پەردەوازەیی کورد لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا
نەوزاد ساڵح
3 ساڵ لەمەوپێش
نەوزاد ساڵح
پێچەوانەی بۆچوونی هەندێک کەپێیان وایە ماڵی شیعە پەرت بوە، ئەگەر ئاوڕێک لە خولەکانی پێشووی هەڵبژاردنەکانی عێراق وپێکهێنانی کابینەکان بدەینەوە هەر لەساڵی ٢٠٠٣ بەدواوە بینیمان کەلە حزبەعەرەبیە شیعیەکاندا کەسی یەکەمی حزبەکان بەشداربوون لەوەرگرتنی پۆست و دەسەڵاتی حکومەتدا لەوانەش بەڕێزان جەعفەری ومالکی وعبادی وعادل عبدالمهدی........هتد
لەهیچ خولێکدا ڕێبەری ڕەوتی سەدر وەک خۆی بەشدارنەبوە لەکایەی دەوڵەتداری وحکومەتدا بەڵام ئەگەر سەرنج بدەین لەم خولەدا بەهێزەوە دەردەکەوێت وئەمیش هاتە ڕیزی ئەوسەرکردە شیعانەی کە ڕۆڵی سەرەکیان هەیە لەپێکهێنانی حکومەتی عێراقدا بەشێوەیەک کەدەیەوێت (حکومەتی زۆرینەی نیشتمان) پێک بهێنێت و بەڕێز (جەعفەرسەدر)یان وەک کاندیدی سەرۆک وەزیران دەست نیشان کردوە لەم خولەدا، کەواتە ماڵی شیعە ماڵی لێ کەوتوەتەوە نەک پەرت بووبێت ئەوەماڵی کوردە کەپەردەوازەو پەرتبوە ،ئەوان لە لوبنان بن یان لەحەوزەی قوم لەدیمەشق بن یان لەتاران گرنگ ئەوەیە لەچوارچێوەی پەیڕەوی دوازدە ئیمامیدادەرناچن وئەم (دابەشکردنی ڕۆڵ)ەش هێندەی تر ئەوانی بەهێزکردوە...
دوای هەڵبژاردنی ١٠ی تشرینی ٢٠٢١ دەبوو لایەنە کوردیەکان کۆبونەوەیەکیان لەپێناوی یەکڕیزیدا بکردایە بەڵام تا ئێستا نەیان کردوەو نەمان بینی کە ئەمەش دەرخەری ئەوڕاستیەیە کە لایەنە کوردستانیەکان دابەش بوون بەسەر سێ بەرەداو ئەم دابەش بوونەش زیاتر هێزی کوردی پەرت دەکات و لەبەرژەوەندی کورد نیە و بەپێچەوانەوە لە بەرژەوەندی لایەنەکانی ترە ، هەر ڕێکەوتنێک و بەستنی هەر جۆرە هاوپەیمانیەتیەک لە بەغدا پێویستە لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای دەستوری عێراق وڕەچاوکردنی پاراستنی بەرژەوەندی هاوڵاتیان بێت و داکۆکی کردن بێت لەماف و داخوازی و شکۆی هاوڵاتیان وکەرامەتی نەتەوەییان کەئەمەش کاریگەریی وڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر هەرێمەکانی تری کوردستانی گەورە...
کاتێک پەرلەمانتارەکانی کورد لە بەغداد بە یەکگرتوویی و یەک هەڵوێستی دەربکەون ووزەو تین دەبەخشن بەهەموو تاکەکانی کورد لەهەرشوێنێک بن بەپێچەوانەوە مێژوو ئەو وانەیەی فێرکردووین کە مل ملانێ و پەرت بوونمان چ زیانێکمان پێ دەگەیەنێت وکارەساتمان بۆ دروست دەکات... کۆبونەوەی شەممە لە ٢٠٢٢/٣/٢٦دا چیمان پێ دەڵێت؟ ئایا لەم چەندکاتژمێرەداکەماوە یەکێتی و پارتی چی دەکەن؟ ئەوان لەبری ئەوەی بەهێزەوە دەربکەوتنایە کە کورد (٦٣) کورسی هەیەو کەم نیە دەبوو یەک ئاراستەو ئامانجیان هەبوایە مەخابن خۆیان بوونەتە بەشێک لەمل ملانێکان!!! هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق وێستگەیەکی تری قۆناغی ژیانی سیاسی عێراقیەکانە کە ئەم پۆستە بە پێی عورفێک هەرلەساڵی (٢٠٠٥) ەوە پیادە کراوە لای کوردەو لای (ی ن ک) بوە، لە ئێستاشدا هەردوولایەنی سەرەکی کورد یەکێتی وپارتی کاندیدیان بۆ ئەم پۆستە هەیە کە بریا ڕێکەوتنیان لە نێوان خۆیاندابکردایەو بەیەک کاندیدەوە روویان لە بەغدا بکردایە... بەهێز دەرکەوتنەوەی کورد لە بەغدا بەهۆی پۆستی سەرۆک کۆمارەوەنیە،بەهۆی بوونی ئەوژمارە دەنگەوەیە کە هاوڵاتیان وێڕای ناهەمواری ژیانیان بەڵام ڕێگای هەڵبژاردنیان گرتەبەرو دەنگیان بەنوێنەرەکانی کورد داوە تاکو بتوانن لەبغداد شەڕی دەستوریی وزامنکردنی مووچەو مافەکانیان بکەن ...
کەواتە هەرکاندیدێک بێت ولەهەرپارتێک بێت ئەرکی ئەو دەوەستێتەوە لەسەر بوێریی کەسە کە تاچەند بۆ بەرژەوەندی گەلەکەی خۆی تێ دەکۆشێت، راستە ئەو سەرۆک کۆماری هەموو عیراق دەبێت بەهەموو پێکهاتەو نەتەوەکانیەوە بەڵام هەموو جوڵەو دەرکەوتنێکی لەسەر کورد هەژمار دەکرێت و پێویستە بوێرو داکۆکی کاری سەرسەختی مافەڕەواکانی گەلی کوردبێت... ڕەنگە بەغداد دوامەنزڵی ئارامی نەبێت بۆ کورد بەڵام ناوەندی بڕیاردانە و کورد لەم قۆناغەدا دەبێت زیرەکانە مامەڵە بکات و تاکتیک و هەموو دووریەکان بەچاوی عەقڵ ببینێت و مانۆڕێکی سەرکەوتوانە بکات بۆمسۆگەرکردنی ماف وخواستەکانی کورد، لەهەموودەرگاکان بدات تا بە هەموان بتوانن ئەم دەرفەتە بکەنەپردی پەرینەوەو سەرەتایەک بێت بۆ بونیات نانی عێراقێکی نوێ بەڕەچاوکردن وخوێندنەوە بۆ مافەکانی کوردیش .