وەرزشی کوردستان دوو ئیدارەیی پێوە دیارە

ئەمینداری گشتی لیژنەی ئۆڵۆمپی هەرێم بۆ هاوڵاتی:

3 ساڵ لەمەوپێش



شەنای فاتیح

ئەمینداری گشتی لیژنەی ئۆڵۆمپی هەرێمی کوردستان دەڵێت:" وەرزشی کوردستان دوو ئیدارەیی پێوە دیارە و ئێستا کەسانی دەستڕۆیشتوو و کۆمەڵێک رێکخراو وەرزشی کوردستان بەرێوەی دەبەن".

  لەمانگی ئابی ٢٠١٣ ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاریدا رۆژی ٦ی نیسانی بەرۆژی جیهانی وەرزش دەستنیشانبکات و ساڵانە لەسەرانسەری جیهاندا بەو بۆنەیەوە چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچێت.

ئەمینداری گشتی لیژنەی ئۆڵۆمپی هەرێمی کوردستان دەشڵێت:" ئەو کەسانەی کە دەسەڵاتی دارایان هەیە لە هەرێمی کوردستاندا هەریەکە و لەرێگای خۆیەوە کارو چالاکی وەرزشی ئەنجامدەدەن کە ئەوەش بووەتە نیگەرانی بەشێکی زۆری وەرزشکاران". 

   ئالان قادر، ئەمینداری گشتی لیژنەی ئۆڵۆمپی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بە هاوڵاتی وت:" لەئێستادا بەهۆی بەرفراوانبوونی رێکخراوەکانی بواری وەرزش دەزگا فەرمییەکان ناتوانن بە کاری خۆیان هەستن و ناشتوانرێت رێگریان لێبکرێت چونکە فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان مۆڵەتی فەرمیان هەیە".

ئەمینداری گشتی لیژنەی ئۆڵۆمپی کوردستان، وتیشی:" ژێرخانی وەرزشی کوردستان زۆر هەژارە لە هۆڵ و مەلەوانگە و یاریگا و ئەو شوێنانەی کە پێویستە وەرزشوان توانای خۆی تێدا نمایش بکات".

ئەمینداری گشتی لیژنەی ئۆڵۆمپی ئەوەشی نەشاردەوە :" ئەو پاشاگەردانیەی لە بەڕێوەبردنی وەرزشدا هەیە لە هەرێمی کوردستان گەیشتۆتە رادەیەک کە چاک و خراپ تێکەڵ بووە و رەنگە نەتوانرێت جیابکرێنەوە".

 ناوبراو ئاماژەش بۆ ئەوە دەكات :"ئەو دەزگایانەی کە بەرپرسن لەبەڕێوەبردنی وەرزش لەهەرێم پێوسته رۆڵی خۆیان بگێڕین بۆ ئەوەی شێوەیەکی ئەکادیمی خزمەتی سێکتەری وەرزش بکرێت."

وەرزشکارێکی دێرینی سلێمانی: وەرزشی کوردستان لەنێوان ململانێی سیاسی کوردستان و عێراقدا تیاچووە

خەسروەو گورون، وەرزشکاری دێرینی شاری سلێمانی لە لێدولنێکدا بەهاوڵاتی وت:" لەئێستادا لیژنەی ئۆڵۆمپی کوردستان ناچالاکە بەهۆی نەبوونی داهاتەوە و دەسەڵاتداران  نەلیژنەی ئۆڵۆمپی کارا دەکەنەوە".

وتیشی:" نەلیژنەی ئۆڵۆمپی و یەکێتییە وەرزشییەکان کاران کەبتوانرێت وەرزشی کوردستان ببرێت بەڕێوە و پەیوەندی بەعێراقەوە نەبێت، نە ئەوەشە لیژنەی ئۆڵۆمپی دابخرێت و بچین لەگەڵ عێراقدا وەرزش بکەین."

مامۆستایەکی زانکۆ: لەکوردستاندا بەهرەمەندی باشمان هەیە، بەڵام شێوازی گرنگیدان بە وەرزشوانانمان لاوازە

ئازاد ئەحمەد، مامۆستای کۆلێژی وەرزش لە زانکۆی دهۆک لە لێدوانێکدا بە هاوڵاتی وت:" ئێستا لەشاری دهۆک تەنها گرنگیدان بەتۆپی پێ لە ئاستێکی باشدایە و لەگەڵ یارییە تاکە جەنگییەکان و پاسکیلسواریش کەم تازۆر باشە، بەڵام یارییەکانی دیکە تارادەیەک بەرەوپاشەکشە و نەمان دەچن".

 ئەم مامۆستایە باسی لەوەشکرد:" پاڵەوانێتی قوتابخانەکان لەساڵی ٢٠١٤وە لەشاری دهۆک ئەنجام نەدراوە کە ئەمەش کاریگەری لەسەر کەرتی وەرزش هەیە ".

خاوەنی ریکۆردی کوردستان و عێراق لەراکردنی ١٠٠م: لە وڵاتی ئێمەدا دەبێت پەیوەندی شەخسیت هەبێت لەگەڵ ئەو کەسانەی چالاکییە وەرزشییەکان ئەنجامدەدەن

دڵسۆز عوبێد، یاریزانی گۆڕەپان و مەیدان بۆ راکردنی ١٠٠م لە لێدوانێکدا بە هاوڵاتی وت: "لەکوردستاندا دەبێت پەیوەندی شەخسیت لەگەڵ رۆژنامەنووسان و  ئەو کەسانەدا باشبێت کە هەڵدەستن بە ئەنجامدانی چالاکی تایبەت بەبۆنە وەرزشییەکان".

 بۆنموونە:خەڵات بەسەر کۆمەڵێک وەرزشکاردا دابەشدەکرێت ئەگەر سەیربکەیت ئەو وەرزشکارانە هیچ شتێکی وایان تێدانییە بەڵام بەهۆی پەیوەندی شەخسی خەڵاتیان پێدەدرێت و سودمەندەین و دەناسرێن."                        

                                                          دڵسۆز عوبێد باسی لەوەشکرد، یاریزان هەیە لە پاڵەوانێتی دەرەوەی کوردستاندا بووەتە خاوەنی مەدالیا و تەنها چەند کەسێکی کەم باسیان کردووە و یەک یان دوو کەناڵ چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا ئەنجامداوە و دەبێت خۆت بچیت خۆت بناسێنیت و بڵێیت من فڵان کەسم و خەڵاتم بکەن".

 وتیشی: "من لەساڵی ٢٠١٧وە زیاتر لە حەوت جار ریکۆردی عێراقم شکاندووە، بەڵام بۆ هیچ شتێک بانگهێشت نەکراوم."

خاوەن ریکۆردی جیهانی لە هەڵدانی رم: لەکوردستاندا هیچ بۆ وەرزشکاران نەکراوە

کۆڤان حەسەن،یاریزانی خاوەن پێداویستی تایبەت و خاوەنی ریکۆردی جیهانی لەهەڵدانی رم بۆ ماوەی ١٣ ساڵ لە لێدوانێکدا بە هاوڵاتی وت:" لەوڵاتی ئێمەدا لایەنی پەیوەنیدار خزمەتی وەرزشکاران ناکات و هیچ شتێکیان بۆ نەکراوە و تەنها گرنگی بە تۆپی پێ دەدەن".

           
سەرۆکی لیژنەی رۆشنبیری پەرلەمان: یاسای لیژنەی ئۆڵۆمپیمان پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە

سەلمە فاتح، سەرۆکی لیژنەی رۆشنبیری و کۆمەڵگەی مەدەنی و وەرزش و لاوان لە پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکدا بە هاوڵاتی وت:" لە وەرزی پێشتری یاساداناندا یاسای لیژنەی ئۆڵۆمپیمان پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە و ئەوەندەی ئاگادار بین ئەوانیش ئاڕاستەی حکومەتیان کردووە و تا ئێستا وەڵامی فەرمی نەدراوەتەوە".    

                                                                   هەرچەندە ئەو هەموو کاتەشی پێویست نییە و ئەگەر بێت و کارەکانی بەزویی ئەنجامبدرێن دەتوانین بە ماوەی مانگێک کارەکانی جێبەجێبکەین تەواوی بکەین، ئێمە هیچ خەمساردییەکمان نەنواندووە، بەڵام ناچارین چاوەڕێی وەڵامی حکومەت بین.سەلمە فاتح وای وت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار