عێراق بۆ مامەلەی بازرگانی لەگەڵ ئێراندا دەستبەرداری دۆلار دەبێت

7 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
حکومەتی عێراق ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند، لە سایەی سەپاندنی گەمارۆکانی ئەمریکا بەسەر ئێراندا، وڵاتەکەی ناچارە لەبەر خاتری مامەڵە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئێراندا دەستبەرداری دراوی دۆلار ببێت.
سەعد حەدیسی وتەبێژی فەرمی حکومەتی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی "نوڤۆستی" ڕوسیا ڕایگەیاند "گەمارۆکان بە پلەی یەکەم کاردەکاتە سەر حەواڵە داراییەکان و مامەڵە بانکییەکان کە بە دۆلاری ئەمریکی کراون، بەو هۆیەشەوە هەردوولا ڕێککەوتوون دەستبەرداری دۆلار ببن و لێی دووربکەونەوە".
وتەبێژی حکومەتی عێراق پێشبینی ئەوەشی کرد کە دەستبەرداربوون لە دۆلاری ئەمریکی کاریگەری نەرێنی جێدەهێڵێت بەسەر پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵاتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەستەمە لە سایەی سەپاندنی گەمارۆ سەپاوەکانی سەر تاراندا بتوانرێت پارێزگاری لە ئاستی بازرگانی بکرێت لە نێوان هەردوو وڵاتدا.
لە بەشێکی تری وتەکانیدا وتەبێژی حکومەتی عێراق جەختیکردەوە، حکومەتی وڵاتەکەی کاردەکات لەسەر پەرەپێدانی ئالیەتێکی نوێ بۆ پشتیوانی لە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوولا، بەمەبەستی سوککردنی کاریگەریی سزاکان لەسەر پەیوەندی بازرگانی تاران و بەغدا.
ئەو وتانەی وتەبێژی حکومەتی عێراق لەکاتێکدایە، قۆناغی یەکەمی سزا سەپێنراوەکانی سەر ئێران لە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردووەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بڕیاریشە قۆناغی دووەمی سزاکان لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتووەوە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
قۆناغی یەکەمی سزاکان خۆی دەبینێتەوە لە بلۆککردنی مامەڵە داراییەکان و بەئامانجگرتنی کەرتەکانی ئۆتۆمبێل و فڕۆکەوانی و بازرگانی.
هەر بەگوێرەی سزاکان ڕێگری دەکرێت لە ئێران بۆ کڕینی دۆلاری ئەمریکی و بازرگانیکردن لەگەڵ ئێراندا لە بواری کانزا بەنرخەکانی وەک زێڕ.
