لە دەستدانی بینین (مەرگی رەیان؛ کارەسات لە چاوی ئەوانی ترەوە)
جواد خەلیل
3 ساڵ لەمەوپێش
جواد خەلیل
هەواڵێک دەبێتە رۆژەڤ، منداڵێکی پێنچ ساڵان لە مەغریب دەکەوێتە نێو چاڵێکەوە و هاوسۆزییەکی گەورەی جیهانیی بەدوای خۆیدا دێنێت، لە تەواوی جیهان خەڵکی چاوەڕوانی رزگاربوونی ئەم منداڵە دەکەن و دواییش کە گیان لە دەستدەدات هەمووان پێی دڵتەنگ و غەمگین دەبن. لە بەرکەوتنی یەکەمماندا بەم هەواڵە، سەرسامیی ئەم هاوغەمیی و هاوسۆزییە گەورەیە دەبین و بەشتێکی دەگمەن و سەرنجڕاکێشی دەبینین و لەوانەشە بڵێین مادامەکێ جیهان هێشتا خاوەنی ئەم هاوسۆزییە گشتیەیە، کەواتە مرۆڤایەتیی هێشتا نەبۆتە یەکەیەکی بێ رەحم و لەسۆزخراو. لێ کە کەمێک زیاتر بەدیار هەواڵەکەوە رادەمێنین و هەوڵی لابردنی دیوە کڵێشەییەکەی دەدەین، بۆمان دەردەکەوێت لە پشتی ئەم هاوسۆزییەوە دڵڕەقیی و بێ رەحمییەکی گەورە هەیە، کە دیوە نەبینراوەکەی هەواڵەکەیە. هەمیشە هاوسۆزیی لەدۆخی هەراسازییدا هاوسۆزییەکی ناتەواوە و لەپێناوی شاردنەوەی دیوە دڵڕەق و نامیهرەبانەکەی مرۆڤدایە؛ هاوسۆزییەکە زیاتر لە نمایشکارییەوە نزیکە وەک لەکاردانەوەیەکی سروشتییانە و پاکژ.
ئەم هاوسۆزییە نمایشکارییە لەچییەوە هاتووە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێت پێش هەموو شتێک لەدۆخی دونیای شەڕو میدیا تێبگەین، چونکە بێ تێگەیشتن لەم دووە ئەستەمە بتوانین بگەینە وەڵامێکی پوخت. سەدەی بیست و یەک بەکۆمەڵێک شەڕو کاولکاریی لە زۆرێک لە پنتە جیاوازەکانی نێو دونیادا دەستیپێکرد، ئەم شەڕانە هەرچەندە لە قورساییدا ئەوەندەی شەڕە گەورەکانی سەدەی بیست کاولکار و سەرتاسەریی نەبوون، بەڵام لەڕێی میدیاوە، لەڕێی تۆڕە بەرفراوانەکانی هەواڵ و گەشەسەندنی بەرچاوی دونیای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئینتەرنێتەوە، زۆر لەشەڕە گەورەکانی سەدەی بیست قورستر و مەترسیدارتر دەرکەوتن. میدیاو تۆڕەکانی پەیوەندی ئەوەندە خێرا کراون لە بەزوویی گەیاندنی هەواڵی مردن و شەڕو کوشتارەکاندا، کە گەر مرۆڤ بەهوشیارییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا نەکات، مەحاڵە بتوانێت لەداویان دەربچێت و نەبێتە بەشێک لەو جیهانە دڕندەیە. ئەو داوەی راگەیاندن لەڕێی هەواڵەکانی جەنگ و مەرگەوە بۆ ئێمەی دەنێتەوە، داوی ئاساییکردنەوە و سادەکردنەوە مردنە تراژیدییەکانە. میدیا لەڕێی بنەمای زۆر دووپاتەکردنەوەوە، زەحمەتترین رووداوەکان ئاسایی دەکاتەوە. جاران ئەگەر هەواڵی گیانلەدەستدانی کەسێکمان ببیستبا زۆر بەقووڵی رایدەچڵەکاندین؛ لێ ئێستا بەهۆی میدیاوە چیدی ئەم راچڵەکاندنانە نەماون و لەبری ئەوە هاوسۆزییەکی رووکەشانە جێی گرتووەتەوە. هەواڵەکانی کوشتن و مردن بەشێوەیەک ئاسایی کراونەتەوە، کە ئەگەر بە کەسێک بڵێی ئەمڕۆ 15 کەس لە تەقینەوەیەکدا مردوون زۆر بەئاسایی وەریبگرێت، یان لەباشترین حاڵەتدا ئاهێک هەڵبکێشێت و تەواو. ئەوانەی لەعێراقی دوای سەدام بەغدایان دیبێت دەزانن کە لەگەڵ تەقینەوە بەراییەکانی پایتەختدا خەڵکەکەی رادەچڵەکین و شۆک دەبوون، لێ هەر ئەوەندەی چەند جارێک ئەم هەواڵانە دووبارە کرانەوە و تەقینەوەکان زیادیانکرد، ئیدی ئەم هەواڵانە نەیاندەتوانی وەک سەرەتا شۆک دروست بکەن و خەڵکی بەغدایان رانەدەچڵەکاند! تەنانەت گەر لە بەغداد بە کەسێکت بگوتبا ئەمڕۆ ئەوەندە کەسە لە تەقینەوەیەکدا مردوون، تاقەتی نەدەبوو گوێبیستی هەواڵەکەشت بێت و زۆر بێباکانە لەمردنیان دەڕوانی. لەڕاستیدا شەڕ دۆخێکی دەروونیی سەخت و دڵڕەقییەکی گەورە بەرامبەر بەمرۆڤانی دی دێنێتە ئاراوە و راچڵەکین بە کارەسات و مردنە جەرگبڕەکان ناهێڵێت. ئەم دڵڕەقییە سیمایەکی شێوێنراوی بەخشیوەتە مرۆڤی نوێ، هەربۆیە مرۆڤی نوێ ناچارە لەڕێی بەردەوام پیشاندانی هاوسۆزییەوە، کار بۆ رێککردنەوە و جوان پیشاندانی ئەو سیما شێوێنراوە بکات و بە بەردەوامی رەتی بکاتەوە.
پرسیارێک و سێ وەڵام
لەسەردەمێکدا کە مردنی تراژیدیی بووبێتە کردەیەکی ئاسایی رۆژانە و بە بەردەوامی لەڕێی میدیاوە بەرکەوتنمان لەگەڵیدا هەبێت، بۆچی ئەم مەرگەی رەیان یان مەرگی منداڵانی دیکەی وەکو ئالان کوردی و دانەر، هاوسۆزییەکی گشتیی دەخوڵقێنن؟
بەسێ خاڵ دەشێت وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە:
1. مردنی تراژیدیی زۆر شێوازی هەیە، کوشتوبڕو جینۆساید و مەرگی جەرگبڕانە بەزۆر شێواز دەکرێت ببینرێن. بەڵام ئەوەی لە مەرگی ئەو سێ منداڵەدا جیاوازو شۆکهێنەرە، بوونیانە وەک رووداوێکی تاقانە و بێ پێشینە. رووداوگەلێکن کە پێشتر بە دەگمەن بینراون و هەبوون یاخود هەر نەبینراون، ئەگەریش بووبێتن بەم شێوەیە فۆکسی میدیایان نەخراوەتە سەرو راستەوخۆ نەگوازراونەتەوە بۆ ئێمە. واتا مردنی تراژیدیی بەشێوەیەکی جیاوازو دەگمەن، رەهەندە شۆکهێنەرەکەی هەواڵی ئەم مردنانەیە.
2. منداڵ لە زەینی گشتیدا هەمیشە بەشە پاک و بێگەردەکەی نێو ئەو دونیایەیە کە دەمێکە پاکێتیی خۆی لەدەستداوە و پڕە لەدزێوی و خراپەکاریی. منداڵ کە بەو پاکێتیەوە باجی بوونی مرۆییانەی خۆی دەدات لەنێو ئەم دونیا دزێوو خراپەکارەدا، ئازاری ویژدان هەمووان دێنێتە دەنگ و هەست بەو ستەمە گەورەیە دەکەن کە دەرهەق بە پاکێتیی و بێتاوانیی منداڵێک کراوە، لەوەش تێدەگەن کە هێشتا مردنی تراژیدییانەی وەها ماوە توانای ئەوەی تێدا بێت راچڵەکین و شۆکبوونی گەورە چێبکات.
3. مرۆڤی نوێ دەیەوێت وێنای بەرزەمرۆیی ببەخشێتە خۆی، لەڕێی دەرخستنی هاوسۆزییەکی دەستەجەمعییەوە بۆ رووداوە شۆکهێن و کارەساتبارەکان، ئەم هاوسۆزییە هێندەی هەوڵێکە بۆ پیشاندانیی ئەستۆپاکیی و بێبەریبوون لە تاوان، نیو هێندە هەوڵ نیە بۆ دەرخستنی هاوسۆزییەکی راستەقینە. کاتێک لە ئاستی تاوانێکدا هەمووان هاوسۆزییان پیشانداو تۆ دەرینەبڕیت دیارە بەلاتەوە ئاساییە و خاڵیت لەهەست و سۆزو بەزەیی. بۆ ئەوەی ئەمەش روونەدات خێراکە و هاوسۆزیی دەرببڕەو ببە بەشێک لەم هاوسۆزییە گشتیی و ساختەیە!
کێشەی لەدەستدانی بینین
زوومکردنی کێشە لەدونیای دیجیتاڵیدا وایکردووە کە ئێمە هەمیشه یەک نموونە ببینین و لەدیتنی نموونە بەرجەستە و دیارەکانی دی خۆمان بشارینەوە. لەنێو ئەم جیهانەدا تۆ تەنها ئەو شتانە دەبینیت کە میدیا زوومیان دەخاتە سەرو تەنها ئەوانە دەبنە کێشە کە لەچاوی میدیاوه کێشەن. میدیا وەک چۆن بینینت داگیر دەکات، ئاوهایش دەیەوێت گریان و هاوسۆزیی و غەمەکانیشت داگیر بکات. تۆ رەیان دەبینیت لەنێو چاڵەکەوە و چرکە بەچرکە میدیا بۆت دەگوازێتەوە، بەڵام چونکە هەمان میدیا رەیانەکانی دەوروبەری خۆت ناخاتە بەر دیدەت، تۆیش نایانبینیت. ئەمە چ واتایەک دەگەیەنێت؟ ئەمە واتای ئەوەیە تۆ بینینت لەدەستداوە، بینینی راستەقینە. چیدی ناتوانیت لە چاوی خۆتەوە شتەکان ببینی، بەڵکو چاوەڕێی چاوی میدیایت تاکو شتەکانت پێ پیشان بدات. میدیا بۆتە کڵێشەیەک بۆ تەواوی شتەکان و بەری بینینی گرتووی و تەنها رێگا بە دیتنی ئەو شتانە دەدات کە خۆی مەبەستیەتی و زیان بەئامانج و بەرژەوەندییەکانی خۆی ناگەیەنێت.
لەدەستدانی بینین ئەو گورزە کوشندەییەیە کە میدیا لەمرۆڤی ئەم سەردەمەی داوە، بە جۆرێک کە تەنها ئەوانە بەڕووداو دادەنرێن کە میدیا دانیپێداناون و باسیکردوون. لەدەوروپشتی ئێمە رۆژانە دەیان کارەسات روودەدەن و زۆریان وەکو شتی ئاسایی دەبینرێن، بەڵام هەر ئەوەندەی میدیا یەکێک لەم رووداوانەی زەقکردەوە و زوومی خستە سەر، ئیدی لەشتێکی ئاساییەوە دەبێتە کارەسات و رووداو. «پەخشکردنی میدیایی» بۆتە بەڵگە بۆ هەبوونی کێشەیەک؛ کارەساتێک؛ رووداوێک. وەک چۆن مێژوونوس بۆ تێگەیشتن لە بابەتێکی مێژوویی ناچارە بگەڕێتەوە بۆ مەرجەعەکانی پێش خۆی، تاکو لەڕێی بەڵگە و پاڵپشتییە زانستییەکانەوە مەسەلەیەکی مێژوویی یەکلایی بکاتەوە و راستییەکان بسەلمێنێت، ئاوهایش لەئێستادا بەشێکی زۆری خەڵکی بۆ تێگەیشتن لە بابەتە هەنووکەییەکان و بەڵگەهێنانەوە بۆ هەبوونی رووداوو کارەسات و مردنە تراژیدییەکان دەگەڕێنەوە بۆ ئەو «پەخشکردنی میدیایی»ە و وەک مەرجەعی سەرەکیی بابەتەکەیان تەماشای دەکەن. هەڵبەت بەو جیاوازییەوە کە مێژوونوس خوێندنەوە و راڤەکاریی و گەڕانی بە دووی راستیدا، بنەمایەکی زانستیی هەیە. بەڵام خەڵکی بێ هیچ بنەمایەکی زانستی و بێ خوێندنەوە و راڤەکاریی دی دەگەڕێنەوە بۆ مەرجەعە میدیاییەکانیان و وەک خۆیان وەریدەگرن. ئایا ئەم بە مەرجەعکردنەی میدیا تا کەی بەردەوام دەبێت؟ کاتێک توانای بینین بگەڕێتەوە ئاستی ئاسایی خۆی و راستەوخۆ شتەکان ببینرێن، ئەمەش بەو مانایە نا کە چیدی شتەکان لەڕێی میدیاوە نەبینین و بایکۆتی میدیا بکەین، بەڵکو بەو مانایەی کە کاتێک میدیا شتەکانمان بۆ دەگوازێتەوە، تەنها ئەرکی گوێزەرەوە ببینێت و نەهێڵین ببێتە جێگرەوەی بینینمان. گەڕانەوەی بینین بۆ ئاستی ئاسایی خۆی واتا گەڕانەوە بۆ ئەو توانایەی کە شتەکانی دەوروبەرمان ببینین؛ رووداو و کارەساتەکان؛ مردنە تراژیدییەکان ببینین. ئەوەی کە میدیا نایەوێت ئێمە بیبینین و نایگوازێتەوە بۆمان، بێ هیچ نێوەندگیرییەک بیبینین و وەک رووداو و کارەسات و مەرگی تراژیدیی دانی پێدابنێین. لەپرۆسێسی گێڕانەوەی توانای بینیندا، دانپێدانانیش واتا و دەلالەتە راستەقینەکانی خۆی بەدەست دەهێنیتەوە و چیدی بۆ رەواییدان و دانپێدانان بەڕووداوێک پێویستمان بەوە نابێت مەرجی هەبوونی دانپێدانانی میدیاییمان هەبێت. دواجار گرنگە بزانین لە بینینی رووداو و کارەسات و مەرگە تراژیدییەکانی چواردەورمان گرنگتر، بینینی کارەساتە هەرە گەورەگەیە، کارەساتی لە دەستدانی بینین. تۆ تا نەزانینت بینینت داگیرکراوەو لەڕێی ئەوانی دیکەوە شتەکان دەبینیت، ئەستەمە بتوانیت لەڕووداو و کارەسات و مەرگە تراژیدییەکان تێبگەیت و وەکو خۆی بیانبینیت و هاوسۆزیی راستەقینەیان بۆ دەرببڕیت.