وەك پارتی هێزی زیادمان نەبردووەتە ناوچە سنوورییەكانی نزیك پەكەكە
بابەكر زێباری بۆ هاوڵاتى:
3 ساڵ لەمەوپێش
عەمار عەزیز
راوێژكارێكی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی، ئەوە رەتدەكاتەوە كە پارتی هێزی دیكەی جوڵاندبێت بۆ نزیكی پەكەكەو دەشڵێت:»ئەو ناوچانەی كەتوركیا دەیویست بیگرێت گەیشتە ئەنجامەكەی خۆی، بۆیە بۆردومانكردنی ناوچەكە تاڕادەیەك كەمبووەتەوە».
كۆنسەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان «كەجەكە» لەڕاگەیەنراوێكدا باسی لەوەكردووە كە» لەڕۆژانی رابردوودا هێزە تایبەتەكانی پارتی بەچەكی قورسەوە خۆیان لەو ناوچانەدا جێگیركردووە، كە ئەو ناوچانەی ماوەی 20 ساڵە لەژێر كۆنترۆڵی گەریلاكاندان».
كەجەكە ئەوەشی خستوەتەڕوو، «ئەگەر پارتی دیموكراتی كوردستان (پەدەكە) بچێتە پاڵ دەوڵەتی تورك بۆ هێرشكردنەسەر ناوچەكانی گەریلا، ئەمەش بەواتای هێرشكردنە سەر دۆخی باشور و دەستكەوتەكانیەتی. نابێت پارتی دیموكراتی كوردستان (پەدەكە) بەشداری لەم پلانە داگیركارییانەدا بكات».
راوێژكاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری سەربازی ئەوە رەتدەكاتەوە كە هێزەكانی پارتی لەو ناوچانە زیاد كرابێت.
بابەكر زێباری، راوێژكاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری سەربازی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت: « ئەو دەنگۆیانەی باس لەزیادكردنی هێزەكانی پارتی لەناوچە سنورییەكان دەكەن دوورە لەڕاستیەوەو هێزەكانی پێشمەرگە یەك بستیش نەچووەتە پێش، راستە پارساڵ هەندێك شوێنی نوێمان گرت هەر ئەوەیە هیچ شتێكی تر رووینەداوە، لەئێستادا لەبەرنامەی پارتی و حكومەتی هەرێمدا نیە هێزی زیاتر رەوانەی ئەو ناوچانە بكەین».
بابەكر زێباری وتیشی:» هێزەكانی پەكەكە لەهەموو شوێنێك هەیە، لەچیای گارەو چیای سپی، ئەوانە لەبەر لەشكری توركیا هەڵاتوون هاتوونەتەوە ناو گوندەكانمان، ئەو گوندانەی كە چۆڵیش كراون ئەوان تیایدا نیشتەجێ دەبوون، بەڵام ئێستا لەو گوندانەش ناحەوێنەوە، چونكە خەڵكی تیادا نەماوەو ناتوانن خۆیان بشارنەوە چونكە هەندێك ئامێری نوێی پێشكەوتوو دەركەوتوون ئەگەر لەئەشكەوتیش بن ئاشكرادەكرێن».
لەبارەی هۆكاری كەمبوونەوەی بۆردومانكردنی ناوچە سنورییەكان لەلایەن فرۆكەكانی توركیا، بابەكر زێباری وتی: «بۆردومانكردنی ناوچەكانمان رانەگیراوە و بەردەوامە، بەڵام بەراورد پارساڵ و پێش چەند مانگێك كەمبووەتەوە ئەوەش هۆكارەكەی هەر بۆ پەكەكە دەگەڕێتەوە، پەكەكە هەر زیادەڕەویی دەكرد لەسەر خاكی ئێمە، بۆیە توركیا هەر دەهاتە پێشەوە «.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست پەیامنێری هاوڵاتى كەوتووە لەچەند رۆژی رابوردوو هێزەكانی پاسەوانی سنووری عێراق لە پارێزگای دهۆك هێزیان لەكەلا قومری جێگیركردووە، ئەو ناوچەیە یەكێكە لەستراتیژیترین خاڵی سەربازی لەسنوری ناحیەی كانی ماسێ، ئەو خاڵەیە لەبەرامبەر هێزەكانی توركیایە لە زناری كێستە، لەسەر ئەم پرسە بابەكر زێباری وتی: « نازانم هێزەكانی پاسەوانی سنووری عێراق هێزێكی خۆیان جێگیركردوە یان نا لەوانەیە كرابێت، مافی ئەوانە بچنە ئەو شوێنانە، زۆرجار شوێنەكانی خۆیان دەگۆڕن و پرسیاریش بەئێمە دەكەن لەبارەی گۆڕینی شوێنەكانیان، ئێمەش پێیان دەڵێین ئەوە پەیوەندی بەئێوەوە هەیە «.
موختاری گوندی هرور دەڵێت رۆژی دووشەممە پاسەوانی سنوری عێراق دوو خاڵی دیكەی سەربازییان جێگیركردووە.
ئازاد ئەدیب، موختاری گوندی هرور، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت: « پاسەوانی سنوری عێراق خاڵێكی سەربازی لەكەلا قومرێ جێگیركردووە، رۆژی دووشەمەش خاڵێكی تر لە گوندی سەرەرو جێگركردووە، هەردوو خاڵەكان دەكەونە سنوری ناحیەی كانێ ماسێ«.
لەسنوری ناحییەی كانی ماسێ، دووری نێوان پێشمەرگە و هێزەكانی توركیا زیاتر لە 10 كێلومەترە، هەروەها دوری نێوان هێزەكانی پاسەوانی سنوری عێراق و هێزەكانی توركیا كێلومەترێكە لەهەندێك شوێن كێلومەترێك و نیوە.
ئازاد ئەدیب ئەوەشی روونكردەوە كە جێگیركردنی ئەو دوو خاڵە هاوكاتە لەگەڵ بەردەوامی بۆردومانكردنی ناوچەكە، هیچ نەگۆڕاوەو بۆردومانكردنیش رانەگیراوە.