رۆڵی خانمان له‌پاراستنی ژینگه‌دا

6 ساڵ لەمەوپێش



ئه‌ڤین میر خه‌زه‌ڵ*

له‌ئێستادا پرسی ژینگه‌ له‌زۆرێک له‌وڵاتانی جیهان بوه‌ته‌ بابه‌تێکی هه‌ستیارو گرنگ و کاری جددی بۆ ده‌کرێت و له‌ڕێگه‌ی چه‌ندان سیمینار و وۆرک شۆپ و کۆبونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری، چونکه‌ پیسبون و له‌ده‌ستدان و تێکچونی هاوسه‌نگی ژینگه‌یی ده‌بێته‌ هۆکارێکی مه‌ترسیدار له‌سه‌ر کۆی بونه‌وه‌ره‌کانی سه‌ر زه‌وی به‌تایبه‌ت مرۆڤ، بۆیه‌ ده‌توانین به‌هه‌موو چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌که‌مان کاربکه‌ین بۆ پاراستنی ژینگه‌، به‌تایبه‌ت خانمان که‌ڕۆڵێکی به‌رچاوو کاریگه‌ریان هه‌یه‌ له‌به‌ره‌وپێشبردنی پرۆسه‌ی ژینگه‌پارێزی.
خانمان به‌په‌روه‌رده‌کارو رێپیشانده‌ری یه‌که‌می منداڵ داده‌نرێت و یه‌که‌م قوتابخانه‌ش که‌مرۆڤی تێدا فێرده‌کرێت قوتابخانه‌ی دایکه‌. خانم ئه‌رکی په‌روه‌رده‌کردنی تاکی ره‌فتار دروسته‌، ڕۆڵ ده‌بینێ له‌ڕێکخستنی خۆشگوزه‌رانی ژیان. پاراستنی ژینگه‌ش هه‌ر له‌هه‌نگاوه‌ سه‌ره‌تایه‌که‌یدا له‌خێزانه‌وه‌ ده‌ستپێده‌کات، ئامانجیش لێی ئاشناکردنی تاکه‌ به‌ژینگه‌ و هه‌وڵدان بۆ گۆڕینی ره‌فتاری تاک بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌کی دۆستانه‌ی له‌گه‌ڵ ژینگه‌دا بنیادبنێت و له‌گه‌ڵیدا رابێت هه‌تا کۆتایی ژیانی هه‌میشه‌ پارێزه‌رو داکۆکی کاری ژینگه‌ بێت و بۆ هه‌میشه‌ خۆشه‌ویستی ژینگه‌ له‌دڵیدا بچه‌سپێ.
نیوه‌ی کۆمه‌ڵگاکانی جیهان له‌خانمان پێکهاتون، به‌ڵام رۆڵیان له‌گه‌شه‌پێدان و پێشخستنی کۆمه‌ڵگادا، له‌نیوه‌ زۆرتره‌. خانمان ده‌توانن باشترین رۆڵ بگێڕن و سه‌رکه‌وتوبن له‌به‌ره‌وپێشبردنی وڵاته‌که‌ماندا له‌ڕوی ژینگه‌و سه‌رخستنی په‌یامی ژینگه‌پارێزی، چونکه‌ خانمان کاریگه‌ریه‌کی زۆر ئه‌رێنیان هه‌یه‌ له‌ڕۆشنبیری کۆمه‌ڵگەو به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی زانیاری و گۆڕینی ره‌فتاره‌کانی کۆمه‌ڵگە.
له‌سه‌ر هه‌موو خانمان پێویسته‌ خۆیان رۆشنبیری ژینگه‌یی بکه‌ن و به‌شداربن له‌کایه‌ ژینگه‌دۆستیە‌کاندا و بچن به‌شداری شۆڕشی ژینگه‌پارێزی بکه‌ن و په‌یامی ژینگه‌پارێزی بگه‌یه‌نن و به‌گوتارو کردار بیسه‌لمێنن که‌ده‌توانن ببن به‌ژینگه‌پارێز.  

* چالاکوانى ژینگه‌یی 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار