گەڵ ئەو ماددە کیمیاویانەی کە لەئەنجامی پاککردنەوە دەردەهاوێژرێت. لە هەمانکاتدا پرسی بازاڕ پرسێکی سەرەکی بووە بۆ راکێشانی سەرمایە. هەتا ماوەی رابوردوو عێراق وەک بازاڕێک دەبینرا بەتایبەتی لە بواری پێداویستی کارەباداو بەکارهێنانی غاز بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا. ئەمریکاییەکان فرۆشتنی غازی هەرێمیان بە تورکیا پێباشە، چونکە دوو ئامانجیان بۆ دەپێکێت، یەکەم، سەرچاوەیەکی دارایی بۆ هەرێم دابین دەکات، کە فشاری دارایی لەسەر ئەمریکا کەمدەکاتەوە، وەک هاوپەیمانێک لەشەڕی تیرۆردا. ئەگەر هەرێم توانای خۆبژێوی هەبێت ئەوا پێگەی باشتر دەبێت لەپەیوەندی لەگەڵ ئەمریکادا، بە تایبەتی لەکاتێکدا کەئەمریکا دەخوازێت لەڕووی دارایی و سەربازییەوە ئاستی تێوەگلانی لە ناوچەکەدا کەمبکاتەوە.
رێککەوتنی ئێران و تورکیا لەچەند ساڵی رابووردودا بەرەو کۆتایی دەچێت. بەپێی زانیارییەکان ئەمریکاییەکان پێیان باشە کە غازی هەرێم بکەوێتە کێبڕکێوە لەکاتی تەواوبونی ئەو گرێبەستە. وەزارەتی وزەی ئەمریکی هەڵسەنگاندێکیان بۆ غازی هەرێم کردووە لەمبارەوە. مەبەستمان لە پێدانی ئەم پاشخانە ئەوەیە هەتا زەمینە بسازێنین بۆ تێگەیشتن لەلێدوانەکەی ئەردۆغان
لەلایەکی ترەوە فشار لەسەر ئێران زیاتر دەکات، بەتایبەتی ئەگەر هاتوو نەگەشتنە رێککەوتن لەبواری چەکی ئەتۆمیدا. چونکە بەرنامەی ئەمریکا ئەوەیە کە نابێت ئێران ببێت بەخاوەن چەکی ئەتۆمی، بەهیچ جۆرێک . رەنگە هۆکارێکی ئاسانکاری تر لەم بوارەدا ئەوەبێت کە تورکیا لەگەڵ ئیماراتدا پەیوەندی باش بووە. وەک دەزانرێت کە کۆمپانیای گەورە بواری غاز لەهەرێم دانا غازە کە بنکەکەی لەوڵاتی ئیماراتە. وەک هەندێک سەرچاوە ئاماژەیان پێدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان میانگیربووە لە نێوان ئیمارات و تورکیادا، رەنگە پاڵنەری ئەم کارە غاز بووبێت. کەواتە ئەگەری ئەوە هەیە کە بتوانرێت غازی هەرێم بگەیەنرێتە تورکیا. بەڵام دەبێت ئەوە بزانرێت کە غازی هەرێم ناتوانرێت ببێت بە بەدیل بۆ هیچ کام لەسەرچاوەکانی غازی تورکیا. تورکیا لەڕوسیا و ئازەربایجان و ئێران و جەزایرو نەیجیریاوە غاز هاوەردە دەکات. بەم پێیە هەرێم ئەگەر ئەڵتەرناتیڤ نەبێت ئەوا سەرچاوەیەکە بۆ فرەکردنی سەرچاوەکان، دایڤێرسفای . لەماوەی رابوردودا نوێنەری پێشوی یەکێتی ئەوروپا لەکوردستان لە تویتێکدا ئاماژەی بەئەوەدا کە دەبوو یەکێتی ئەوروپا پاڵپشتی گەشەی غازی کوردستانی بکردایە لەبری هاوکاری دارایی لەهەندێک بواردا کە هیچ سودێکیان نەبووە. بەقسەی ئەو ئەوکاتە هەرێم دەبووە خاوەن داهاتی خۆی و سەرچاوەیەکی تری غازیش لەسنوری ئەوروپا زیادی دەکرد. دیارە ساڵانێک لەمەوپێش ئەوروپا لەڕێگای نابۆکۆوە پلانی ئەوەی هەبوو کە سود لەغازی هەرێم ببینێت، بەڵام ئەو پرۆژەیە مرد.
لەلایەکی ترەوە کاتێک لەسەروبەری شەڕی داعشدا هەرێم پێویستی بەپارەبوو، روسەکان ئەو دەرفەتەیان قۆستەوەو هاتنە ناو پرۆسەی غازی هەرێمەوە. هاتنی روسەکان بەئامانجی ئەوەبوو، هەتا ئەگەر بوونی هەرێم بەسەرچاوەیەکی غاز، لە دەرەوەی روسیا بۆ ئەوروپا بکوژن. هەتا ئاستێک لەو بوارەدا سەرکەوتوبوون . ئایا پاش نەوت، گەیاندنی غاز بۆ تورکیا مانای چیە؟ غاز وەک نەوت نیە بەئاسانی بگوێزرێتەوە، بەگشتی پێویستی بەبۆری و تێچوون و ئینشورانسی زۆرە. لەبەرئەوانە گرێبەستی غازی هەمیشە گرێبەستی درێژخایەنن. بەم پێیە ئەگەر هەرێم و تورکیا گرێبەست بکەن ئەوا نابێت لە بیست ساڵ کەمتر بێت. ئەم پەیوەندییە لەگەڵ وڵاتێکدا کە ناتوانێت ناوی کوردستان گۆ بکات بێ کێشە نیە. لەهەمانکاتدا ئایا ئەمە بەشێکە لەئەو گرێبەستەی کە لەساڵی ٢٠١٣ لەنێوان هەرێم و تورکیادا واژۆ کراوەو بەڕێککەوتنی پەنجا ساڵە دەناسرێت، کە هەتا ئێستا ناوەڕۆکەکەی بۆ زۆرینە بەنهێنی ماوەتەوە.
کاتێک لەسەروبەری شەڕی داعشدا هەرێم پێویستی بەپارەبوو، روسەکان ئەو دەرفەتەیان قۆستەوەو هاتنە ناو پرۆسەی غازی هەرێمەوە. هاتنی روسەکان بەئامانجی ئەوەبوو، هەتا ئەگەر بوونی هەرێم بەسەرچاوەیەکی غاز، لە دەرەوەی روسیا بۆ ئەوروپا بکوژن. هەتا ئاستێک لەو بوارەدا سەرکەوتوبوون