دۆسیەی زیندانیانی شیلادزی گەیشتە دادگا
كەسوكاری زیندانیانی شیلادزێ داوای ئازادكردنی كوڕەكانیان دەكەن
3 ساڵ لەمەوپێش
پ.دهۆك
ماوەی شانزە مانگە پێنج كەس لەناحیەی شیلادزێ سەر بەقەزای ئامێدی دەستگیركراون و ئێستا لەئاسایشی گشتی هەولێر مانگرتنیان دەستپێكردووەو باری تەندروستی بەشێكیان ناجێگیرەو كەسوكاریان داوای یەكلاكردنەوەی دۆسییەكانیان دەكەن. ئەمرۆ چوار شەممە دۆسیەكانیان گەیشتە دادگا.
هەریەك لە (مەحمود ناجی صدیق، كوڤان تارق جبرائیل، یوسف شەریف ئیبراهیم، ئەمجەد یوسف موستەفا، نێچیرڤان بەدیع حاجی) لە 9/ تا 14ی مانگی كانونی یەكەمی 2020 دەستگیركراون و تائێستا دۆسییەكانیان یەكلایی نەكراوەتەوە.
یوسف مستەفا، باوكی ئەمجەد، دانیشتووی ناحیەی شیلادزێ لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت»ساڵێك و چوار مانگە كوڕەكەم دەستگیركراوەو نازانم لەسەر چی گیراوە، لەهەمووشی ناخۆشتر دادگایش ناكرێن، سەردانی هەموو شوێنێكمان كردووە تا ئازادبكرێن یان بەلایەنی كەمی دادگایی كردنیان ئەوان دەستپێبكات، بەداخەوە هیچ وەڵامێكی دڵخۆشكەر لەهیچ كەسێكمان وەرنەگرتووە».
یوسف مستەفا باسی لەوەشكرد كوڕەكەی كرێكار بووە لەچێشتخانەیەك، وتیشی:» دۆخی ئەوان خراپە، لێرەوە داوا لەهەموو كەسێك دەكەم بەدواداچوون بۆ كەیسەكە بكەن تا بەزووترین كات ئازاد بكرێن».
وتیشی:" بیستوومانە کە دۆسیەی راگیراوانی شیلادزێ گەیشتووە دادگا، چاوەرێی رۆژی دادگایی کردنیان دەکەین، تا ئێستا هیچ کەسێک ئێمەی ئاگادارنەکردوە بەڵام پەڕاوەکانی راگیراوان گەیشتووە دادگای هەولێر".
بەدیع حاجی، باوكی نێچیرڤان دەڵێت:» ئەوە دوو رەمەزانە چاوەڕیێ ئازادكردنی كوڕەكەم دەكەین، كوڕەكەم تەنها بەشداری لەخۆپێشاندانێك كردبوو لەناحیەی شیلادزێ لەدژی بەردەوامی بۆردومانكردنی توركیا، هەندێك كەس شكایەتیان لێكردووەو دەستگیركراوە».
بەدیع حاجی باسی لەوەشكرد، هەفتەی رابوردوو دایك و خوشكەكانی سەردانی نێچیریان كردووەو زیاتر لە 10رۆژە خواردنی نەخواردووەو دۆخی زۆر خراپە، وتیشی:» ئێمە بەهیچ شێوەیەك دژی حكومەتی هەرێم و هیچ هێزێك نین، دەمانەوێت حكومەتی هەرێم هەر پێشبكەوێت، كوڕەكەم هیچ كارێكی خراپی نەكردووە، داواكارم بەرپرسەكان ئەو زیندانیانانە وەكو كوڕی خۆیان ئەژمار بكەن، چۆن باوك لە كوڕەكەی خۆی خوشدەبێت، با ئەوانیش لێیان خۆش بن و بۆ خاتری مانگی رەمەزان ئازادیان بكەن».
هاوكات، ئەیهان سەعید، رۆژنامەنووس و نوێنەری زیندانیانی شیلادزێ بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە، كۆپیەكی بۆ هاوڵاتى ناردووە، لەبەشێكی بەیاننامەكەدا هاتووە كە بەهۆی بەردەوامبوونیان لەمانگرتن لەپێناو ئازادی رەوشی زیندانیانی بادینان زۆر خراپە، لەلایەنەكان و دادگا بێ هیوا بوونە و وەسیەتنامەی خۆیان بەخێزانەكانیان داوە، یەكێكیان لە هۆش خۆی چووە.
سەرباری ئەوەی پێشتر هەموو لایەنی پەیوەندیداریان ئاگاداركردوە كە «دور لە هەموو بنەما یاسایی و دیموكراسی و ئەخلاقییەكان ماوەی ساڵێك و چوار مانگە پێنج چالاكوانی شێلادزێ لەگەڵ چەندین زیندانی دیكەی بادینان لەئاسایشی گشتی هەولێر زیندانیكراون».
بەشدار حەسەن، پارێزەری دەستگیراوەکانی بادینان ڕاگەیاندوە"دۆسیەی ڕاگیراوانی شیلادزی هەریەک له (مەحموود ناجی سدیق، یوسف شەریف ئیبراهیم، کۆڤان تارق جوبرائیل، ئەمجەد یوسف مستەفا و نێچیرڤان بەدیع حاجی)، گەیشتە خامەی دادگای تاوانی دووی هەولێر، بەمەبەستی دياريكردني ڕۆژی دادگاییکردنيان".
هاوكات ئەوەش خراوەتەڕوو كە لە رێگای كەسوكاریانەوە هەواڵی تێكچوونی دۆخی تەندروستی ئەو پێنج زیندانیەی بادینانیان پێگەیشت كە خەڵكی شێلادزێن، لەكاتی مواجەهەدا (كوڤان تارق رێكانی) لە هۆش خۆی چووە و هەندێكیان ماوەی ٣٦ رۆژە و چواریشیان ماوەی ١٩ رۆژە دەستیان بە مانگرتن كردووە لە خواردن و دۆخیان زۆر خراپە و داوای ئاشكراكردنی چارەنووسیان دەكەن و وەسیەتنامەی خۆشیان بەكەسوكاریان داوە كە چاوەڕێی گیانلەدەستدان دەكەن.