ئیشكالە سەرەكییەكانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان

دانا دارا حسێن

3 ساڵ لەمەوپێش




دانا دارا حسێن

ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەموار كراو
دانا دارا حسین*
یەكێك لەیاسا گرنگەكان كەڕەهەندی دەستوری هەیە، تەنانەت لەهەندێك كاتدا مامەڵەی وەك دەستوری لەگەڵدا دەكرێت و یاسایەكە كە(7) جار هەموار كراوەتەوەو تائێستاش ژمارەیەك ئیشكالی تێدا ماوە كە بووەتە ئەوەی كە پڕۆسەی هەڵبژاردن لەكوردستان بەكۆمەڵێك ئاستەنگەوە ئەنجامبدرێت و زۆرجار پێوەرە نێودەوڵەتیەكانی پڕۆسەیەكی هەڵبژاردنی تێدا وەدی نەیەت.
لەخوارەوە دیارترین ئەو ئیشكالانە دەخەمە بەردەست:
1. دوو پرس لەیەك یاسادا !
دوو بواری جیاواز بەڵام پەیوەندیدار بەیەكەوە ئەوانیش هەڵبژاردنی كوردستان و دەسەڵاتێكی گرنگی وەك دەسەڵاتی یاسادانانە (پەرلەمانی كوردستان) بەیەك یاساو لەچوارچێوەی دەقێكی یاساییدا رێكخراون.
بۆ ئەم بوارانە گرنگە هەر یەكەیان بەیاسایەكی جیاواز رێك بخرێن، نموونە وەك ئەوەی لەزۆرێك لەوڵاتان هەیە كە یاسایەك بۆ هەڵبژاردن بەسەربەخۆیی هەیە كە تیایدا كۆی پرس و بابەتەكانی تایبەت بەهەڵبژاردن لەو یاسایەدا رێكخراوە.
هەروەها یاسایەكی تایبەتیش هەیە بۆ دامەزراوەی یاسادانان كە بە (یاسای پەرلەمان) یان (یاسای ئەنجومەنی نوێنەران و ئەندامەكانی) ناسراوە.
2. لەیاساكەدا بەدەقێكی روون نەهاتووە كە هەڵبژاردنی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمان هەر چوار ساڵێكی تەقویمی دەكرێت هەروەها بەدیاریكراوی رۆژێك لەساڵا وەك بەرواری ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردن نەنووسراوە، نموونەی وەك ئەوەی بنووسرێت 5/3/2000ی هەموو ساڵێك،  كە دیاركردنی ئەم بەروارە لایەنە پەیوەندیدارەكان پابەند دەكرێت كە بەبێ‌ دواخستن پڕۆسەی هەڵبژاردنی گشتی ئەنجام بدەن.
3. لەژمارەی كورسیەكانی پەرلەمان كە(111) كورسیەو لەوانە (11)یان بۆ كۆتاكانن، لەكاتێكدا لەدوا هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو بەدەقێكی روون نەهاتووە كە ئایا هەر كورسیەك لەبەرامبەر چەند چەند دەنگی دروستی ژمارەی دانیشتوانی هەرێمە؟!
لەكاتێكدا ئەو دەقە بەڕوونی هاتووە لەیاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا.
4.كورسیەكانی كۆتای كەمینەكان( پێكهاتەكان) كە بە (11) كورسی و دابەش بووە بەسەر (3) جۆر پێكهاتەی ئایینی و نەتەوەیی، بەراورد بەژمارەی كۆتاكان لەكۆی ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە دوای دواهەمین هەموار بووە بە (9)كورسی، زۆرە و پێویستە رێكبخرێتەوە.
5. هەر چۆن كۆتایەك بۆ پێكهاتەی جێندەری (ئافرەت) لەیاساكەدا بە لە (30%) هاتووە، لەكاتێكدا ئەم رێژەیە لەسەدی  كۆی كورسیەكان لێكبدەین دروست دەرناچێت. بەڵكو وەك ئەوەی لەعێراق دا هاتووە كە لە(25%)ە دروستترە و بۆ ئێستا گونجاوترە.
6. دەقی یاساكە  كە بواری هەڵبژاردنەكانی رێكخستووە بەدەق ئەم پرسانەی نەهێناوە وەك:
أ.  بەڵگەنامە فەرمیەكانی ناسینەوەی دەنگدەر چەند دانەن یاخود تەنها كارتی نیشتمانی دەبێت؟
ب. ماوەی  رۆژی دەنگدان كە بە(7) سەعات لەلایەن كۆمسیۆنەوە دانراوە، بەڵام یاساكە ئەم پرسەی بەدیاری كراوی نەنووسیوە!
ج. لەیاساكەدا نەهاتووە كە ئەنجامی كۆی دەنگە دروستەكانی قەوارەیەك لەناو بنكەی  دەنگدان بۆ یەكەمین جار رادەستی بریكاری یاسایی قەوارەكە دەكرێت.
7. پاداشتی پەرلەمانتاران و خانەنشین بوونی یان گەڕانەوەی بۆ سەر وەزیفەی پێشوو ئەگەر هەیبوو، پێویستە لەیاسای هەڵبژاردن جودا بكرێتەوە و لەگەڵا یاسای پەرلەمانی كوردستان باس بكرێت.
8. یاسای هەڵبژاردن و پەیڕەوەی ناوخۆی پەرلەمان لەپرسی گەڕانەوە بۆ سەر وەزیفەی پێشوو ئارەزوومەندانە یان بەشێوازی دیكە، رێك نیە لەكاتێكدا بەرزی و لەپێشینەیی بۆ یاسایە بەسەر پەیرەوی ناوخۆدا.
9. تەمەنی یاسایی بۆ خۆپاڵاوتن لەیاساكەدا بە(25)ساڵا دیاریكراوە لەكاتێكدا ئەم تەمەنە بەراورد بكەی بەخودی تەمەنی وەرگرتنی بڕوانامەی زانكۆیی لەهەرێمداو وەرگرتنی ئەزموونی كردەیی ئەگەر راستەوخۆ دوای وەرگرتنی پسپۆریەكەشی دامەزرێت، نایەتەوە، پێویستە پێداچوونەوە بەم تەمەنەدا بكرێت.
10.ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی بەبێ‌ ئەنجامدانی ئاماری گشتی دانیشتوان هەڵەیەكی یاسای گەورەیە دەبێت لەیاساكەدا ئاماژەی پێ‌ بكرێت.
11. لەماددەی یازدەهەم لە یاسای ژمارە(1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو دەبێت تۆماری دەنگدەران ئەم زانیاریانە لەخۆ بگرێت:
(ناو + ناونیشان + پیشە + بەروارو شوێنی لەدایكبوون) هەروەها لیستەكەش بەپێ‌ی پیتی ئەبجەدی ریز بكرێت.
بەڵام یاساكە ئاماژەی بەوە نەداوە كە دەبێت كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كام تۆمارو سەرژمێری بكاتە بنەمای رێكخستنی تۆماری دەنگدەران؟
12. ماددەی (59) لە یاساكەدا مافی داوە بەها،وڵاتیانی هەرێمی كوردستان كە لەدەرەوە دادەنیشن بەشداری لە پڕۆسەی هەڵبژاردن بكەن، بەڵام یاساكە شێوەی بەشداری كردنەكەی باس نەكردووە؟ هەروەها ئایا چۆن تۆماری دەنگدەرانیان بۆ رێكبخرێت؟ و ئایا پشت بەكام داتا و زانیاری ببەستین بۆ ئەم تۆمارە؟! ئایا لەچەند شارو وڵات ناوەندی دەنگدەران بكرێتەوە؟
13. لە ماددە (60)ی یاساكەدا مافی داوە بەهێزە چەكدارەكان و پێشمەرگە كە بەدەنگدانی تایبەت بەشداربن، بەڵام جیانەكردنەوەی تۆماری دەنگدانی هێزە چەكدارەكان لەكات و ساتی خۆیدا كارێكی نایاساییە.
14.  یاسای هەڵبژاردن پێویستە بەتەواوی جیاكردنەوە دەق نووس بكات لەیاسادا تایبەت بەتۆماری دەنگدانی گشتی + دەنگدانی تایبەت + تۆماری دەنگدانی پێكهاتەكان.
 هەتا ئەم كارەش نەكرێت و نەخرێتە ئەستۆی كۆمسیۆن و لایەنە پەیوەندیدارەكان ناگونجێت كە چاوەڕوانی هەڵبژاردنێكی باش و شەفاف بین.
15. لەیاسای هەڵبژاردندا بەتەواوی وردەكاری پڕۆسەكە نەكراوە، بۆیە ناچار بووە لەیاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2014ی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم ئەم بۆشاییانە چارەسەر بكرێت، دەسەڵاتێكی زۆر بەكۆمسیۆن بدرێت بەدەركردنی پەیڕەو و رێنمایی بۆ رێكخستنی ئەم بوارە .
16. لەیاساكەدا بەهیچ شێوەیەك باسی رۆڵی ئۆپۆزسیۆن نەكراوە و ئەو پارێزبەندی و پاراستنانە( الحصانە والحمایە) بۆیان نەژمێر دراوە!
17. لەكۆتاییدا دیارترین ئەو ناونیشانانەی كە لەیاساكەدا پێویستە پێداچوونەوەی جددی بۆ بكرێت بریتین لە:
أ. بازنەكانی هەڵبژاردن.
ب. لیستی دەنگدان .
ج.ژمارەی كورسیەكانی پەرلەمان.
د. جیاكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی گشتی و تایبەت و پێكهاتەكان.
ه. عەدالەت لە نوێنەرایەتی جوغرافیایی لەپەرلەماندا .
و. ناونانی سیستەمی هەڵبژاردنی پەیڕەو كراو لەهەرێمدا لەچوارچێوەی یاساكەدا.     

*راوێژكاری پەرلەمانی كوردستان
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار