چەمکی ژن لەزمانی شیعرداو رەوتی سەردەم
سوهەیلا مێهەمی - سنە
3 ساڵ لەمەوپێش
سوهەیلا مێهەمی - سنە
شیعر وەک ئەسپێكی یاخییە کە دەستەمۆ ناکرێ و ئەگەر دەستەمۆی بەسەردا بسەپێ کە واتە لەڕێچکە و شێوازی خۆی لایداوە، شیعر نابێ خۆی بە دەسەڵاتەکانەوە ببەستێتەوە و رەوتی دەست بەسەراگرتن لە شیعردا؛ بێ بایەخ و بێ بەهایە و خۆی لەوە دوور دەکاتەوە شیعر هەروەها کە بۆ زۆربەی شاعیران لە ئازارو رەنجەکانیانەوە دەستی پێکردووە و رۆچنەیەک دروست دەکا بۆ دەربازبوون لەبێدەنگی و شیکردنەوەی رەنجەکان؛ قامک لەسەر هۆکارەکانی ئەو ئازارانە دادەنێ کە مرۆڤی بەخۆییەوە سەرقاڵ و داماو کردووە.
کەواتە شیعر دژی هەر سیستەمێک دەوەستێتەوە کە مرۆڤی یاخی لە خۆییدا دیل دەکا، شیعری نەمر ئەوە دەقەی لەخۆی گرتووە کە بۆ هەتایە لەدڵی خەڵکدا دەمێنێتەوە؛ چۆن قامکی لەسەر بەربەستەکانی مرۆڤی ئازاد داناوە .
شیعر خۆی لەخۆیدا دژی شێوازی قسەکردنە واتە لەڕەوتێکی ئاسایی بەرەو شێوازێکی رەها لەڕەوتێکی ئاسایی بۆ رەوتێکی جوانیناسانە. لەلایەنێکی دیکەوە شێعر تەنانەت بنەماکانی زمان و زمانەوانی و رێزمان تێکدەشکێنێت کە لەچوارچێوەیەکدا ئەم چەمکانە بەسەر زماندا زاڵە.
دەتوانم بڵێم شێعر وەکو شەڕڤانێکی سەربەخۆ دژی هەموو رێسا و قانوونی داسەپێنراو دەوەستێتەوە و دەستەمۆی هیچ دەسەڵاتێکدا نابێ و بەسەر هەموو ئەو ماناو واقیعانەدا رێ دەکا و هەردەم لەحاڵی تازەبوونەوە و نوێگەریدایە. زۆرجار دەست دەبا بۆ گۆڕانی ئەو بازنەیەدا کە لەڕووی عادەت، بیروبڕوامان پێ بووە و نەمانتوانیوە یا نەمانزانیوە دیلی ئەو چەمکە ماوین. لێرەدا دەبێ بڵێم شیعر دەست بۆ کاولکاری مرۆڤ نابات کاولکاری کە لەشیعرەوە روودەدا بیرو بڕوای هەڵە و بەدیل کردنی مرۆڤە کەدەست بۆ رووخانی دەبات.
ئەمانە ئامانج و رێکاری شیعرە
بەڵام وەکو هەر دیاردەیەکی فەرهەنگی و ئابووری و سیاسی کە بمانهەوێ بۆ چینەکانی کۆمەڵگە بە تایبەت چینی لەپەراوێز نراو وەکو ژنان لێکدانەوەیەکێ بۆ بکەین کە ژن لە دەقەکاندا چۆن سەیر کراوە کە لەکۆمەڵگەی هەر سەردەمێکدا بەپێی ئاستی رۆشنبیری کۆمەڵگەدا جیاوازی هەیە؛ و پیاوسالاری رەگی لەهەر شتێکی کۆمەڵگەی ئێمەدا داداوە کە باسەکە ئەدەبی کوردەواری بێ شوێن ئەندێشەی پیاوسالارانە زۆر زەقە. لە شیعرە کۆنەکاندا زیاتر بنەمای لەسەر رۆمانتیسمدایە و باسی خۆشویستن خاڵی گرنگی ئەم سەردەمەیە ژن وەکو کاڵایەکی سێکسی دەردەکەوێ لەشیعرەکاندا کە لە لایەن پیاوانەوە نووسراوە. واتە وەکو کەرەستەیەک کە بەهۆی چەندین چەمکی جەستەیەوە پێناسە دەکرێ . رەنگە ئەم زمانە بەهۆی رەوت و هەلومەرج و کات و ساتدا بگۆڕدرێت، بەڵام ناوەڕۆکەکە هەر لەسەر نیگای غەریزە جنسییەکەوە دانراوە.
دیارە کە عەشق و خۆشویستن لایەنێکی گرینگی مرۆڤایەتییە، بەڵام ئەگەر ئەم لایەنە ببێتە نیگایەک بەس لەغەریزەی سێکسییدا و لایەنی هزری و فیکری کاڵ بکاتەوە، دیارە ئەدەبێکی لاوازە. ئەم دیاردەیە لە شیعری فۆلکلۆردا زۆر زەق کراوەتەوە تا ئەو شوێنە کە لەگۆرانییەکانی سەردەمی کۆندا تا کو ئێستایش هاتووە باس لەسەر کچێکی چواردەساڵە دەکرێ بۆ چێژ بردنی پیاو کە ئێستا لەسەردەمی ئێستادا دەربڕین و کردەوەی ئەو وتەیە تاوانە، دەبێتە .... یا لەهەندێ گۆرانی پیاوانەدا بۆ ئەوەی کارەکانی رۆژانەی بەڕێوە بچێ چەندین ژن دەهێنێ ... شیعری فولکلۆر بەدرێژایی مێژووی مرۆڤ لەدایک بووە و رەنگدانەوەی کۆمەڵگەی سەردەمە جیاوازەکانی مرۆڤە . دیارە شیعری فولکلۆر لەسەردەمی کۆنەوە هەتاکو ئێستا لەسەر زاری خەڵک لەسووڕاندایە و کە زۆربەیان هەستی پیاوان لەخۆی دەگرێ لەبوارە جیاوازەکان بەتایبەت ژن و خۆشویستنی کاڵایەکی جنسی کە مەمکی ژن بەلیمۆو شەکرەسێو کۆڵمی هەناری و سمت و رانی بەفرین و ... کە پڕن لە وشەی سێکسی لە شیکاری و هەڵچوون بەباڵای ژندا. رەنگە دەربڕینی کۆمەڵێک لەم وشە سێکسییانە بە لای کۆمەڵگەوە ئاسایی بێ، بەڵام کاتێک دەگاتە ژنێکی نووسەر لەلایەن کۆمەڵگەو دەسەڵات و ئایینەوە بێ شەرمییە ژنێک بەو شێوازە بنووسێت. ئەم کاردانەوە ، رەنگدانەوەی زۆر لەسەر شیعری ژناندا داناوە هەر لەکۆنەوە ئێمە دەبینین ژنە شاعیری کورد مەستوورە ئەردەڵان کاتێک باسی خۆشویستنی مێردەکەی دەکات زۆربەی ئەو ئاماژانەو دەستەواژانە کە بەکاری هێناوە زۆربەی لە تەشبیهات و هێمای پیاوانە کەڵکی وەرگرتووە، کە باسی دڵداری دەکات هیچ وشەیەکی جنسییەتی لەدەقەکەیدا نادۆزرێتەوە. لە ئێستادا کە کەسەکان ئەو گۆرانی و شیعرە ئیروتیکانە بە چێژەوە گوێبیست دەبن و رەنگە رەخنە بێ بۆ فمێنیستەکان، بەڵام بە لێکدانەوەی ئەم دەقگەلە و دەرخستنی مێژووی ئەوان من وا بیر دەکەمەوە ئەمانە دەگەڕێتەوە بۆ چاخی ئووستورەکان و سەردەمی زۆر کۆنی دایکسالاری.
واتە سەردەمێک کە ژن واتە دایک بڕیاردەر بووەو کشتوکاڵ و بوارەکانی ژیان لەژێر رکێفی ئەودا بووە، کاتێک ئوستوورە و خوداکان ژن بوون و مرۆڤ تێکەڵی سروشت بووە و هەموو پێداویستییەکی لەسروشتەوە بەدەستهێناوەو وەکو جوانیناسانە باسی مەمکی ژن بە پرتەقاڵ و لیمۆ کراوە کاتێک جەستەی بە بەفر شوبهاندووە؛ کەواتە ئەمانە رەنگە سروودە ئاینییەکانی مرۆڤی ئەو سەردەمە بێ کە وەکو سەرچاوەی ژیان و بەردەوام بوونی نەسڵی مرۆڤ بەر ستایشی جەستەیی کەوتووە، بەڵام رۆڵی جینسی و ئوبژیکتیوی ژن هاتە نێو کتێبەکان و دەقەکان و ئەم چەمکە لەسەردەمی ئێستادا کە ژن و پیاو هەنگاو بۆ یەکسانی کۆمەڵگە هەڵدەگرن و دەبێ چەمکی ئەندێشەیەکی ئازاد زەق بکرێتەوە؛ ئەم ئەندێشە هەڵگری بچووک کردنەوە مرۆڤی ژندا جەستەی نەماوە واتە باوی نەماوە ، کە لەئێستادا لەڕووکەشێکی نوێیدا بەڵام هەر ناوەڕۆکێکی کۆن بەردەوام بێ کە لەدەقە ئەدەبییەکاندا ژن وەکو مەعشووقە و پیاو وەکو عاشقێکی سووتاو سەیر بکردرێت و هەندێ جاریش ئەو ژنەی کە وەکوو ئوستوورە پیاهەڵوتنەوەیان کردووە دەبێتە کەسێکی بێ ئەمەگ و دەبێ بەردباران بکردرێت و شاربەدەر، لەڕاستییدا کە دەبوا قەڵەم قامکی لەسەر ئەندێشەیەکی ژنانە دابنێ؛ داینەناوە . ئەمەیە کێشەکە....
شیعری ئێستا زۆر گۆڕانکاری بەپێی هەلومەرج و رەوتی جیهان و کۆمەڵگەکاندا بەسەردا هاتووە ، واتە رەوتی گۆڕانکاری فیکری و هزری لەهەر ناوچەیەکدا رەنگدانەوەی هەیە لەسەر هەر شتێکی باو لەو ناوچەداو لەکارتێگەری لەسەر رەوتی شیعر؛ بزووتنەوەکانی وشیارییخوازییە لەسەر رێگا هەڵەکان کە مرۆڤ دوور دەکاتەوە لەپێشڤەچوون و داهاتوویەکی گەشاوە؛ وەکو هەر بزوتنەوەیەک رەنگیشە سەرکەوتوو نەبن بەڵام هەر ئەمانە وەکو دەنگێکە بۆ وشیارکردنەوەی چینەکانی کۆمەڵگە، بەڵام بزووتنەوەکانێک کە ژن و پیاو شان بەشانی یەکدا بۆ ژیانێکی باشتر هەنگاو هەڵدەگرن لەنێو کۆمەڵگەی کوردیدا بوونی هەیە، وەکو شۆڕشی رۆژئاوای کورد کە بۆ کەرامەتی مرۆڤ ژن و پیاو شکۆی مرۆڤایەتیان بە جیهان پیشانداو دیارە ئەمە لەسەر رەوتی ژن لە شیعردا گۆڕانکاریەکی مەزنی خوڵقاندووەو ئەو پەیامەی بەژنان دەدا کە ژن وەکو مرۆڤێک بەدوای داخوازیە مرۆیانەی و رۆڵی واقعی خویدا هەنگاو هەڵبگرێ رەنگە ئەمە هێشتا سەرەتای رێگا بێ، بەڵام ژنی کورد ئاگادار بووتەوەو ژنی نووسەری کورد تێگەیشتووە بەوشەو شیعر و ڕۆماندا بەرەنگاری کەرامەتی مرۆیی خۆیدا بێ و پیاوی نووسەریش بەو راستییە گەیشتووە کە ژن بەشێکی گرنگ و گەورەی کۆمەڵگەیە و دەبێ لەنووسیندا بەبیر و هزرێکی قووڵەوە لەئەندێشەی ژندا بنووسێ.
ژنی شاعیر لەدەقەکانیدا هەوڵدەدا لەمرۆڤێک بدوێ پێویستی بەم هەموو زەنجیرو کۆت و بەندەوە نییە تاکو ژنێکی فریشتەیی بێ لەچاوی پیاواندا تاکو ژنێکی لەچاوی سیستەمی باوکسالاریدا ژنێکی بێدەنگ بێ ژنێکی رۆماننووس حەول دەدا ژنان لەبنمیچ و چوارچێوەکان بهێنێتە دەرەوەو بەشداری بکات لەهەموو بوارەکانی کۆمەڵگە ژنی نووسەر یا پیاوی نووسەر بەدوای کۆمەڵگەیەکی یەکسانیخوازو دادپەروەردا دەبێ قەڵەمیان لەسووڕاندا بێت.