شەنگالو ئێزدییەکان لەسیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورەدا
3 ساڵ لەمەوپێش
رەزا مەنوچەهری
کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەقۆناغێکی گوزەری پڕ لەژاندا تێدەپەڕێن. کوردستان بووەتە چەقی ململانێکانی ناوچەکەو گۆڕەپانی دەستشکاندنەوەی هێزە جۆراوجۆرەکان. گەلی کوردو پێکهاتەکانیشی باجی بەشێکی گرنگ لەو دەستشکانەوانە دەدەن.
لەسەرەتای ساڵانی ١٩٩٠و لەدوای داگیرکردنی کوێت و شەڕەکانی یەکەم و دووەمی کەنداوو دەستتێوەردانی هێزە جیهانییەکان، رفاندنی ئۆجالان، رووداوی ١١ی سپتەمبەر، خۆپیشاندانەکانی ناوخۆی ئێران، سەرهەڵدانی گروپە جیهادییەکانی قاعیدەو گروپە ئیسلامیەکانی تر لەعێراق و ئەفغانستان، بەهاری عەرەبی و رووداوەکانی عێراق و سوریاو سەرهەڵدانی خەلافەتی ئیسلامیی داعش و شەڕی یەمەن، کوژرانی زەرقاوی، بن لادن، بەغدادی، قاسم سولەیمانی و ئیبراهیم قارداش ناوچەکەی بردووەتە قۆناغێکی پڕ لەکێشمەکێش و قەیران، کە لەو کاتەوە قەیران لەدوای قەیران کارەسات بەرامبەر بەخەڵک و گەلان و پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکان و تاوانی جەنگ و جینۆساید روودەدات و ئارامی و ئاشتی بووەتە خەونێکی ئاسۆ دوور.
پارچەپارچەکردنەوەی کوردستانی پارچەکراو
بۆ ئەوەی داگیرکەرانی کوردستان و هێزە ناوچەیەکان بتوانن دەسەڵاتی خۆیان بەسەر ناوچەکەدا زیاتر بکەن پێویستیان بەوە هەیە هێزو گروپە کاریگەرو ناوچە جۆگرافیە گرنگ و ستراتیژییەکان و سەرچاوەکانی وزە بەشێوەی جۆراوجۆر کۆنترۆڵ بکەن. دەوڵەتە داگیرکەرەکانو هێزە جیهانییەکان کێشەی کورد بەیەک پاکێج و یەک خاک و یەک نەتەوە و یەک کێشە سەیر دەکەن. بۆ ئەوەش کاتێک ئەوان دەڵێن، کێشەی کورد مەبەستیان سەرتاسەری کوردستان و هەموو کوردە. بۆیە کار بۆ ئەوە دەکەن کورد خۆی بەیەک نەتەوە و یەک خاک و یەک چارەنووس نەزانێت تاوەکو لە دیزاینکردنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا رێگری لەدروستبوونی هێزی کوردو کیانی کورد بکەن. بۆ ئەوەش دەبێت دووبارە کوردستان پارچە پارچە بکەنەوە. ناوچەکان لە یەکتر داببڕن و پێکهاتە ئایینی و زمانییەکان بکەن بە گژی یەکدا.
یەکلایی نەکردنەوەی ناوچە جێناکۆکەکان لە باشووری کوردستان و جێبەجێنەکردنی ماددەی ١٤٠، کە رووبەری ئەو ناوچانە بەئەندازەی خاکی هەرێم دەبن و قوڵایی ستراتیژی و هێڵی تەماسی نێوان کوردو عەرەبن و سەرچاوەی گرنگی وزەیان تیادایە، لەچوارچێوەی ئەو سیاسەت و پرۆژانەدایە. بۆ رێگریکردن لەجێبەجیکردنی ئەو ماددەیە لایەنە دەستڕۆیشتووەکانی دژ بەکورد بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان پرۆژەی جۆراجۆری وەک هەرێمی سوننە، فیدراڵی پارێزگا بۆ کەرکوک، دروستکردنی هەرێمی تورکمانی و هێشتنەوەی دۆخی تەعریب و ئاسایی نەکردنەوەی دۆخی دیمۆگرافیا دەخەنە بەرنامەی کارو پڕوپاگەندەی میدیایی و گوشاری دیپلۆماسی و سەربازی و دانوستانەکانەوە.
هاوکات دەوڵەتی تورکیا بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی هەر جۆرە بیرو جوڵەیەکی کورد بەئاڕاستەی یەک چارەنووسیدا و یەکخستنی جوگرافیای کوردستاندا لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٩٩٠ەوە دەستیکردووە بەدروستکردنی بنکە و بارەگای سەربازی لەباشووری کوردستان، کە کاریگەریی لەسەر دووبەرەکێ نانەوە و شەڕی کورد بەکورد و بڕیاری سیاسی لەهەرێم هەیە.
لەدوای رووداوەکانی بەهاری عەرەبی و شۆڕشی کورد لەسوریا، دەوڵەتی تورکیا بۆ رێگریکردن لە بەهێزبوونی کورد ناوچەکانی باب و جەرابلوسی داگیرکردو بۆ رێگریکردن لە گەیشتنی کورد بەدەریا عەفرینی داگیرکرد. دوای ئەوەش بۆ دابڕاندنی ناوچەکانی تری رۆژئاوای کوردستان لەیەکتر گرێ سپی و سەرێکانیی داگیرکرد. لە باشووری کوردستانیش ناوچەیەکی زۆری داگیرکردووە، کە بە سیاسەتی باری نائاسایی سەربازی و دۆخی جەنگی مامەڵە لەگەڵ ئەو ناوچانە و دانیشتوانەکانی دەکات و خەڵک و باخ و رەزو گوندەکانیان بۆردومان دەکات.
شەنگال پردی بەستنەوەی باشوور و رۆژئاوای کوردستان
لەسیاسەتی داگیرکاریی داگیرکەرانی کوردستاندا کار بۆ دابڕاندنی شەنگال و تەریکخستنی و پاکتاوکردنی دانیشتوانەکەی دەکرێت. ئێزدییەکان وەک پێکهاتەیەکی گرنگ و سەرەکیی کوردستان لەلایەن بەشێک لەمێژوونووسەکانەوە بە نەوەی میتانییەکان دەزانرێن. زۆرینەیان لەباشووری کوردستان لە شێخان و شەنگال، لە باکووری کوردستان لە مێردین، ئامەد و دێرسیم و رحا، لە رۆژئاوای کوردستان لەحەسەکە و تەبقا و عەفرین، لە ئەرمینیا، جۆرجیا و ئازەربایجان و رووسیا و ئەڵمانیادا دەژین و نزیکەی ٢ ملیۆن کەس دەبن.
هەڵکەوتەی ناوچەی شەنگال و دەرووبەری دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگای نەینەوا، لەهێڵی باکوورەوە تاوەکو خابوور و بادینان درێژ دەبێتەوە، لە باکوور و رۆژئاواوە نزیکەی ٣٠٠ کیلۆمەتر لەگەڵ رۆژئاوادا سنووری هەیە. چیای شەنگال لەدیوی رۆژئاوا و چیای قەزوان (عەبدولعەزیز) لە دیوی رۆژئاوا درێژکراوەی یەک هێڵن. لەشێخان و چیای شەنگال و عەفرین و ئەرمینیادا چەندین مەزارگە و ناوەندی پیرۆزیان هەیە. لە ڕووی جۆگرافیاوە شەنگال و دەورووبەری گرنگترین خاڵی پێکەوە بەستنەوەی باشوورو رۆژئاوای کوردستانە، بۆیە هەوڵێکی زۆر هەیە شەنگال بە تەواوەتی لە باشووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستانیش داببڕێت. بەوەش پردی پەیوەندیی نێوان باشوور و رۆژئاوا ناهێڵدرێت و دوو بەشی گرنگی کوردستان بەتەواوەتی لەیەکتر دادەبڕدرێن. پەلامارەکەی داعش و بۆردومانەکان و گەمارۆکانی سەر شەنگال لەو چوارچێوەیەدان.
ئێزدییەکان، رەگ و ریشە و ئایینیان
ئێزدییەکان بە یەکێک لەکۆنترین و دێرینترین بڕواکانی سەر زەوی و درێژکراوی یەکێک لە گرنگترین شارستانیەتە دێرینەکانی ناوچەکە دەزانرێن، کە شارستانیەتی میتانییە. لەڕووی ئایینییەوە خۆر لەلای ئیزدییەکان پیرۆزە، کە رەگ و ریشەی ئەوەش بۆ ئاینی زەردەشتی و میترایی دەگەڕێتەوە. میتانییەکانیش بە یەکێک لە باپیرە گەورەکانی کورد دەزانرێن، کە ئەوانیش درێژەی هۆرییەکانن و مێژوویان بۆ نزیکەی ٥ هەزار ساڵ لەوە پێش دەگەڕێتەوە. رەنگە هۆکاری مانەوەی ئێزدییەکان سەرباری سەدان هێرش و کوشتاری گەورە بۆ ئەو رەگە مێژووییە دێرینە بگەڕێتەوە.
لەڕووی ئاینییەوە ئێزدییەکان دوو کتێبیان بە ناوەکانی مەسحەفا رەش و جیلوە هەیە. ئەو کتێبانە بە زمانی کوردی نووسراون. جەژنەکانی چوارشەممە سۆر، جەما، ئیزی، باتیزمێ، خدر ئەلیاسیان هەیە و هەموو جەژنەکانیش راستەوخۆ پەیوەندییان بە سروشت و گەردوون و ژیانی مرۆڤ و بەرهەمهێنانەوە هەیە.
بەپێی ئایینی ئێزدی لەمانگی نیساندا جیهان دروستکراوە. ئیزدییەکان پێیانوایە لەچوارشەممەی یەکەمی هەموو مانگێکی نیسان (یانی ئەم چوارشەممەیە) مەلەک تاوس دادەبەزێتە سەر زەوی تاوەکو زەوی لە خراپە و ناپاکی پاک بکاتەوە و خۆشی و شادی و چاکە بە ناو مرۆڤەکاندا بڵاوبکاتەوە. لەو بڕوایەدان کاتێک گەردون دروستکراوە هەموو رەنگەکان کۆکرانەتەوە بۆ ئەوەی بە جوانترین شێوە گەردون دورست بکرێت بۆ ئەوەش جوانترین رەنگەکان لەتاوسدا جیلوە دەکەن. لە جەژنی کۆمەڵگەی ئێزدیدا هێلکە دەکۆڵێنرێت و رەنگیان دەکەن، چونکە لەو بڕوایەدان لەکاتی دروستکردنی جیهاندا هەموو شوێنک بە هەموو رەنگەکان رازێنراوەتەوە. ئەو هێلکەیش بەمانای سەرلەنوێ ژیانەوە و دروستکردنی گەردوونە، چونکە هێلەکە هاوشێوەی گەردوونە و ناوەکەشی خۆری تیایدایە، کە مەبەست لەزەردێنەی هێلەکەیە، کە هاوشێوەی خۆرە.
لەیەکەم چوارشەممەی مانگی نیسان، واتە چوارشەممە سۆردا، هەر کەسێک بەیانی زوو هەڵدەستێت روودەکاتە خۆر و بۆ هەموو مرۆڤایەتی و گەردوون دوعای خێر دەکات.
لەچوارشەممە سۆردا ئێزدییەکان دەڕۆن گوڵی سوور لەدەشت و دەر دەچنن و دەیهێننەوە بۆ ماڵەوە و لەگەڵ توێکڵی هێلکەکاندا بە بەردەرگای ماڵەکانیاندا هەڵیاندەواسن، ئەوەش بۆ ئەوەیە لە هەموو خراپییەک پارێزەراو بن. هەر لەو رۆژەدا توێکڵی هێلەکەکان دەبن بۆ ناو زەوی و زارو دەخڵ و دانەکانیان بۆ ئەوەی خوا بەرەکەت بخاتە ناو دەخڵ و دانیان.
لەڕووی کولتوری و هونەرییەوە ئێزدییەکان زۆر دەوڵەمەندن و چەند ئامێری مۆسیقایی و هەڵپەڕکێ و حەیران و لاوکیان هەیە و ئەوانەش بەگشتی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا برەویان هەیە. بە بڕوای مێهردادی ئێزدی تاوەکو نزیکەی ٢٠٠ ساڵ لەوە پێش زۆربەی کوردەکان ئێزدی بوون، یان بەلانیکەمەوە بە کولتوری ئێزدییەوە ژیاون. هەریەک لە بڕواکانی یارسانی و عەلەوی و ئێزدی خۆیان لە بەنزیک لە یەکتر دەزانن. هەموویان رەنگی سپی لەلایان پیرۆزە و هەروەها بڕوایان بەوە هەیە لەدوای گیان لەدەستدانی کەسێک، رۆحەکە دەڕوات و لەکەسێکی تردا درێژە بەژیان دەداتەوە.
فەرمانی دژ بە ئێزدییەکان
ئێزدییەکان بەو هێرشانەی دەکرێتە سەریان دەڵێن، فەرمان. تائێستا ٧٤ فەرمان کراوەتە سەر ئێزدییەکان. بەپێی کتێبی رۆڵەکانی خۆر؛ ئێزدی، کە لەلایەن محەمەد ئۆزجانەوە نووسراوە، یەکەم فەرمان لەساڵی ٩٠٦ دا لەلایەن حەمدانی والیی موسڵەوە کراوەتە سەر ئێزدییەکان و کۆمەڵکوژی کردوون، چونکە ئامادە نەبوون دەستبەرداری باوەڕەکەیان ببن و ببنە مسوڵمان. حەمدانیەکان لەدوای رووخانی ئەمەوییەکان دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست و بەشیعە دەناسرێن. حکومڕانی ناوچەکانی موسڵ و حەلەب بوون.
٥ لەفەرمانەکانی دژ بەئێزدییەکان لەلایەن نادر شاوە ئەنجامدراون. بۆ نمونە لەساڵی ١٧٤٢ عەلی تەقی خانی سەر بەنادر شا ئێزدییەکانی سلدوز لە رۆژهەڵاتی کوردستان کۆمەڵکوژ کرد. نزیکەی ٦٠ فەرمانی دژ بە ئێزدییەکان لەلایەن عوسمانییەکانەوە ئەنجامدراون. بەشێک لەو فەرمانانە لە رێگەی والییەکانی دیاربەکر، موسڵ و بەغدا و حەلەب و چەند میرێکی بەدرخانییەکان و بابانییەکان و.... ئەنجامدراون. لە فەرمانەکانی دژ بە ئێزدییەکاندا جگە لەکوشتنی بەکۆمەڵی ئێزدییەکان، تاڵانکردنی سەر ماڵ و موڵک و مەڕو ماڵاتەکانیان بە ناوی غەنیمەوە ئەنجام دەدرا.
ئێزدییەکان بۆ خۆپاراستنیان لە فەرمانەکان هەمیشە پەنایان بردووەتە سەر چیا سەختەکان و چیاکان باشترین پارێزەری ئەو پێکهاتە سەرەکی و گرنگەی کوردستان بووە، کە چیاکانی شێخان، شەنگال، باگۆک، کورمێنج لەعەفرین، چیاکانی دێرسیم و ئامەد لەو چیا گرنگانە بوون بۆ ئێزدییەکان. لەبەر ئەوەش ئێزدییەکان پەرستگە و مەزارگە و ناوەندە گرنگەکانیان لەچیاکاندا دروستکردووە.
لەدوای پرۆسەی ئازادیی عێراقەوە دوو فەرمانی گەورە دژ بە ئیزدییەکان لە باشووری کوردستان ئەنجامدراوە، کەیەکێکیان لە رێگەی تەقینەوەی چەند لۆرییەکی پڕ لەتەمەنی بوو لە کۆمەڵگەی سیبا شێخ خدر لەلایەن چەکدارە خۆکوژەکانی قاعیدەوە لەساڵی ٢٠٠٧، کە زیاتر لە ٧٠٠ ئێزدیی بێ تاوان و مەدەنی کرانە قوربانی. لەساڵی ٢٠١٤شدا داعش هێرشێکی گەورەی پاکتاوکاریی بۆ سڕینەوەی یەکجارەکیی ئێزدییەکان ئەنجامدا، کە لەو هێرشەدا زیاتر ٥ هەزار هاوڵاتیی ئێزدی کۆمەڵکوژکران و نزیکەی ٧ هەزار ژن و کچی ئێزدیش لەلایەن جیهادییەکانەوە رفێنران و وەک کۆیلەی سێکسی و سەبایا و غەنیمە بە دورر لەبەهاو رەوەشتە بەرزەکانی مرۆڤایەتی مامەڵە و بازرگانی و کڕین و فرۆشتنیان لە پێناو تێرکردنی هەوەسی هەندێک پیاوی چەکداردا پێوە کرا.
تورکیا و ئێزدییەکان
بەپێی راپۆرت و سەرچاوە جۆراوجۆرە هەواڵییەکان ئەمیر محەمەد سەعید عەبدولڕەحمان الموالی ناسراو بەئەبو ئیبراهیم قارداش، عەبدوڵا قارداش، ئەبو ئیبراهیم قورەیشی، کە ساڵی ١٩٧٦ لە بنەماڵەیەکی تورکمان لە تەلەعفەری موسڵ لە دایکبووە و پلاندانەری سەرەکیی هێرش و کوشتار و سڕینەوەی ئیزدییەکان و پێکهاتەکانی تر بووە لەناو داعش دا. قارداش بەپشتبەستن بە ئایدۆلۆژیای شۆڤێنیی تورکی و پشتبەستن بەجیهاد بۆ سڕینەوەی و کوشتنی خەڵکانی غەیری بڕواکەی خۆی، بەو پەڕی توندی و هێزەوە کوشتاری ئەنجامدا. قارداش لەدوای کوژرانی بەغدا کرایە خەلیفەی داعش و ساڵی پار لە ناوچەیەکی ژێر دەستی تورکیا لە ئیدلب لە چالاکیی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا و هەسەدەدا کوژرا.
قارداش و پلانەکەی بە پلانێکی تورکی دەزانرێت بۆ سڕینەوەی بەشێک لە پێکهاتەکانی کوردستان، کە دەوڵەتی تورکیا لەپشت ئەو پلانانە بووە. لەپشت ئەوە بووە داعش لەبری رووکردنە بەغداو دیمەشق رووی کردە کوردستان و پەلاماری کوردی دا بۆ ئەوەی دەستکەوتەکانی کورد لە باشوور و رۆژئاوا لەناوببات. زۆرێک لەسەرچاوەکان باس لە چۆنییەتی گواستنەوەی داعشەکان لە رێگای تورکیاوە بۆ سوریا بۆ ناو چەکدارانی داعش و هەروەها هاوکاریی لۆجستی و راهێنانی سەربازی بەچەکدارەکانی داعش لەژێر ناوی جۆراوجۆردا لەلایەن تورکیاوە ئەنجامدراوە.
رووخاندنی مەزارگەی شێخ بەرەکات
دەوڵەتی تورکیا لەدوای داگیرکردنی عەفرین یەکێک لەکارەکانی رووخاندنی مەزارگەی شێخ بەرەکات بوو لەعەفرین، کە مەزارگەی پیرۆزی ئێزدییەکانە و لەدوای مەزارگەی لالەش لەشێخان گرنگترین مەزارگەی ئێزدییەکان بوو. سوپای تورک لەسەر شوێنی ئەو مەزارگەیە، کە تەمەنی بۆ زیاتر لە ٥٠٠ ساڵ لەوە پێش دەگەڕێتەوە، بنکەیەکی سەربازیی دروستکردووە.
هاوکات لەگەڵ ئەوەدا بە بەردەوامی گوندە ئێزدییەکانی ناوچەی عەفرین دەڕۆخێنرێن و بۆردومان دەکرێن. جگە لەکوشتنیان ژمارەیەکی زۆر لەهاووڵاتیانی ئێزدیی عەفرین لەلایەن چەکدارانی سەر بە دەوڵەتی تورکیاوە دەستگیرکراون. چەکدارەکان بنەماڵە ئێزدییەکان بە کافر تۆمەتبار دەکەن و دەیانکوژن، یان لەبەرامبەر پارە (فدیە)یەکی زۆردا ئازادیان دەکەن.
هەر لەدوای داگیرکردنی عەفرین لەناو باکووری کوردستانیش ژمارەیەک هێرشکراوەتە سەر ئێزدییەکان و مەزارگەکانیان و پیرۆزییەکانیان.
دەوڵەتی تورکیا لەگوندی ئەفشێ لەناوچەی میدیاتی سەر بە مێردین مەزارگەی ئێزدییەکانی لەساڵی ٢٠١٨دا رووخاند.
لە ساڵی ٢٠٢٠دا گۆڕستانی حەسەن بەگی ئێزدی، کە مێژووەکەی بۆ ٣٠٠ ساڵ دەگەڕێتەوە و لە گەڕەکی مەزرە مهۆکی ناوچەی باگۆک لە سنووری شاری نسێبین لە پارێزگای مێردین دایە وێرانکرا.
لەساڵی ٢٠١٨دا زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ کەس لەهاووڵاتییە ئێزدییە ئاوارەکانی لە ئامەدەوە بەزۆر گواستەوە بۆ دیلۆک، کە بەناوچەی گروپە توندڕەوە ئیسلامییەکان دەناسرێت.
هاووڵاتیانی ئێزدیی گوندی کەلهۆک لە ناوچەی قوبین لە پارێزگای ئێلح دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ گوندەکەی خۆیان، کە لەلایەن سوپای تورکیاوە گوندەکەیان رووخێنراوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٩ەوە تا ئێستا ئەو داوایەیان قبوڵ نەکراوە و دەست بەسەر زەوی و موڵکەکانیاندا گیراوە.
لەساڵی ٢٠١٩دا سەربازانی سوپای تورکیا لەزاخۆ گەنجێکی ئاوارەی ئێزدییان بەناوی ئەمین ساڵح کوشت. ئەو گەنجە دانیشتووی کامپی چەم مشکۆ بوو و لەباخێکدا سەرقاڵی کارکردن بوو و سەبازانی تورکیا لەکاتی کارکردندا لەدوورەوە بەچەکی قەناس تەقەیان لێکرد و کوشتیان.
پرۆژە ئۆڤاکۆی و شەنگال
دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت بەکردنەوەی دەروازەیەکی سنووری بەناوی ئۆڤاکۆی راستەوخۆ تاوەکو بەسرە پەیوەندیی بازرگانیی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا هەبێت. ئەو پرۆژەیە لەکۆتا خاڵی سنووریی نێوان باکووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان و باشووری کوردستان دروستدەکرێت بە کەناری ڕووباری دیجلەدا تاوەکو تەلەعەفەر و موسڵ و لەوێشەوە بۆ سامەڕا و بەغدا درێژ دەبێتەوە. بەپێی پرۆژەکە سوپای تورکیا بۆ پاراستنی رێگای گواستنەوەی بارهەڵگرەکان و رێگاری ئاسنینەکەی شەمەندەرفەرەکان ژمارەیەک بنکەی سەربازی تاوەکو موسڵ دروست دەکات و رێگاکان دەپارێزێت. بە جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە شەنگال بە تەواوەتی لەباشووری کوردستان دادەبڕێت، چونکە دیوارێکی ئەمنی و سەربازی لەنێوان باشوور و شەنگالدا لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە دروست دەکرێت.
رێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم
حکومەتی عێراق و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەسەر پێشنیازی تورکیا و بەسەرپەرشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان و بەڕەزامەندیی ئەمریکا لە ٩ی تشرینی ٢٠٢٠دا رێککەوتنێکی ٤ خاڵییان لەسەر شەنگال بەبێ ئامادەبوونی نوێنەری ئێزدییەکان و رەزامەندیی ئێزدییەکان واژۆ کرد. ئەو رێککەوتنە باس لەئاساییکردنەوەی دۆخی شەنگال و ئاوەدانکردنەوە و نەهێشتنی گروپە چەکدارەکان و پەکەکە دەکات لە شەنگال.
ئەو رێککەوتنە لەکاتێکدا ئەنجامدرا، کە پارتی دیموکراتی کوردستان و تورکیا بەبەردەوامی هەوڵ دەدەن شەنگال وەک ناوەندێکی پەکەکە بناسێنن و لە لێدوانەکانیان و راگەیاندنەکانیاندا زۆر کار لەسەر ئەوە دەکەن. پەکەکە لە کاتی هێرشی داعش لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا ژمارەیەک گەریلای ١٢ کەسیی نارد بۆ شەنگال، کە ئێزدییەکان پێیان دەڵێن، ١٢ سوارەکەی دەروێشی عەبدی رێگرییان لەکۆمەڵکوژکردنی یەکجارەکیی ئێزدییەکان گرت و دواتر بە هاوکاریی یەپەگە و یەپەژە رێڕەوێکی مرۆییان بۆ ئێزدییەکان کردەوە و ئێزدییەکانیان گواستەوە بۆ رۆژئاوا و دواتر گەڕاندنیانەوە بۆ باشووری کوردستان. دوای ماوەیەک گەنجان و ژنان و خەڵکی ئێزدی هێزێکیان بە ناوی یەبەشەو یەژەشە و ئاسایش دروستکرد بۆ پارێزگاریکردنی خۆیان. ئەو هێزانە لەلایەن پەکەکەوە راهێنانیان پێکراو لەو کاتەوە تا ئێستا شەنگال دەپارێزن.
لەدوای ئازادکردنی شەنگال لەدەست داعش پەکەکە لە ١ی نیسانی ٢٠١٨دا بەفەرمی هێزەکانی لەشەنگال کشاندەوە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا و پارتی پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن، کە پەکەکە هەر لە شەنگالدایە و پەکەکەش رەتیدەکاتەوە، بەڵام ئەو ململانێ تاوەکو ئێستا بەردەوامیی هەیە و دەوڵەتی تورکیا و پارتی پێداگرییەکی زۆر لەسەر ئەو بابەتە دەکەن.
دیواری سەر سنووری نێوان شەنگال و رۆژئاوای کوردستان
لەماوەی ٢ ساڵی رابردودا سوپای عێراق چەندجارێک هێزی بەرەو شەنگال جوڵاند و هەوڵیدا بە سەپاندنی زۆر ئەو رێککەوتنە جێبەجێ بکات، بەڵام هەموو هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە شکستی هێناوە. لەدوای ٢ ساڵ حکومەتی عێراق دەستیکردووە بە دروستکردنی دیوارێک لە نێوان سنووری شەنگال و رۆژئاوای کوردستاندا بە درێژایی ٢٧٠ کیلۆمەتر. بە دروستکردنی ئەودیوارە شەنگال لە رۆژئاوای کوردستان دادەبڕێت و باشووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستانیش لە یەک دادەبڕێن.
ئەگەر پرۆژەی ئەو دیوارە جێبەجێ بکرێت، لەئەگەری هەر هێرشک بۆ سەر کۆمەڵگەی ئێزدی، هاووڵاتیانی ئێزدی وەک پێشتر ناتوانن لەناوچەکانیان دەربچن و خۆیان بگەیەننە ناوچە پارێزراوەکان، چونکە بە دیوارێکی کۆنکرێتی، کە نزیکەی ٤ مەتر بەرزە و تەلی دڕکاویی لەسەر دانراوە و بنکە و قولەی سەربازیی تیادا جێگیر کراوە، سنووریان لێ دادەخرێت و بەو پرۆژەیە شەنگال بە تەواوەتی گەمارۆ دەدرێت.
وێناکە پێمان دەڵێت، دەیانەوێت شەنگال وەک عەفرین بکەنە دوورگەیەکی دابڕاو لەکوردستان و هەموو پەیوەندییەکانی شەنگال و کوردستان داببڕن و لەمانایەکی تریشدا دەرفەت بۆ سڕینەوەی یەکجاریی ئیزدییەکان خۆش بکەن.
هەموو ئەو پرۆژانە لە خزمەتی سیاسەتەکانی تورکیادان بۆ دووبارە پارچە پارچەکردنەوەی کوردستان و دابڕاندنی ناوچەکانی کوردستان لە یەکترو سڕینەوەی پێکهاتەیەکی دێرین و مێژووی کوردستان لەسەر خاکەکەی خۆی.
دروستکردنی رق و سڕینەوەی کولتوری و کوچپێکردنی ئێزدییەکان
بۆ ئەوەی پێکهاتەیەک، یان ئایینێک بسڕدرێتەوە، یان شەڕێک هەڵبگیرسێنرێت دەبێت هۆکارێک بۆ رەوایدان بەسڕینەوە و کوشتارکردن و جەنگە بدۆزرێتەوە و لەبەرچاوی رای گشتی و خەڵکدا چەواشەکاری و درۆی لەسەر بڵابکرێتەوە و بەوەش رق و کاردانەوە لە دژی ئەو پێکهاتەیە دروست بکەن. لە دوای ئەوەی ئێزدییەکان رووبەڕووی کوشتار و جینۆسایدێکی زۆر قورس بوونەوە و هێشتا برینەکانیان ساڕێژ نەکراوە، دەستکراوەتەوە بە هێرشکردنە سەر رەمز و بەهاکانی ئێزدییەکان و کار بۆ دروستکردنی رق بەرامبەر بە ئێزدییەکان دەکرێت، یان بەلانیکەمەوە ئێزدییەکان و ئایینەکەیان و کولتورەکەیان بەبێ بەها بە رای گشتی نیشان دەدەن.
دەروێشی عەبدی و هێدی باژۆ
لەم دواییانەدا دوو هێرشی زۆر چڕ کرایە سەر کولتور و کەرامەتی ئێزدییەکان، کە یەکێکیان ھێرشکردنە سەر پاڵەوانی بەرگریی ئێزدییەکان دەروێشی عەبدی و عەدولێ بوو. ئەو هێرشە بە چەواشەکارییەکی زۆر لە دژی عەدولێ و دەرویشی عەبدێ بڵاوکرایەوە و بەئاشکرا سەرچاوە مێژوویەکانی بەرەنگاریی دەروێشی عەبدوی و عەدولییان بەرامبەر بەزوڵمی عوسمانییەکان شێواند.
دوای تێپەڕبوونی ماوەیەک هەڵمەتێکی تری هێرش و گاڵتەپێکردن کرایە سەر یەکێکی تر لە رەمزی ئێزدییەکان، کە حەیرانی دێرین و بەرەنگاریی هێدی باژۆیەو ئێزدییەکان بۆ بەرگریکردن لەخۆیان و خۆپاراستنیان ئەوەیان ئافراندووە، بەڵام بە شێوەیەکی چڕ هێرشکرایە سەر رەمزەکانیان و هیچ کەسیش لەسەر ئەو چەواشەکارییانە و بڵاوکردنەوەی رق و وتەی نابەجێ و نەشیاو و پڕوپاگەندەی خراپ لەدژی چەوساوەترین بە بێبەشترین پێکهاتەی کوردستان دەستگیر نەکراوە، یان لێپێچینەوەی لەگەڵدا نەکراوە.
یەکێکی تر لەو فاکتەرانە بۆ سەرخستنی پرۆسەی سڕینەوەی پێکهاتەیەکی چەوساوە کۆچپێکردنیەتی لەسەر خاکی خۆی. لەدوای هێرشی داعشەوە کۆچێکی بەرفراوانی ئێزدییەکان دەستپێکردووە. لەماوەی ساڵانی رابروودا ئاسانکارییەکی زۆر کرا بۆ کۆچ و لەو چوارچێوەیەدا ئێزدییەکان کۆچی بەکۆمەڵیان کرد بۆ ئەوروپاو بەتایبەتی ئەڵمانیا. لەو ماوانەی رابردوودا سنوورەکان بەڕووی کۆچبەراندا کراوە بوون و جۆرێک لە ئاسانکاری بۆ گواستنەوە و هەڵکەندنی ئێزدییەکان لەسەر خاکی خۆیان روویدا. ئەو گواستنەوەیە لەدرێژخانەیەدا دەبێتە هاوکاری بۆ پرۆسەی سڕینەوەی و لە ناوچوونی یەکێک لەدێرینترین کولتورەکانی شارستانیەتی مرۆڤایەتی.
بۆردومان و تیرۆر
شەنگال لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لەلایەن تورکیاوە بەبەردەوامی بۆردومان دەکرێت. لەو بۆردومانەدا کەسایەتی و فەرماندە و سەرکردەکانی ئێزدی دەکرێنە ئامانج، کە شەڕیان لەدژی داعش بۆ مانەوە و پاراستنی ئێزدییەکان کردووە. لەوانە زەکی شەنگالی، زەردەشت شەنگالی، سەعید حەسەن، مەروان بەدەل خوێدا و...هتد. تورکیا لە بۆردومانەکانیدا شوێنە مەدەنییەکان و نەخۆشخانەکانیش دەکاتە ئامانج. جگە لەوانەش گوێ بە پیرۆزیی ئێزدییەکان نادات و تەنانەت لە رۆژانی جەژنی ئیزدییەکاندا هێرش دەکاتە سەریان، کە ئەو رۆژانە بەلای ئێزدیەکانەوە رۆژی پیرۆزن و بۆ ئاشتییە و شەڕ و کوشتن و خوێنڕشتن تیایاندا حەرامە، بەلام دەوڵەتی تورکیا لە بۆردومانەکانیدا ئەو سروتانە لە بەرچاو ناگرێت.