سفرەی رەمەزان هەموو خێزان پێكەوە كۆدەكاتەوە
رەمەزانو سفرەی كورد، خورماو شۆرباو شەربەتو گۆشت
3 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
هەر لەكۆنەوە واهاتووە لەناو مسوڵماناندا گرنگیەكی تایبەتی بەسفرەی ئێوارانی رەمەزان دەدرێت، لەناو هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانیشدا سفرەی رەمەزان بووەتە كۆكەرەوەی هەموو خێزان و خورماو شۆرباو شەربەت و گۆشت دەبێت ئامادە بكرێت.
خانمێك پێی وایە ئەوە بووەتە كلتور لای كوردو دەڵێت:» هەر لەكۆنەوە لەباوباپیرانمانەوە بۆمان ماوەتەوە، سفرەی رەمەزان بە بەرەكەتەو بەردەوام قەرەباڵغە».
مەلیحە عەباس، ئەم خانمە تەمەنی 47 ساڵە بۆ كڕینی پێداویستی كچەكانی لەبازاڕی سلێمانی بوو، بە هاوڵاتی وت:» هەر لەكۆنەوە كاتێك لەلادێ بووین، گرنگیەكی تایبەتمان بە سفرەی ئێوارەی رەمەزان داوە، چونكە ماڵ و منداڵ هەمووی بەڕۆژو بووە و ئێواران پێكەوە كۆدەبووینەوە لەدەوری سفرەكە بۆیە بەخواردنی جۆراوجۆر دەمانڕازاندەوە».
بەپێكەنینەوە وتیشی:» مرۆڤ چاوی برسی دەبێت، چونكە لە بەیانیەوە بەڕۆژووە، حەزی لەهەموو شتێك دەبێت و سفرەكەی پێ قەرەباڵغ دەكات».
هەر لەكۆنەوە سفرەی رەمەزان جیاواز بووەو بە شیرینی و شەربەت و میوەو سەوزەو خواردنی جۆراوجۆر رازاوەتەوە.
ئەم خانمە كە ئەزموونێكی هەیە، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد هەر لەكۆنەوە خورماو شەربەت و شۆرباو گۆشت یەكێك بووە لەخواردنە سەرەكییەكانی هەموو ئێوارەیەك و وتی:» رەمەزان و سفرەكەی لای كورد واتە خورماو شۆرباو گۆشت، كە بەردەوام ئەو خواردنانە بەكاردەیهێنین، چونكە هەم خورماكە سونەتەو شۆرباو گۆشتەكەش تەندروست و بەهێزت دەكات».
مەلیحە عەباس، دەشڵێت:» خۆشی و بەرەكەتی سفرەی رەمەزان لەوەدایە هەموو خێزان لەیەك كاتدا لەسەر سفرەكە كۆدەكاتەوەو ئەوە وادەكات خۆشی و بەرەكەت رووبكاتە سفرەكە».
بەگلەییشەوە باسی لەوەكرد، بەداخەوە زۆربەی خێزان لەئێستادا بەساڵێك ئەوەندەی سفرەی رەمەزان كۆنابنەوە.
ساڵانە لەمانگی رەمەزاندا جیاواز لەمانگەكانی دیكە خەڵكی زیاتر بەرهەمە خۆراكییەكان دەكڕن.
دوكاندارێكی وشكە وەڵامدەداتەوەو دەڵێت:» خەڵكی ئێمە موسوڵمانن، بەیانی تائێوارە بەڕۆژون، بۆیە هەموو ئێوارەیەك برنج و مریشك و گۆشت لەماڵەكاندا ئامادەدەكرێت و خواردنی تایبەت دروستدەكرێت».
لەبارەی فرۆشتنی بەرهەمە خۆراكییەكانەوە محێدین جەمالەدین، وتی:» ئەوەی لە رەمەزاندا سەرف دەبێت، بەسێ مانگی كاتی ئاساییی نایفرۆشین».
ئەو بەرهەمانەی كەزیاتر هاووڵاتیان لەمانگی رەمەزاندا دەیكڕن وەك (خورما، شەربەت، میوە، بەتایبەت شوتی، لەبەرهەمە وشەكاندا برنج و رۆن و نیسك و فاسۆلیا و گۆشت) بەهەموو جۆرەكانیەوە.
هێمن مەحمود، گۆشت فرۆشێكی ناو بازاڕی سلێمانییە، باس لەوەدەكات رۆژانە دوو ئەوەندەی رۆژێكی ئاسایی گۆشتی سوور دەفرۆشێت و بەهاوڵاتی وت:»میللەتی ئێمە خۆی زۆر حەزی بەگۆشتە، جا چونكە هەموو رۆژەكەش بە رۆژووە و برسییە، ئەوە حەز دەكات هەموو ئێوارەیەك سفرەكەی گۆشتی لەسەر بێت».
«خەڵكی ئێمە دەست و دڵی زۆر باشە، هەر یەكەی خێر دەكات و گۆشت بۆ ماڵە هەژارەكان دەكڕن، ئەمە دەستورێكی جوانی كوردەوارییە بەتایبەت لەمانگی رەمەزاندا».، هێمن محمود گۆشتفرۆش وای وت.
ناجی مەولود، خانمێكی تەمەن (73) ساڵانە، كچ و كوڕی گەورەی هەیەو كوڕەكانی ژن و منداڵیان هەیە، باسی ئامادەكارییەكان بۆ سفرەی ئێوارەیان دەكات و دەڵێت:» من تەنیا كارم خواردن ئامادەكردنە لە رەمەزاندا، لەبەیانیەوە شیرینی دروستدەكەم و خواردنی تایبەت ئامادەدەكەم، لەگەڵ خێزانەكەم لەسەر یەك سفرە كۆدەبینەوە تا مانگەكە بەڕێدەكەین».
ناجی، باس لەوەدەكات لەكۆنەوە لەماڵە باوكی كلتوریان وابووە كە مانگی رەمەزان میوان لەسەر یەك سفرە كۆببنەوە پێكەوە لەماڵی گەورەدا خواردن ئامادە بكەن « ئەو شێوازە شێوازی پێغەمبەرەكان بووەو بەردەوام حەزیان بەسفرەی جیاوازو قەرەباڵغ بووە بەو مانایەی بەرەكەتی سفرەكە زیاددەكات». ئەم خانمە وای وت.
هەروەها ناجی پێشی وایە «خۆشی مانگی رەمەزان لەسفرەی ئێواران و كۆبوونەوەی نەوەكانیدایە».
بەرپرسانی حكومەت هەر لەسەرەتای رەمەزانەوە رایانگەیاندووە هەر كەس و لایەنێك كەلوپەل و خواردەمەن گران بكات و بەنرخی زیادە بیفرۆشێت سزا دەدرێت.
ئەمە هەنگاوێكە بۆ گران نەبوونی شتومەك لەمانگی رەمەزاندا، خاوەن ماركێتێك دەڵێت هیچ لەنرخەكان زیادیان نەكردووەو وەك خۆیانە.
ئاكام محەمەد، خاوەنی ماركێتی شام دەشڵێت:» خەڵكەكە زۆر سەیرن وا دەزانن شت نامێنێت، هەربۆیە هەندێك خاوەن كار نرخەكان گران دەكات، چونكە خەڵك بەلێشاو شت لەڕەمەزاندا دەكڕن».