بریكاری وەزیری ناوخۆ: قوباد تاڵەبانی كردەیەكی نەوعی ئەنجام داوە

قوباد تاڵەبانی بۆ بنەماڵەی نەقیب محەمەد: یاسا سەروەر دەبێت تا بە سزای عادیلانەی خۆیان دەگەن

3 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حەسەن

رۆژی دووشەممە هەرسێ تاوانباری سەرەكی بكوژانی شەهید نەقیب محەمەد دەستگیركران و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم چووە ماڵی خانەوادەكەی و دووبارە بەڵێنی بۆ دووپاتكردنەوە كە «یاسا سەروەر دەبێت تا بەسزای عادیلانەی خۆیان دەگەن».

رۆژی دووشەممە 11ی نیسانی 2022، قوباد تاڵەبانی هەواڵی دەستگیركردنی تاوانبارانی كوشتنی نەقیب محەمەدی گەیاندە خانەوادەكەی.

نەقیب محەممەد لەتیف، كارمەندی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی دژی ژنانی سلێمانی بوو و شەوی 4ی كانوونی یەكەمی 2021 لەكاتی ئەركی فەرمیدا تەقەی لێكراو كوژرا، سێ پۆلیسی دیكەش كە لەگەڵیدا بوون، بریندار بوون. ئێستا دوای چوار مانگ سێ تۆمەتبار لەسەر كوژرانی نەقیب محەممەد دەستگیرکراون.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە پەیامێكیدا دەڵێت:» یامور گیان… كە لەدایكبوویت، بەڵێنم پێدای ئەو كاتە سەردانت‌ بكەم كە هە‌واڵی دەستگیركردنی‌ بكوژەكانی‌ باوكت‌ بەخۆت ‌‌و یارانی‌ خوشكت بگەیەنم، وا دە‌ستگیركران».

هەروەها دەشڵێت:»ئێوە دوو كیژۆڵەكەی‌ شەهید نەقیب محەممەدن، سەربەرزن كە‌ پیاوێكی مە‌ردی وە‌ها باوكی ئێوە‌ بوو».

دوای دەستگیركردنی تۆمەتباران، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی خێزانی نەقیب محەممەدی كردو پێی راگەیاند كە»بەڵێنەكەمان بردەسەر لە دەستگیركردنی تاوانباران، بەدڵنیاییەوە تاكۆتایی چاودێریی دۆسیەكە دەكەم و تاوانباران بەسزای یاسایی خۆیان دەگەن».

هەروەها پێشیڕاگەیاندوون كە» هێزە ئەمنییەكان وریاو چاوكراوەن و تاوانباران ناتوانن لەسزای یاسایی دەرباز بن».
ئاشتی عەبدوڵا بەرپرسی بەشی جێندەر لەنووسینگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»لەسەرەتای كێشەكەوە كاك قوباد تاڵەبانی بەڵێنی بەدواداچوونی داوەو خۆی شەخسی هاتە سەرخەت و بەڵێنی بەسزا گەیاندنی تاوانبارانی شەهیدكردنی كارمەندێكی حكومەت كە بۆ دەستگیركردنی تۆمەتباران بەكوشتنی ژن رۆیشتبوون».
هەروەها باسی لەوەشكرد قوباد تاڵەبانی بەسەردانێك چووە ماڵی نەقیب محەمەد بۆ لای دایكی و باوكی و خێزان و دوو منداڵەكەی و خۆی مژدەی دەستگیركردنەكەی پیڕاگەیاندن و بەڵێنەكەی بردەسەر، وتیشی:» خانەوادەكەی تەنیا دەستخۆشیان هەبوو  و كە داواكەیان هێنراوەتەدی و پەیامی خێزانەكەیان تەنیا ئەوەبوو یاسا سەروەر بێت و دووبارە بەڵێنی پێدانەوە تا كۆتایی یاسا تێیدا سەروەردەبێت بەسزای عادیلانەی خۆیان دەگەن».
بەرپرسی بەشی جێندەر لەنووسینگەی قوباد تاڵەبانی ئەوەشی دووپاتكردەوە كە  ئەو دەستگیركردنەی ئەو كەسانە كە لەدەرەوە هێنراونەتەوە پەندێكەو پەیامێكە بۆ ئەو كەسانەی ژن دەكوژن و دەستدرێژی دەكەنەسەر كارمەندی حكومەت و دەبێت یاسا لەم بوارەدا جێبەجێ بكرێت جەنابیان (قوباد تاڵەبانی)، سەرپەرشتیارو دەستپێشخەری ئەم كارانەن تا تاوانبار بەسزا دەگەیەنێت.
ئاشتی عەبدوڵا، جەختی لەوەشكردەوە:»بۆ هەموو كەیسێكی تاوان خودی جەنابی كاك قوباد لەبەرئەوەی بەرپرسیارێتی حكومی و حزبی هەیە بەردەوام دێتە سەرخەت و لەخەمیی ئەم كێشانەدایە بەتابەتیش لەپرسی ژن كوشتن و توندوتیژی و تاوانكاری بەرامبەر ژنان بێت».
هاوكات، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد راستە دەستگیركردنی تۆمەتبارەكان چەند مانگێكی پێچوو و وتی:» ئەم ماوەیە بەردەوام كار لەم كەیسەدا كراوەو زۆر بەوردی  كاری تێدا دەكراو لێكۆڵینەوەكان بەردەوام بوون، چونكە تاوانباران لەدەرەوەی هەرێمی كوردستان بوون، بۆیە ئەركەكە قورستر بوو كاری زیاتری ویست تا بهێندرێنەوە.
لای خۆیەوە، شیراز لەتیف، خوشكی نەقیب محەمەد، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» زۆر خۆشحاڵ بووین كاك قوباد هات سەردانی ئێمەو دایكم و باوكمی كردووە كە ئەوە جێگەی دڵخۆشییە بۆ ئێمە».
هاوكات ئەو بەڵێنەی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی دووپاتكردەوە لەبارەی سەروەربوونی یاساو بەسزاگەیاندنی عادیلانەی تاوانبارانی شەهیدكردنی نەقیب محەمەدی برای.
لیوا چەتۆ ساڵح، بریكاری وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی دەستگیركردنی تاوانبارانی بكوژی نەقیب محەمەد پەیامێكی بڵاوكردووەتەوەو تێیدا هاتووە كە «دوای چوار مانگ لەونبوون و دەربازبوونیان لەدەستی یاسا چاو تیژو دەستە ئەمنییە بەهێزەكانی ئاسایش بەچاودێری راستەوخۆی بەڕێز (قوباد تاڵەبانی) لەكردەیەكی نەوعی دەگمەن توانرا بكوژانی شەهید (نەقیب محمد)ی فریادڕەس و گیانبەخت كردوو لەپێناوی گێڕانەوەی ژیان بۆ كەسێكی تر دەستگیركران».
بریكاری وەزارەتی ناوخۆ دەشڵێت كە سەركەوتنی وەها پلانێكی هەستیارو درێژخایەن سەلمێنەری ئەو راستیەیە كە هیچ تاوانێك و تاوانبارێك لەچنگی دەستە پوڵایینەكەی ئاسایش قوتاری نابێت، هەروەك وەزارەتی ناوخۆش مایەی خۆشحاڵییە و هەربۆیە ستایشی دەزگا بەهێز و ئومێد بەخشەكەی ئاسایش دەكەن و دڵنیان بەم سەركەوتنەیان هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی روحی باوكی (یامور)یان شادتر كردووە.
هاوكات، سەركەوت عومەر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی، ئەوەی خستەڕوو كە ئەوان تەنیا لایەنی زەرەرمەندن لەم كەیسەدا كە نەقیبێكیان لەدەستچووەو دەستدرێژی كراوەتە سەر تیمەكەیان، وتیشی:» ئەوەی پەیوەندی بەچۆنیەتی حوکم و سزاكەیەوە هەیە لەلای ئاسایش و دادگایەو ئەوان كاری لەسەردەكەن».

ئەو سێ کەسەى دەستگیرکردنیان لەلایەن ئاسایشەوە راگەیێندرا، چەند كاتژمێرێك دواى رووداوەکە بەرەو ئێران هەڵهاتبوون، دواى ئەوەى ئاسایشى سلێمانى بە بڕیارى دادوەر چاودێرى پەیوەندییەکانیان دەکات، لەکاتى هاتنیان بۆ سەر سنوورى رۆژهەڵات و باشوورى کوردستان بە مەبەستى دەستکەوتنى خۆراک و پارە، ئاسایش دووانیان و لەڕێگەى ئەوانیشەوە تاوانباری سێیەمیش دەستگیردەکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار