کێ بکوژی ماریایە؟
ن: رێزان نوورەدین (حەسەنی)
3 ساڵ لەمەوپێش
ن: رێزان نوورەدین (حەسەنی)
ماوەیەک لەوە پێش کچێکی گەنج لە هەولێر، بە ناوی (ماریا) لە لایەن برا ١٧ ساڵەکەی و مامییەوە بە تاوانی گۆڕینی ئایین یان هەر پاساوێکیتر کوژراوە. لە ماوەی رابردوودا چەند ژن و کچ بە پاساوی جیاواز، بیانووی جیاواز، لە لایەن پیاوەکانی نزیکی بنەماڵەیانەوە کوژراون، جا مێرد بێت، یان برا، یان باوک یان هەر کەسیتر.
دیاردەی ژن کوشتن وەک دیاردەیەکی ناشارستانی لە کۆمەڵگای کوردستان بوونی هەیە و تەنانەت دەشتوانین بڵێین تایبەت نییە بە کۆمەڵگای کوردی. لە هەر کوێ دیدی پیاوسالاری و دەسەڵاتی پیاومەزنی بوونی ببێت ئەم دیاردەیە کەم تا زۆر بوونی هەیە.
لە کۆمەڵگای کوردستانیش ئەم دیاردەیە تازە نییە. بەداخەوە زۆر جاران دەبیستین و دەخوێنینەوە کە ژنان دەبن بە قوربانی ئەم تێڕوانینە کۆن و دواکەوتوانەیە. تێڕوانینێک کە ژن وەک ئۆبژەیەک لە ناو چوارچێوەی کۆمەڵگا و بنەماڵە و خێڵدا دەبینێت و ئەو ئیزنە بە پیاو ئەدات کە بە مەبەستی پاراستنی یاساکانی خێڵ، کۆمەڵگا، بنەماڵە و … بە مەبەستی پارێزگاری کردن لە ئەو شتەی ناوی دەنێت شەرەف، نامووس یان هەر شتێکیتری لەم چەشنە بە هەر شێوەیەک کە بیهەوێت رەفتار و هەڵسووکەوت بکات لەگەڵ ژندا. لەم ڕوانگەوە ژن بەشێکە لە موڵکی خێڵ و بنەماڵە و عەشیرە و پارێزگاری کردن لێی ئەرکی پیاوانە. ئەم دیدی پیاومەزنییە لە کۆمەڵگا رۆژهەڵاتییەکان و بە تایبەت ئەو کۆمەڵگایانەی کە هەڵگری کەلتووری عەرەب- ئیسلامن لە ئێستادا زیاتر لە زۆربەی کۆمەڵگاکان درێژە بە تەمەنی خۆی دەدات و خەرێکی نوێ کردنەوەی خۆیەتی. کەلتوور، داب و نەریت و ئایین وەک سێ کوچکەی پشتیوانی و پشتگیری کردن لە ئایدۆلۆژیای پیاومەزنی چاویان لێ دەکرێت و هەرسێکیان بەردەوام لە جێگۆڕگە و دان و ستاندان بۆ پتەوتر کردنەوەی بنەماكانی پیاوسالاری و پیاومەزنی لە کۆمەڵگا. سیستەمی پیاوسالاری ژن وەک موڵک دەبینێت و پیاو ئامادەی پارێزگاری کردنە لەو موڵکەی کە بووە بە خاوەنی.
ئەم ئایدیایە ئیزن بە خۆی ئەدان کە بۆ پارێزگاری کردن یان پاراستنی ئەو موڵکەی کە سیستەمی پیاوسالاری بە هەموو پشتیوانەکانیەوە پێی بەخشیوە تەنانەت دەست ببات بۆ کوشتن و لەناوبردنی ژنان. لەم ئایدیایەدا جەستە و رۆح و کەسایەتی ژن شتێک نییە خۆی خاوەنداری بێت، بەڵکوو پیاوان خاوەنی جەستە و رۆح و کەسایەتی و تەنانەت هەستەکانی ژنن. لەم ئایدایەدا وەک وتمان ژن بوونەوەرێکی تەواو ئۆبژەیە و خاوەن ئیختیار نییە.
یەکێک لە هۆکارەکانی توندووتیژی نواندنی پیاوان بەرامبەر بە ژنان وەک چۆن مایکل کافمەن باسی دەکات، لەو دیدەوە سەرچاوە دەگرێت کە پیاو خۆی بە شایستەی ئەوە دەزانێت ئەو توندووتیژییە بنوێنێت. توندووتیژی نواندن وەک ئیمتیازێکی تایبەت بەخشراوە بە ئەو و ئەو وەک پیاو ئیزی ئەوەی هەیە کە ئەم توندووتیژییە بنوێنێت.
:” وەك چۆن لێكدانەوە فێمنیستییەكان زۆر جار خستوویانەتە روو، توندووتیژی نواندن زۆربەی جار ئەنجامی لۆژیكی گومانی ئەو پیاوەیە بەوەی ئەو شایستەی ئەوەیە ماف و ئیمتیازی تایبەتی هەبێت. ئەگەر پیاوێك ئەدات لە ژنەكەی لە بەر ئەوەی لە كاتی خۆیدا خواردنی شەوی ئامادە نەكردووە، تەنها بۆ ئەوە نییە بەم لێدانە بەر بە دووبارە بوونەوەی ئەم شتە بگرێت، بەڵكوو( نواندنی توندووتیژی لە لایەن پیاوەوە) باس لەو گومان و وێنایەی پیاو دەكات كە خۆی شایستەی ئەوە دەبینێت خزمەتكارێكی هەبێت. یان ئەو كاتەی پیاوێك ژنەكەی لە دیداری یەكەمدا ئازاری جنسی و سێكسی ئەدات، بە هۆی گومانی ئەوەی كە ئەو مافی تایبەتی هەیە، بەوەی چێژ وەربگرێت لە جەستەی ئەو ژنە تەنانەت ئەگەر چێژەكەش یەك لایەنە بێت. بە دەربڕێنێكی تر وەك چۆن بەشێك لە ژنان خستوویانەتە روو، نەك تەنها نایەكسانیەكانی هێز، بەڵكوو وێنای ئاگاهانە یان زۆر جار نائاگاهانەی ( لە رووی وشیارییەوە یان زۆر جار لە رووی ناوشیارییەوە) شایستە بوون بەوەی كە مافی تایبەتی هەبێت، دەبێتە هۆی توندووتیژی نواندنی پیاوان. "
ئەم گومانی خاوەن ئیمتیازی تایبەتە یان سەرتر بوونە کە بۆی هەیە وەها رەفتارێک بکات، لەو هۆکارانەوە سەرچاوە دەگرێت کە پەرەپێدەر و بونیادنەری بیرکردنەوەو ئایدۆلۆژیای پیاومەزنین. ئەو پیاوەی ئەو ئیزنە بە خۆی ئەدات دەستی بچێتە خوێنی ژنێک لە بنەماڵەکەی جا خوشک ، کچ یان هاسەری بێت ، بێگومان لە لایەن هێزێکەوە ئەو ئیزنەی پێدراوە، ئەویش ئەو هێزەیە کە پەرەپێدەری کۆمەڵگا و ئایدیای پیاوسالارییە. لێرەدایە جگە لە خۆ بە شایستە زانین بۆ توندووتیژی نواندن، دەبێت باس لە هۆکارێکیتر بکەین کە ئەویش هۆکاری ئیزن پێدانە. مایکل کافمەن هەر لەو بارەوە دەڵێت:
"هۆكارە ئاڵۆزەكانی كۆمەڵایەتی و دەروونناسی توندووتیژی پیاوان هەر چییەك بێت، ئەم دیاردەیە بێ ئیزن وەرگرتنی ئاشكراو و یان شاراوەی داب و نەریتە كۆمەڵایەتییەكان، بەندە یاساییەكان، هەندێ لە ئامۆژە ئاینییەكان، ناتوانێت درێژە بە بوونی خۆی بدات. لە بەشێكی زۆر لە وڵاتان، یاسای دژ بە ئازاردانی هاوسەر و ئازاری سێكسی یان ئەوەیە بوونیان نییە یان ئەوەیە زۆر لاوازن، لە ژمارەیەكیتر لە وڵاتان زۆر كەم بەڕێوە دەچن، لە بەشێكیتر لە وڵاتان هەر گاڵتەجاڕن، وەك ئەو وڵاتانەی تاوانی توندووتیژی تەنها كاتێك لە لایەن دادگاوە لێپێچینەوەی لە سەر دەكرێ كە ژمارەیەك پیاو شاهیدی بدەن لە سەر ئەو توندوتیژییە، هەر وەها لەو وڵاتانەی كە شایەتی دانی ژنان بە هەند وەرناگیردرێ."
لە نموونەی کوشتنی ماریادا، پاساو بۆ کوشتنی ئەم کچە ئەوە دەهێننەوە کە ئایینی خۆی گۆڕیوە. گۆڕینی ئایین دەبێت بەو پاساوەی کوڕێکی ١٧ ساڵان! وەک بکوژ دەستی بچێتە خوێنی خوشکەکەی. هەڵەین ئەگەر لامان وابێت بکوژی ئەم کچە گەنجە ٢٠ ساڵانەیە، تەنها براکەی یان مامییەتی. بە پێچەوانەوە ئەبێ بۆ هاندەرەکان یان ئەو شتەی کە پێی دەڵێن سەرچاوەکانی ئیزن پێدان بگەڕێین. سەرچاوەکانی ئیزن پێدانی ئەم کوشتنە و کوشتنە هاوشێوەکانی لە کۆمەڵگای ئێمە دیارن. رۆژانە دەیان ڤیدیۆ و وتاردان و بابەتی جۆراوجۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبینین لەسەر رەوایەتدان بە کوشتنی ژنان. بەشێکی زۆری مەلاکان و پێش نوێژە ئایینییەکان لە کوردستان پەرەپێدەری ئەم روانگەن و ڤیدیۆکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە هەزاران کەس بینەر و گوێگرییانن. مەلاکان بوون بە پاڵەوانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەر مەلایەک توندڕەوتربێت لایەنگری زیاترە. گوێگری زیاترە. ئەمانە پەرەپێدەری توندووتیژین و رەوایی ئەبەخشن بە توندووتیژی دژی ژنان بە هەر بیانوویەک بێت.
بکوژی ماریا و ماریاکان، هەموو ئەو گوتاردانە توندووتیژانەیە کە رۆژانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، لە تەلەفیزیۆنەکانەوە، لە مینبەری مزگەوتەکانەوە بڵاو ئەبێتەوە. هەموومان، هەموو ئەوانەی کە رۆژانە خەریکی بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە وتارانەن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەشێکین لەو بازنەیەی کە هۆکاری کوشتنی ماریا و ماریاکانین. ئەگەر ئەو کۆمێنتانەی بە هۆی کوشتنی ئەم کچە ٢٠ ساڵانەوە نووسراون دەخوێنیتەوە بەو ئاستە لە مەترسی ئەگەی کە لە چ کۆمەڵگایەکی جەلاددا دەژیت. هەموان وەک جەلاد خەریکن ئیش ئەکەن، رەوایی ئەدەن بەم دیدە، بارەقەڵایی ئەکەن لە بکوژ و بکوژەکان. تەنها توێژێکی دیاریکراویش نین لەو ژمارە زۆرە بە هەزاران کەسەی کە کۆمێنت ئەنووسن و کوشتنەکان بەڕەوا ئەزانن. ژن، پیاو، گەنج، خوێندەوار، خوێندکار و ... هەموان بەشێکن لەو توێژە بەرفراوانەی کە رەوایی ئەدەن بە کوشتن و دژی ئەو بۆچوونانە ئەوەستنەوە کە دژی کوشتنی ژنانن. لە راستییدا دژبەرانی کوشتنی ژنان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانا لە چاو ژمارەی زۆری ئەوانەی پشتیوانی لە کوشتنەکان ئەکەن وەک نووزەیەک دەرئەکەون لە ناو ژاوەژاوو و قرم و قاڵێکی گەورەدا. مینبەری مزگەوتەکان و بڵیندگۆی دەستی مەلا توندڕەوەکان دەنگیان لە هەموو ئەو دەنگانە بەرزترە کە دژی کوشتن و توندووتیژی بەرامبەر بە ژنان ئەوەستنەوە.
هێرش بۆ سەر رێکخراوەکانی ژنان
دوا بە دوای کوشتنی ماریا، هێرشێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دژی رێکخراوەکانی ژنان دەستی پێکردووە. ئەم هێرشە کە لە لایەن رەوتێکی بیرکردنەوەیی دیاریکراوەوە ئاراستە کراوە، رێکخراوەکانی ژنان و چالاکانی بواری مافەکانی ژنانی کردۆتە ئامانج. بە شێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو و کار بۆ کردوو، کار ئەکەن بۆ ئەوەی رێکخراوەکانی ژنان بە هۆکاری سەرەکی کوشتنی ئەم کچە گەنجە و رووداوە هاوشێوەکانی لە کوردستان بناسێنن و لە راستییدا بەم کارەیان خۆڵ دەکەنە چاو خەڵک.
ئەم رەوتە دیاریکراوە، دەیهەوێت وەها وێنابکات و کۆمەڵگا وەها ئاراستە بکات رێکخراوەکانی ژنان، بوون بە هۆی یاخی بوونی ماریا و ماریاکان و بە وتەی ئەوان، ئەم کچەیان بەلاڕێدا بردووە. لە راستییدا هێرشی پلان بۆدڕاێژراوی ئەوان لەگەڵ ئەوەی "دی هاوێژی" (projection)ە، ئەوەی دەبێ قامکی تاوانباربوونی بۆ رابکێشرێت ئەو دەنگانەن کە بەردەوام پەرەپێدەری توندووتیژین لە کۆمەڵگا. ئەو دەنگانەن کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە مێنبەری مزگەوتەکان، لە رادیۆ و تەلەفیزیۆنە جیاوازەکانەوە رەوایی ئەدەن بە کوشتنی ژنان لە ژێر ناوی پارێزگاری لە نامووس، لادان لە ئایین یان هەر شتێکیتر.
هێرش بۆ سەر رێکخراوەکانی ژنان، تەنها هێرش نییە بۆ سەر ئەو رێکخراوانە، بەڵکوو هێرشە بۆ سەر هەر ئایدیا و بیرێکی رزگاریخواز، ئایدیایەک کە بە پێچەوانەی ئەوان بیربکاتەوە. ئەو کۆدەنگییەی دروستبووە بۆ دژایەتیکردنی رێکخراوەکانی ژنان، هەمان ئەو کۆدەنگییەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، لە کۆمێنت و ستاتووسە جیاوازەکاندا رەوایی ئەدات بە کوشتنی ماریا و ماریاکان و دەستخۆشی لە بکوژ ئەکات. ئەوان دەخوازن ئەو هارمۆنییەی لە کۆمەڵگادا هەیە نەمێنێت و خوازیاری یەکدەستکردنی کۆمەڵگان بەو ئاراستەیەی خۆیان دەیانهەوێت.
سەرچاوەی توندووتیژی بەرامبەر بە ژنان لە کۆمەڵگایەکی وەک کۆمەڵگای کوردستان، بیرکردنەوەی پیاومەزنییە و ئەم بیرکردنەوەیە رەوایی خۆی لە داب و نەریت، ئایین وەرئەگرێت و یاسا (یاسایەکی کۆنسێرڤاتی ئایین تەوەر) بە پاڵپشتی خۆی ئەزانێت و ئەو دەنگانەش کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە مێنبەرەکان، لە تی ڤی و رادیۆکان بەردەوام هێرش ئەکەنە سەر ژنان و رێکخراوەکانی ژنان، پەرەپێدەر و برەو پێدەری ئەم بیرکردنەوەن.
سەرەنجام:
بە کورتی، بکوژی ماریا و ماریاکان لە کۆمەڵگای کوردستان و زۆربەی کۆمەڵگاکان تەنها باوک ، برا ، مێرد یان پیاوانی نزیکی ئەو ژنانە نین، بکوژی ئەم ژنانە ئەو بیرکردنەوەیە کە رەوایی ئەدات بە کوشتنی ژنان. هەموو ئەو دەنگانە، ئەو میدیایانەی کە پەرە پێدەری ئەم بیرۆکەیەن بەشێکن لەو بازنەیەی کە ئەبێ قامکی تاوان بۆیان رابکێشین. ئەوەی کە میدیایەکی وەک K24 دوو رۆژ دوای رووداوەکە، لە رێگای تەلەفۆنەوە رێگا بە برای ماریا (وەک یەکێک لە بکوژەکان) ئەدات قسە بکات و بە قسەکانی رەوایی ئەدات بەو کوشتنەی ، یان دەرکەوتنی باوکی ماریا لە رووداو و جۆری قسەکانی، پەرەپێدانە بە هەمان بیرکردنەوەو جەختکردنەوەیە لەوەی ماریا و ماریاکان دەکرێت بکوژرێن، ئەوان لە رێ لایان داوەو کوشتنیان ڕەوایە.
لەم ڕووەوە ئەتوانین بڵێین پێویستمان بە یاسایەک هەیە کە بە توندی دژی دیاردەی ژن کوشتن و توندووتیژی بەرامبەر بە ژنان بوەستێتەوە. یاساییەک کە رەوایی و مەشرووعییەت لە هەموو ئەو ژن کوشتنانە بسێنێتەوە. یاسایەک کە سزای ئەوانە بدات هاندەری ژن کوشتنن . لەم هەرێمەدا ژن کوژەکان، هاندەرانی ژن کوشتن دەنگیان زۆر دلێرە و یاسا بێدەنگە بەرامبەریان یان ئەوەی جێبەجێکەرانی یاسا خۆیان بەشێکن لەو بازنەیەی کە پشتیوانی توندووتیژین بە هەموو فۆڕمەکانییەوە دژی ژنان.