بەداهاتی مانگانەی ترلیۆنێک‌و دوو سەد ملیار دینار مووچە دوادەخرێت

3 ساڵ لەمەوپێش




هاوڵاتى

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمانگی رابردوودا رایگەیاند كە لەسەدا 41% داهاتی نەوت بۆ حكومەت دەمێنێتەوەو لەگەڵ داهاتە ناوخۆییەكان و ئەوەی لەبەغداوە دێت دابین دەكرێت بۆ مووچە، بەڵام كۆی داهاتە نەوتی و نانەوتییەكان 400 ملیار دیناری زیاترە بۆ موچەی مانگێك لەهەرێمدا.

حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان مانگانە پێویستی بە نزیكەی 900 ملیار دینارە.
حكومەتی هەرێم لەمانگی شوباتدا كە 28 رۆژ بووە بڕی 448 ملیۆن دۆلاری لەداهاتی نەوت داوەتە وەزارەتی دارایی كە بەدینار دەكاتە (650 ملیار دینار) كە هەر بەرمیلێك نەوتی خاو لەلایەن هەرێمەوە بە تێكڕا بە 97 دۆلار فرۆشتوویەتی كە لەو مانگەدا نرخی نەوت بە 107 دۆلار بووە.

هەروەها بڕی 200 ملیار دیناری لەبەغداوە پێگەیشتووە بێجگە داهاتە ناوخۆییەكان كە مانگانە 350 ملیار دینار بووە، كۆی گشتی داهاتەكان دەگاتە ترلیۆنێك و 200 ملیار دیناری مانگانە.
هاوكات لەمانگی ئازاردا نرخی نەوت بە 97 دۆلار بووەو بۆ هەر بەرمیلێك 87 دۆلار لەلایەن هەرێمەوە فرۆشراوەو بڕی 500 ملیۆن دۆلار بڕیارە بدرێتە وەزارەتی دارایی  كە 725 ملیار دینار دەكات، زائیدەن 350 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆو 200 ملیار دیناری بەغدا دەكاتە زیاتر لە ترلیۆنێك و دووسەدو حەفتاو پێنج ملیار دینار.
پێشەوا هەورامی، وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هاوڵاتى كە لەم ژمارەیەدا بڵاوكراوەتەوە دەڵێت داهاتی ناوخۆ نزیكەی 350 ملیار دیناری مانگانەیەو دەشڵێت داهات و پارە لەبەردەستدا بێت حكومەت دابەشكردنی مووچە دواناخات.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو لەجیهاندا داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستانی بەرزكردووەتەوە بەشێوەیەك پەرلەمانتاران دەڵێن تەنها داهاتی نەوتی خاو ئەوەی بۆ حكومەتی هەرێم دەمێنێتەوە دەتوانێت لەگەڵ بەشێك لەداهاتی ناوخۆ بێجگە لەوەی بەغدا مانگانە 200 ملیار دینار دەنێرێت دابین بكات بۆ مووچە. بەپێی راپۆرتی دیلۆیت بێت لەساڵی 2021دا، پوختەی داهاتی نەوت نزیكەی چوار ملیار دۆلار بووە، بەو پێیەش حكومەتی هەرێمی كوردستان 44٪ی داهاتی نەوتی بۆ ماوەتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار