ئەخلاق
3 ساڵ لەمەوپێش
عومەر ئەحمەد عەزیز*
ئەسیل عەوزیی خاتونێکە ئەندام پەرلەمانی کوەیت بووە لەپێشودا، دکتۆرای لە فەلسەفەی سیاسییدا هەیە، سەرنجی ئەم بەڕێزە لەسەر چەمکی ئەخلاق زۆر نزیکە لەڕاستییەوە ئەم خاتونە، بە زمانێکی سادە باس لە کێشەی ئەخلاق دەکات لە کۆمەڵگای کوەیتیدا، ئەڵبەت هەمان کێشە لە کۆمەڵگای ئێمەشدا هەیە.
بەکورتی و بۆئەوەی زۆر تەجریدیانە و ئەبستراکتانە قسە نەکەین و دوور نەبین لەنمونەی بەرجەستە، کۆی وتەکانی ئەم بەڕێزە لە چوارچێوەی ئەوەدا دەخولێتەوە، هەڵە تێگەشتنی چەمکی ئەخلاق وایکردووە لە کۆمەڵگاکانی ئێمە کارگەلێکی وەکو :
پێشێلکردنی ئازادیی، رێزنەگرتن لە بەرانبەر، درۆکردن، قۆپی کردن، دزیکردن، بەکارهێنانی ماڵی گشتی لەپێناوی خواستی تایبەتییدا، واستە کردن، کردنی کاری ناشەرعیی و نایاسایی و نائەخلاقی تەنها لەپێناو بەدەستهێنانی خواستێکی تایبەتیدا، رەچاوکردنی پەیوەندی خزمایەتی و ئاینی و رەگەزیی لەکاروباری گشتیدا...تاد
هەمو ئەوانە زۆر ئاسایی دەردەکەون و رۆژانە ئەنجامیان دەدەین، زۆر بە ئاسایی تێدەپەڕن، لە کاتێکدا کرۆکی ئەخلاق ئەوانەی سەرەوەیە کە خستمانەڕوو، نەک ژیانی شەخسی کەسەکان، کە بەلای کۆمەڵگای ئێمەوە، پێوەری هەرە سەرەکین بۆ هەڵسەنگاندنی ئەخلاقیاتی کەسەکان وەکو پۆشینی جلوبەرگ، پێوەندی سۆزداریی، بوونی ئیلتزاماتی ئاینی وەکو نوێژو رۆژوگرتن، ...تاد.
لەمێژوودا چەمکی ئەخلاق جێی سەرنجی فەیلەسوفەکان بووەو لەم روانگەیەوە چەندین بۆچوونی جیاوازیان هەبووە لەم بارەیەوە، کانت دیارترین ئەو فەیلەسوفانەیە، کە لەسەر ئەم چەمکە وەستاوە زۆر بە کورتی :
((ماکیاڤلی پێی وابووە پێویست ناکات ”میر“ خاوەنی ئەخلاقی باش بێت گرنگ ئەوەیە کە بەڕەواڵەت خۆی بە مرۆڤێکی باش پێشان بدات)).
لە دوای ماکیاڤلی، توماس هۆبز درێژەدەری ئەو بیرو بۆچوونانەی ئەوبوو بەڵام بەشێوەیەکی تر.
هۆبز باوەری بەوە بوو کە بۆ ئازادی کەسێک، دەبێ ماف و ئازادی کەسێکی تر یا کەسانی تر زەوت بکرێ یا ژێر پێ بخرێ. یا دەڵێت: ”مرۆڤ لەئاست مرۆڤدا گورگە “.
کانت بەپێچەوانەی ئەوان بیر دەکاتەوەو ئەو پێی وایە، کە مرۆڤێکی سیاسی دەبێ خاوەنی ئەخلاقێکی باش و شایستە بێت. هەربۆیە بەو شێوەیە باس لەئەخلاقی مرۆڤێکی سیاسی دەکات و دەڵێت: ئەوەی بۆ خۆت رەوا دەبینی بەخەڵکیش رەوا ببینە.
یەکێک لەکردەوەکانی مرۆڤێکی بەئەخلاق ئەوەیە کە دان بەهەڵەکانی خۆێدا بنێت.
لەڕوانگەی کانتەوە ئەخلاق تەنیا تایبەت بەکردەوەو رەفتارەکانی مرۆڤە. ئەوە ئەخلاقە، کە مرۆڤ لەئاژەڵ (حەیوانات) جیادەکاتەوە. هەروەها ” کانت“ پێی وابوو کەسێک دەبێت بە مرۆڤێکی خاوەن ئەخلاق کە هەست بەئەرک بکات نەک ئەوەی کە لەبەر بەرژەوەندی⁄ قازانج، ترس، سزادان، پاداش یا یاسایەک ناچاری بکات بۆ کردنی کارێک یا ئەرکێک.
رەنگە پرسیاری ئەوە بێتە پێشەوە ئەی لەکوێیەوە پرەنسیپ بۆ ئەخلاق دابنێین؟ چی بەکردەی ئەخلاقیی و چی بە نائەخلاقیی دابنێین؟، روونتر بڵێین سەرچاوەی شەرعییەدان بە بەهای ئەخلاقیی و نائەخلاقیی لەکوێوە چنگبخەین؟ پێوەرو بنەمامان چیبێت بۆ ئەخلاقیات لەڕەفتارو پەیوەندییەکانماندا؟
ئەم پرسیارانە بەرەو ئەوەمان دەبەن وەڵامێکی تاڕادەیەک ئایدۆلۆژیی و کڵێشەدار بدۆزینەوە، بێگومان دەبێت هەمو بۆچونێک ڕوانگەی هەبێت، کە تێیدا پاڵپشت بێت بۆ بۆچونەکان، چونکە فیکر پێویستی بەپاساوو ئارگیومێنتکردنە، لەڕاسیتدا مرۆڤایەتی کەمتەرخەم نەبووە لە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە سەرەڕای هەمو ئاستەنگییەکانی بەردەم وەڵامەکان ئەتوانین، بڵێین ئەخلاق و چەمکی کردەی ئەخلاقییانە لەیۆنانی کۆنەوە بیگرە تا رێنیسانس و رۆشنگەریی، پێشتریش لە فیکری ئیسلامیی و پاشان بێینەوە بۆ مۆدێرنەو تا ئێستا چەندین بەهای گەردوونی هەن، کە بوون بە بەشێک لە نمونەی ئەخلاقی باڵا بۆ مرۆڤایەتی بە لەبەرچاوگرتنی جیاوازی کلتورو ئاین و سەرجەم لایەنەکانی ژیانی کۆمەڵگا جیاوازەکان، هیچ پاسا و بەڵگەهێنانەوەیەک ناتوانێت راستیی ئەو بەهایانە بشارێتەوە، کە خۆیان لە ئازادیی و رێزگرتن لەمافی ئاینی و کلتوریی و نەتەوەیی و تەنانەت، ئازادییە کەسییەکان و جێدەر و مافی منداڵان ....تاد دەبیننەوە ئەمە وەکو بەها گشتییەکان، بەهای تایبەتیش لەژیانی کەسیدا خۆیان دەبیننەوە، بەهای ئەخلاقیی کەسیی و تایبەتیی پێمان دەڵێت تۆی مرۆڤ لەهەرکوێیەک بیت، سەربەهەر نەتەوە و ئاین و ژیاریی و شارستانییەک بیت، هەر ئاینێکت هەبێت، پێویستە هەندێ ئەخلاقیات هەیە رەنگبداتەوە لە گوفتارو ڕەفتارو پەیوەندییەکانتدا، بەپێچەوانەوە تۆ لەبازنەی کاری ئەخلاقیی دەرچویت، نەک، ئەگەر وا نەبێت شتێک نامێنێتەوە بەناوی ئەخلاق و نائەخلاقیی و بەرپرسیارێتی و نابەرپرسیارێتی، ئەمە بەرەو ئەوەمان دەبات، کە دان بەوەدا بنێین کە لەم بابەتەدا پێویستمان بە لایەنگیریی هەیە، نەک رێژەیی بوون و شەرعییەتدان بە هیچ کردەیەکی نائەخلاقیی بەبیانوی جیاوازیی و هەڵوێستە جیاوازەکانمان، چونکە تۆی مرۆڤ ئەگەر بیانوی بهێنیتەوە بۆ نائەخلاقیی مامەڵە لەگەڵ دەوروبەرو ژینگە و ئافرەت و منداڵ و سروشت و بوون بەگشتیی ئەوا حەز و نەزعە ئاژەڵییەکەت داگیری کردووی، بەرەو نائەخلاقییت دەبات.
چەمکی ئەخلاق، لە کۆمەڵگای ئێمەدا تا ئێستا وەکو زانستێکی سەربەخۆ جێی بایەخ نەبووە، واتە ئەخلاق هەمیشە لەچوارچێوە و سۆنگەی زانستەکانی ترەوە مانای پێدراوە، وەکو ئاین، یا کلتوری باوی کۆمەڵگا بەجۆرێک گرنگی چەمکی ئەخلاق کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە، بەو پێیەی بایی ئەوەندەی هەوڵی ئێمە بۆ ئەوەیە نەبینە کەسێکی لادەرو مونحەریف لە کۆمەڵگادا، یان لە تێگەیشتنی باوی کۆمەڵگا بۆ ئاین نەکەوینە ژێر پرسیارەوە، نیو هێندە لە چییەتی و ماهیەتی ئەخلاق تێنەگەشتوین.
ئەمە وای کردووە زۆر شتی نا ئەخلاقی هەیە، ئێمە رۆژانە دەرگیرین پێوەی و ئەنجامیان ئەدەین و هەموو ئەو کارانە، لە نەست و نائاگایی خۆماندا بەبێ ئەخلاقییان دەزانین، بەڵام پاساو بۆ ئەنجامدانیان ئەهێنینەوە.
*مامۆستا لەزانکۆی گەرمیان