بۆردومانەكانی توركیا ناوچە شوێنەوارییەكان دەكاتە ئامانج

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى -دهۆك

بەڕێوەبەری شوێنەوارو كەلەپوری دهۆك ئەوە ئاشكرا دەكات كە بۆردومانەكانی توركیا لەسنورەكانی بادینان ناوچە شوێنەوارییەكانی كردووەتە ئامانج و مەترسی لەناوچوونیان هەیە.
سوپای توركیا لەمانگی نیسانی ساڵی رابردوو تائێستا زیاتر لە 50 كیلۆمەتر بەقوڵی خاكی هەرێمی كوردستانی داگیركردووەو لە بادینان تەنها شەقامەكان بەدەست حكومەتی هەرێمەوە ماوەو ئەوی دیكەی لەدەست سوپای توركیاو دەزگا هەواڵگرییەكانیاندایە.

بێكەس بریفكانی، بەڕێوەبەری شوێنەوارو كەلەپوری دهۆك لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى ئاماژەی بەوەكرد كە دوو جۆرە مەترسی هەیە لەسەر سروشت و ناوچە شوێنەوارییەكان، «ناوچە شوێنەوارەكانی وەك گای باڵدار لە خنس، نەخشی نەكراندی لە گوندك، هەروەها خانووەكانی كەلەپوری قەزای ئاكرێ كەژمارەیان هەزار و 800 خانووە، هەروەها نزیكەی 80 خانوو لەناوەندی دهۆك، ئەوانەی لەسنوری شەڕو ئاڵوزیدان لەنێوان پەكەكەو سوپای توركیا ژمارەیان 79 شوێنەوارە مەترسی گەورەیان لەسەرە».

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو كە بەهۆی شەڕو پێكدادان و بۆردومانەكانەوە ناتوانن بچنە ئەو شوێنانە تا بزانن چەندیان لەو ژمارەیە لەناوچوونە، ژمارەی شوێنەوارەكان ئەوانەی تۆماركراون دوو هەزار شوێنەوارن و هێشتا هەندێكی دیکەیان تۆمار نەكردووە.

 هەروەها بریفكانی باسی لەوەشكرد كە بۆ كەرتی شوێنەوارو نۆژەنكرنەوەی خانووە كەلەپورییەكانی ئاكرێ حكومەتی هەرێم بڕی 900 ملیۆن دیناری تەرخانكردووە چاوەرێی وەزارەتی دارایی دەكەن پارەكەیان بۆ خەرج بكات و دەست بەئیش بكەین تێیدا، هەروەها قشلی ئاكرێ حكومەت بڕی 166ملیۆن دیناری دابین كردووە.
هاوكات ئەوەشی خستەڕوو كە بۆ یەكەمجار رێكخراوی یونسكۆ ئەشكەوتی چارستین و كێلیا شەدا لەناوەندی دهۆك  نۆژەن دەكاتەوە كەئەوەش بە گرنگترین پرۆژە دادەنرێت، ئەم پرۆژەیە رێكخراوی یونسكۆ لەگەڵ یەكێتی ئەوروپی و رێكخراوی ئای ئێڵ ئو جێبەجێی دەكات.
 رێكخراوی ئەكتیدی فەرەنسی هەڵسا بەكاری لوجستی و خاوێنكردنەوی شوێنەواری خنس كە رۆژانە 140 كرێكار ئیشیان دەكرد، هەروەها رێكخراوی  gizی ئەڵمانی هەڵدەستێت بە دۆكیومێنتكردنی خانووەكانی كەلەپوری پارێزگای دهۆك لەگەڵ دابینكردنی بڕێك هاوكاری بۆ نۆژەنكردنەوەی قشلی ئاكرێ، حەوت پرۆژەی تریش هەر لەبواری شوێنەوار لەئاییندەیەكی نزیك جێبەجێ دەكرێن.
 بێكەس بریفكانی ئەوەشی ئاشكراكرد كە راستە چەند گروپێك هەوڵی دزینی شوێنەواریان داوە، لەچیای مەقلوب، ناحیەی قەسرۆك، قەزای ئاكرێ و چەند شوێنێكی تر ئەو گروپانە بەمەبەستی دۆزینەوەی ئاڵتون زیانیان گەیاندووە بەژمارەیەك شوێنەوار،»چەند كەسێك دەستگیركراون و ئێمە لەدادگا سكاڵامان لەدژی ئەو كەسانە تۆماركردووە، حكومەت ناتوانیت لەهەر ناوچەیەكی شوێنەواری دوو پۆلیس دابنێت، بەڵام دەزگا ئەمنییەكان هاوكاریمان دەكەن».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار