بانگه‌واز له‌سه‌ر پڕۆژه‌ قانونی "په‌روه‌رده‌ و فێركاری هه‌رێمی كوردستان"

سامان ساڵح فه‌ره‌ج

3 ساڵ لەمەوپێش



سامان ساڵح فه‌ره‌ج

له‌م كورته‌ نووسینه‌دا سه‌رنجتان بۆ بابه‌تێكی گرنگ و چاره‌نووسساز راده‌كێشم، كه‌ ئه‌ویش پڕۆژه‌ قانونی"په‌روه‌رده‌ و فێركاری هه‌رێمی كوردستان"ـه‌‌. خوێنه‌ر و دایك و باوكی به‌ڕێز، مامۆستای خۆشه‌ویست، په‌رله‌مانتارانی هه‌رێمی كوردستان، هه‌ر تاكێكی ئه‌م وڵاته‌ كه‌ خۆت به‌ خه‌مخۆری خۆت و منداڵ و وڵاته‌كه‌ت ده‌زانی؛ لێره‌وه‌ بانگه‌وازتان بۆ ده‌كه‌م كه‌ به‌ هه‌ر رێگه‌یه‌ك ده‌توانن، سه‌رنجتان بخه‌نه‌سه‌ر "پڕۆژه‌ قانونی په‌روه‌رده‌ و فێركاری" كه،‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمی كوردستان، دایناوه‌ و له‌ په‌رله‌مانی كوردستان خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كراوه‌.

پڕۆژه‌ قانونه‌كه‌ بۆچی گرنگه‌؟ له‌هه‌رێمی كوردستان، نزیكه‌ی دوو ملیۆن خوێندكار هه‌ن، جگه‌ له‌ زیاتر له‌ 120 هه‌زارمامۆستا و فه‌رمانبه‌ری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و هاوكات منداڵی باخچه‌ی ساوایان و خوێندكاری په‌یمانگه‌كانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، ئه‌م ژماره‌یه‌ ده‌كاته‌ نزیكه‌ی 45%ی كۆی دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان، واته‌: قانونی داهاتووی "په‌روه‌رده‌و فێركاری" به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ نزیكه‌ی له‌45%ی دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێته‌وه ‌و ناڕاسته‌وخۆش ماڵ به‌ماڵی هه‌ر كه‌سێمان په‌یوه‌ندیداره‌ به‌م قانونه‌وه‌، به‌جۆرێكی دیكه‌، ده‌توانین بڵێین؛ ئه‌م قانونه‌ قانونێكی بنه‌ڕه‌تیی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌و ره‌هه‌ندی ستراتیژیی هه‌یه ‌و هه‌مووان لێی به‌رپرسین.

ئه‌گه‌ر قانونێك هێنده‌ گرنگ بێت، كه‌واته‌: ده‌بێت هه‌مووان له‌ ئاستیدا قسه‌و سه‌رنجمان هه‌بێت، هه‌ر كه‌س و لایه‌نه‌ی به‌گوێره‌ی تایبه‌تمه‌ندی و لێزانینی، ئه‌وه‌شی له‌م نێوه‌نده‌دا زۆر گرنگه‌، خه‌ڵكانی تایبه‌تمه‌ند و دڵسۆزی گه‌ل و وڵاتن، چونكه‌ مه‌رج نییه‌ هه‌موو دایك و باوكێك، یان توێژی به‌ركه‌وته‌ی راسته‌خۆی قانونه‌كه‌ كه‌ (خوێندكاره‌) بتوانن له‌سه‌ر ئه‌م قانونه‌ قسه‌بكه‌ن.

بۆیه؛ ‌زۆر گرنگه‌ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م په‌رله‌مانی كوردستان، وشه‌ به‌ وشه‌ی ئه‌م قانونه‌ بخاته‌ به‌ر سه‌رنجی وردی هۆشیاری و زانستی قانونی و بیركردنه‌وه‌ی ره‌خنه‌گرانه‌، به‌ ئامانجی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی ئێستا و داهاتوی نیشتمانی كوردستان. به‌ڕێزان: ئه‌م پڕۆژه‌ قانونه‌، له‌ بێده‌نگی و به‌شداری پێنه‌كردنێكی نا ڕه‌وادا نووسراوه‌، به‌شداری سیاسیی و ئاگاداربوونی خه‌ڵك له‌ پڕۆژه‌ قانونه‌كان، مافێكی ده‌ستوری و دیموكراسییه‌، ناكرێت چه‌ند فه‌رمانبه‌رێك له‌بری هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان گرنگترین قانون بۆ میلله‌تێكی داگیر و دابه‌شكراو دابنێن.

ئه‌م پڕۆژه‌ قانونه‌:

1- لاوازه‌ له‌ ڕووی ستراكچه‌ر و زمانی نووسینی قانون.

2- سروشتی (رێنمایی) به‌سه‌ریدا زاڵه‌، چونكه‌ فه‌رمانبه‌ری ئاسته‌كانی خواره‌وه‌ی دامه‌زراوه‌كانی جێبه‌جێكردن، دایناوه‌، نه‌ك قانون داڕێژه‌ری كارامه‌.

3- كۆی "پڕۆژه‌ قانونه‌كه‌" باڵاده‌ستی كارگێڕیی و به‌رژوه‌ندی حكومه‌تی وه‌ك ده‌زگای جێبه‌جێكردن به‌سه‌ردا زاڵه‌.

4- پرؤژه‌ قانونه‌كه‌، خۆی به‌ دورگرتووه‌ له‌ بابه‌ته‌ هه‌ستیاره‌كانی كه‌ چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌ نه‌وه‌ی ئاینده‌ی خوێنده‌واری كورد.

5- پڕۆژه‌ قانونه‌كه‌، ئاراسته‌ی گشتیی هزری سه‌رمایه‌داریی (به‌ره‌و بازاڕ- شوێنكه‌وتنی بازاڕ) تێیدا ره‌نگیداوه‌ته‌وه‌.

6- پڕۆژه‌ قانونه‌كه‌، باسی خێزان، وه‌ك ناوه‌ندێكی گرنگی پاڵپشتی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ و فێركردن ناكات.

7- پڕۆژه‌ قانونه‌كه‌، ره‌وایه‌تی به‌ دابه‌شبوونی سیاسیانه‌ی زمان داوه‌ له‌ به‌ركاهێنانی هه‌ردوو چه‌مكی "قوتابی" و"خوێندكار".

8- ئه‌م پڕۆژه‌یه‌، به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واو، لایه‌نی په‌روه‌رده‌ی پشتگوێخستووه‌و زۆرتر جه‌خت له‌سه‌ر "فێركاری" ده‌كاته‌وه‌.

ئه‌م سه‌رنجانه‌و ده‌یان سه‌رنجی دیكه،‌ له‌سه‌ر پڕۆژه‌ قانونه‌كه‌ هه‌ن، كه‌ پێویسته‌ له‌ ناوه‌نده‌كانی راگه‌یاندن و دامه‌زراوه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان، گفتوگۆی چڕی له‌سه‌ر بكرێت. به‌هیوام، ئه‌م پڕۆژه‌ قانونه‌، به‌ هه‌ند وه‌ربگیرێت، چونكه‌ زۆر گرنگتره‌ له‌و پڕۆژه‌ قانونانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ سامانه‌ سروشتییه‌كان و داهات و له‌ لوتكه‌ی ئه‌و بابه‌تانه‌دایه‌ كه‌، پێیان ده‌وترێت ره‌هه‌ندی نیشتمانییان هه‌یه‌.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار