نەمانی دەرمان لەنەخۆشخانەكانی سلێمانیداحكومەت شەرمەزار دەكات؟

3 ساڵ لەمەوپێش




شەنای فاتیح

زەنگی مەترسیدار گەیشتووەتە حكومەتی هەرێم لەبارەی كەمبوونەوەی دەرمانە بنەڕەتییەكانی رۆژانە بۆ نەخۆشخانەكانی سلێمانی و بریكاری وەزارەتی تەندروستیش دەڵێت: لەم چەند رۆژەی داهاتوودا چارەسەر دەكرێت.
زیاتر لە هەفتەیەكە بەرپرسانی تەندروستی سلێمانی هۆشداری دەدەنە حكومەت لەبارەی خەرجنەكردنی پارەی كۆمپانیاكانی دەرمان كە بەو هۆیەوە دەرمان كەمبووەتەوەو ناتوانن نەخۆشەكانی پێ رایی بكەن.
بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتى ، كە لەبەرپرسانی تەندروستی سلێمانی وەرگرتووە زیاتر لە 10 ملیار دیناری كۆمپانیاكانی دەرمان قەرزارن و حكومەتی هەرێم پارەكەی دابین نەكردووەو كۆمپانیاكانیش ئامادە نین پارە وەرنەگرن و دەرمانیش بدەنە نەخۆشخانەكان.
یەكێك لەو كۆمپانیایانە كە نەیویست ناوی بهێندرێت ئەوەی دووپاتكردەوە كە لەوڵاتانی دەرەوە كەداوای لیستێكی دەرمان دەكەیت دەبێت پێشتر پارەكە نێردرابێت و هیچ كۆمپانیایەك دەرمان بەقەرز نادات، وتیشی:» چاوەڕێین پارەمان بۆ خەرج بكەن تا دەرمان دابین بكەین».
لەساڵی رابردوودا حكومەتی هەرێم بڕیاریدا مانگانە بڕی یەك ملیارو 700 ملیۆن دینار بۆ نەخۆشخانەی هیوا كە تایبەتە بە نەخۆشییەكانی شێرپەنجە خەرج بكات، بەڵام چەند مانگێك بوو ئەوەش نەماوەو بەو هۆیەوە كۆمپانیاكانی دەرمان، دەرمانیان پێنادەن.
‌بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا دەڵێت ساڵانە نزیكەی 80 ملیۆن دۆلاریان پێویستە بۆ ئەوەی بتوانین لەسەدا سەد پێداویستی سەرجەم نەخۆشەكانیان دابین بكەن.
د.یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتى  وت: ئێستا دۆخی خزمەتگوزاری نەخۆشخانەی هیوا لەسەدا 25% كەمی كردووە و كەموكورتی لەچارەسەركردنی نەخۆشەكاندا هەیەو كێشە لەئامێری پێدانی تیشك بە توشبووانی شێرپەنجە هەیە».
هەروەها باسی لەوەشكرد گرفتیان لەئێستادا خەرجنەكردنی پارەیە كە لەسەدا سەد كێشەی كەمبوونەوەی دەرمانیان هەیەو دەرمانی مەناعی و بایەلۆجیان نییە كەنزیكەی 150 نەخۆشیان لەسەر ئەو چارەسەرانەن و توانای دابینكردنیان نییەو لەئێستادا داهاتی سندوقی شێرپەنجە زۆر كەمی كردووە چونكە سەرچاوەكانی لەبەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی و گومرگی خواردنەوە كحولییەكاندایەو پارەی هیچ كامێك لەوانە كەمی نەكردووە، بەڵام داهاتی سندوقەكە كەمی كردووەو لەمانگی ١١ی ساڵی رابردووەوە پارەیان بۆ خەرج نەكراوە.
بەڕێوەبەری گشتی نەخۆشخانەی هیوا ئەوەشی خستەڕوو كە رۆژانە 600 نەخۆش بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی نەخۆشخانەی هیوا دەكەن و رۆژانە نزیكەی 15 حاڵەتی نوێ و ساڵانە نزیكەی سێ هەزار حاڵەتی نوێ تۆماردەكرێت.
كەمبوونەوەی دەرمان تەنها نەخۆشخانەی هیوای نەگرتووەتەوەو سەرجەم نەخۆشخانەكانی دیكە هەمان كێشەیان هەیە.
د.شلێر فایەق، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوون لەشاری سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى  وت:» پێداویستی تاقیگەیمان زۆر كەمەو دەرمانمان بۆ نەخۆشانی دەرەوە نییەو دەرمانی نەشتەرگەری و سڕكردنمان بۆ مناڵبوونی سروشتی نییە».
«ئەگەر بێت و بارودۆخەكە بەو شێوەیە بەردەوام بێت كاركردن دەوەستێت و لەئێستادا نەشتەرگەری سارد راگیراوە كە لەخراپترین بارودۆخی ئەم وڵاتەدا كەساڵەكانی 2014 و 2015 بارودۆخ بەو شێوەیەی ئێستا نەبووە، ئەمە یەكەمجارە بگەینە بارودۆخێكی لەم شێوەیە.، دكتۆر شلێر وای وت.
هاوكات، د.پشدەر عبدالله، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵانی فێركاری لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى  پێیوابوو كە بەشێك لەبەشی راوێژكاری و بەشێك لەنەخۆشیە درێژخایەنەكان و بەشێكیش لەتاقیگە لەئێستادا توانای بەڕێكردنی نەخۆشیان نییە بەهۆی نەبوونی دەرمانەوە.
د.پشدەر ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە نەخۆشخانەكەیان سێ كێشەی سەرەكی هەیە  كەمی كارمەندو پەرستاری زانكۆو نەمانی دەرمانی تاقیگە كە لەئێستادا بەشێكی زۆری پشكنینەكان ئەنجامنادرێن و نەمانی دەرمان لەنەخۆشخانەدا بەهۆی ئەو كێشەیەی لەنێوان حكومەت و كۆمپانیاكاندا دروستبووە.                                                                                                        بەرێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان وتیشی:»لەنێو نەخۆشخانەكەی ئێمەدا سەرجەم حاڵەتە تەندروستیەكانی منداڵان دەبینرێن و بۆ هەر حاڵەتێكیش چەندین جۆری دەرمان هەیە كەئێستا بەشێكی زۆریان كەمبوونەتەوە یان نەماون، ئێمە لەكەمترین حاڵەتدا رۆژانە نزیكەی هەزار نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەكەمان دەكەن بەهەموو بەشەكانەوە، بەڵام لەوەرزی زستان و هاویندا ژمارەكە بۆ هەزار و 700 نەخۆش بەرزدەبێتەوە».
«ئەگەر بێت و لەچەند رۆژی داهاتوودا كێشەكە چارەسەر نەكرێت كێشەی گەورە دروستدەبێت و كاتێكیش دەرمان و پێداویستی پزیشكی نەمێنێت وەك ئەوە وایە نەخۆشخانەكە دابخرێت»، دكتۆر پشدەر وای وت.
بەرپرسانی تەندروستی سلێمانی جەخت لە نەمان و كەمبوونەوەی دەرمان لەنەخۆشخانەكاندا دەكەن و دەڵێن ئەگەر وا بێت چاوەڕێی كارەسات بن.
جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی دەشڵێت:» هیچ كۆمپانیایەك ئامادە نییە دەرمان دابینبكات و بڕە پارەی پێویستیشمان نییە دەرمان بەشێوەیەكی راستەوخۆ بكڕین».
هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى  وت:» كێشەی نەمامی دەرمان لەمانگی نیسانی ساڵی رابردووەوە هەیەو ناوە ناوە چارەسەرێكی كورت كراوە، بەڵام نەتوانراوە بنەبڕبكرێت و ئێستا بووەتە كێشەیەكی گەورەو دەرمان لەهەموو شوێنێك كەمی كردووە، ئەگەر وا بڕوات دەبێت چاوەڕێی ئەوەبین نەخۆش لەسەر شەقامەكان گیان لەدەستبدەن بەهۆی نەبونی دەرمانەوەو ئەوەش كارەساتە».
جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی باسی لەوەشكرد، نەخۆشخانەكانی هیواو مناڵبوون و مناڵان و سەنتەری بوژانەوەی دڵ و بانكی خوێن كێشەی گەورەی نەبوونی دەرمان و پێداویستی تاقیگەییان هەیە.
د.هێرش ئەوەشی روونكردەوە كە تائێستا هیچ هەنگاوێكی كردەیی نەنراوە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بۆ چارەسەركردنی ئم كێشەیەو داواكارن بڕی پارەی پێشینەی كۆمپانیاكان خەرجبكرێت و قەرزەكانیان بدرێتەوە بۆ ئەوەی ئامادەبن جارێكی دیكە ئامادەبن دەرمان دابینبكەن بۆ بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی.
بریكاری وەزارەتی تەندروستی: كێشەی كەمبوونەوەو نەمانی دەرمان لەهەموو شارەكاندا هەیەو تەنها سلێمانی نییە.
رەهێڵ فەرەیدوون، بریكاری وەزارەتی تەندروستی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى  وت:» كەمبوونەوە یان نەبوونی دەرمان كێشەیەكە لەسەرجەم شارەكانی كوردستاندا هەیە،  بەڵام جیاوازی سلێمانی لەوەدایە كە پێشتر رێكار و شێوازی دەفعی پارە بۆ كۆمپانیاكان جیاوازبووە  لەگەڵ هەولێرو دهۆك و لەوێ كۆمپانیاكان بڕی لەسەدا یەك تا دوویان وەرگرتووەو هەفتانە ئیکتیفایان دەكردو پارەكانیان بۆ خەرجدەكرا، بەڵام لەشاری سلێمانی دەوروبەری بەشێوەیە نەبوو و هەفتانە لەسەدا بیست خەرج كراوە، كە مانگانە لەسەدا 60% پارەی كۆمپانیاكان خەرج كراوە..
بریكاری وەزارتی تەندروستی حكومەتی هەرێم باسی لەوەشكرد، لەم دواییەدا بەهۆی نەبوونی پارەی پێویست لەبانكەكاندا، دەفعی پارەكە رێژەكەی كەمبووەتەوە بۆ هەفتەی لەسەدا پێنج و ئەم پارەیەش وەكو پێوست دابین نەكراوەو كۆمپانیاكانیش دەرمان دابین ناكەن.
هاوكات، رەهێڵ فەرەیدوون ئەوەشی دووپاتكردەوە كە ئەو كێشەیە لەئێستادا بەرەو چارەسەری دەڕوات، بەڵام نازانن چارەسەرەكە یەكجارییە یان دووبارە دەبێتەوە «لەڕۆژەكانی هەفتەی رابردوودا بەشێوەی زارەكی پێیان وتین كە تەواوبووە لەئەنجومەنی وەزیرانەوە  پێیان راگەیاندووین كەموافەقەت كراوە و جەنابی وەزیری دارایی پێی راگەیاندووین كە گەڕاوەتەوەو تەنها ماوە بە نووسراو بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بەڕەسمی ئیعلانی تەندەرین بكرێت».
سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پێیوابوو كە نەبوونی دەسەڵاتی لامەركەزی بۆ ئیدارەی شارەكە وای كردووە دەرمان و پارەش كەمببێتەوە.
رێبوار ئەحمەد، سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى  وت:» ئێمە لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەڕوونی وتوومانە بۆ بابەتە هەنوكەیی و خزمەتگوزاری و پێویستیە رۆژانەییەكان  پێوسیتە دەسەڵاتێكی لامەركەزی هەبێت بۆ ئەوەی ئیدارەی شارەكە بەسەرجەم بەڕێوبەرایەتیەكانەوە بكات و حكومەتی هەرێم پلان و بەڕێوەبردنێكی مەركەزی هەیە ئەوەش ناگونجێت لەم دۆخەدا».
رێبوار ئەحمەد هێمای بۆ ئەوەكرد «كەمبوونەوەو نەمانی دەرمان لەنەخۆشخانەكاندا بابەتێكی شەرمەزارییە بۆ هەرێمێك كە چەندین داهاتی هەمەچەشنی هەیە» وتیشی:» هەر لەناو پارێزگاكان خۆیاندا بایی ئەوە داهات هەیە كەحكومەت دەست بۆ قوتی هاووڵاتیان یان تەندروستی هاووڵاتیان نەبات و پارەیان بۆ خەرجنەكات و هەر لەپارەی هاتوچۆ دەتوانن ئەم كێشەیە چارەسەربكەن».
«ئەوانەی حكومەت ئاوا بەڕێوە دەبەن لەقازانجی حكومەت و بەرەوپێشچوونی هەرێم و قازانجی ئەم وڵاتە و خەڵكەكەی كارناكەن ئەگینا داهاتی نەوت و ناوخۆ زیادیان كردووەو بەئاسانی دەتوانن ئیدارەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان دابین بكەن»، رێبوار ئەحمەد وای وت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار