توركیا ئامادە نییە دەستبەرداری سەربازگەی باشیك ببێت

«كردنەوەی ئەو سەربازگەیە بۆ راهێنانی تایبەت بەهێزەكانی حەشدی عەشایەری سوننە بووە»

3 ساڵ لەمەوپێش



عەمار عەزیز

توركیا ماوەی شەش ساڵە ئامادە نییە بكشێتەوە لەسەربازگەی باشیك كەمەبەست لێی راهێنانی تایبەت بەهێزەكانی حەشدی عەشایەری سوننە بووە كە سوپای تورك مەشقیان پێبكات.
سەربازگەی باشیك 12 كێلومەتر لەسەنتەری ناحیەی باشیك دوورەو دەكەوێتە سەرەتای ناحیەی زێلكان لە قەزای شێخان لەپارێزگای نەینەوا.
نزیكەی سێ‌ گوندی سنوری ناحیەی زێلكان، ئەوانیش گوندەكانی گودات و جێبرا كە تێكەڵەیەكین لەكورد و عەرەب، گوندی سێیەم  (شەرەف) دانیشتوانەكەی عەرەبن، سەربازگەكە تەنیا 500 مەتر لەو گوندانە دوورەو ئەوەش دانیشتوانەكەی نیگەران كردووە.
توركیا بەڕێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراق، لەساڵی 2016وە لەچوارچێوەی بەشداریكردنی لەشەڕی دژ بەداعشدا، سەربازگەیەكی لەچیای باشیك نزیك ناحیەی زێلكان كردووەتەوە كە ئەو سەربازگەیە بەناوی هاوكاریكردنی هێزەكانی عیراق لەڕووی مەشق و راهێنانە بەتایبەت هێزەكانی حەشدی عەشایەری سوننە بووە.
دوای شەش ساڵ بەسەر تێپەڕبوونی دانانی ئەو سەربازگەیە هێشتا توركیا ئامادەنیە لەو سەربازگەیە بكشێتەوە، ئەمەش ترس و كێشەی بۆ دانیشتوانی دەشتی نەینەواو بەتایبەت ناحیەی زێلكان و باشیك دروستكردووە.
نەشوان حامد، خەڵكی ناحیەی باشیك سەر بەنەینەوا لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت: « سەربازگەی توركیا بووەتە مایەی ترس و دڵەراوكێ‌ بۆ خەڵكی ناوچەكە، ماوە ماوە سەربازگەكە بۆردومان دەكرێت و دانیشتوانی هەردوو ناحیەكە لەدەنگی ئەو موشەكانە زۆر دەترسن و زیان بەر خانووەكانی خەڵكی مەدەنی دەكەوێت، جگە لەسەرئێشە و كێشە بۆ خەڵك هیچ سوودێكی تری بۆ خەڵكی ناوچەكە نەبووە».
نەشوان حامد ئاماژەی بەوەشكرد لەدوای ئازادكردنی ناوچەكە لەژێر دەستی داعش تاڕادەیەك ناوچەكە لە رووی ئەمنییەوە سەقامگیرە، بەڵام ئەو سەربازگەیە بووەتە كێشە لەبەردەم خەڵك بەتایبەت بۆ دانیشتووانی نزیك سەربازگەكە، بەدڵنیاییەوە نایانەوێت ئەو سەربازگەیە لەو شوێنەیە بمێنێتەوە چونكە وابڕوات كێشەی زیاتر بۆ خەڵك دروست دەبێت، لەوانەیە لەئاییندەدا خەڵكانێك جارێكی تر ئاوارە ببنەوە.
بەڕێوەبەری ناحیەی زێلكان دەڵێت:»دەبێت حكومەتی عێراق داوا لەتوركیا بكات بۆ كشانەوە لەو سەربازگەیەدا».
حەمەد ئەمین غەریب ، بەڕێوەبەری ناحیەی زێلكان سەر بەقەزای شێخان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت: « تائێستا هەشت جار ئەو سەربازگەیە بۆردومان كراوەو ساڵی رابوردوو بەهۆی بۆردوومانكردن سێ‌ كەسی مەدەنی گوندێكی ناحیەكە برینداربوون، زیانی ماددیش بەر خانووی هاووڵاتیان كەوتووە «.
«نزیكەی لەسەدا 50ی دانیشتوانی ناحیەی زێلكان لەئاوارەیی گەڕاونەتەوە، ناحیەی زێلكان لە 30 گوند پێكهاتووە، ئەوانەی تائێستا نەگەڕاونەتەوە بەهۆی سەربازگەكەوە نیە، دۆخی ئەمنی ناحیەكە ئارامەو هیچ كێشەی نیە، ئەم پرسە دەبێت حكومەتی عێراق لەگەڵ توركیا چارەسەربكات ، بۆ ئێمەش ناخۆشە خەڵكی ئێمە تووشی زیان بێت بەهۆی ئەو بۆردومانە، بەڵام لە دەستەڵاتی ئێمەدا نیە و دەبێت لەسەر ئاستی باڵا كێشەكە یەكلایی بكەنەوە «، حەمەد ئەمین غەریب وای بۆ هاوڵاتى  وت. 
هاوكات، زەنون یونس بەڕێوەبەری ناحیەی باشیك  دەڵێت :»سەربازگەکەی توركیا بووەتە سەرئێشە بۆ خەڵكی هەردوو ناحیەی زێلكان و باشیك و دەشتی نەینەوا بەگشتی، هەر چەند جارێك بۆردوومان دەكرێت، هەموو روكێتەكانیش لەسنوری پارێزگای موسڵ ئاراستەی سەربازگەكە دەكرێت، وا باشترە سەربازگەی توركیا لەناو خاكی نەمێنێت».
زەنون یونس هێمای بۆ ئەوەشكرد كە زیانەكانی بۆردومانكردن هەندێكجار بەر گوندەكانی سنوری ناحیەی باشیكیش دەكەون، تازەترین جاریش پێش چەند رۆژێك چوار موشەك ئاراستەی سەربازگەكە كرا، بەو هۆیەوە زیان گەیشتووە بەچەند ماڵێك لە سنوری ناحیەكە.
زەنون یونس ئەوەشی روونكردەوە كە هەموولایەك خۆیان بێ‌دەنگ كردووە بەتایبەت هێزە ئەمنیەكان و هیچ قسەیەك لەسەر مانەوەی توركیا لەو سەربازگەیەدا ناكەن.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار