کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی، گاڵتەکردن بەئایینەکانی دیکە

شێركۆ كرمانج

3 ساڵ لەمەوپێش



شێركۆ كرمانج

لەبەشی پێشووتری ئەم زنجیرە وتارە ئاماژەمان بەوە کرد کە درێژە بەنیشاندانی ئەو نموونانە دەدەین لەکتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی کەدەبنە مایەی دروستبوونی مرۆڤێکی رەهاگەرا و تاکڕەو بەڕادەیەک کە داعشئاسا دەرچێت (تکایە بۆ پێناسەی داعشیزم و ئیسلامیزم تەماشای بەشی یەکەم بکە کە لەژێر ناونیشانی « من بووم نەک شێرزاد حەسەن» بڵاوبۆتەوە). لەوێدا سەرنجی ئێوەمان بۆ بابەتێک لەکتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی راکێشا کە تاکەڕێگە لەپێش کرستیانەکان مابێتەوە، ئەوە ملکەچکردن‌، سەرانەدان، یان ملپەڕاندنە. لەم بەشە بەچەند نمونەیەک نیشانی دەدەین کە منداڵان و خوێندکارانی کوردستان لەکتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی لەجیاتی قەبوڵکردنی فرەیی و رێزگرتن فێری بێنرخکردنی ئایینەکانی دیکە دەکرێن.

سەرەتا دەبێت ئاماژە بەوە بکەین کە کتێبی پەروەردەی ئیسلامی بۆ پۆلی پێنجەمی سەرەتایی نەک هیچ رێزێک بۆ ئایینەکانی دیکە ناهێڵێتەوە بگرە دەکرێت بڵێین کە جێگەیەکی بۆ ئایینەکانی دیکە نەهێشتۆتەوە. لەلاپەڕە  ٥٢ ی چاپی ٢٠١١ دا، لە دەقێکی کتێبەکەدا هاتوە کە «ئیسلام ئەو ئاینەیە کە خوای گەورە بۆ مرۆڤایەتی ناردووە و رازی نابێت کە ئاینێکی دیکە بێجگە لە ئیسلام هەڵبژێرێت.» بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم تێگەیشتنەش، لەکتێبەکە ئایەتێکی قورئان ‌خراوەتەڕوو کە دەڵێت «إن الدین عند اللە الإسلام»، واتە «ئاین لەلای خودا تەنها ئیسلامە.» ئەم دەقە رێک بە منداڵان و خوێندکاران دەڵێت کەنابێت هیچ ئایینێکی دیکە بوونی هەبێت یان پەیڕەوبکەیت، خۆ ئەگەر ئایینیێکی دیکەت هەڵبژارد ئەوە لەڕێ لادەری چونکە بەفەرمانی خودات نەکردووە.

ئێمە لێرە تەفسیری ئایەتەکە ناکەین چونکە کتێبەکە ئەم کارەی کردوە، لەڕاستیدا ئیشی من تەفسیرکردنیش نیە بەڵکو شرۆڤەی ناوەڕۆکی ئەو دەقانەیە کە لەکتێبەکەدا هاتووە کە لەم دەقەدا هیچ تەفسیرێک هەڵناگرێت بێجگە لەوەی کە خۆی گوزارشت لەخۆی دەکات.

دیارە لە هەمان کتێبدا باس لەلێبوردەیی ئایینی ئیسلامیش کراوە، بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم تێگەیشتنەش ئەو ئایەتە قورئانییە هێنراوەتەوە کە دەڵێت «لا إکراە في الدین»، واتە «زۆرکردن لەئاییندا نیە». بەڵام پێش ئەوەی ئەو قسەیە بکات، کتێبەکە لە هەمان لاپەڕە، واتە ٨١، دەڵێت لەڕوانگەی قورئانەوە کتێبە ئاسمانییەکانی ئایینەکانی دیکە «هەندێکیان دواتر دەستکاری کراون»، واتە بەلاڕێدا براون. ئەمەش بنکۆڵکردن و بێنرخکردنی ئایینەکانی دیکەیە نەک ناساندن و رێزگرتن.

لەلاپەڕە (١٠ و ٦٢) ی هەمان کتێبدا نوسراوە «دەبێت موسڵمان باوەڕی وا ‏بێت کە پێغەمبەر (محمد) دوا پێغەمبەرە و هەموو مرۆڤایەتی شوێن ‏رێبازەکەی بکەون». بەپێی ئەم دەقەی کتێبەکە بێت هەموو ئەو ئایینانەی ‏کەدوای مردنی پێغەمبەری موسڵمانان پەیدابوون، وەک بەهایی و سیغ، ‏دەبێت وەک ئایین قەبوڵنەکرێن. بەهەمانشێوە، نەک هەر پەیڕەوانی ئەو ‏ئایینانەی دوای ئیسلام هاتوون بەڵکو ئەوانی پێش ئیسلامیش هاتوون دەبێت ‏بێنە سەر ئایینی ئیسلام چونکە دەقەکە زەق زەق دەڵێت دەبێت هەموو ‏مرۆڤایەتی شوێن رێبازی پێغەمبەری موسڵمانان بکەون.

کتێبی پەروەردەی ئیسلامی بۆ پۆلی دوازدە، چاپی ٢٠١١، بەشی کۆتایی تەرخانکراوە بۆ ئاینناسی، بەڵام بەداخەوە لەجیاتی ئەوەی ئایینەکانی دیکە ‏بە خوێندکارانی کوردستان بناسێنێت چەند مەبەستێکی دیکە بەدیدەکرێن، کە لێرە ناکرێت قسە لەسەر هەموویان بکەین بەڵام ‏ئاماژە بەهەندێکیان دەکەین.

بەشی ئاینناسی تەرخانکراوە بۆ بەرزگەرایی (ئیستیعلای) ئیسلام وەک ئایین بەسەر ئایینەکانی دیکەدا، واتە ئیسلام وەک ئایینێک کە لەسەروی هەموو ئایینەکانی دیکەوەیە نیشاندراوە. ئەمەش بەچەندین شێوە کراوە، لەوانە: ‏گاڵتەکردن، کەمکردنەوە یان بچوکردنەوەی ئایینەکانی دیکە.

بەشێک لەکتێبی پەروەردەی ئیسلامی بۆ پۆلی دوازدە تەخانکراوە بۆ «ناساندنی» ئایینی هیندۆس. لەلاپەڕە ١١٧، چاپی ٢٠١١ ی دا، نوسراوە: «ئاینی هندۆسی تێکەڵەیەک لە یەکتا پەرستی و فرەخواوەندێتی و پەرستنی هەندێک دیاردەی سروشتی، سەرەڕای کۆمەڵێک بنەماو بەهای فەلسەفی و رۆحی جوان، چەندەها ئەفسانە و جادو و بۆچوونی سەرەتایی تێدایە، کەکاریگەری نەرێنی لەسەر بەشێک لە شوێنکەوتووانی بەجێهێشتووە، لەنەریتە نەرێنییەکانی ئەم ئاینە، جگە لەو سیستمە چینایەتییە توندو تیژی و زوو بەشودان و ژن هێنانە، کەهەندێک جار لەتەمەنی (١٠) ساڵیدا ئەم کارە دەکەن و ئەگەر مێردی یەکێک لەو ئافرەتانەش مرد، بۆی نیە تا مردن شو بکاتەوەو دەبێت بەدەم خەفەت خواردن بۆ هاوسەرەکەیەوە ژیان بەرێتە سەر».

پێش هەموو شتێک ئەمە ئایینناسی نیە چونکە ناوبردنی ئایین بە ئەفسانە و وەهم و جادو (کە لە لاپەڕە ١١٠ دووبارەکراوەتەوە) کەمکردنەوە و گاڵتەپێکردنی ئایینە. ئەوەی جێگەی سەرەنجە، لەم دەقە رەخنە لە هیندۆسەکان گیراوە بەوەی کە منداڵان/کچان لە ‏تەمەنی دە ساڵیدا بەمێرد دەدەن. ئەمە لەکاتێکدا کراوە کە موسڵمانان بەخۆیان ئەم جۆرە کارانەیان پەیڕەوکردوە. بۆنمونە، ‏پێغەمبەری موسڵمانان عایشەی لەو تەمەنەدا هێناوە و دواتریش قەدەغەکراوە لە شوکردنەوە. لێرە قسەی ئێمە لەسەر ئەوە نیە کە بۆ هیندۆسەکان یان پێغەمبەری موسڵمانان ئەم کارەی کردوە، پرسیارەکە ئەوەیە بۆ کارێک کە موسڵمانان پراکتیزی بکەن‌ و رەوا بێت دەبێت وەک خاڵێکی نەرێنیی لەئایینەکانی دیکەدا تەماشابکرێت، ئەوە ئەگەر مەبەست لەم ئاماژەپێدانە لەکەدارکردنی ئایینی هیندۆسی نەبێت.   ‏

هەر لەپەیوەند بەپرسی ئاینناسی شتێکی دیکەی زۆر سەرنجڕاکێش لەکتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی کە بۆ ئاینناسی تەخانکراون بەدیدەکرێت ‏ئەویش ئەوەیە کەکتێبەکان زۆر کەم تەرخانکراون بۆ ئەو ئایین ‌‌و مەزهەبانەی کە لەکوردستان بوونیان هەیە یان ئەوانەی ‏لەگەڵ موسڵمانە کوردەکان لەم ناوچەیەدا دەژین. مەبەستم ئەو بەشەی ئاینناسی کە تەرخانکراوە بۆ ناساندنی ئایینەکانی دیکە بە ‏منداڵە موسڵمانەکان پێش هەموو ئایینێک دەبوایە باس لەئایینی ئێزیدی ‌و کرستیان ‌و مەزهەبی شیعە بکەن، کەچی ئەو ئایین ‌و ‏مەزهەبانە لە چاپەکانی ٢٠١١ هەر باس نەکراون. لەجیاتی ئەمانە باس لەئایینی بوزیی ‌و کۆنفۆشیان کراوە. دیارە باسکردنی ئەم دوو ئایینە ‏گرنگی خۆی هەیە بەڵام واچاکبوو خوێندکارانی کوردستان بە ئایینی ئێزیدی ‌و کرستیانی‌ و مەزهەبی شیعیی ئاشناکرابان ‏چونکە ئەو کێشەو گرژیانەی کە ئێستا لەکوردستان ‌و عێراق لەنێوان ئایینەکاندا هەن بەگشتی لەنێوان موسڵمانان ‌و ئێزیدییەکان، موسڵمانان ‌و ‏کرستیانەکان لەگەڵ سوننەکان ‌و شیعەکاندا هەیە. چاپی ٢٠١٥ ی کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی باس لەئایینی ئیزیدی و جولەکە دەکەن بەڵام ئەمجارە ئایینەکانی دیکە، کرستیان و هیندۆس و کۆنفۆشی، باس نەکراون.

چاپی ٢٠١٥ ی کتێبی پەروەردەی ئیسلامی بۆ پۆلی یازدەم بەشێکی تەرخانکردوە بۆ ئایینی جولەکە بەڵام دەقەکان نەک هەر لەدیدێکی ئاییناسی نەنوسراون بگرە دیدی ئیسلام بۆ ئایینی جولەکە خراوەتەڕوو. بۆنمونە کاتێک باس لەچیرۆکەکانی جولەکەکان و پێغەمبەرەکانیان دەکات، ئەوە ئەو چیرۆکانە دەگێڕێتەوە کە لەقورئاندا هاتوون (تەماشای لاپەڕە ٨٤ بکە)، نەک ئەوانەی تەورات. لەمەش سەرنجڕاکێشتر، سەرەڕای ئەوەی کە تەورات وەک کتێبی پیرۆزی جولەکەکان دەناسێنێت و دەڵێت «بەگوێرەی باوەڕی ئێمەی موسڵمانان [تەورات] لەبنەڕەتدا پەیامی خودایە و لەئاسمانەوە بۆ موسا» نێردراوە بەڵام دواتر دەڵیت «لەکاتی وێرانکردنی پەیکەرەکەدا [کە پێدەچێت مەبەستی روخاندنی پەرستگای یەکەمی جولەکەکان بێت] لەسەردەمی هێرشی پادشای بابلی (بەختی نەسردا) ون بوون و سەر لەنوێ نوسرایەوە و بەوەش وەکو خۆی نەما و شتی دیکەی تێکەڵ بوو. تاکە یەک پرسیاریش لەکۆتایی ئەم بەشە خراوەتەپێش خوێندکاران ئەویش بۆ زەقکردنەوەی بانگەشەی دەستکاریکردنی تەوراتە لەلایەن جولەکەکانەوە.

بەکورتی، کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی وەک داعش و داعشئاساکان گاڵتە بەئایینەکانی دیکە دەکەن و بە لەڕێ لادەر و دەستکاری کراویان لەقەڵەم دەدەن. هاوکات، وەک داعشییەکان رێگە بە پەیڕەوکردنی ئایینەکانی دیکە نادەن. دیارە کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی لەزۆر شوێنی دیکە باس لەقەبوڵکردنی ئایینەکانی دیکە دەکەن بەڵام دژایەتییەکی زۆر لەنێو دەقەکاندا بەدی دەکرێت، بەوەی لەشوێنێک باس لەفرەیی دەکرێت لە دوای ئەو دەڵێت بێجگە لەئیسلام هیچ ئایینێکی دیکە قەبوڵ ناکرێت و مرۆڤایەتی هەمووی دەبێت پەیڕەو لەڕێبازی ئیسلام بکات. بۆیە دەکرێت بڵێین کە بەگوێرەی ئەو نمونانەی کە لێرەدا خرانەڕوو کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی مرۆڤی داعشئاسا بەرهەم دێنن، مرۆڤێک کە فرەیی رەتبکاتەوە و پێداگری لەتاکڕەوی و تاکئایینی بکات.

بەکورتی، کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی وەک داعش و داعشئاساکان گاڵتە بەئایینەکانی دیکە دەکەن‌و بە لەڕێ لادەر و دەستکاری کراویان لەقەڵەم دەدەن. هاوکات، وەک داعشییەکان رێگە بە پەیڕەوکردنی ئایینەکانی دیکە نادەن. دیارە کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی لەزۆر شوێنی دیکە باس لەقەبوڵکردنی ئایینەکانی دیکە دەکەن بەڵام دژایەتییەکی زۆر لەنێو دەقەکاندا بەدی دەکرێت

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار