نایف كوردستانی یەكێتی و حەشدی وەلائی تۆمەتبار دەكات بە نوسینی تویتەكەی لەسەر مەرجەعیەت
كەسایەتییەكی گەرگەری بۆ هاوڵاتی: هەركەسێك لەناو هۆزەكەمدا هەڵە بكات پشتگیری ناكەین
3 ساڵ لەمەوپێش
عەمار عەزیز
شەوی 27ی ئەم مانگە، دكتۆر نایف كوردستانی(گەرگەری) توێتێك لەسەر مەرجەعی باڵای سیستانی بڵاودەكاتەوە ، دواتر ناڕەزایی توند بەدوای خۆیدا هێناو ئەو شەوە بارەگای لقی 5ی پارتی لە بەغدا دەسوتێنرێت، كەسایەتییەكی گەرگەری بۆ هاوڵاتی دەڵێت:" هەركەسێك لەناو هۆزەكەمدا هەڵە بكات پشتگیری ناكەین".
شەوی 27ی ئەم مانگە دكتۆر نایف كوردستانی(گەرگەری) كادری پارتی توێتیكی نوسیبوو تێیدا هاتووە " مەرجەعێكی عەرەبمان دەوێت كە لە ئەهلی ئالو بەیت بێت، نەك مەرجەعی هیندی و فارسی"، بەو هۆیەوە لایەنگرانی عەلی سیستانی توڕە دەكات و لەبەردەم بارەگای پارتی لە بەغدا ناڕەزایی دەردەبڕن ، هەر ئەو شەوە بارەگای لقی 5ی پارتی لە بەغدا دەسوتێنن، دوێنێ سێشەمەش پارتی بارەگاكەی رووخاند وەك هەڵوێستێك بەرانبەر نەپاراستنی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە.
نایف كوردستانی لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا دەڵێت "لە 27ی ئازاردا من تویتێكم كرد و نووسیم: "من لەگەڵ مەرجەعیەتی عەرەبیم، نەك.."، بەڵام راستییەكەی ئەوەیە من ئەو تویتەم لە كاردانەوەم لە دژی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد لەبەر سێ هۆكار".
سەبارەت بە هۆكارەكان دەڵێت: یەكەم "من لە هەڵبژاردنی 2018 كاندید بووم و شكستم هێنا. دووەمیان: من لە زانكۆی مووسڵ لە كارە ئەكادیمییەكەم دوورخرامەوە لەبەر ئەوەی بە بڵاوكردنەوەی تائیفیەت تۆمەتبار كرام و پارتی دیموكراتی كوردستان پشتی نەگرتم.
سێیەمیشیان هەندێك بەرپرس منیان پەراوێز خست و لە ئەنجامی ئەو فشارە دەروونییەی لەسەرم درووست بوو، هەندێك كەس لێم نزیك كەوتنەوە لەوانە ئەبو ئەدهەم، لە بەغدا و شێخ محەمەد ئەلتەمیمی لە حەشدی وەلائی كە بە ناوی "ابن حشد المقاوم" شت بڵاودەكاتەوە و یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش، كە فشاریان لەسەر دروستكردم".
نایف وتیشی "لە یەكێتی هەریەك لە لەیلا رێكانی ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا و لیوا دەحام ئیبراهیم جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی یەكێتی لە نەینەوا و ئەنوەر ئیبراهیم بەڕێوبەری ئاسایشی زوممار لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان و فارس حسێن عومەر بەرپرسی كۆمیتەی ئەلعەیاچیە، كە لە كافتریای لۆكا لە گەڕەكی تەناهی دهۆك یەكمان بینی و من دوو مامم بە ناوەكانی حازم ئەحمەد حەسەن و رافد ئەحمەد حەسەن لەگەڵ بوو".
كەسایەتییەكی گەرگەری: ئێمە داوامان لە نایف كوردستانی كرد تویتەكەی بسرێتەوە، وەزیرێكی پارتیش بەهەمان شێوە، بەڵام رەتیكردەوە
نایف ئەوەش دەخاتەروو كە دوای چەند مانگێك هەریەك لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان و ئەبو ئەدهەم، فشاریان لەسەر زۆرتر كرد و دوا پەیوەندیش "فارس حسێن عومەر پەیوەندی پێوە كردم و داوایان دەكرد و فشاریان دەكرد، كە سوكایەتی بە مەرجەعیەتی باڵا بكەم".
سەفوان بەشیر گەرگەری، راوێژكار لە پەرلەمانی عێراق هاوكات یەكێكە لە كەسایەتییەكانی هۆزی گەرگەری لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت " كاك نایف گەرگەری هاورێی خۆمە و لە هۆزی گەرگەری یە ، دەیانجار ئامۆژگاریم كردووە كە خۆی دوور بگرێت لەبڵاوكردنەوەی ئەو شتانەی كە دەبێتە نیگەرانی حزبێك یان لایەنێكی ئایینی، دیارە ئامۆژگارییەكانی بەهەند وەرنەگرتووە، ئەوەی كردوویەتی زۆر خراپ بووە بەتایبەت لەم كاتەدا كە پارتی و چەند لایەنێك لە هەوڵی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقن".
سەفوان بەشیر ووتیشی" ئەم پرسە هیچ پەیوەندی بە عەشیرەتەوە نیە، پرسێكی سیاسی یە هەركەسێك لە عەشیرەتەكەی خۆم كارێكی خراپ بكات بەدڵنیایەوە پشتگیری ناكەین خۆ ئەگەر كوری منیش بێت".
ناوبراو ئەوەشی ئاشكرا كرد كە، بۆ زانیاری هەموو لایەك ئەو شەوەی نایف گەرگەری ئەو تویتەی كرد، بەنگین رێكانی وەزیری پێشووی حكومەتی عێراق سەر بە پشكی پارتی پەیوەندی بە نایف دەكات و داوای لێ دەكات تویتەكەی بسرێتەوە، بەڵام نایف گەرگەری ڕەتی دەكاتەوە.
"منیش داوام لێكرد كە ئەو تویتەی ئەو كردوە مەسح بكات و بیسرێتەوە، بەڵام ئەو هەر سور بووە و پێی وابوو شتێكی ئاسایی بڵاوكردوتەوە"، سەفوان بەشیر گەرگەری وا دەڵێت.
سەفوان گەرگەری جەختی لەوەشكردەوە كە دكتور نایف كوردستانی زیندانكراوە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی هەرێم" بەپێی زانیاریەكانم لە دهۆك حوكم دەدرێت، نازانم شەش مانگ یان ساڵێك یان زیاتر لە زیندان دەبێت، بووچوونی ئێمە ئەوەیە بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ لەگەڵ دكتور نایف بكرێت، دادگا هەر بڕیارێكیدا پاپەند دەبین و پشتگیری لە بڕیارەكەی دادگا دەكەین".
دكتۆر نایف ئەحمەد كوردستانی لە هوزی (گەرگەری) كاندیدی ژمارەی ( 30) پارتی بووە لە هەڵبژاردنی 2018، نزیكەی هەزار دەنگی هێنا، لە ساڵی 1982 لە گوندی هەریر سەربە ناحیەی زوممار لە دایك بووە، دكتورایی لە زمانی عەرەبی هەیە لە زانكۆی موسڵ مامۆستا بووە .
رۆژی دووشەممە شوان محەمەد، بەرپرسی لقی 5ی پارتی لە بەغداد لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەوەی دووپاتكردەوە كە پارتی بێبەریە و داوای لێبوردنیشیان كرد.