بۆ گۆڕانکاری روونادات؟
سەردار عزیز
3 ساڵ لەمەوپێش
سەردار عزیز
سیحرێکی زۆر لەدەوری وشەی گۆڕان تەنراوە. یەکەمجار ئەم وشەیە بوو بەناوێک و ناونیشانێک و خواستێک لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە. پاش ئەوە چەندین رەهەندی جیاوازی وەرگرت. ئەمڕۆ دەپرسین بۆچی گۆڕانکاری روونادات، لە کاتێکدا باسێکی بەردەوام و ئێجگار زۆر هەیە دەربارەی گۆڕان یان خواست بۆ گۆڕانکاریی. گۆڕان چەمکێکی ئێجگار نوێیە لەدونیای کوردیدا، بەگشتی ئەم چەمکە رەهەندێکی چەپیانەی هەیە، [بەڵام رەهەندە چەپییەکەی هەمیشە میتافیزیکی بووە، بە زمانێکی دوور لەخەڵک، باس لە نەبوویەک و تەواو دەستەبژێریی] بەڵام فراوانبون و گشتی بوونی تەواو نوێیە. ئەم نووێبونەی وەهایکردوە کە تێگەیشتن و رامان و تێفکرینێکی زۆر کەم هەبێت دەربارەی.
لێرەدا چەند سەرنجێکی خێرا دەخەینە بەرچاو، بەهیوام لەداهاتوودا بتوانم زیاتر قسەی لەسەر بکەم.
یەکەم، ئایا لەکۆمەڵگای کوردستاندا گۆڕانکاری روودەدات؟ یان روونادات؟ ئەمە پرسیارێکی ئێجگار سەختە. بەڵێ گۆڕانکاریی گەورەو ئێجگار کاریگەر روویداوە. بەڵام زۆرینە هەست دەکەن کە هیچ رووینەداوە، یان هیچ روونادات [بازرگانی بێهیواکردن]؟ ئەم پرسە کە خۆی لەڕوودان و روونەداندا دەبینێتەوە، جیاکارییکردنی زۆر قورسە. بۆ نمونە یەکێک لەئەو گۆڕانکارییە گەورانە کە روویداوە بە شاربوونی کۆمەڵگای کوردییە هەروەها بەشاربوونی مرۆڤی کوردییە. شار بەپۆلێنە مارکسییەکەی، بەپێچەوانەی گوندەوە، پانتایی جوڵەو گۆڕانکاریی و نووێبونەوەیە. بە بەشاربوون یانی هەڵکەندنی مرۆڤ لەژینگە و ژیارو کێڵگە و دونیابینی و بەهاو پەیوەندییەکانی بۆ دونیایەکی تر کەتەواو تەواو پێچەوانەیە. لەشار مرۆڤەکان و خێزانەکان لەپانتاییەکی کۆنکریتی بچووکدا دەبێت هەموو شتێک بەپارە بکڕن. بەسەنتەربوونی پارە لەدونیای ئێمەدا لەم روانگەیەوە دێت. دەتوانین بڵێین کە ئەگەر تاکە ئایدۆلۆجیایەک هەبێت لە کۆمەڵگای کوردستاندا کە زۆرینەی باوەڕی پێهێنابێت، سەرقاڵی بێت، خوازیاری بێت، پارەیە. پارە ئێجگار ئێجگار ئاڵۆزە. بەڵام لێرەدا چەند سەرنجێکی سادە دەربارەی دەخەینەڕوو. کاتێک هەموو شتێک دەبێت بە پارە، تەنانەت هەوای پاکیش، ئەوا مرۆڤەکان پێویستیان بە دەست گەیشتنە بە ئەم بوونە. ئەمەشە هۆکاری ئەوەی کە قۆرغکارییەکی ئێجگار گەورە هەیە لەدونیای ئێمەدا. پارە ئامرازی سەرەکی سیاسەتە و سیاسەت بۆ پارەیە. زاڵبونی ئایدەلۆجی پارە، یان لەدایکبوونی تاکگەرایی، بەکورتی یانی نەمانی سیاسەت لەدونیای ئێمەدا. گەندەڵی کە بریتیە لەبردنی پارەی هەموان بۆ خۆت، لەنێوان تاوان و پێداویستی و ئاساییبوونەوەدا جۆلان دەکات. [زۆربەی سیاسەتمەدارانی دەرەوەی رۆژئاوا گەندەڵی وەک پێداویستییەکی سیاسەتکردن دەبینن. بەتاوانبوونی بردنی سامانی گشتی نامۆیە بەکەلتورەکانی درەوەی رۆژئاوا]. تاکگەرایی کەزۆرێک وەک یەکێک لەدەستکەوتەکانی شارستانی رۆژئاوای دەبینن، لە کۆمەڵگای ئێمەدا بە جۆرێکی تر بەرجەستە دەبێت و بووەتە مایەی هەڵوەشاندنەوەی هەموو بنەماکان. کاتێک مرۆڤەکان بۆ خۆیان هەوڵدەدەن، ئەوا هیچ ناگۆڕێت لەئاستی گشتی و گەورەدا. کاری پێکەوەیی ناکرێت، بەردەوامی نامێنێت، پشوو درێژی ون دەبێت. لەئەنجامدا هیچی گەورە ناگۆڕدرێت. کەواتە شار، پارە، خۆپەرستی هۆکارەکانی نەگۆڕانن. ئەوەی زیاتر قوڕەکەی خەستکردوەتەوە سامانی سروشتییە. نەوت سیستەمی سیاسی پریدۆتەری بەرهەم دەهێنێت. کە تیایدا سیاسەت دەبێت بەسەرچاوەی پارە پەیداکردن. لەدۆخێکی وەهادا سیاسەت قۆرغدەکرێت، چیدی ناتوانرێت باس لەگۆڕانکاری بکرێت. بەکورتی، بە شاربوون، بە خودابونی پارە، رەفتارو هەڵسوکەت و زمان و خەون و ئاگایی خەڵکی بە تەواوی گۆڕیوە. بۆ نمونە ئەگەر بڕۆیتە هەر جێگایەک لەکوردستان، لەسەرجادە، هەر حەمەجانێک بگریت (مەبەستم کەسێکی ئاسایی) داوای لێبکەیت پێنج خولەک قسەت بۆ بکات، ئەوا زۆربەی کاتەکەی باسی پارە دەکات. نموونەیەکی زەقتر: بۆ لە کوردستان لە پانزە بیست ساڵی رابوردودا هەموو بایەخێک بە ماف، بە یاسا، بە هونەر، بە ئەدەب، بە جوانی، بە کەلتور، بیری قوڵ، بە کۆتاییان هات و هەموو ئەمانە پارە بوو بە جێگرەوەیان؟ لە کاتێکدا بۆ نموونە بۆ ئەوەی گەندەڵی نەمێنێت، دەبێت یاسا بوونی هەبێت و سەروەربێت، دەبێت سیستەمێکی حوکمڕانی جیاواز لەئارادابێت، دەبێت پانتایی گشتی و زانیاری پەیوەست و قوڵ بەدۆخەکە هەبێت، دەبێت سیستەمێکی هێز و ئابوری جیاواز بێتە ئاراوە. ئەمە وەک ئەوە وایە بتەوێت ماڵێکی تازە دروست بکەیت، بەڵام تاقەتی خشت و چیمەنتۆ و ئاسن و شوشەو کرێکارو کار تڕو فیزی وەستات نەبێت. بەکورتی خەڵک بەگشتی پێچەوانەی خواستەکانیان رەفتار دەکەن، بەڵام زۆرینە هەستی پێناکات. بۆیە گۆڕانکاری روودەدات، لەهەمانکاتدا هەستی ئەوە زاڵەک کە گۆڕانکاری روونادات. لێرەوە دێینە سەر خاڵی دووەم .
دووەم، دۆخی گۆڕانکاریی باسکراو، بەڵام روونەداو. ئەم دۆخە هەتا ئاستێک جیهانییە. زۆر زۆر قسەو باس لە سەر گۆڕانکاریی هەیە، بەڵام ئەوەی باس دەکرێت روونادات. ئایا ئەم دۆخە چیمان پێدەڵێت؟ دەتوانین لێرەدا باس لەئابوری گۆڕانکاریی بکەین. یەکەم سەرنج لێرەدا ئەوەیە کە گۆڕان بووەتە بەهانەیەکی سیاسی، بەڵام سیاسەت ئامانجی سەرەکی پارەیە. بەم پێیە ئەو گۆڕانکارییانەی کە سیاسییەکان باسی دەکەن، لەهەمانکاتدا ناخوازن رووبدات، چونکە ئەگەر رووبدات ئەوا وەک ئەوە وەهایە پەلکە دارەکەی ژێر خۆیان ببڕنەوە. لەم پێناوەدا چیدەکەن. ئەوەی لەکوردستان و دونیاشدا دەیبینین ئەوەیە کە خەڵکی لێدەخوڕن بەرەو دۆخێکی دەرونی ئاڵۆز و سەخت، کە ناوی دەنێین هیستیریا. لەم دۆخەدا خەڵکی وەها لێدەکەن کە وەها هەست بکات لە خراپترین جێگای دونیادا دەژی، هەموو شتێک لە دەوری خراپ دەبێت، بارودۆخی ئەو تاقانە و بێوێنەیە. هەموو ئەمانە درۆن، بەڵام درۆی مەبەستدارن لەپێناو دروستکردنی دۆخێکدا کە گۆڕانکاری پێویستە بەڵام مەحاڵە. ئەمە کرۆکی ئەو هێزانەیە کە بازرگانی بەگۆڕانەوە دەکەن. مەحاڵکردنی گۆڕان و نەخۆشخستنی خەڵکی لە پێناو ئەوەدایە کە بازرگانیی بە باری دەرونییانەوە بکرێت بەبێ ئەوەی هیچ ڕوبدات. چونکە هەموو پەیامەکە ئەوەیە، دۆخی تۆ زۆر خراپە بەڵام گۆڕانکارییش سەختە. هەردوو ئاڵۆزکردن و بێدەسەڵاتکردن لەپێناو ئەوەدایە کە مرۆڤەکان بچوک ببنەوە، توشی سەرلێشوان ببن، نەتوانن دۆخی ڕاستەقینە ببینن، لەئەنجامدا تەسلیم ببن. ئەم دۆخە وەک لەئەدەبیاتی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بۆمان دەردەکەوێت هەمیشە مرۆڤەکان لە ئەنجامی دەستەپاچەیی خۆیان بەدوای رزگارکەرو فریودەرو قارەمانی ساختەو تەڵەکەبازدا دەگەڕێن. ئەمەش وەها دەکات بپرسین ئایا گۆڕانخوازەکان گۆڕانخوازن، لەکاتێکدا ئەگەری هەیە گۆڕانکاری ببێتە هۆکاری خراپبونی ژیانیان؟ بەدڵنیاییەوە نەخێر. بەم پێیە ئێمە لەبەردەم یاریی و بازرگانی گۆڕانداین.
هۆکاری سێیەم، بۆ ئەوەی گۆڕانکاری ببێت، دەبێت وەک بنەمایەک سەروەرێتی دیموکراسی بێتە ئاراوە. سەروەرێتی دیموکراسی لەزۆر شوێنی دونیا ئامرازەکانی یان شۆڕش بووە یان جەنگ. بەڵام ئەم دوو ئامرازە بەهیچ شێوەیەک گەرەنتی نیە کە دەبنە هۆی هاتنە ئارای سەروەریی دیموکراسی. یەک خەسڵەت ئەمڕۆ لە دونیادا گۆڕاوە، کە دەبێت لە بەرچاوی بگرین ئەوەیە کە دونیا بووە بە یەک یەکە. جاران کە شۆڕشی فەرەنسی یان ئەمریکی روویدا، دونیا هێندە بەخێرایی و بەچڕی و بە بایەخەوە بە ئاگا و دەستوەردان نەبوو، ئەمڕۆ لەهیچ کوێی دونیا ناتوانرێت شتێک رووبدات بەبێ دەستوەردانی خێرا و راستەوخۆی هێزە جیاوازەکانی دونیا. ئەمەش وەهایکردوە چیدی ناتوانیت بیر لەئەوە بکەیتەوە کە چۆن دۆخی ژیانت بگۆڕیت، بەڵکو دەبێت وەها بیر بکەیتەوە ئایا لەدۆخی ئێستای هەرێمی و جیهانیدا دەتوانیت چی بکەیت؟ گۆڕانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری سەختە. هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی بە موژدەی خێرا دەرئەنجامی خراپی لێدەکەوێتەوە. ١٧ی شوباتی کوردستان و تەشرینی باشور نیشانەی ئەوەن کە دەکرێت جوڵە هەبێت بەڵام گۆڕانکاریی روونەدات. ئەو گۆڕانکارییەی کە کۆمەڵگای کوردی دەیەوێت ئەوەیە کە پارەکە یان داهاتەکە بەباشی دابەش بکرێت. بەڵام بۆ ئەوەی ئەمە رووبدات دەبێت ململانێی سیاسی بەتەواوی بگۆڕدرێت. هەروەها دەبێت لەبری شەخس دەزگا زاڵ بێت. لە بری هێز یاسا باڵادەست بێت. لە بری ترس و قۆرغکاریی کرانەوەو لەخۆگریی بەرهەم بێت. دەیان بواری تریش.